بۆ یادی “بەیان عەتتاری” تەوارەکەی زاگرۆس

بەیان عەتتاری

✍ پڕشنگ محەممەدی

ژنان لە چوار دەیەی ڕابردوودا بەشدارییەکی بەرینیان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسیی خەباتدا بووە و پێگەیەکی دیاریان دەستەبەر کردووە. بەشداری بەرینی ژنان لە بزوتنەوەی شوڕشگێڕانەی کوردستان بە درێژایی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو، فیداکاری و لەخۆبردوویی و بەرخۆدانی ئەوان لە سەنگەری خەبات، یارمەتیدەریان بووە تا ئەزموونگەلێکی پڕ بایەخ بەدەستبێنن و بڕوا بەخۆیان و تواناکانیان لە ژیان و خەباتدا زیاتر بێ.
له کوردستان هۆشیاریی گشتیی ژنان و بەشدارییان لە بواری چالاکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری و ئەدەبیدا زۆر بەرینتر لە جارانە. سەرەڕای هەموو کۆسپ و ڕێگرەکان، ژنان ئەمڕۆ لە ئاستی تێکۆشانی سیاسی و مەدەنیدا هێزێکی حاشا هەڵنەگرن. زانستی گشتی و هەست بە پێویستیی تێکۆشان بۆ ڕزگاربوون گەشەی کردووە. ژنی شاعیر، نووسەر، هونەرمەند، وە‌رزشوان و سیاسەتمەدارمان کەم نین. بزوتنەوەی ژنان بووەتە هێزیکی ڕەخنەگر و خوازیاری ئاڵووگۆڕ. ئەمە مژدەی ئاسۆیەکی ڕوونترمان بۆ دەستەبەربوونی مافەکانی ژنان و بۆ سەربەخۆیی زیاتری بزاڤەکەیان لە داهاتووی ئاڵوگۆڕەکاندا پێدەدا.
دەسەڵاتی ئیسلامیی بە هەموو یاسا و دام و دەزگا سەرکوتگەرەکانییەوە، نەیتوانیوە بەر بە گەشەی ژنان له ئێران و بە تایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بگرێت. بە چاوخشاندنێک بە سەر ڕووداوەکانی ئەم دوو ساڵەی دوایی لە ئێران و تایبەتی لە کوردستان، ئەبینین کە ژنان جیا لەوەی کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکان و…. کردووە، بەڵکوو پێشەنگی کۆڕ و کۆبوونەوە و چالاکیەکان بوون.
ژنانی ژینگە پارێز، قارەمانانی ئەمڕۆی کوردستانی ڕۆژهەڵاتن، “بەیان عەتتاری” کچە شاخەوان و بەردەوانی ژینگەپارێز، رۆژی سێشەممەی ٤ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی کاتژمێر ۱٠ بەیانی، لە کاتی دوچەرخەسۆاریدا بە ڕووداوی هاتووچۆ کەوتە کۆماوە و پاش یەک حەوتوو مانەوە لە نەخۆشخانەی شاری بۆکان ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
“بەیان عەتتاری ” ٤ی گۆڵانی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی له شاری بانە، چاوی به ژین هەڵهێناوە و ساڵی ١٣٦٥ و لە تەمەنی منداڵیدا لە گەڵ بنەماڵەکەی کۆچیان کرد بۆ شاری بۆکان و هەر لەوێ چووە خۆێندنگاە و خۆێندنی دەستپێکرد. بەیان هەر لە تەمەنی منداڵیەوە باوکی لە دەست داوە و ئەرکی بەخێوکردنی خۆی و خۆشک و براکانی ئەکەوێتە سەرشانی دایکی. “بەیان ” منداڵی سێهەمی بنەماڵە بووە و دەورانی منداڵی لە داوێنی چیای زاگرۆس تێپەڕ کردووە و زۆر حەزی لە ژینگەو شاخەوانی بووە، بۆیە ڕۆیشتنی بۆ شاخ بووەتە چالاکیی ڕۆژانەی و تا جێگایەک چووەتە پێشەوە کە لە زانکۆ کارناسیی زیست شناسی هەڵبژارد و سەرکەوتووانە، تەواوی کرد و مەدڕەکی گرت و ئەمەش بووە بەهانەیەکی باش بۆ هرچی زیاتر چوونە ناو ژینگە و شاخەوانی کردن.
حەز و ئەوینی بەیان بە ژینگە و شاخ تا ئەو جێگایە چووە پێش کە بە پێشنیاری هاوڕێیان و هاوکارانی لە ساڵی ١٣٨٧ بۆ یەکەم جار لە باشگای شاخەوانی “تەوار” لە شاری بۆکان بە شێوەی فەرمی و پیشەیی شاخەوانی دەستپێدەکات و دواتر بۆ بەردەوام بوون و سەرکەوتن لە شاخەوانی و بەردەوانی، چووەتە باشگاکانی “لاوێن” و “ئەوراز”.
