لە تاران فاشیست و لە کوردستان داگیرکەر

jn_jian_Azadi

ژن ژیان ئازادی

 

لە تاران فاشیست و لە کوردستان داگیرکەر

 

شارام وەحدانی

 

ئەم ڕۆژانە بە هۆی هاتنەئارای گەلێک ڕووداو لەوانە شەڕی حەماس و ئیسرائیل کە سەردێڕی هەواڵی هەموو هەواڵنێرییەکانە، شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین و هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا و لە نێو ئەم ئاڵۆزیەدا هەواڵەکان لەبارەی ئێران و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بازنەیەکی دوورتر لە جەرگەی هەواڵەکان جێگەیان گرتووە و کەمتر بە گوێ دەگەن و باسیان لێ دەکرێت.

 

زیاتر لە ساڵێک بەسەر سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینادا تێدەپەڕێت و هەرچەند ناڕەزایەتی دژ بە دەسەڵات بە تەواوی دانەمرکاوە بەڵام لە چاو پاییزی رابردوودا دەتوانین بێژین شەقام بێدەنگە. هەمووان ئاگادارن چەند ڕۆژ پێشتر مەرگی ئارمیتا گەراوەند، سەرەڕای ئەوەی زۆر هاوشێوەی مەرگی ژینا ئەمینی بوو بەڵام شەقامەکانی نەورووژاند. تەنانەت دادگایی کردن و سەپاندنی حۆکمی ناڕەوای زیندان بە سەر نیلوفەر حامدی و ئیلاهە مۆحەمەدی، دوو هاواڵنێر کە هەواڵی مەرگ ژینا و بەخاکسپاردنی ژینایان بڵاو کردەوە دەنگدانەوەیەکی وەهای نەبوو و هەموو ئەمانە لە بێدەنگیدا تێپەڕبوون.

 

دیارە هەر کەس بەدوای هۆکار یان هۆکارەکانی بێدەنگی شەقامەکان لە ئێران و ناکامی شۆڕشی ژینا  دەگەڕێت و بۆچوونەکان گەلێک جیاوازن. لەوانە دەتوانین سەرکووتی لەڕادەبەدەر و دەستنەپاراستنی دەسەڵاتی ئیسلامی لە هیچ کردەوەیەکی دژە مرۆڤیی بۆ پاراستنی دەسەڵات، دەست‌کورتی و هەژاری خەڵک و ئابووری ناڵەباری وڵات و هەروەها نایەکگرتوویی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی وڵات ناو ببەین کە دوور لە ڕاستی نین و دەتوانن لە شوێنی خۆیاندا گرینگ بن. بەڵام ئەوانە بەشیک لە هۆکارەکانن. ئەم نووسراوە قووڵ نابێتەوە ناو ئەم هۆکارگەلە کە زۆر باسی لێکراوە، بەڵکو دادەنەوێتەوە بۆ سەر هۆکارەکانی بێدەنگبوونی شەقام لە ناوەند لە چاو پەڕاوێز، تاران لە چاو کۆردستان و بەلووچستان، بەتایبەتی کوردستان. بۆچی کۆردستان جیاواز دەرکەوت و بوو بە مەکۆی سەرهەڵدان و تاران و دیکەی شارەگەورەکان وەها نەبوون؟

 

ڕەنگە ئەم توێژینەوە، لێکدانەوەیەکی دڵخوازی هەمووان نەبێت و ئەوە ئاساییە، بەڵام نووسەر بۆ ئەم بۆچوونە هەوڵ‌دەدات لە ڕاستییە سەلمێندراوەکان کەڵک وەربگرێت و ئاکامی درووستی لێ دەربکێشێت کە بتوانێت خوێنەر ڕازی بکات. زۆر جار باس لەوە کراوە کە کوردستان یەکگرتووتر، گشتی‌تر و جیاوازتر دەرکەوتووە لە هەموو دەربڕینە ناڕەزایەتیەکاندا. بەڵام زۆر کەمتر باس لە هۆکارەکانی کراوە. لە لایەکی دیکەوە ڕاستییەکی ئاشکرا هەیە کە نکۆڵی لێ ناکرێت، ئەوەش کاردانەوەی جیاوازی دەسەڵات بە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و دیکەی شوێنەکانی ئیرانە. لە کاتی بە خاکسپاردنی یەکێک لە گیان‌بەختکردووانی شۆڕشی ژینا لە کوردستاندا کەسێک لە وتارێکی کورتتدا ئاماژەیەکی زۆر سەرنج‌ڕاکێش دەدات کە دەسەڵات لە تاران فاشیستە بەڵام لە کوردستان داگیرگەرێکی فاشیستە. ئەو وتارە پیشاندەری تێگەیشتنی درووستی خەڵکی کورد لەو جیاوازییەیە  کە تا ئەو ڕادە روونە کە کەمتر کەسێک هەستاوە بۆ شرۆڤەکردنی. وەبیرهێنانەوەی جیاوازیی دروشمەکان، شێوەی بە خاکسپاردن و وتارەکان لە لایەن کەس‌و‌کاری گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا، هەموو سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە کوردستان جیاوازە، داواکارییەکان و خواستی جەماوەری کوردستان زۆر جیاوازە لەوەی تاران داوای دەکات. دیارە لە لوتکەی شۆڕشەکەشدا هیچکات ناوەند بە تۆزی پای کوردستان نەگەیشت و هیچکات ئەو دیاردانەی لە کوردستان تۆمار کران لە شارەگەورەکان بەدی‌نەکرا. ئەم نووسراوە لایەنی ناوەند دەپشکنێت کە بۆ چی وەکوو کوردستان نەبوو و نییە.

