“هێمن” شاعرێک بۆ هەموو وەرزەکان

✍دواڕۆژ

بۆ یادی ١٠٠ ساڵەی لە دایک بوونی مامۆستا هێمن

مامۆستا هێمن-ی شاعری ناوداری کورد ناوی تەواوی محەمەدئەمین، کوڕی سەید حەسەنی شێخەلیسلامی موکرییه، دایکی ناوی زەینەب، کچی شێخی بورهانە. هێمن لە شەوی 4 لەسەر 5 ی مانگی مەیی ساڵی 1921 لە گوندی لاچین-ی نزیک شاری مەهاباد لەدایکبووە. هەر بە منداڵی دەخرێتە بەر خوێندن و چەند ساڵ لە قوتابخانەی سەعادەت لە شاری مەهاباد دەخوێنێت. پاشان باوکی لە قوتابخانە دەریدەهێنێت و دەینێرێت بۆ خانەقای شێخی بورهان، بە مەبەستی ئەوەی کە لە دواڕۆژدا ببێتە مەلاو جێی مەلا جامی، باپیرە گەورەی، بگرێتەوه. چوار ساڵ لە خانەقا دەخوێنێت، لەوێ چاو و گوێی دەکرێتەوە. لەگەڵ زۆر کەس دەبێتە دۆست و ئاشناو گەلێک کەسی رووناکبیرو تێکۆشەرو شاعیر دەناسێت و بە دیداریان شاد دەبێت. پاشان باوکی دەینێرێت بۆ گوندی کولیجە و لەوێ لای مامۆستا مەلا ئەحمەدی فەوزی درێژە بە خوێندن دەدات. ساڵ و نیوێکیش لای فەوزی دەخوێنێت و لەوەوە شارەزایی لە زمانو ئەدەبی کوردیدا پەیدا دەکات و هەستی شاعیریی چەکەرە دەکات. فەوزی خۆشەویستیی نیشتمانو نەتەوە لە ناخیدا دەچێنێت. هێمن و سەڵاحی کوڕی ساڵی 1938 کە تەمەنی دەگاتە 17 ساڵی دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و دەگەڕێتەوە بۆ گوندی شیلاناوێ. بە رۆژ لەگەڵ باوکیدا بە کشتوکاڵ و شەوانیش خۆ بە خوێندنەوەی کتێب و گۆڤار و رۆژنامەی فارسییەوە خەریک دەکات. وردەوردە هاتوچۆی مەهاباد دەکات و لەگەڵ کۆمەڵە لاوێکی هوشیار و ئازادیخواز دەبێتە هاوڕێ. ئەو لاوانە کتێبو گۆڤار و رۆژنامەی کوردییان گیردەکەوێت و بۆ خوێندنەوە دەیاندەن بە هێمن-یش. ساڵی 1941 لەپاڵ کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییدا دەست بە شیعرنووسین دەکات و هێدی هێدی شیعرەکانی لە دەفتەرێکدا دەنووسێتەوە. بەڵام باوکی پێی خۆش نابێت کە کوڕەکەی بە شیعر نووسینەوە خەریکبێت و ببێتە شاعیر، بۆیە کاتێک دەفتەری شیعرەکانی هێمن-ی دەکەوێتە دەست، دەمودەست دەیسوتێنێت و لێی زویر دەبێت و سەرزەنشتی دەکات. ڕۆژی پێنج شەممه، 24-08-1941 لە کێڵگەکەی خۆیان دەبێت لەپڕێکدا دوو فڕۆکە پەیدا دەبنو بەیاننامە فڕێدەدەنە خوارێ. کاتێک هێمن دانەیەکی لەو بەیاننامەیە دەستدەکەوێت و دەیخوێنێتەوە، دەبینێت بە زمانی کوردی نووسراوە. ئیدی لەخۆشییاندا شاگەشکە دەبێت. لە ناوەرۆکی بەیاننامەکەوە ئەوەی بۆ رووندەبێتەوە کە فڕۆکەکان هی دەوڵەتی سۆڤییەت بوونو مەبەستیشیان لە بڵاوکردنەوەی ئەو بەیاننامەیە ئەوەیە کە بە خەڵکی کوردستان رابگەیەنن لەشکری سوور هاتوەتە خاکی ئێرانەوەو وا بەرەو ناوچەکانی کوردستان بەڕێوەیەو با خەڵکی کوردستان بە هێزی داگیرکەریان نەزاننو وەک هێزێکی رزگارکەر پێشوازییان لێبکەن. ئیدی یەکێتی سۆڤێت ناوچەکانی سەرووی ئێرانو دەوڵەتی بریتانیاش ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی ئێران دەخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. ڕۆژی یەکشەممه، 1942-08-16 دەستەیەک لە کەسە رووناکبیرو چالاکەکانی شاری مەهاباد کۆمەڵەی ‘ ژ. ک، (کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان) دادەمەزرێنن و حسێن فروهەر بە سەرۆکی کۆمەڵە هەڵدەبژێرن. لەو رۆژانەدا هێمن لە تەورێز دەبێت. کاتێک بۆ مەهاباد دەگەڕێتەوە، لە رێگای مامۆستاعەبدولڕەحمان زەبیحی-یەوە و لە ماڵی حسێن فروهەر پەیوەندیی بە کۆمەڵەی ژ. ک. ەوە دەکات و ناوی نهێنیی هێمن بۆخۆی هەڵدەبژێرێت و ژمارەی ئەندامێتیشی 55 دەبێت. لە کۆبوونەوەی ئاپریلی 1943دا کە لە بناری چیای خواپەرست سازدەدرێت، کۆمەڵەی ژ. ک. بڕیاردەدات کە ئۆرگانی خۆی بە ناوی نیشتمان دەربکات. هێمن وەک ئەندامێکی بەدیسیپلین و وەک شاعیرێکی نیشتمانپەروەر لە دووەم ژمارەی گۆڤاری نیشتمانەوە هەتاکو دواژمارەی بە شیعرو وتار بەشدارییدەکات. کاتێکیش لەسەر بنەماکانی کۆمەڵەی ژ. ک. حزبی دیموکراتی کوردستان دادەمەزرێنرێت، هێمن لە ریزەکانی ئەو حزبەدا تێکۆشانی خۆی درێژەپێدەدات. دواتریش لە گۆڤار و رۆژنامەکانی کۆماری کوردستاندا وتارو شیعر دەنووسێت و ئەرکە حزبییەکانی خۆیشی ئەنجامدەدات. هەروەها لە بۆنە و کۆبوونەوەکاندا بەردەوام شیعر دەخوێنێتەوەو جۆشو خرۆش دەخاتە ئەو بۆنانەوە. هێمن لە 1946-11-16دا لەگەڵ کچی خاڵی خۆی بە ناوی ئایشە زەماوەند دەکات و خێزان پێکدێنێت. بەرهەمی ئەو هاوسەرییە کوڕێک دەبێت و ناوی دەنێن سەڵاح. مانگێک دوای زەماوەندی هێمن، کۆماری کوردستان دەڕوخێت. بەوەش نائومێدی باڵ بەسەر خەڵکی کوردستان بەگشتی و خەڵکی ژێرسایەی کۆماردا بەتایبەتی دەکێشێت. ڕۆژی 1946.12.17 سوپای داگیرکەری ئێران دەگەڕێتەوە شاری مەهابادو شارو گوندە ئازادکراوەکانی دیکەو وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی دەست بە گرتنو راونانی تێکۆشەرانو روناکبیران دەکاتەوە. هێمن لەو دەمەدا خۆ دەگەیەنێتە لای خاڵی، شێخ محەمەدی کوڕی شێخی بورهان، و لە خانەقای شێخی بورهان دەمێنێتەوە. بەو جۆرە لە گرتنو زیندان رزگاری دەبێت. لە خانەقا تووشی نەخۆشی گرانەتا دەبێت و دوو مانگ لە جێدا دەکەوێت. دوایی تاڕادەیەک باش دەبێت و دەچێتەوە گوندەکەی خۆیانو لەنێو خێزانو کەسوکاریدا ماوەیەک دەگوزەرێنێت. ڕۆژی 1947.03.31 لە کاتێکدا کە هێمن لە ماڵی خۆی خەریکی کتێب خوێندنەوە دەبێت، هەواڵ لە گوندەکەیاندا بڵاودەبێتەوە کە قازی محەمەدو سەدری برایو محەمەد حسێن-ی ئامۆزای، لە مەهاباد لەسێدارە دراون. ئەو رووداوە دڵتەزێنە کار لە ناخی هێمن دەکات و ناسۆرێکی گەورە لە دڵیدا دروستدەکات. سێ رۆژ دواتر له1947.04.03دا هێمن لەگەڵ کەسێکی هەژار و تێکۆشەری هاوڕێیدا بەرەو شارۆچکەی قەڵادزێ بەڕێدەکەون. کاتێک هێمن دەگاتە ناو قەڵادزێ، دەمودەست