توندوتیژیی لە پەیوەندیی شەریکی جینسیدا

توندوتیژیی لە پەیوەندیی شەریکی جینسیدا

✍ ئەوین_م

دەستدرێژی لە پەیوەندی ژن و مێردایەتیدا، ئەمڕۆکە بووەتە پرسێکی جیدیی کۆمەڵایەتی و خەسارێکی بواری تەندروستی گشتیی و دەروونییە! تا چەند ساڵ لەوە پێش تەنها لە هەندێ لە وڵاتان ئەویش بە شێوەی سنووردار باسی لێوە ئەکرا و نەک هەر بە تاوان نەئەزانرا، بەڵکوو کەس ناوی دەستدرێژیشی لێ نەئەنا.
لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەتا ئێستا بە دەگمەن باس لە سەر توندوتیژی سێکسی لە لایەن شەریکە سێکسی یان جنسییەکانەوە کراوە. زۆر جار باسی توندوتیژی جەستەیی، زارەکی و…. ئەکرێت و کاتێکیش باس لە سەر توندوتیژی سێکسی دەکرێت زۆر کەم باس لەو فۆڕمە دەکرێت کە لە لایەن شەریکە سێکسییەکانەوە وەکوو هاوسەر و هاوژین یان هاوڕێی کۆڕەوە ئەنجام ئەدرێت.
ئایا هەتا ئێستا دەستدرێژیتان کراوەتە سەر؟ نا، نا، نەک ئەوەی لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە, نەک لە شۆێنی کار و نەک…. هێرش بکرێتە سەرتان. بەڵکوو هەر لە ماڵی خۆتان، لە ژووری خەوەکەتان و تەنانەت لە سەر تەختی خەو، شەو، ئەو کاتەی کە لات وایە بە ئارامشەوە لای هاوسەرەکەت خەوت لێ ئەکەوێت، لەگەڵ خواستە ناباوەکانی هاوسەرەکەت ڕووبەڕوو ئەبیتەوەو رەنگە بەرگرییەکی بچووک ببێت بە هۆی بێتاقەتی هاوسەرەکەت و…. لە راستییدا تۆ “دەستدرێژێت کراوەتە سەر” !!!
“دروستبوونی هەر جۆرە پەیوەندییەکی سێکسی لەگەڵ ژن کە بە ڕەزامەندی ژنەکە نەبێت بە دەستدرێژی دەژمێردریت”!
بە درێژایی مێژوو، ئەو پیاوانەی دەستدرێژیان کردووەتە سەر ژنەکانیان لە بەرامبەر سزای یاساییدا پارێزراو بوون. بە پێی یاسای دادوەری پلەبەرزی بەریتانیا ویلیام هیک لە سەدەی ١٧ی زایینیدا، ناکرێت مێرد سزا بدرێت لەبەری ئەوەی دەستدرێژی کردۆتە سەر ژنی خۆی. لەبەر ئەوەی بە پیی گریبەستی ژیانی هاوسەرێتی و بە رەزامەندی خۆی، ژنەکە خۆی بە تەواوی ئەخاتە بەردەستی پیاو.
ئەم بۆچوونەی ویلیام هیل کە وەک (دۆکترینی هیل) ئەناسرێت، بە شێوەی فەرمی لە سیستەمی یاسایی بەریتانیا و ئەو وڵاتانەی کەداگیری کردبوون و هەروەها لە باکووری ئەمریکا کاری پێدەکرا. پێشتر کەسێک بە ناوی بلاک ستۆن وتبووی کە ژن بەشێکە لە مڵکی پیاو لەو ماوەیدا کە ژن و مێردن. بە پێی ئەم تێڕوانینە، مێرد تاوانبار نییە و بە هەر شێوەیەک بیهەوێت ئەتوانێت لەگەڵ کاڵاکانی خۆیدا ڕەفتار و هەڵسووکەوت بکات و بەکاریان بێنێت. کەس بە هۆی دەستدرێژی و بەکار هێنان یان خەسار گەیاندن بە مڵک و ماڵی خۆی بە تاوانبار نازانرێت.