 

دەوڵەت نەتەوەی ئێران بە پێچەوانەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، ویستی دەسەڵاتی قاجاری و دواتر پەهلەوی بوو بۆ وڵام دانەوە بە دوو پرسی سەرەکیی ئەوکاتە، یەکەم ئەوەی پاراستنی دەسەڵاتی لەرزۆک و ناسەقامگیری خۆیان لە بەرامبەر زڵهێزەکان و وڵاتانی پێشکەوتووی ئوروپایی وەکوو بریتانیا، روسیە و فەرانسە. دووهەم ئەوەی کە پێیان وابوو بە سازکردنی دەوڵەت نەتەوە، ئەرتەش و دام و دەزگای فەرمی پێشکدەکەون، هەر وەکوو ئەو وڵاتانە، لاسایی کردنەوەیەکی پێچەوانە. بێ‌ئاگا لەوەی کە دەوڵەت نەتەوە بەرهەمی هاتنی سەرمایەداری، پیشەسازی و پەیوەندییەکانی ئەو شێوە لە ئابووری و دەسەڵاتە نەک پێچەوانەکەی. دەوڵەت نەتەوەی ئێران لە سەر سێ پایەی دینی ئیسلام شێعە، زمانی فارسی و مێژوویەکی ساختە ساز کرا کە تەنیا ئاماژە بە فارسەکان دەکات و هەموو شانازیی و سەروەرییەک بە فارس دەبەخشێت. ئەو هۆکارانە بوونەتە گرێیەکی کۆنی سەد ساڵان کە هەموو نەتەوەکانی دیکە وەکوو کوردەکان، عەرەبەکان، بەلووچەکان، تورکەکان و بە گشتی ئەوەی فارس نییە لە بازنەی دەسەڵات دوور دەخاتەوە جا هەرکامەیان بە رادەیەک. واتە ئەو هەوێنە نەیتوانیوە هەموو دانیشتوانیی ئێران پێکەوە پەیوەند بدات و نەتەوەیەکی ئێرانی پێکبهێنێت. هەر ئەمە وایکردووە کە بۆ نموونە چرۆی نەتەوەخوازی لە کوردستان پابەپای دەوڵەت نەتەوەی ئێران سەری هەڵداوە و سەرەڕای سەرکووت، هەڵئاواردن و هەموو شێوەکان کە دەسەڵات بۆ لەناوبردنی ئەو هەستە نەتەوەییە بەکاری هێناوە ئێستا بە‌هێزتر لە هەمووکاتەکان ڕەگ و ڕیشەی لە ناخی زۆربەی تاکەکانی کورددا داکوتاوە. لە ڕاستیدا ئەوە زیادەڕەوی نییە ئەگەر کوردستان بە وڵاتێکی داگیرکراو بناسین. تەنانەت ئەگەر کۆماری کوردستانیش لە بیر بکەین کە چۆن لەناو برا، مەگەر دوای هاتنەسەرکاری ڕژیمی ئیسلامی کوردستان بە زەبری تانک و تۆپ و تەیارە بەو شێوەی ڕژیم باسی دەکات “ئازاد” نەکرا. ئەگەرچی لای ئێمەی کورد داگیرکردن مانای راستەقینەی ئاکامی ئەو شەڕە داسەپێندراوە بوو. کۆماری ئیسلامی هەر لەسەرەتاوە درێژەدەری هەمان ناسیونالیسمی ئێرانی بوو کە لە دەورەی پەهلەویدا پەیڕەو دەکرا بەو جیاوازییەی کە بڕێک زیاتر تامی مەزهەبی دەدات لە چاو ئەوەی پەهلەوی کە زۆرتر رەنگ و بۆنی مێژووی دووهەزار و پانسەد سالەی پاشایەتی دەدا. ئەمیان جۆرێک سەلتەنەتی مەزهەبییە و ئەویان پاشایەتیی ناسراو. ئەو هەستە نەتەوەییە وا دەکات کە لە کوردستان بۆچوونەکان لەبارەی ئازادی، ئابووری، دین، دەسەڵات و هەر بابەتێکی سیاسی دیکە، زۆر جیاواز بێت لەوەی کە لە ناوەند هەیە. تێگەیشتنی تاکی کورد لە شۆڕش و گۆڕانکاری بنەڕەتی لە شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات زۆر جیاوازە لەوەی کە تاکێکی تارانی یان ئیسفەهانی بیری لێ‌دەکاتەوە. ئەگەر