پۆلیس دەیگرێت. دوو کەس بەبێ ئەوەی هێمن بناسن بۆی تێدەکەونو لەچنگی پۆلیس رزگاریدەکەن. یەکێک لەو دوو کەسانە مەلایەک دەبێت، هێمن دەباتە لای خۆیو ماوەیەک وانەی پێدەڵێتەوەو لای خۆی دەیپارێزێت. دوای ماوەیەک بارودۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان تاڕادەیەک ئارام دەبێتەوە. ئیتر هێمن-یش دەگەڕێتەوە بۆناو کەسوکاری خۆیو دەست بە کشتوکاڵو ئاژەڵداریی دەکاتەوە. لەو دەمەدا حزبی تودەی ئێران بە ئاشکرا خەبات دەکات و گۆڤارو رۆژنامەی جۆراوجۆر بڵاودەکاتەوە. هێمن لەپاڵ ئیشوکاری رۆژانەیدا بە خوێندنەوەی ئەو چەشنە بڵاوکراوانەوە خۆی سەرگەرم دەکات. هاوکات دەستە لاوێک بە هاوکاریو رێنوێنیی حزبی تودەی ئێران، وردەوردە حیزبی دیموکراتی کوردستان زیندوودەکەنەوە. هێمنیش ئەوەندەی دەرفەتی دەبێت هاوکارو هاوبیری ئەو لاوانە دەبێت و پشتیوانیی خۆی بۆیان دوپات دەکاتەوە. ڕۆژی 1949-02-04 حەمەڕەزا شا بەشداریی لە یادی دامەزراندنی دانشگای حقوق لە تاران دەکات. لە ناوەختێکدا لاوێک بە ناوی ناسر فەخرارایی شا دەداتە بەر گوللەو برینداری دەکات. هاوکات پاسەوانەکانی شا دەستڕێژ لەو لاوە دەکەنو بە سەختیی برینداری دەکەنو پاش چەند سەعات دەمرێت. هەر ئەو رۆژە بە ئاشکرا حزبی تودەی ئێران تاوانبار دەکرێت و شاڵاوی گرتنو راونانی رابەرانو ئەندامانی ئەو حزبە لە سەرتاسەری ئێراندا دەستپێدەکات. گرتن و زیندانیکردنی رووناکبیرانو تێکۆشەران کوردستان-یش دەگرێتەوە. گەلێک کەس دەگیرێنو هەندێکیش دیسان ئاوارە دەبنەوە. هێمن وەک سەدان مرۆڤی ئازادیخوازی کورد ماوەیەک خۆی دەشارێتەوە. لەو سەروەختەدا لە ئێراندا گرانی دادەکەوێت و ژیانی هەزارەها خێزان دەکەوێتە بەر هەڕەشەی لەبرسامردن. هێمن بە چاوی خۆی زۆر دیمەنی تراژیدیو دڵتەزێنی ئەو رۆژانە دەبینێت و ناسۆرێکی گەورە لە دڵیدا دروستدەکات. خۆی و کەسوکارەکەی ئەوەندەی لە توانایاندا دەبێت بەپیر ئەو خەڵکە برسییانەوە دەچن کە روو لە گوندەکەیان دەکەن؛ فریایان دەکەون و تێریان دەکەن. ساڵی 1951 بزوتنەوەی خۆماڵیکردنی نەوتی ئێران بە رابەریی دکتۆر موسەدیق پەرەدەستێنێت و پەل بۆ گشت شار و شارۆچکەیەکی ئێران دەهاوێت. لە 1952-07-22دا دکتۆر موسەدیق دەبێتە سەرۆک وەزیرانی ئێرانو خەڵک پشتیوانیی خۆیان لە حکومەتەکەی دەردەبڕن. بەوەیش جێ بە شا و دارودەستەکەی لەق دەبێت. وردەوردە هەلومەرجێکی تاڕادەیەک ئازاد و دیموکرات لە ئێراندا جێگیر دەبێت. لە کوردستانیش هێدی هێدی چالاکیی سیاسیو رۆشنبیریی دەستپێدەکاتەوەو لاوانو رووناکبیرانی کورد بە نهێنیو نیمچە ئاشکرا دەکەونە کارکردن. هێمن هەمیشە لەگەڵ ئەو رووناکبیرو تێکۆشەرانە هاودەمو هاوبیر دەبێت. بەڵام ئەو لەوەدا لەگەڵیان ناکۆک دەبێت کە ئەوان بیر لەوە ناکەنەوە کە بە زمانی کوردی گۆڤار و رۆژنامەو بڵاوکراوە دەربکەنو لەو هەلومەرجەدا بە کارێکی گرنگی