پاراستنی تەندروستی گشتی ئەرکی دەوڵەتەکانە

✍ ع.هیوا

بێهداشت و تەندرۆستی گشتی مافێکی ڕەوای هەموو ئەندامەکانی کۆمەڵگایە و دەبێ تەواوی دەوڵەت و لایەنە بەرپرسیارەکان هەوڵی ئەوە بدەن کە بە پاڕاستنی هاووڵاتەکانیان لە نەخۆشی و زیانەکانی ئەو مافە مسۆگەر بکەن.هەر چەند ئەو ئەرکە لە وڵاتانی زۆرێک لەم جیهانە بە ڕەسمی ناسراوە ، بەڵام لە حەقیقەت دا نەیانتوانیوە کە ئەو ئەرکە بەڕێوە بەرن و ئەوەی کە ئیستا ئەیبینین شکستی سیاسەتەکانی دەوڵەتەکانە لە ئاست پارێزگاری کۆمەڵگاکانیان.

لەکاتێکدا سیستمی بێهداشتی و تەندروستی جیهانی وەک بەشێک لە سیستەمی سیاسی و ئابووری ڕووبەڕووی کورتهێنانێکی تەواو لە بەرانبەر مامەڵەکردن لەگەڵ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتووە، لێکەوتەکانی ئەو کورتهێنانە ئەگەر بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو لە ئاستێک بێت بۆسەر گیان و سەلامەتی هاووڵاتییان، ئەوە بۆ وڵاتانی دواکەوتوو زیانە گیانییەکانی لە ئاستێکی زۆر زیاترە و ئاسایشی تەندروستی گشتی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە. دەزگای دەرمان و تەندرۆستی لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی لە بەر سیاسی بوون و دەسەڵاتی هەندێ بەرپرسی نزیک لە حەڵقەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک لەم بوارە دا زۆر نا مەسئولانەیە و بە تایبەت لەو ناوچانە کە کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتییان هەیە وەک بەلووچستان و کوردستان و …

پێش هاتنی پەتای کرۆناش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سیستەمی تەندروستی لە قەیرانێکی گەورەدابوو. کارمەندان ، پەرەستاران،پیراپزێشکان و پزێشکەکان ماوەی یەک ساڵ پتر بوو کە حەقدەست و داخوازییە ماڵییەکانیان نەدرابوو. بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخۆشییەکانی دیابت و دڵ و شێرپەنجە و چەندین نەخۆشی تر و نەبوونی مافی نەخۆش و مردن بەهۆی دابین نەکردن و خراپی چارەسەرەییەکانی تەندروستی و پڕبوونی بازاڕ لە دەرمانی قاچاغ و بازرگانی پێوەکردنی و دابەزینی چۆنیەتی و چەندایەتی خزمەتگوزاری تەندروستی و تەسلیمکردنی بە بازرگانی بواری تەندروستی لە کەرتی تایبەتی ئیحتیکارکراو، کە هەموو ئەمانە کاریگەری لەسەر دابەزینی ناوەندی تەمەن دەکات، بەشێکن لە لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە کە درێژکراوەی قەیرانی مۆدێلی خزمەتگۆزاری تەندرۆستی بە هۆی سیسەتە نا درۆستەکانی رژیمەوە.

کاریگەری ئەم قەیرانە لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بەڕوونی دەبینین کە خۆی لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن و تووشبووانی و نەبوونی بەرپرسیارەتی کۆمەڵایەتی و تەندروستی لە لای حکوومەت دەبینێتەوە.

بەپێی بنەماکانی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و ڕێککەوتننامە جیهانییەکان و دەستووری خۆدی ڕژیم، ئەرکی دەوڵەتە تەندروستی گشتی بپارێزێت و خزمەتگوزارییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی بۆ هاووڵاتییان دابین بکات بەخۆڕایی یا بە نرخێکی کەم، لە ژێر ڕۆشنایی ئەوەی کە سەلامەتی تەندروستی مرۆڤ بەرپرسیارەتییەکی گشتی و مرۆییە و ناکرێت فەرامۆش بکرێت و وەک کاڵایەک مامەڵەی پێوە بکرێت.

سیاسەتی بەتایبەتکردنی کەرتی گشتی تەندروستی بۆ کەرتی تایبەت پێچەوانەی ئەو بەهایانەیە و تەماشاکردن و گواستنەوەی پێگەی مرۆڤە وەک کاڵایەک بۆ بازرگانی پێوەکردن، بەرپرسیارەتی گشتی و ڕۆڵی حکوومەت لە ژیانی جڤاکی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تەندروستی ناهێڵێت، کە لە جەوهەردا تەسلیمکردنی سەلامەتی گیانمانە بە بازرگانەکانی بواری تەندروستی، تەنیا پێوەر لای ئەوانیش (کەڵەکەکردنی زیاتری سامانە نەک سەلامەتی تەندروستیمان).

هەموو ئەوانەی لەم رۆژانە دەگوزەرێت لە ئێران و کوردستان دژ بە سەلامەتی تەندروستین لە کاتێکدا کە بیمەیەکی تەندروستی وەک سەرەتایترین مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموو هاووڵاتییان دابین نەکراوە. ژینگەیەک دروستکراوە ئەوەی پارەی هەبێت تەندروستیشی دەبێت و پارێزراودەبێت ئەوەی نەیبێت لە مەترسیدا دەبێت! .

چیرۆکی ئەو هاووڵاتییانە کەم نین کە بەهۆی نەخۆشی و نەبوونی بیمەی تەندروستی و خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی، بەناچاری یان دەستیان بردووە بۆ فرۆشتنی گۆرچیلە ،خانوو و ماڵ و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان کە داڕمانی ئاسایشی ئابووری خێزانی و تاکی بەدوادێت یانیش کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەک بۆ چارەسەرکردنیان لەنێو خزم و دۆست و لە شوێنی نیشتەجێبوونیان.

ئەگەرچی پیشاندانی ئەم تابلۆیە بەم شێوەیە جێگای نیگەرانی و ناخۆشییە بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا و لە ناو ئەم قەیرانەدا چەندین دکتۆر و کارمەندی تەندروستی و کەسانی تر لە کاری بەیەکەوەییدا یان پێکهێناوە بۆ پاراستنی تەندروستی کۆمەڵانی خەڵک. پێشتریش لە چوارچێوەی کاری هەرەوەزی لە مەریوان و کرماشان و چەند ناوچەیکی تری کوردستان جگە لە دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا چەندین خزمەتگوزاری تریان پێشکەش بە کۆمەڵگا کرد، پرەنسیپی کارکردنی ئەوان پاراستنی تەندروستی گشتی و بەهێزکردنی ڕۆحی هاودەردی و بەیەکەوەکارکردنە بۆ ڕێگریکردن لە بەکاڵاکردنی تەندروستی گشتی، وەک پلانێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەندین بەرنامە و دیدی بەدیلیش لەلایەن ئەم تۆڕەوە بۆ ڕای گشتی پێشکەش کراوە. هاوکات هەر لەم بارەیەوە و چۆنیەتی خستنەڕووی ڕووئیای بەدیل لە بەرانبەر کورتهێنانی سیستەمی تەندروستی رژیمی سەرمایەداری ئیسلامی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاسایشی تەندروستی مرۆڤایەتی، لە پێکهێنانی شوورای گەڕەکەکان بەشێکی گرنکی کارەکانی پێکدەهێنا و جێگای بایەخ بوو.

ئێستا مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی پرسیارێکی سەرەکی دەبێتەوە، پرسیاری ئەوەی چ جۆرە سیستەمێکی تەندروستیمان پێویستە، سیستەمێک بۆ پاراستنی تەندروستی گشتمان بێت یا بۆ پاراستنی تەندروستی کەمینەیەک و کەڵەکەکردنی سامانی سارمایەداران؟ ئەم هەوڵ و تێکۆشانانەی باسمان کرد، گەشەپێدان و بەردەوامی و بیرکردنەوە و ڕێککەوتنی پێویستە بۆ پێشکەشکردنی بەدیلێک کە لایەنی کەمی ئاسایشی تەندروستی گشتی دابین بکات.