چەمکی دەستدرێژی لە پەیوەندی ژن و مێرددا ئەکرێت بڵێین تا سەردەمی “بزووتنەوەی ژنان بۆ گۆرینی سیستەمی یاسایی” لە دەیەی ١٩٧٠ بە جیدی نەهاتە بەر باس، بە هەوڵ و تێکۆشانی چالاکانی بزووتنەوەی ژنان لە ئەمریکا و بەتایبەت خاتوونێک بە ناوی لارا ئێکس، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٩ لە ئەیالەتی کالیفۆڕنیا پیاوێک بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنەکەی بە تاوانبار ناسرا. لە ئێستادا یاسای “قەدەغەبوونی دەستدرێژی سێکسی لە ژیانی هاوسەریدا” لە ئەمریکا و بەشێکی زۆری وڵاتانی ئورووپایی بە فەرمی ناسراوە و کاری پێ ئەکرێت. بەفەرمی ناسینی ئەم یاسایە لە لایەن حکوومەت و سیستەمی یاساییەوە لەم وڵاتانە بووە بە هۆی ئەوەی کە حکوومەتەکان بە شێوەی جدی‌تر کێشەکانی تایبەت بەم بوارە لەبەرچاو بگرن و بوودجە و سەرمایە تەرخان ئەکەن بۆ لێکۆڵینەوەی زانستیی و ئاکادێمیک لەم بوارەدا.
تئۆرییەکانی سەر بە فمینیسم ، بونیادگەرایی و دەوری جێندەر لە کۆمەڵایەتی بوونی کەسەکان، سێ تیئۆری ئاوانگارد و پێشەنگن کە لە زۆرێک لە لێکۆڵێنەوە زانستی و ئاکادێمییەکانی تایبەت بە دەستدرێژی سێکسی لە پەیوەندی ژن و مێردایەتییەدا بەکار ئەبرێن. بونیادگەرایانی کۆمەڵایەتی جەخت لەسەر ئەوە ئەکەنەوە دەستدرێژی لە پەیوەندی ژن و مێرددا، رەنگدانەوەی حەزی پیاوە بۆ زاڵ بوون بە سەر ژندا و پاراستنی هێزی نەریتیانەیان بۆ پارێزگاری لە خۆیان و پارێزگاری لەو شتەی کە خاوەندارێتی دەکەن.
خاوەنڕایانی دەور و نەخشی جێندەر لە کۆمەڵایەتی بوونی کەس لە سەر ئەو باوەڕەن دەستدرێژی لە پەیوەندی ژن و مێرددا، لە داسەپاندن و قبووڵکردنی باوەڕە نەریتییەکانەوە بۆ دەوری ژنەکان لە پەیوەندی سێکسیدا سەرچاوە ئەگرێت. بە پێی ئەم روانینە، دەور و نەخشە نەریتییە جێندەرییەکان فێری پیاوان دەکات کە دەوری جێندەر یان رەگەزی بەهێزتر بگێڕن و بە زۆری هێرشبەر بن و بە پێچەوانەوە ژنان ملکەچ و بێ کردە بار ئەهێنرێن.
دەستدرێژییە سێکسییەکان:
🔹ئەزیەت و ئازاردانی سێکسیی نافیزیکی
ئەمجۆرە ئازاردانە سێکسییە بە زۆری جۆرێک تووڕەبوون و هەڵچوونی زمانی و دەروونیە کە بە دوو فۆڕمی بنەڕەتی “ناچار کردنی کۆمەڵایەتی و نۆرمەکان” و ” ناچارکردن بە پێی پەیوەندی نێوان کەسەکان/ ئەرباب و نۆکەر” ڕوو دەدات. ناچارکردنی کۆمەڵایەتی و نۆرمەکان باوترین جۆرە لەم بەشەدا. لەم جۆرە لە ئازاری سێکسیدا، ئەرکی ژن ئەوەیە خزمەتی مێردەکەی بکات بە پێی ئەرکی ژن و مێردایەتی. ئەرکی سەرەکی ژن دابینکردن و دامرکاندنەوەی هەستی سێکسی مێردەکەیەتی، تەنانەت ئەگەر سێکس بە پێچەوانەی حەز و ویستی دەروونیی ژن بێت.