نازانن. هێمن رێنوێنییان دەکات و هانیاندەدات هەرچی زووە گۆڤارو رۆژنامە بە زمانی کوردی دەربکەنو لەنێو خەڵکی کوردستاندا بڵاویانبکەنەوە. سەرەنجام دەستەیەک لەو لاوە تێکۆشەرانە بۆچوونەکەی هێمن دەسەلمێننو بڕیادەدەن کە دەست بە دەرکردنەوەی رۆژنامەی کوردستان بکەن. بەڵام بەر لەوەی کە ئەوان یەکەم هەنگاو بنێن، رۆژی 1953.08.19 کۆمەڵێک ئەفسەر بە پاڵپشتیی ئەمریکا و بریتانیا کودەتایەک لە دژی حکومەتی دوکتۆر موسەدیق بەرپادەکەن و جارێکی دیکە حەمەڕەزا شا بۆسەر حوکم دەگێڕنەوە. بە گەڕانەوەی حکومەتی شا، گرتنو راونانی ئازادیخوازان دەستپێدەکاتەوە. هێمن وەک سەدان لاوی تێکۆشەری کورد جارێکی دیکە خۆی دەشارێتەوە. پاشان هەر چۆنێک بێت دەچێتەوە نێو ماڵومنداڵی خۆی. بەڵام هەمیشە لەژێر چاودیریی پۆلیسدا دەبێت و گەلێک جار ئەمسەرو ئەوسەری پێدەکەن. هەر لەو ساڵانەدا دوچاری نائومێدیو رەشبینیی دەبێت و ماوەی چەند ساڵ پێوەی دەتلێتەوە. ئەوەش وای لێدەکات کە هێز و توانای دەربڕین و شیعر نووسینی نەمێنێت و ژیانێکی گۆشەگیرانە بۆخۆی هەڵبژێرێت. ساڵانی 1967-1968 بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێدەنێتە قۆناغێکی نوێو دەستەیەک لاوی شۆڕشگێڕ خەباتی سیاسیو چەکداریی پێکەوە گرێدەدەنو لەبەرامبەر لەشکری داگیرکەری دەوڵەتی شادا دەست بە شەڕی پارتیزانی دەکەن. لە هەندێک لەو شەڕ و پێکدادانانەدا چەند لاوێکی ئازا و رووناکبیر شەهید دەبنو تەرمەکانیان دەکەونە دەست ژاندارمەکانی رێژێمی شا و بەسەر جادەو شەقامەکاندا رایاندەکێشنو بێحورمەتییان پێدەکەن. ئەم چەشنە دیمەنە جەرگبڕانە لە چەند ناوچەو شوێنی کوردستان دوبارە دەبنەوەو لە سەرتاسەری کوردستاندا رق و بێزاریی خەڵک دەگاتە ئەوپەڕی. هێمن وەک هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازی کورد بەو هەواڵانە خەم و پەژارە دایدەگرێت. هاوکات کۆمەڵێک لاوی هۆشیار خۆ لە هێمن و گەلێک رووناکبیری دیکە نزیک دەکەنەوە و هێزو تین بە بەریاندا دەکەنەوەو بەرەو تێکۆشان هانیاندەدەنەوە. هێمن زوو دێتەوە سەر خۆ و لە جاران شێلگیرتر دەستبە تێکۆشان دەکاتەوە. سەرنجام ماڵومنداڵی خۆی جێدەهێڵێت و روو لە چیاکانی کوردستان دەکات. ماوەیەک لەگەڵ هەژار پێکەوە دەژین. پاشان بڕیاردەدات کە لەنێو ریزەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا درێژە بە تێکۆشانی خۆی بداتەوە. کادیر و ئەندامانی ئەو حزبە بە سنگفراوانییەوە پێشوازیی لێدەکەن. لە مانگی حوزەیرانی 1969دا کۆنفرانسی دووەمی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندێکی نزیک قەڵادزێ دەبەسترێت. هێمن یەکێک لە بەشدارانی ئەو کۆنفرانسە دەبێت و لەگەڵ چەند کەسی تێکۆشەری دیکەدا تێدەکۆشێت بۆ وەلانانی کێشە شەخسیو لاوەکییەکانو وەگەڕخستنەوەی حزبەکە. هەر لەوێیشدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێت.