چەند سەرنجێک سەبارەت بە خەباتی چەکداریی هێزی پێشمەرگە

خەباتی چەکداریی هێزی پێشمەرگە

✍ د.محەمەد حسەین زادە

١. باس کردن سەبارەت بە دەستکەوت و ڕەوایی خەباتی چەکداری، باسکردنە لە دەستکەوت و ڕەوایی هێزی پێشمەرگە بە گشتیی. بۆ ئەوەی کە تێبگەین دەستکەوت و ڕەوایی هێزی پێشمەرگە چیی بووە، دەبێ بزانین فەلسفەی هەبوونی هێزی پێشمەرگە چییە؟ من پێشتر لە چەند وتاردا هەوڵم داوە بە وردی باس لە مانا و فەلسەفەی پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی بکەم(١). بۆیە لێرەدا تەنیا بە کۆرتی ئاماژە بەو خاڵە دەکەم کە پێشمەرگەبوون و پێشمەرگایەتی لووتکەی شۆڕشگێڕییە. هۆکاری ئەوەیە کە لە نیو جۆرە جیاوازەکانی شۆڕشگێڕیی و لە نێو شۆڕشگێڕاندا پێشمەرگە ئەرکێکی قورستری لە ئەستۆ گرتووە و بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی داگیرکەر دەبێتەوە و هەوڵی مانەوەی جەستەیی و کلتووریی-شوناسیی نەتەوەکەی دەدات. کەوابوو سەرەکیترین ئەرک/ ڕۆڵی پێشمەرگە هەوڵدان بۆ مانەوەی نەتەوەییە. لە ڕاستیدا مانەی نەتەوەیی یەکەمین ئامانجی هەموو نەتەوەکانە لە جیهاندا، چونکە بە بێ دەستەبەرکردنی مانەوە و ئاسایشی نەتەوەیی هیچ ئامانجێکی نیشتمانیی دابین ناکرێت. ئەوە یاساییەکی سیاسەتی جیهانییە و هەموو نەتەوەکانی جیهان بڕوایان پێی هەیە و بۆیە بە کردەوەیش دەبینین یەکەم هەنگاویان ئەوەیە کە بە تایبەت لە ڕووی بەرگریی نیشتمانییەوە خۆیان بەهێز دەکەن. بۆ ئەو مەبەستە نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان لە دامەزراوە و هێزی ئەرتەش و سوپای خۆیان کەڵک وەر دەگرن، بەڵام نەتەوە بێ دەوڵەت و ژێردەستەکان (وەک نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات ) لە لایەکەوە خۆیان خاوەن سوپای نیشتمانی نین و لە لایەیەکی ترەوە حکومەتی ناوەندی وەک حکومەتێکی داگیرکەر، خۆی گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ژیان و مانەوەی نەتەوەییان. لە ئاوا حاڵەتێکدا کە هیچ لایەنێکی جیهانی و ناوچەیی ئەرکی پاراستنی نەتەوەی کوردی لە ئەستۆ نییە، ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردستان هیوایەکیان نییە جگە لە هێزی پێشمەرگە. ئەوە ڕاستییەکە کە بە درێژایی مێژوو سەلمێندراوە. کەوابوو فەلسەفەی هێزی پێشمەرگە دەستەبەرکردنی مانەوەی نەتەوەییە. مانەوەی نەتەوەی کورد تەنانەت بەم جۆرەی کە ئێستا هەیە پێش هەموو شتێک بەرهەمی خەباتی پێشمەرگەیە و دەتوانین مانەوەی نەتەوەیی خۆمان بە دەستکەوتی هێزی پێشمەرگەی بزانین. حاشاهەڵنەگرە لە نەبوونی خۆڕاگری مێژوویی و خەباتی هێزی پێشمەرگەدا لەوانەیە ئێستا ئاسەوارێک لە نەتەوەی کورد لە نیو چوار ئەکتەری داگیرکەری پەلاماردەر و خوێنڕژدا نەمایەت، لانیکەم هیچ نیشانەیەک لە خۆڕاگری ئەو نەتەوە نەدەما. وەک چۆن بە دەیان گرووپ و نەتەوەی ژێردەست لە ڕەوتی مێژووئیدا لە شانۆی جیهانی سڕدراونەتەوە و ئاسەوارێکیان لێ نەماوە.
