شەڕی قەرەباغ و دۆخی ئاڵۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران

شەڕی قەرەباغ و دۆخی ئاڵۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران

شەڕی نێوان دەسەڵاتەکانی ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە سەر ناوچەی کێشە لەسەری قەرەباغ بەردەوامە و لایەنە ناوچەیی و جیهانییەکان بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەڵوێستیان نواندووە و لایەنی لایەک لە شەڕەکەیان گرتووە، هەڵوێستێک کە لە بازە حاڵەتێکدا لە سەرەوەی هاوپەیمانییەکان بووە و لە شێوەی خۆیدا تایبەتە. دەوڵەتی ئیسراییل بەمدواییانە بە پشتیوانیی ئەمریکا توانیویەتیی کارێکی زۆر بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکانی ناوچەی خەلیج بکا و هەوڵی سازکردنی بەرەیەکی بەهێزی دژی ئێران دەدا. ئیسراییل کە تا ڕادەیەکی زۆر هەوڵەکانی دژی لایەن و گرووپە هاوپەیمانە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی وەکوو حەماس و حیزبوڵڵا چڕکردووەتەوە و هاوکات کەوتووتە بەرانبەرکێیەکی بەرچاوتر لەگەڵ حکوومەتی تورکییە کە پشتیوانی حەماس و ئەخوان ئەلموسلمین دەکا لە شەڕی قەرەباغدا بووەتە هاوپەیمانی تورکییە و پێکەوە پشتیوانی لە ئازەربایجان دەکەن. ئەو هاوپەیمانییە لە سەر دوو بنەمای جیاوازە واتە ئیسراییل دەوڵەتی ئازەربایجان وەکوو هاوپەیمانێکی ناوچیی خۆی دەبینە و لە دژایەتیی حکوومەتی ئێراندا بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە و دەوڵەتی تورکییەش لە چوارچێوەی خەونە مەزنخوازانە ناسیۆنالیستییەکانی دەسەڵاتدارانیدا ئەو پشتیوانییە لە ئازەربایجان دەکا.
دۆخی کۆماری ئیسلامی لەو نێوەدا ئاڵۆزتر و زەحمەتترە. سەرەڕای ئەوەی ئازەربایجان لە زۆرینەیەکی شیعە پێکهاتووە و دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئێران دەبوایە پشتیوانیی ئازەربایجان بکەن بەڵام نزیکایەتیی ئازەربایجان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسراییل و ڕۆژئاوا بە گشتی و کێشەی مێژووییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان وایکردووە کە پەیوەندییەکی باش لە نێوان ئەو دوو دەسەڵاتەدا نەبێ هاوکات لە دۆخی ئەمڕۆدا کە حکوومەتی ئێران لە ژێر گوشاری گەمارۆکان و هاوپەیمانییە ناوچەییەکاندایە نایەوە دۆخەکە لەوە گرانتر بکا بۆ خۆی و بکەوێتە دژایەتیی تورکییەوە بۆیە پشتیوانیی ئەرمەنستانیش بە قازانج نازانێ. هاوکات لە بەر هاوسنوور بوونی هەردوو وڵاتەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، لەکاتێکدا سێبەری شەڕێکی گەورە ناوچەکەی داگرتووە دەسەڵاتدارانی ئێران ناتوانن بە تەواوەتی بێهەڵوێست بن. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دۆخێکی خراپی دیپلۆماتیک و سیاسیدا و ئەو شەڕە زیاتر لە جاران حکوومەتی ئێرانی تووشی کێشە و ئاڵۆزی کردووە