لە جۆری دووهەمدا، مێردەکە بە کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەو ئیمکانە مادییەکان یان هێزی خۆی، وا لە ژنەکەی ئەکات ملکەچی خواستە سێکسییەکانی ئەو بێت: بۆ وێنە لە بەرامبەر پارەدا وا لە ژنەکەی دەکات ملکەچی خواستی سێکسی پیاوەکەی بێت، تەنانەت ئەگەر کردەی سێکس بە پێچەوانەی حەز و ویستی ژنەکە بێت و ئازار بچێژێت یان هەست بە سووکایەتی بکات.
🔹هەڕەشە یان ناچارکردنی سێکسی
ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە ترسی ئاکامەکانی بەرگری کردن لە بەرامبەر ئازاری سێکسیی مێرد یان شەریکی سێکسیان، مل ئەدەن بە پەیوەندییەکی سێکسیی نەخوازراو. ئەوان لە پەرچەکرداری نێگەتیڤی شەریکە سێکسییەکەیان یان مێردەکەیان ئەترسێن. ئەم پەرچەکردارە نێگەتیڤە زۆربەی کات وەک هەڵچوون و تووڕەیی زمانی و دەروونی یان شەڕ و لێدانی جەستەیی خۆی دەرئەخات. ئەم وتەزایە خۆی بە سێ بەش دابەش دەبێت
🔹لێدان و ئازار دان
دەستدرێژیەک کە لێدان و ئازاردانی لەگەڵدایە و زۆربەی کات توندووتیژی زارەکی و فیزیکیشی لەگەڵدایە.
🔹دەستدرێژی فیزییکی و بە زۆر
ئەم جۆرە دەستدرێژییە بە هۆی کێشەی بەردەوامی ژن و پیاوە لە سەر جۆر و شێوەو فۆڕمی سێکس. لەم جۆرە دەستدرێژییەدا، کەسی دەستدرێژیکەر تا ئەو کاتەی ئەتوانێت ئەو شێوەو فۆڕمە سێکسەی کە خۆی ئەیهەوێت ئەنجام بدات، کەڵک لەم جۆرە توندووتیژییە وەر ئەگرێت و بەزۆر و بە لێدان بەرامبەر ناچار ئەکات بەوەی ملکەچی خواستی ئەو بێت.
🔹دەستدرێژی سادیستی و گرێیانە
ئەمجۆرە دەستدرێژییە زۆربەی بە ئەنجامدانی جۆرێکی ناباوی سیکس دەرئەکەوێت. ئەو کارە ناعەقڵانی و لادەرانەی کە وا دەکات قوربانی ئازاری پێ بگات لە کاتی سێکسدا. ئەمجۆرە دەستدرێژی سێکسی لە لایەن پیاوەوە زۆربەی کات بۆ ئەوە نییە ژن یان شەریکە سێکسیەکەی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات و ملکەچی بێت، بەڵکوو بە مەبەستی زیاتر ورووژانی سێکسی خۆی بەکاری دەبات.
لێکۆڵینەوەی زۆر کراوە لە سەر ئەنجام و کاریگەرییەکانی توندووتیژی جەستەیی و سێکسی بۆ سەر ژنان لە لایەن هاوسەر و شەریکە سێکسییەکانیانەوە. ئەنجامەکان بە گشتی دەرخەری ئەوەن کە توندووتیژی جەستەیی و هەروەها تووندووتیژی و ئازاردانی سێکسی کاریگەری زۆر خراپی دەروونی و جەستەییان هەیە لە سەر ژنانی قوربانی، بەڵام ئەو ژنانەی کە توندووتیژی و ئازاری سێکسیان بەرامبەر ئەنجام دراوەو ئەزموونی وەها جۆرە دەستدرێژییەکیان هەیە، زۆر زیاتر لەو ژنانەی کە توندووتیژی جەستەییان بەرامبەر کراوە، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی فیزیکیان لە سەرە.
لێرەدا باس لە کاریگەرییە جەستەیی و دەروونییەکانی توندووتیژی سێکسی ئەکەین بەرامبەر بە ژنان، چ لە لایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە، واتە هاوسەر و هاوژیانەکانیانەوەو چ لە لایەن کەسانی ترەوە، بەڵام زیاتر باس لە توندووتیژی سێکسی ئەکەین بۆ سەر ژنان لە لایەن شەریکە سێکسییەکانەوە.