کورستان لە سەرەتادا بە خۆمەینی و سەسەڵاتی ئیسلامی وتی نە، لە دیکەی شوێنەکان بە پیریەوە چوون. هەر ئێستا بە پێی ئامارەکان جگە لە ئەرتەش، سپا زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەس ئەندامی هەیە، بەسیج زێدەتر لە بیست ملوێن کەس ئەندامی هەیە، سپای قۆدس و بۆنیادەکانی دیکە با بمێنێت. ئەگەرچی ڕژێم لە کوردستانیش کەسی خۆی هەیە بەلام ڕێژەی هەواداران و چەکدارانی رژیم لە کوردستان لە هەڵسەنگاندن لەگەڵ ناوەند بە ئەژمار نایەت. چاو کردن تەنیا لەو ژمارانە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەموو ئەوکەسانە خاوەن بنەماڵەن، گەورەیی ئەو کۆمەڵە کە خاوەن بەرژەوەندین لە مانەوەی کۆماری ئیسلامی دەردەخات. ئابووری ئێران وەکوو زیاتری وڵاتانی دواکەوتوو بەستراوەتەوە بە فرۆشی نەوت و ڕانت ڕۆڵی سەرەکی دەگێرێت لە دابەشکردنی خزمەتگوزاری. واتە هەموو سامانی ئەو سەرزەوییە لە پێناوی مانەوە و سەقامگیری دەسەڵات بە پێی دووری یا نزیکایەتی لە دەسەڵات دابەش دەکرێت نەک بە بە پێوەری دابین کردنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو شارۆمەندان و بە یەکسان و بە بێ‌جیاوازی بۆ هەموو ناوچەکان. بۆیە ئەگەر کەسێک لە ڕۆژێکدا لە تارانەوە یان لە یەزدەوە سەردانی مەریوان یان سەراوان لە بەلووچستان بکات وەکوو ئەوە وایە سەردانی وڵاتێکی دیکەی کردووە ئەوەندە لە بواری ئابووری و خزمەتگوزارییەوە جیاوازن. بیر لەوە بکەوە لە ئەگەری نەمان و ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و هەڵوەشاندنەوەی سپای پاسداران، ئەوقاف، ئاستانی قۆدسی ڕەزەوی و بۆنیادی پانزدەی خۆرداد، مۆستەزعەفان، ئیمام و دەیان دەزگای دیکە وەکوو قەرارگای خاتەم سەر بە سپای پاسدارن، کە دەستیان بە سەر هەموو سەروەت و سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی ئەو وڵاتەدا گرتووە، کێ لێی دەقەومێت؟ بۆچی ئەشی پێمانوابێت کە ئەو کەسانەش وەکوو ئێمە دەڕواننە دەسەڵات؟  لە خەڵکی کورد دەقەومێت یان ئەوانەی کە هەموو دارو نەداریان بەستراوەتەوە بە بوونی کۆماری ئیسلامی و ئەو جۆرە لە دەسەڵات؟ ئەگەر لە کوردستان هەموو چین و توێژەکان بۆ رزگار بوون لە ژێردەستەیی و ڕووخاندنی دەسەڵات دێنە سەرشەقام بەڵام لە شارێکی ٢٠ ملوێنی وەکوو تاران تا ئێستا رێپێوانێکی سەد هەزار کەسیمان نەدیوە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی داخوازییەکان. بۆنیادی شەهیدی ئیسلامی لە بەر چاو بگرن، چەندە لەو بنەماڵانە وا ئەندامی ئەو بۆنیادەن و لە لایەن دەسەڵاتەوە ئیمتیازی جۆراوجۆریان دەدرێت، کەس و کاری خۆیان لە کوردستان و لە شەڕ دژ بە خۆاستە دێمۆکراتیکەکانی خەڵکی کورد لە دەست داوە؟ ڕوانین بۆ دەسەڵات لە لایەن تاکی کوردەوە زۆر جیاوازە لەوەی تاکی غەیری‌کورد لێی دەڕوانێت.

