شکۆدار بێ ئەوەلی مانگی مەی ، ڕۆژی جیهانی چینی کڕێکار

✍عەزیز ئاجیکەند

 

١١ی مانگی گوڵان واتە ئه‌وه‌ڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارانە. ڕۆژێک کە  هەر لە دوورترین  شەقامەکان و پێتەختەکانی سەرمایە هەر لە شیکاگۆ تا واشێنگتۆن ،لە لەندەن تا پاریس ، لە ئێستۆکۆڵم تا بێرلین ، لە رۆم تا تۆکیۆ تا تاران تا ئێرە کوردوستان ، کرێکاران بەیەک دەنگ هاوار دەکەن دونیای بێ ستەم و چەوسانەوە ، دونیای بەختەوەری و حەسانەوەمان دەوێ. رۆژی کڕیکاران لە ئەوەڵی مانگی مەی دا گرنگترین بۆنەی جیهانی لە سەردەمی شۆرشەکانی کڕێکاری تا ئێستا دایە. ئەم ڕۆژە مەزنە هەموو ساڵێک لە سەرتاسەری دنیادا لە لایەن بەملیۆن کەس لە کرێکاران و بێبەشان و خەڵکی ئازادیخواز و بەرابەری خوازەوە، ڕێزی لێدەگیرێ. لە ئێرانیش سوننەتی ڕێز گرتن لەم ڕۆژە پێشینەیەکی دەیانساڵەی هەیە. نزیکەی سێ دەیە دوای دیاری کرانی یەکی مەی وەک ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە ئاستی دنیادا، واتە ٩٩ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، لە ساڵی ١٣٠١ ی هەتاوی کرێکاران بۆ یەکەم جار چوون بەره‌و پێری ڕۆژی یەکی مەیەوە و بە خۆپیشاندان، ڕێپیوان و سوخەنڕانی، ڕێزیان لەم ڕۆژە گرت. بە درێژایی هەموو ساڵەکانی دواتر کرێکاران چ لە دەورەکانی دیکتاتۆڕی پەهلەوی و چ لە دەورانی ده‌سه‌ڵاتی کۆنەپەرستانەی ئیسلامی و بەپێی فەزای سیاسی کۆمەڵگا، لە هەر جێگایەک دەرفەتێک ڕەخسابێت ئەو ڕۆژەیان زیندو ڕاگرتووە و ڕێورەسمەکانی ڕۆژی هاوپشتی چینایەتی خۆیان لەگەڵ کرێکارانی دونیا، بە شێوەی جۆراوجۆر، بەڕیوەبردووە.

لە یەکەم مەڕاسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار دوای ڕووخانی ڕژیمی شا، واتا ١١ی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٥٨ لە تاران بە سەدان هەزار کەس لەم ڕۆژەدا هاتنە سەر شەقامەکان و هاوکات لە گشت شارەکانی ئێران شکۆدار ترین رێورەسمەکانی تایبەت بەم ڕۆژەیان بەرێوەبرد. لە ئاکامی هەوڵی چەندین ساڵەی هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاریدا، ئێستا جەماوەرێکی بەرین لە کرێکاران و زەحمەتکێشان، له‌گه‌ڵ سوننەت و گرینگی پێگەی ئەم ڕۆژە ئاشنان. کرێکارانی وشیار و پێشرۆ کە دڵیان بۆ ڕزگاری خۆیان و هاوچینەکانیان لێدەدا، لە سه‌روبه‌ندی ئەم ڕۆژەدا شێلگیرانە هەوڵ ئەدەن بۆ ڕێکخستن و کاری وشیاری دەرانەیان، ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە کریکاران و توێژی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا هانبدەن بۆ بەشداری کردن لەرێورەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا. کرێکارانی پێشرۆ و سۆسیالیست، هەموو ساڵێک بەر لە هاتنی ئەم ڕۆژە، لە پێوەندی لەگەڵ کرێکارانی شوێنی کار و ژیانیاندا، بەرنامە دادەنێن، پێوەندی دادەمەزرێنن، کاری وشیاری دەرانە دەکەن، قسەوباس دەکەن، بۆچوون دەردەبڕن، بڕیار ئەدەن، ڕەشنووسی بڕیارنامه‌ ئامادە دەکەن و بەکورتی ئامادەکاری دەکەن تا بە هەر شێوەیەک بتوان ڕیورەسمی ئەم ڕۆژە بەڕێوەبەرن.

