ساڵی ٩٧ی هەتاوی، مانگرتنی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

مانگرتنی گشتی

✍ محەمەد حەکیمی

مانگرتنی سەراسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدا ڕوویدا کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ٣ چالاکی سیاسیی سەر بە ڕەوتی کۆمەڵەی لە سێدارەدا و هاوکات مەقەڕەکانی حزبی دێمۆکراتی لە هەرێمی کوردستان مووشەک باران کرد و لە ئاکامی ئەو موشەک بارانە ١٦ کەس لە ئەندامی ڕێبەریی ئەو حیزبە گیانیان بەخت کرد و ٤٠ کەسیس بریندار بوون، ئەمە هەوڵێکی دیکەی حکوومەتی ئێران بۆ سەرکوت کردن و پاشەکشە پێکردنی خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان بوو. داوی ئەو تاوانانەی کۆماری ئیسلامی ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران مانگرتنی داوایان لە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بەم تاوانە تازەیەی حکوومەتی ئێران مان بگرن و خەڵک بە شێوەیەکی هاودەنگ و هاوپشت بە دەنگ داواکاریەکەیانەوە هات و بە داخستنی دووکان و بازاڕ و نەچوونە سەر کارەکانیان مانگرتنێکی کەموێنەیان وەڕێخستن.
ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژی دوو ساڵ لەمەوپێش بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژێکی خوێنین و پڕ لە ئازار بوو، ڕژیمی ئیسلامیی ئێران کە لە بەهێزبوون و هاوپشتیی هێزە سیاسییەکان و خەباتی خەڵکی کوردستان زیاتر لە جاران دەترسا و هاوکات دۆخی ئێرانیش ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ خراپتر دەبوو بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی پێویستی بە سەرکوتی توندوتیژی خەڵک و چالاکانی مەدەنی و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دژی حکوومەت بوو، بۆ ئەو مەبەستەش کوردستان وەکوو ناوەندی هەمیشەیی خۆڕاگری و خەبات بەرانبەر بە دواکەوتوویی و داگیرکاریی کۆماری ئیسلامی، یەکەم ئامانجی هێرشەکان بوو. هێرشی موشەکەی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها ئێعدامی سێ کەس لە لاوانی کورد بە ناوەکانی ڕامین حسەین پەناهی، زانیار مورادی و لوقمان مورادی و هەروەها هێرشی تۆپخانە و پەهبادەکانی رژیم بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵە لە قەندیل نیشانیدا کە ڕژیم دەیەوێت خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوترسێن بکات. بە بروای خۆیی دەیویست بە ئامانج کردنی کۆمەڵە و دێمۆکرات جا چ لە دەرەوە و چ لە ناوەوە، تواناکانی هێزی سەرکوتکاری خۆی و دڕەندەییەکەیان بە گەلی کورد و چالاکانی سیاسی رابگەینێت. بەڵام گەلی کورد بە پشتبەستن بە ئەزموونی ساڵها خەباتیان بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی و هاوکاری و هاوپشتی و یەکدەنگیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە ئیلامەوە تا ورمێ بە مانگرتنێکی یەکدەنگ و گشتی وەڵامێکی چاوەڕوان نەکراویان بە حکوومەت دایەوە و لە بەرانبەر پەیامی تۆقاندنی ئەواندا پەیامی خۆڕاگری و هاوپشتی و نەبەز بوون خۆیانیان بە گوێی دنیا گەیاند.
دوای ئەو شکستە گەورەیە دەزگا ئەمنییەتییەکانی حکوومەت دەستیان دایە گرتنی چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە کوردستان. بۆ نموونە موزەفەر ساڵەحنیا، خالید حسەینی، موختار زارعی، سۆران دانشوەر، ئارام فەتحی، موسلم بەهرامی، خالید گەنجی و ڕەشید ناسرزادە و دەیان کەسی دیکە و هەروەها لە زۆر شوین ئەو دوکانانەی کە داخرابوون رژیم بە رەنگ دەڕابەکانیانی ڕەنگ دەکرد بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەریان و بیانتۆقێنێ تەنانەت لە زۆر شوێن زەنگیان بۆ خاوەن دووکانەکان لێ دەدا و هەڕەشەیان لێدەکردن. بەڵام لە ڕاستیدا خەڵک وەک هەمیشە خاوەنداریەتیان لە ڕۆڵەکان و خەباتی خۆیان کرد و هەرگیز چۆکیان بەرانبەر حکوومەت دانەدا.