٢.گرنگی ئەو باسە [فەلسفە و ڕەوایی هێزی پێشمەرگە] لەوەدایە کە هەندێ جار بە بیانوو و پاساوی جۆراوجۆر و زۆر کات بە پاساوی ناگونجاو و نالۆژیکی پەلاماری هێزی پێشمەرگە دەدرێت یان لە لایەن کەسانێکەوە کە خۆیان لە تەمەنی سیاسییاندا هیچ دەستکەوتێکیان نەبووە و پلان و بەرنامە و بیرۆکەکانیان جگە لە بەرتەسکردنەوەی داخوازییە نەتەوەییەکانی کورد و سڕینەوەی پرسە سەرەکییەکان هیچ ئەنجامێکی نەبووە، بە ڕەواڵەت هەوڵی هەڵسەنگاندنی دەستکەوتی خەباتی پێشمەرگە، بەڵام لە ڕاستیدا هەوڵی بچووککردنەوە و حاشاکردن لە دەستکەوتەکان دەدەن، بە بێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بن کە تەنانەت ژی و مانەوەی خۆیان وەک ئەندامێکی کۆمەڵگەی کوردیی، بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە سایە سەری پێشمەرگە و یەکێک لە دەستکەوتەکانی خەباتی چەکداری بووە. باشتر وایە ئەگەر ئەو کەسانە باسی دەستکەوتەکانی خۆیان ناکەن و دەستکەوتێکیان نییە بۆ ئەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، بە قووڵی بیر لە فەلسفە هێزی پێشمەرگە [ هێزی زامنی مانەوەی نەتەوەیی] و خەباتی چەکداریی [ بەرگریی ڕەوا] بکەنەوە. ئەگەر مەبەستیان حاشا لێکردن نەبێ ئەوا تێگەیشتن لە پێویستی هێز و خەباتی پێشمەرگە زۆر دژوار نییە. تەنیا بە تێڕامان لە چارەنووسی زۆرێک لە نەتەوە بێ دەوڵەت و ژێر دەستەکان و پەلاماردانیان لە لایەن نەتەوە و دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە دەتوانین لەو فەلسەفە و پێویستییە تێبگەین. مێژوو لێوانلێوە لە نەمان و تیاچوون، کوژران و بێ سەروشوێنبوون و تەفروتوونابوونی نەتەوە ژێر دەستەکان کە توانای پێکهێنانی هێزێکی بەرگریکاری نیشتمانییان نەبووە.