ئەوەلی مانگی مەی ڵە کوردوستان…!

لە کوردوستان ، دەیان ساڵە ژینی سەوز بە ئالای ئەیار نەخشاوە….

لە کازیوەی بەرەبەیانی ڕۆژێکی مانگی گووڵاندا لە کەپرێکی ووشک چنکراوی سەربان نزمی دەرگا تەنەکەی دوورە شار کڕێکاڕێک یەکەمین هەناسەی ئەو بەرەبەیانییە هەڵدەمژێ وبەدەنگی بەرزهاواردەکا و دەڵێ : ئەمرۆ بەهار لێرە، لەم مەلبندەدا تازە دەیهەوێ بپشکوێ. لێرە شەیپووری کمۆن جیاوازتر لە هەرشۆنێک ڵێدەدرێ. لێرە مـــێژوو لوور دەخاو دێ و دەروات و دەئاژوێ . لێرە پێش خۆرنشین تڕپەی دڵی کرێکار بۆ ژیان ڵێدەدات … لێرە لە کوردوستان پێش ئەوەی کە خودایەک هەبێ کڕێکار هەر بووە و چەوساوە بووە، خەباتگیڕ بووە لە گەڵ دەردەکانی ڕاپەریوە، لێرە بەردی بناغەی ژین، بە شانو و باهۆی کرێکاری کورد چوونە سەریەک. لێرە شەبەقی ڕۆژهەڵات لە دلی کڕێکاری چەوساوەدا چەکەرە دەکا و بەهار بە تڕپەی دڵەکانی دەپوشکێ….!

لەکوردوستان و لە ڕۆژی یەکی ئایاردا، لەسەر بەستێنی سوننەت و تێکۆشان و بە پشت بەستن بە ئەزموونیکی بە نرخ (هەلقوڵاوی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردوستان) کرێکاران هێزی ڕەزمەندە و یەکگرتووی خۆیان بە هێنانە گۆڕی هەنووکەییترین داخوازیەکانیان لە بەرانبەر دەسەڵاتی حاکمدا دێننە سەر شەقام. کرێکارانی کوردوستان لەم ڕۆژردا و لە بریارنامەکانی خۆێاندا جەخت لە سەر خواستی بردنەسەری حەقدەستەکان گونجاو لەگەڵ دابین بوونی ژیانێکی شیاوی ئینسانی، دابین بوونی بیمەی بێکاری ، ئازادی دروست کردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و ئازادیی زیندانیانی سیاسی وەک سەرەکیترین داخوازیەکانیان، دەکەنەوە.

كرێكارانی و زەحمتکێشانی کوردوستان كە قورسایی باری قەیرانی ئابووری ئێران بە سەر شانی ئەوانیشدا دەشكێتەوە و لە ژێر هێلی هەژاریدا ئەژین، ٤٢ ساڵە لەمەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەبات و تێکۆشاندا بۆ ساتێکێش لەبەرانبەر ئەم رژیمە دژی بەشەرێیەدا هەدایان نەداوە. لە ماوەی ٤٢ ساڵ خەبات و خۆڕاگری لە کوردوستان، گەلێک سوننەتی پێشڕەو و بەنرخ لەم کۆمەڵگایەدا چەسپاون و جێ کەوتوون. یەکێک لەو سوننەتانە، بەڕێوەچوونی مەڕاسمەکانی تایبەت بەڕۆژی جیهانی کرێکار لە زۆربەی شارەکانی کوردستانن. لەم ڕێوڕەسمانەدا کرێکاران بەردەوام ویست و داخوازییەکانیان بە دەرکردنی بڕیارنامە ڕاگەیاندوە، لەدژی بێ مافی و چەوسانەوە و ستەم لە لایەن خاوەنکاران و سەرمایەدارانەوە قسە و باسیان کردوە و لەسەر مافی بەرپا کردنی رێكخراوی سەربەخۆی کرێکاری و لەسەر پێویستی ڕێکخراو بوونی کرێکاران جەختیان کردوەتەوە.