هاوکات لەگەڵ دانانی گرووپی شاخەوانیی تایبەتی بۆ ژنان کە ئەو سەردەمە لەبەر یاسای دواکەوتووانەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و کولتووری پیاومەزنانەی زاڵی کۆمەڵگاوە، زۆر زەحمەتبووە کە تێکەڵ لە گەڵ پیاوان پێکەوە شاخەوانی بکەن، خاتوو “بەیان عەتتاری” یەکێک لەو شێرە ژنانە بوو کە پێشەنگایەتی کردووە و توانيويەتی گۆڕانکاریەکی گەورە لە ناو کۆمەڵگادا پێک بێنێت و ڕێگەخۆشکەر بێ بۆ ئەوەی ژنان و پیاوان بە بێ جیاوازیی جنسییەتی، بتوانن پێکەوە شاخەوانی بکەن!
“بەیان عەتتاری” پێشەنگ و هاندەری ژنانی شاری بۆکان بوو بۆ شاخەوانی و…. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، وەک کچە چالاکوانێکی ئازا و سەربەست، بە توانا و لێهاتووانە تێدەکۆشا و ببووە سیمایەکی ناسراو و خۆشەویستی وەرزشکاران، ژینگەپارێزان و بە تایبەتی ژنان.
خاتوو “بەیان عەتتاری” کارنامەیەکی پڕشنگداری وەک کچێکی لێهاتوو و شاخەوان، لە ژیانیدا تۆمار کرد، لەوانە: سەرکەوتن بە سەر دووهەمین چیای بڵندی ئورووپا “کازبەک” لە وڵاتی گورجیستان، سەرکەوتن بە سەر چیای ئاگری (ئاڕاڕات) لە باکووری کوردستان، سەرکەوتن بە سەر چیاکانی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات وەکوو: دەماوەند، سەبەلان، تەرەغە، عەلەم‌کێو، چلچەمە و ئاورین و….. زۆر بە داخەوە مەرگی نابەوەخت مەودای نەدا ڕۆلی زۆرتر بگێڕێ و سەرکەوتنی زیاتر لە ژیانی پڕ لە شانازی و پڕشنگداریدا تۆمار بکات.
“بەیان عەتتاری” ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی بە هۆی لێهاتوویی لە شاخەوانی و…. وەکوو بەڕێوەبەری ڕێکخستنی کۆڕی شاخەوانی “ئەوراز” دیاریکرا و زۆر بە داخەوە ڕۆژی دواتر ٤ی خەرمانان کاتژمێر ١٠ی بەیانی لە ئاکامی ڕووداوێکی هاتوچوو لە کاتی دوچەرخەسۆاری لە پارکی ساحیلیدا تووشی خوێنڕێژی مێشک بوو و کەوتە کۆماوە و دوای حەوتوویەک بەربەرەکانێ لە گەڵ مەرگ، شەوی سێشەممە ١١ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی ماڵئاوایی یەکجاریی لە ژین و شاخ و ژینگە کرد.
جێگای ئاماژەیە کە “بەیان عەتتاری” لە بڕیارێکی مروڤانەیەدا، پێشتر واژۆی لە سەر پێشکەشکردنی ئەندامانی جەستەی پاش مەرگی کردبوو هەر بۆیە بە پێدانی دڵ و جگەری بە دوو کەس کە پێویستییان بوو، ژیانی دووبارەی بەخشی کە نیشاندەری هێزی گەورەی کۆمەڵایەتی لە کوردستان بە ڕابەرایەتی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ژنانی قارەمان، پێشەنگ و یەکسانیخوازە.
تەرمی ژینگە پارێز “بەیان عەتتاری” کچە شاخەوان و بەردەوانی خەلکی شاری بانە ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی لە سەر شانی ژنان و لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیی وەرزشکاران و چاڵاکانی مەدەنی و شاخەوانانی شاری بۆکان و، کرماشان و…. ، بە پێی وەسیەتی پێشتری خۆی، لە داوێنی چیای “بەردەزەرد”ی شاری بۆکان. لە گۆڕستانی “کۆسە” ئەسپەردەی خاکی نیشتمان کرا.
یادت هەرمان بەیانی تێکۆشەر و یەکسانیخواز

 

 

شاخ پرسەنامەی نووسی
بە چاوێکی پڕ لە گریان
دای بە کۆتر داوای لێکرد
زوو هەڵفڕێ زووترین کات
بگاتەوە شاری بۆکان
کڕنۆش بەرێ کاتی بینی
دایکی دڵ سووتاوی بەیان
کاتێ کۆتر کڕنۆشی برد
پەیامی شاخی ڕاگەیاند
دایکی بەیان هاواری کرد
کوتی بڕۆ بڵێ بە شاخ
بە ڕێگە و بان و دارستان
بە لووتکە بەرزە بەرزەکان
بە هاوڕێیانی شاخەوان
بڵێ نا نا خەمبار مەبن
هەر لێدەدا دڵی بەیان
بۆ شاخ، بۆ دەشت و بۆ چیا
بۆ مەلەکانی ئاسمان
بڵێ دڵی جوانی “بەیان”
هەر لێدەدا بۆ نیشتمان

 

کاوە داشبەندی