ڕاگەیاندنی كۆمەڵە بەبۆنەی گیانبەختکردنی چیاکۆ یووسفینژاد…
پاش رووداوی ئاگرەكەی رۆژی پێنجشەممە لە كێوی ئاویەری شاری سنە و برینداربوونی ژمارەیەك لە ژینگەپارێزان، بەداخەوە دوای مەرگی كاك حەمید مورادی ، ئەم ئێوارەیە كاك “چیاکۆ یووسفینژاد” وەرزشوان، بە هۆی رادەی زۆری سووتاویی، گیانی لە دەستدا.
بێ گومان ئەمە خەسارێكی گەورە و تێچوویەكی قورسە لە خەڵكی تێكۆشەری كوردستان و ژینگەپارێزانی بەپەرۆش و دڵسۆزی كوردستان.
بەمشێوەیە و لە دو رۆژدا و بەهۆی پەرۆشیی ودڵسۆزیی لە پێناو پاراستنی ژینگە و سرووشتی نیشتماندا، كوردستان و بەتایبەتی شاری سنە دوو ژینگەپارێز و رۆڵەی قارەمان و فیداكار گیانیان بەختكرد و بوونە هێمای ئازایەتی و دڵسۆزی لە پێناو پاراستنی ژینگە و سرووشتی كوردستان.
بەدڵنیاییەوە لە وڵاتانی ئازاد و خاوەن دیمۆكراسی ڕاستەقینە و دام و دەزگای بەرپرسیار و خەڵكیی، ئەركی چارەسەركردن و گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو لە ئەگەری ئەم رووداوانە بە پلەی یەكەم ئەكەوێتە سەرشانی رێكخراوەكانی پێوەندیداری حكوومەتی، چالاكانی سەربەخۆی ژینگەپارێزی و باقی خەڵكانی خۆبەخش لە پاڵ دام و دەزگا حكوومەتییەكان یارمەتیدەرو هاریكاری دۆزینەوەی رێگەیەك بۆ چارەسەر كردنی رووداوە سروشتییەكان دەبن. بەداخەوە لەكوردستان بەهۆی بوونی حكوومەتێكی داگیركەرو كەمتەرخەم و دوژمنی خەڵكی كورد، ئەركی راستەقینەی ئاگركوژاندنەوەكەو رێكخستنی هەمە لایەنە بۆ چارەسەركردنی ئاگركەوتنەوەكە كەوتە سەر شانی ژینگەپارێزان و خەڵكی خۆبەخش و دڵسۆزی شاری سنە.
بەدڵنیاییەوە بە پلەی یەكەم ئێمە كۆماری ئیسلامی و دام و دەزگاو بەرپرسانی پێوەندیداری بە هۆكاری سەرەكی كەوتنەوەی ئەم كارەساتانە دەبینین. رژیم و دام و دەزگاكانی بە درێژایی دەسەڵات و داگیركارییان لە كوردستان هیچ كات پەرۆشی سوتانی دارستانەكان و لەناوچوونی ژینگەی كوردستان نەبوون و لە رێوڕەسمی بەشكۆی بەخاكسپاردنی كاك حەمید مورادی بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی شارەكانی دیكەی كوردستان و بەتایبەتی خەڵكی شاری سنە بە دانی دروشمی داگیركەری ئێرانی، قاتڵی رۆڵەمانی سەلماندیان كە هۆكاری سەرەكی ئەم چەشنە رووداوانە رژیم و سیاسەتی دوژمنكارانەیانە لەكوردستان.
ئێمە وەك كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان سەرەخۆشی دەكەین لە بنەماڵەی كاك چیاکۆ یووسفی نژاد چالاكی ژینگەپارێز و سەرجەم خەڵكی تێكۆشەرو دڵسۆزی كوردستان.
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی
٢٧ی جولای ٢٠٢٥ی زایینی