چەند نمونەیەک لەم سوننەتە موبارزاتی و چینایەتیانە بریتین لە:

یەکێک لەم نموونانە کە لە کەش و هەوایەکی بەتەواوەتی نیزامی و جەنگی، لە ئاستێکی چکۆلە بەڵام ڕەزمەندە و لەبیر نەکراودا بەرێوە چوو، هەوڵی کرێکارانی پێشڕەوی مهاباد لە ساڵی ١٣٦٢ دا  بوو کە وێرای سەرکوت و خەفەقان و دەرد و ئازارەکانی تایبەت بە شەڕی حکوومەتەکانی ئێران و عێڕاق،  بە شکۆیەکی تایبەتەوە رێورەسمی خۆێان بە بۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی بەرێوە برد. لەو ساڵەدا و لەو کەش هەوا تایبەتەدا کە بە بۆنەی شەڕ هاتبووە کایەوە، ژمارەیەک لە کرێکارانی پێشڕەوی مهاباد، بڕیاریاندا تا ساڵیادی یەکی مانگی مەی بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن بەڕێوەبەرن. لەگەڵ ئەوەیکە فەزای جەنگی ئیجازەی پێنەدەدان تا مەڕاسمێکی گەورە بەرپا بکەن، بەڵام ئەم حەرەکەتە سەرەتاییە لەو ساڵانەی گوشار و خەفەقان و سەرکوتدا، دەور و نەخشێکی گەلێک جیدی لە زیندو ڕاگرتنی ئەم سوننەتە کرێکاریەدا هەبوو کە تا بە ئەمرۆش لەبیرو زەیین ناچێتەوە. نمونەیەکی تری ئەم مەڕاسمە شکۆدارانەی ئەوەڵی مانگی مەی لە کوردستان، بەڕێوەچوونی ئەوەڵی مانگی مەی ساڵی ١٣٦٦ لەشاری سنەیە. لەم ساڵەدا لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە ماوەیەک پێشترەوە خۆی بۆ بەرەنگار بوونەوەی کۆبونەوەی کرێکاری ئامادە کردبوو وە بە بەسیج کردنی هێزە سەرکوتەگەرەکان و وەڕێخستنی تەبلیغاتی جەنگی، کۆنترۆڵ کردنی شەقامەکان، گەمارۆدانی گەڕەکە کرێکاریەکان و پشکنینی بەدەنی بەرین هاتبووە مەیدان و لەپێشدا ڕایگەیاندبوو کە هیچ مەڕاسمێکی سەربەخۆ نابێ بەڕێوەبچێت، بەڵام لە ڕۆژێک بەر لە یەکی مەیەوە، کرێکاران و زەحمەتکێشانی شاری سنە دەست بەکار بوون و بانگەوازی بەڕێوەچوونی مەڕاسمەکانی ئەم ڕۆژەیان لە گەڕەکە کرێکاریەکاندا بە شێوەیەکی بەرین بڵاو کردبۆوە و سەرئەنجام چەندین ڕیورەسمیان لەنێو کریکارانی بەشەجۆراوجۆرەکانی لەوشارەدا بەرپا کرد.