٣. پێشتر لە چەند بابەتێکدا بە وردی باسم لە چارەنووسی کۆمەڵگە و نەتەوە ژێردەستان کردووە(٢) و بە پێویستی دەزانم لێردا بە کورتی ئاماژەیەک بە چەند نموونەی بارچاو بکەمەوە. پیگمە چارەڕەشەکانی کۆنگۆ تەنیا نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەسیان زیندوو مانەوە و باقیەکەیان لە لایەن بەهێزەکانەوە ڕاو کران و خۆران. ئوسترالیاییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە بۆ ماوەی حەفتا ساڵ بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و تێکەڵبوون لەگەڵ سپی پێستەکان، ئەبووڕیجناڵەکانیان دەڕفاند و لە دایک و باوکیان دووریان دەخستنەوە. سۆڵتان حەمیدی تورک لە ساڵانی نێوان ١٨٩٤-١٨٩٦ نزیکەی سێسەد هەزار ئەرمەنی تەفروتوونا کرد. لە ساڵانی ١٩١٥ تا ١٩١٧ چارەنووسی ئەرمەنییەکان سامناکتر بوو و ژینۆساید و کۆمەڵکۆژی ئەو نەتەوە لە لایەن تورکەکانەوە، کارساتێکی بەناوبانگە. ئیمپراتوری ڕووسیا لە سەروبەندی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، نزیکەی پێنج ملیۆن جووی ڕووسی و ئەوانەی بە ڕەگەز ئەڵمانی بوون، لە ناوچە جەنگییەکان دوورخستەوە و بەشێکی زۆریشی لێ کوشتن و نزیکەی ٦٠٠ هەزار کەسیش ئاوارە بوون. هەموومان ئاگادارین کە هیتلەر شەش ملیۆن جوووی کوشت. لە پەلامارێکی هاوشێوەدا دەوڵەتی ڕومانی لە شەڕی دووەمی جیهانیدا دەستی دایە کۆمەڵکۆژی و ژینۆسایدی جووەکان. لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٥، هێزەکانی سوپای سێربیا، مۆسڵمانە کرۆواتەکانیان کۆمەڵکۆژ کرد. لە بەهاری ساڵی ١٩٩٤دا هوتوەکانی ڕواندا نزیکەی هەشتسەد هەزار کەسیان کوشت و دەستدرێژییان کردە سەر ٢٠٠ تا ٥٠٠ هەزار ژن. لە ساڵی ٢٠٠٨دا چەکدارە عەرەبەکانی جونجاوید لە ناوچەی دارفوری وڵاتی سودان لانیکەم سەد هەزار مرۆڤی سەر بە گرووپەکانی تریان کوشت. کوشتنی بەلووچەکان لە ئێران و پاکستان ئێستاش هەر بەردەوامە. هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر نەتەوەی کورد لە یەک سەدەی ڕابردوودا و بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو جۆرە چەکوچۆڵێک نموونەیەکی ئاشکرایە لە کۆمەڵکۆژی نەتەوەیەکی ژێر دەستە. تەنیا لە کۆمەڵکۆژی دەرسیم لە ساڵانی ١٩٣٧-١٩٣٨دا، نزیکەی ٧٠ هەزار کورد بە دەستی تورک کۆمەڵکۆژ کران. نزیکەی نیو سەدە دوای ئەوە و لە بەشێکی تری کوردستان، هێزەکانی سەدام تەنیا لە ئوپەراسیونی ئەنفالدا نزیکەی ١٨١ هەزار کوردیان کوشت، گوندەکانیان کاول کرد و سەرچاوە و کەلوپەلی ئاویان لە زۆر ناوچەی کوردستان لە نێو برد. لە ڕۆژئاوای کوردستان تا پێش گوڕانکارییەکان و شەڕی نێوخۆیی سووریا، نەتەوەی کورد تەنانەت لە ناسنامە و پێناسی نەتەوەیی بێبەش بوون و هەڵگرتن و هەڵدانی هەرجۆرە هێمایەکی نەتەوەیی سزای مەرگ و نەمانی بەدواوە بوو. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مێژە نەتەوەی کورد هەم قوربانیی دەستێوەردان و دڕندەیی شاکانە و هەم مەلاکان. فەتوای جیهادی خومەینی نموونەی فەرمانێکی تری شاهانەی نەتەوەی بان دەست بوو بۆ توفرووتووناکردنی گەلی کورد و لە نێوبردنی توانای هەر جۆرە خۆڕاگرییەکی نەتەوەیی. ڕێک لێرەدایە کە دەبێ بیر لە فەلسەفەی هەبوونی پێشمەرگە و ڕەوایی و دەستکەوتەکانی ئەو بەرخۆدانە بکەینەوە کە پاش فەتوای لەشکەرکێشی بۆ کوردستان سەری هەڵدا.