🔹کاریگەرییە دەروونییەکان:
خەمۆکی یەکێکە لە کاریگەرییە دەروونییەکانی دەستدرێژی لە پێوەندی سێکسیدا. قوربانییەکان تووشی کۆمەڵێک گرفتی قووڵ دەبنەوە لەوانە، خەمۆکی ، تێکچوونی باری دەروونی دوای ڕووداوەکە ترس لە کۆمەڵگا، تێکچوونی رەفتاری سێکسی، هەروەها قوربانییەکان تووشی کۆمەڵێک گرفتی دیکە دەبنەوە وەک سەرکۆنە کردن و خۆبەتاوانبار زانین، هاتنەخوارەوەی متمانە بە خۆ و بە جەستەی خۆ، نەبوونی بڕوا بە خۆ، بێزاربوون لە پیاوان و پەیوەندیی سێکسی. ژمارەیەکی زۆری لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە لە لایەن شەریکە سێکسییەکانیانەوە، زۆر کەمتر لەو ژنانەی دەستدرێژی جەستەییان کراوەتە سەر متمانەیان بە خۆیان هەیە. ئەو ژنەی دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر متمانەی بە خۆی نامێنێت نەبوونی بڕوابەخۆ، هۆکارە بۆ گۆشەگیری و خۆپراوێزخستن. هەروەها لێکۆڵینەوەکان دەرخەری ئەو راستییەن کە دەستدرێژی سێکسی لە پەیوەندی ژن و مێردایەتیدا، یان لە پەیوەند لەگەڵ شەریکە سێکسییەکان، دەبێت بە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکە لە لای قوربانی.
🔹کاریگەرییە فیزیکی و جەستەییەکان
ئەو ژنانەی کە لە لایەن هاوسەر یان شەریکە سێکسییەکانی خۆیان وەک هاوڕێی کوڕ دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان، باری دەستدرێژییەکە زۆر قورسترە لە سەریان لە چاو ئەو ژنانەی کە لە لایەن کەسانی نەناسراو و بێگانەوە دەستدرێژی ئەکرێتە سەریان. جیاوازی لە ئاستی توندووتیژییەکە و جۆری ئازارێکە کە پێیان ئەگات. ئەو کەسانەی کە لەلایەن هاوسەر و شەریکە سێکسییەکانیانەوە دەستدرێژی ئەکرێتە سەریان، زیاتر لە بەردەم مەترسی ئازاری جەستەیی و ئازار گەیشتن بە شوێنە هەستیارە سێکسییەکانی جەستەیاندان. زیاتر لە ژنانیتر کە لە لایەن بێگانەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەریان نیشانە و ئاسەواری دڕین، بریندار بوون و… بە جەستەیانەوە دیارەو هەندێجار پێستیان بریندار دەبێت و بەم شێوەیە ڕووبەڕووی ئازاری جەستەیی ئەبنەوە کە کاریگەری رۆحی هەیە لە سەریان.
ژمارەیەکی زۆر لە ئازارە جەستەییەکان وەک سک ئێشە، ئازارە باوەکانی تایبەت بە نەخۆشیە ژنانەکان، ئازاری سمت، خوێن بەربوون لە ئەندامە جنسییەکان، پەیوەندی سێکسی بە ئێش و ئازارەوە، لەبارچوونی منداڵ، ئیلتهابی میزڵدان، بەئازارەوە میز کردن، و نەخۆشییە باوەکانی ڕیخۆڵە لەو ژنانەدا بینراوە کە لە لایەن کەسانی نزیکەوە، واتە شەریکە سێکسییەکانەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر. ئەوان لە بەردەم هەڕەشەی ژمارەیەک نەخۆشی مەترسیداردان وەک شێرپەنجەی مناڵدان و ئەو نەخۆشیانەی کە بەهۆی پەیوەندی سێکسیەوە ئەگوازرێنەوە.
هەروەها بینراوە ژمارەیەک لەو ژنانەی دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان دەستیان داوەتە خۆکوژی، یان لە لایەن دەستدرێژی کارەوە کوژراون.