لە مەڕاسمی پاساژی عیزەتیدا لە شاری سنە کە دوو هەزار ژن و پیاوی تێدا به‌شداربوون، مەڕاسم بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ یادی گیان بەختکردوانی ڕێگای سوسیالیزم دەستی پێکرد. دواتر یەکێک لە کرێکارەکان سەبارەت بە پێویستی دروست کردنی رێكخراوی کرێکاری و بەشداری کردنی ژنان لە گشت کاروبارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا قسەی کرد. چەند کرێکارێکی تر سەبارەت بە مێژووی ئەوەڵی مانگی مەی، پێویستی کەم کرانەوەی ساعاتی کار، بیمەی بێکاری، زیاد کرانی حەقدەستەکان و کۆتایی هاتن بە گوشارەکانی شەڕ قسەیان کرد. لە ماوەی ئەم بەرنامەیەدا هەروەها چەندین سرود و گۆرانی وتران و شانۆگەریەکی کرێکاریش ئیجرا کرا. لە حاڵێكدا کە دروشمەکانی ئەوەڵی مانگی سالۆنەکەی خستبوە لەرزە، بریارنامەی ١٧ مادەیی کرێکارانی سنە لە لایەن بەشدار بوانەوە پەسند کرا. بریارنامەی ئەوەڵی مانگی مەی ساڵی ١٣٦٦ ی کرێکارانی شاری سنە، وێڕای داواکاری بەڕەسمیەت ناسرانی ڕۆژی کرێکار و تەعتیل بوونی کار لەم ڕۆژەدا، داواکاری مافی رێكخراو و مانگرتن، ٤٠ کاتژمێر کار لە حەفتەدا، حەقدەستی گونجاو لەگەڵ بەرز بوونەوەی تەوەڕوم، قەدەغە بوونی کاری منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ، ئاوڕ دانەوەی جیدی لە ژنانی کرێکار و چەند داواکاریەکی دیكه‌ی له‌ خۆ گرتبوو.

نمونەیەکی تر لەو مەڕاسمە شکۆدار و ڕەزمەندانەی کە لە مێژووی خەباتی چینایه‌تی کڕێکارانی ئێران بە شێوەیەکی تایبەت بەرچاوە و تۆمار کراوە، بەڕیوەچوونی ئەوەڵی مانگی مەی ساڵی ١٣٦٨ هه‌ر له‌ شاری سنەیە. لەم ڕۆژەدا کۆبونەوەیەکی گەورە لە کرێکاران لە سالۆنی وەرزشی تەختی سنە بەڕێوەچوو.

مەڕاسمەکە بە سرودی ئەنترناسیوناڵ دەستی پێکرد و بە سوخەنڕانی پڕ هه‌ست و ئاگرینی کرێکاری گیانبەخت کردوو ” جەماڵ چراغ وەیسی” درێژەی پێدرا…

گیانبەختکردوو “جەمال چراغ وەیسی” لە سوخەنرانیەکەیدا، وێرای روونکردنەوەی باردۆخی مه‌یه‌نه‌تباری ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لەسەر پێویستی یه‌كگرتووی و هاپشتی و پێویستیی پێکهاتنی رێكخراوه‌ کرێکاریەکان و پتەو کردنی ڕیزی خەبات لەدژی نیزامی سەرمایەداری و بارودۆخی نا یەکسانی مەجوود لە کۆمەڵگادا جەختی کردەوە.

ئەم مەڕاسمە شکۆدارە و مەڕاسمی ساڵەکانی دواتر لە شارەکانی کوردستان، بەشێوەیەک ڕیکخراو و بە ئامادەکاری تایبەتەوە بەڕێوەچوون کە لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ساڵێک سوننەتێکی نوێ بە سوننه‌ت و ئه‌زموونه‌كانی ڕابردوەوە زیاد ده‌بوون.

مەڕاسمی سەربەخۆی ئەوەڵی مەی لە شاری سەقز لە ساڵی ١٣٨٣، لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچوو کە بزوتنەوەی کرێکاری ئێران زیاتر پەرەی سندبوو. لەوە بەدواوە وێڕای توند بوونەوەی گوشارە پۆلیسیەکان، وێڕای ترس و گیران، زیندانی کردن و ئەشکەنجەی کرێکارانی پێشڕەو و چالاکانی کرێکاری، کرێکاران لە دەرخستنی ریزی چینایەتی خۆیان باوەڕ بوخۆیی زیاتریان بەدەست هێنا.

پاش ئه‌م ئه‌زموونانه‌، کرێکاران هەموو ساڵێک بە شۆر و شه‌وقی زیاترەوە به‌ره‌و پێشوازی ڕۆژی جیهانی خۆیانەوە ڕۆشتوون. بە بەڕێوەبردنی ئاشکرای رێورەسمی سەربەخۆی یەکی مانگی مەی، لە شکڵ و شێوەی جۆراو جۆر و شوێن و مەکانی جیادا، شێلگیرانە پشتیوانیان لە مافی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە و بەڕێوەبردنی سەربەخۆیانەی ڕێوڕەسمی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانی کرێکار کردووە. ئاڵای خەباتی سەربەخۆی کرێکاری خۆیان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌ و داخوازی ئابووری و سیاسی خۆیان ڕاگەیاندووە و لەسەر خواستە چینایەتیەکانیان پێداگرییان کردوە تا سوننەتی بەڕێوەچوونی مەڕاسمە سەربەخۆ و ئاشکراکان لە شارەکاندا زیاتر جێبکەون.