٤. لە ئاوا حاڵەتێکدا کە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی فەتوای کپ کردن و لە نێوبردنی توانای خۆڕاگری ببووەوە، پیویستیی بە هێزێکی بەریگار بوو بۆ خۆڕاگری و بەرگری ڕەوا لە بەرانبەر داگیرکەری هێرشبەردا. ئەو ئەرکە هێزی پێشمەرگە گرتییە ئەستۆ و بۆ ماوەی چەندین ساڵ خۆڕاگرییەکی بێ وێنەی لە بەرانبەر داگیرکەردا نیشان دا. ئەمە خاڵێکە کە ڕەخنەگرانی پێشمەرگە هیچ کات ئاماژەی پێ ناکەن و ئەگەرچی دەزانن کە مەبەست لە فەتوای جیهاد لە نێوبردنی توانای خۆراگری نەتەوەیی و تواندنەوەی نەتەوەی کورد بوو، بەڵام ئامادە نین دان بەوەدا بنێن کە ئەوە هێزی پێشمەرگە بوو کە لە بەرانبەر ئەو پەلامارەدا ڕاوەستا و تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگری کرد لە جێبەجێکردنی پلان و پیلانەکانی داگیرکەر. پێشمەرگە نەک هەر ملکەجی یاسای داگیرکەران نەبوو، بەپێچەوانەوە لە بەرانبەر ئەوانەیدا کە حاشایان لە هەبوونی نەتەوەکەی دەکرد ڕاوەستا. بۆیە دەڵەین مانەوەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو جۆرەی کە ئێستا هەیە تا رادەیەکی زۆر بەرهەمی خۆڕاگری و شێوازی خەباتی ئەو قۆناغەی هێزی پێشمەرگەیە. ئەم جۆرە خوێندنەوەیە هەم دەستکەوت و هەم ڕەوایی خەباتی پێشمەرگەمان بۆ ڕون دەکاتەوە. ئەمە نیشان دەدات کە ئامادەبوون و بەتوانابوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسییەکانی داهاتوویشدا پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە.
٥. سەرەڕای ئەوە، هەندێ پێیان وایە کە سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی گۆڕدراوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکاریانە سەردەمی پێشمەرگە و خەباتی چەکداری بەسەر هاتووە. لە وەڵامی ئەو جۆرە بیرکردنەوەدا دەبێ بڵێین ڕاستە سیاسەتی جیهانی لە هەندێ بواردا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئەوە بابەتێکە کە حاشای لێ ناکرێ، بەڵام سەبارەت بە داگیرکەران و داگیرکراوان و نەتەوە زاڵەکان و نەتەوە ژێردەستەکان سیاسەت گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە. بۆ نموونە، لە دوو حەفتەی ڕابردوودا دوو سەربازی ئەندامی سوپای میانمار دانیان بەوەدا نا کە لە ساڵی ٢٠١٧دا فەرمانیان پێدراوە، پیاو و ژن و منداڵی مۆسڵمانی ڕۆهینگهای بگرن و کۆمەڵکۆژیان بکەن: “بیانکۆژن بێ ئەوەی گوێ لەوە بدەن گەنجن یان منداڵ”. یەکێک لەو سەربازانە وتی فەرمانیان پێ دراوە “ئەوەی دەیبیستن و دەیبینن گوللەبارانی بکەن”. هەروەها باسی ئەوەشیان کردووە کە سەربازانی سوپای وڵاتەکەیان پێش ئەوەی ژنانی ڕوهینگهای گوللەباران بکەن دەستدرێژی سێکسییان کردووەتە سەریان. ئاماژەیان بەوەش کردووە کە نزیکەی ٢٠ گوندی مۆسڵمانەکان وێران کراون. ئەمەی کە گێڕمانەوە چیرۆکی نەتەوەیەکی ژێردەستەیە لە سەدەی بیست و یەکەمدا. سەدەیەک کە ڕەخنەگرانی هێزی پێشمەرگە دەیکەنە پاساوێک و پێیان وایە ناوەڕۆکی سیاسەت تووشی گۆڕانکاری سەیروسەمەرە بووە. بەڵام لە ڕاستیدا چیرۆکی کۆمەڵکۆژی ڕوهینگهای درێژە و وەبیرهێنەرەوەی یاساییەکی باوی جیهانییە: هەموو نەتەوە ژێردەستەکان هەموو کات و ساتێک لە مەترسی پەلاماری خوێناوی و مەرگهێنەری داگیرکەردان. بەپێچەوانەی بۆچوونی نالۆژیکی هەندێ کەس، لە ڕوهینگهای هێزێکی وەک پێشمەرگەیش بوونی نەبوو کە بیانوویەک بێت بۆ ئەو پەلامارە مەرگهێنەرانەی حکومەتی ناوەندیی.