لە کاتی خۆیدا ئەو جیاوازییە بنەڕەتییە دەردەکەوێت. بۆ نموونە لە کاتی لەناوچوونی قاسمی سلێمانی، ئەگەر زێدەڕەوی نەبێت کەمتر کوردێک هەبوو بە کوژرانی ئەو سەرکردە ترۆریستە خۆشحاڵ نەبێت، بەڵام لە شارێکی وەکوو کرمان هەفتا کەس لە ژێر دەست و پادا مردن، ئەوەندە جەماوەرەکە بۆ بەڕێکردنی مەیتەکەی زۆر بوو. ئەگەر ئێمە لە کوردستان خۆشحال بووین بە مەرگی خۆمەینی، لە تەواوی ئێران زۆربەی خەڵک ڕەشپۆش بوون. لە سەر لاوازتر بوونی پێگەی سەڵتەنەت‌خوازەکان لە کوردستان لە چاو شوێنەکانی دیکەی ئێران دیسان دەبێ بگەڕینەوە سەر هەمان جیاوازی کە بوونی هەیە. تاکی کورد خۆی لە ناو بازنەی شارۆمەندی ئێراندا نابینێتەوە. کورد بە هۆی ئەوەی لە پەڕاوێز خراوە خۆی بە ئێرانی نازانێت هەر وەک بەلووچ و عەرەب و بەشێک لە تورک. بەڵام خەڵک لە ناوەند خۆی بە ئێرانی دەزانێت و خۆازیاری مانەوەی چوارچێوەی ئێرانە. لە دیکەی شوێنەکان ئەگەر خۆاستی گۆرینی دەسەڵاتیش بێت، خۆاستێکی گشتگیر نییە. تەمەن، نزیکی یان دووری لە دەسەڵات، باوەرمەندی بە ئایین یان بێ‌باوەری بە ئیسلام و هەروەها زۆر فاکتۆری دیکە رۆڵ دەگێڕن. ئەگەر لە سنە یان ڕەوانسەر و سەقز ڕاپەڕینێکی جەماوەری دەبینین و لە تاران و تەورێز و ئیسفاهان نا، هۆکارەکەی بەرژەوەندییە، جیاوازی لە خواستی چینی لاو و بەساڵاچووە کە جیاواز دەڕواننە پرسی ژن، ژیان و ئازادی. لە کوردستان خەڵک ئازادی لە ڕزگار بوون لە دەسەڵاتی ئایینی و چەوسێنەری ئێرانی دەبینێت. ژنی کورد خۆاستەکانی لەگەڵ ژنی ناوەند زۆر جیاوازن هەر وەکوو لێكدانەوەی ئێلەی کورد بۆ ئازادی یان ژیان، ژیانێکی شایانی مرۆڤ.

بە هەموو ئەمانەشەوە بە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی گیرۆدەی گەلێک قەیرانی بنەڕەتییە کە چارەسەرکردنی زۆر ئەستەمە، وەکوو ئابووری، ژینگە، پابەندنەبوونی بە پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی تاکەکەسی، هەروەها پەرەسەندنی شەڕی پراکسی و ناسەقامگیریی ناوچەیی، چاوەڕوان دەکرێت چینی لاو و تازە پێگەیشتوو کە خۆیان لە زیندانێکی گەورەدا دەبینن هەوڵێکی نوێ بدەن بۆ رووخاندنی ئەو دەسەڵاتە و دیسان بینەری بووژانەوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بین. ڕەنگە تەنیا شانسی ئێمە ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئێران زۆر لاوە، چینێکی لاو لە ئێراندا سەری هەڵداوە کە لەگەڵ هیچکام لە پێوەرەکانی کۆماری ئیسلامی نایەتەوە و خۆاستەکانی خۆی گرێ نەداوە بە بەرژەوەندییەکانی گەورەترەکان کە مانەوەی کۆماری ئیسلامی بە قازانجی خۆیان دەزانن و کۆنەپارێز و خۆ پارێزن.