ئێستا جەماوەرێکی بەرین لە کرێکاران و زەحمتکێشانی کوردوستان لە سەر ئەساسی وەها ئەزموون و تێکۆشانێک لەگەڵ ئەم سوننەتە ئاشنان و گرینگی و پێگەی ئەم ڕۆژە بە چاکی دەناسن. لەم نێوانەدا کرێکارانی وشیار و پێشڕەو کە دڵیان لە گرەوی ڕزگار بوونی خۆیان و هاوچینانەکانیان دایە دەزانن کە چلۆن ئەسبابی ئاسودە بوونی خەیاڵی خوازیارانی بەشداری کردن لە رێورەسمەکانی تایبەت بە ڕۆژی کریکار دا جێبەجێ کەن.

بۆکریکارانی کوردوستان ئەم ڕۆژە ،ڕۆژی وەبیر هێنانەوەی سوننەتێکی چینایەتییە، لە رووداوێکی گرنگی مێژوویی و ڕۆژی ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران دنیا و ڕۆژی بەرپا کردنی شادمانی و جێژن گرتنە و ڕۆژی ڕیزگرتنە لە سوننەتێکی کرێکاری و ڕۆژی وەبیر هێنانەوەی سەرکەوتنەکانی تائێستای کرێکاران و ڕۆژی هێنانەگۆڕی خواست و داواکاریەکان و جەخت کردنەوە لە بڕیارنامەکانی ئەم ڕۆژەیە.

ئەگەرچی کۆماری ئیسلامیی بە هەر ڕادەیەک لە بزوتنەی کرێکاران و هەوڵدانیان بۆ هاوپشتی و بە یەکەوە تێکۆشانیان هەستیارە و هێندێک هەڕەشەش دەکات و کۆمەڵێک کۆسپیش ساز دەکا، بەڵام ئەزمونەکانی ساڵانی ڕابردوو بۆ کرێکارانی دەرخستووە کە هەڕەشەکانی ڕژیم لە بەرانبەر ئیرادەی یەکگرتووانە و رێکخراوی کرێکاراندا کاراییەکی ئەوتۆی نییە. سەرجەم ئەزموونەکانی تا ئێستا سەلماندوویانە کە سەرەڕای ئەوەیکە کۆماری ئیسلامیی مافی رێکخراوبوونی سەربەخۆ و کۆبونەوە و ناڕەزایەتی زەوت کردووە، بەڵام بە شێوەی ڕەسمی، هەم پشووی ڕۆژی جیهانی کرێکار و هەم ئەنجامدانی ڕێپێوانی قەبووڵ کردووە. لەم ڕووەوە لە بەرانبەر ئیرادەی یەکگرتوانە و ڕیزی ڕێکخراوی کرێکاراندا کارێکی بۆ ناکرێت و ناچارە بوون و حوزوری کرێکارانی یەکگرتوو لە مەڕاسمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکاردا قەبوڵ بکات.

ئەوەڵی مانگی مەی نەتەنیا ڕۆژی شادییە، بەڵکو لە هەمانحاڵدا ڕۆژی وەبیر هێنانەوەی دەرد و ئازارە هاوبەشەکان و ڕۆژی دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەر کردنیشیانە. ئەم ڕۆژە، نەک هەر ڕۆژی ڕیزگرتنە لە سوننەتێکی مێژوویی کرێکاری، ڕۆژی بڕیاردان و پەیمان بەستنیشە. ڕۆژی پەیمان نوێکردنەوەیە بۆ یەکگرتووی و یەکریزی زیاتر، هاوپشتی زیاتر، خەباتێکی هەمەلایەنە تر و دەستەبەر کردنی دەستکەوتی زیاتریشە.