٦.لە نێوان داگیرکەر و داگیرکراودا، ئاشتیی دیاردەیەکی کاتییە. کورد وەک نەتەوەیەک کە نیشتمانی داگیرکراوە بە گشتیی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی هێشتا لە ژێر مەترسی ئوپەراسیونی مەرگهێنەردان. هەموو کات و ساتێک چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ کە ئەگەر دەوڵەتانی داگیرکەر و گرووپە شۆڤینییەکان بە پێویستی بزانن و دەرفەت بە گونجاو بزانن پەلاماری نەتەوەی کورد بدەن و تەفروتوونایان بکەن. عەفرین و کەرکووک و و شەنگاڵ و ئوپەراسیونەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان و پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ڕووداوگەلێک نین کە چەندین سەدە پێش ئێستا ڕوویان دابێ، بەڵکو نموونە بەرچاوەکانی ئەم ساڵانەی دوایین و ئەم چیرۆکە هەر بەردەوام دەبێت. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگیرکەر لە ڕابردوودا لە هەموو جۆرەکانی ئەشکەنجە کەڵکی وەرگرتووە، بە تاک و کۆمەڵ ئەندامانی نەتەوەی کوردی لە سێدارە داوە، خەڵکی گوندەکانی کۆمەڵکۆژ کردووە و گواستوونیەتەوە و زەوی و زاریانی ئاگر تێ بەرداوە، ڕێبەرانیانی تیرۆر کردووە، میراتی کلتووریی و مێژووییانی تێکداوە و ئێستاش ژینگەیان کاول دەکات و سەرچاوەکانی تاڵان دەکات، ڕێگا بە ئەندامانی نەتەوەی کورد نادات بە زمانی خۆیان بخوێنن و کوردستان بە هێزی چەکداری ئیدارە دەکات، ڕۆژانە چەندین کۆڵبەر دەکۆژێت و بە شێوازی جۆراوجۆر نەتەوەی کورد دەچەوسێنێتەوە. ڕاستە ئەمە گێڕانەوەی کردارەکانی دەسەڵاتی ئێستایە بەڵام هیچ زەمانەتێک نییە بۆ ئەوەی تەنانەت بە گۆڕانکاری لە دەمووچاوەکانی دەسەڵاتدا چارەنووسی کورد زۆر جیاواز بێت. لانیکەم لەوە ئاگادارین کە لە ئێستادا هیچ لایەنێکی تری بە ناو ئوپوزیسیۆنی ئێرانی ئامادەی ئەوە نییە کە تەنانەت بۆ سیستەمی داهاتووش بە ئاشکرا دان بە مافی نەتەوەیی کورددا بنێت، بۆیە هیچ گەرەنتیی و زەمانەتێک نییە بۆ ئەوەی کورد لە داهاتوودا هەمدیسان بە شێوازێکی دڕندانەتر بەر پەلامار و هێرشی حکومەتی ناوەندی یان لایەنەکانی تر نەکەوێت. ئەمە پێویستی بەهێزبوونی هیزی پێشمەرگەمان [ وەک پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە] وەبیردەهێنێتەوە.
٧.کەوابوو خوێندنەوەی ئێمە ئەوەیە کە هۆکاری پەلاماردانی هێزی پێشمەرگە و هەوڵدان بۆ گومان خستنە سەر چالاکیی ئەو هێزە و حاشاکردن لە دەستکەوتەکانی [ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ] خزمەتێکە بە دەسەڵاتی داگیرکەر و هۆکاری ئەو هەوڵانە کارامەیی هێزی پێشمەرگە و ترسی داگیرکەرە لە بەردەوامیی و ئامادەبوونی ئەو هێزە. بۆیە باشترین و گونجاوترین وەڵامی ئەو جۆرە باسە ناگونجاو و نالۆژیکیانە هەوڵی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە بۆ پێکهێنان و بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگەی [هاوبەشیی] نیشتمانیی. واتا نەک هەر نابێ گومان لە کارامەیی هێزی پێشمەرگە بکرێت، بەڵکوو پێویستە نەتەوەی کورد و حیزبەکان پلانیان هەبێ بۆ زیاتر کردنی ڕێژەی تواناییەکانی ئەو هێزە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی باشتر لەگەڵ مەترسییەکانی داهاتوو. ئەوە نەک درووشم بەڵکو سیاسەتێکی ئێجگار گرنگ و پێویستە چوونکە نەتەوەی کورد هێشتا بەرەوڕووی یاسای “دەتکوژمی” داگیرکەرانە. ئەوانەی کە خوێندنەوەیەکی ڕاستیوازانەیان لە سیاسەت و بەتایبەت لە سیاسەتی زاڵی ناوچە هەیە [سیاسەتی بکوژە یان بکوژرێ]، بە تێگەیشتن لەو ڕاستییە کە مانەوە بە بێ هەبوونی پێشمەرگە مانای نییە، ڕێز لە “هێزی پێشمەرگە” دەگرن و ستایشیان دەکەن. ئەم ڕێز و ستایشە دەربڕینی ئاشکرای ئەو تێگەیشتن و قەناعەتەیە کە پێشمەرگە هێزی ڕزگاریبەخشی نەتەوەییە و مانەوەی نەتەوەی کورد گرێ دراوەتەوە بە هەبوونی هێزی پێشمەرگەوە. لە نەبوونی ئەو هێزەدا نەتەوەی کورد بە ناچارەکی لە نێو دەچێت. بە حەقیقەت ڕەخەگران هێشتا هیچ جێگرەوەیەکی باشتر لە هێزی پێشمەرگەیان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و گەرەنتیکردنی مانەوەی نەتەوەیی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
یادداشت:
١.بۆ نموونە بڕوانە ئەو سەرچاوەیە خوارەوە:
محەمەد حوسێن زادە (22/06/2019). “پێناسەیەکی واتایی لە پێشمەرگە”، ماڵپەڕی چاوی کورد، دۆسیەی نیشتمانسازی، لەو لینکەی خوارەوەدا لە بەردەستە:
http://www.chawykurd.com/details.aspx?=hewal&jmare=2597&Jor=49&Jor2=71
٢.بۆ نموونە بڕوانە ئەو سەرچاوانەی خوارەوە:
-محمد حسین زادە (١٣٩٦). “ناسیونالیسم و بقا: راز دولت خواهی ملتها، فصلنامە هایا، سال پنجم، شمارە ١٩-٢٠، صص ٧٠-٨٤.
– محەمەد حوسێن زادە (11/05/2019). ” دەوڵەت و مانەوەی نەتەوەیی”، ماڵپەڕی چاوی کورد، دۆسیەی نەتەوەسازی، لەو لینکەی خوارەوەدا لەبەردەستە:
http://chawykurd.com/details.aspx?=hewal&jmare=2573&Jor=48&Jor2=71