چاوخشاندنیکی کورت بەسەر بەرێەچوونی رێورەسمەکانی تایبەت بە ڕۆژی کرێکاری ئەم ساڵ لە شارەکانی کوردوستان

ئه‌مساڵیش، چینی کەم داهات و زەحمەتکێشی کوردوستان لە باروودۆخێكدا  بەرەو پیری ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ڕۆژی هاوپشتیی خۆی چوو كه‌ دواهاته‌كانی قه‌یرانی ئابووری و له‌ ناو دڵی ئه‌ویشدا، توندبوونه‌وه‌ی گه‌مارۆ ئابووریه‌كان و لە پاڵ ئەویشدا  بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رینی پەتای كۆرۆنا، باروودۆخێكی یه‌كجار دژواری به‌سه‌ر كار و ژیانی ئەوان دا سه‌پاندووه‌. وه‌زعی ژیان و گوزه‌رانی زەحمەتکێشان لە کوردوستان ، له‌ ژێر سێبه‌ری ترس له‌ تووش بوون به‌ كۆرۆنا و دێوه‌زمه‌ی بێكاری و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی نرخەکان و لاوازبوونی توانای كڕینی خەلکی کەم داهات، زۆر جێگای نیگه‌رانییه. ژیان و گوزەرانی کرێکارانی فەسڵی کە لەبەر نەبوونی کار روو لە شارە گەورەکانی تری ئێران دەکەن، لە باشیدا نییە . کرێکارانی کوورەخانەکان ، هەر وا لە مافی خۆێان بێ بەشن و لە ژێر باری کاری تاقەت پرۆکیندا پشتیان دەچەمێتەوە و بەداخەوە بە حەقدەستێکی کەم خەریکی کارو کۆێرەوەرین. لە ناو خۆی کوردوستانیش بە پێی ئاخرین زانیارییەکان، کوردوستان لە ژێر شەپۆلی بێکاری دایە و شاری سنە ساڵی ڕابردوو بە رێژەی ١٨.٧٪ ، بەرزترین ریژەی بێکاری لە هەموو ئیراندا تۆمار کردووە. پاش سنە کرماشان و شارە کوردستانییەکانی دیکەی سەر بە پارێزگای ئازەربایەجانی ڕۆژئاوا لە پڵەی دووهەم هەتا سێهەم دا بوون .

بە داخەوە  سەرباری هەموو ئەم کێشانە هه‌ڵاواردن و سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی زیاتر له‌ هه‌میشه‌ له‌ ژیانی ئابووری و نان و مه‌عیشه‌تی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌. كۆماری ئیسلامی ته‌نانه‌ت له ‌ژێر به‌رقی سه‌ره‌نێزه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و سوپای پاسدارانیشدا ئاماده‌ نییه‌ له‌م ناوچه‌یه‌دا سه‌رمایه‌گوزاری درێژماوه‌ بكات. خزمه‌تگوزاری گشتی له ‌نزمترین ئاستی خۆیدایه‌ و كه‌مترین رێژه‌ی بوودجه‌ی گشتی بۆ بیهداشت و بیمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ شارە كوردنشینەکان ته‌رخان ده‌كرێت. ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری له‌كوردستان هه‌روا له‌ چاو شوێنه‌كانی دیكه‌ی ئێران له ‌بەرزترین ئاستی خۆیدایه.

ده‌یان هه‌زار له‌ لاوانی بێكار له ‌كوردستان روویان كردۆته‌ پیشەی سەختی كۆڵبه‌ری له‌سه‌ر سنووره‌كان. رێگای هاتوچۆی كۆڵبه‌رانی زه‌حمه‌تكێش كه‌ ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی به‌ڕێچوونیان هه‌ڵگرتنی كۆڵێكه‌ كه‌ له‌م دیوی سنوورەکان بۆ ئه‌ودیوی ده‌یگۆازنه‌وه‌، مینڕێژ كراوه ‌و ڕۆژانه‌ ده‌درێنه‌ به‌ر رێژنه‌ی گولله‌ و ساڵانه‌ ده‌یان كه‌سیان گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و سه‌دان كه‌سیان كه‌م ئه‌ندام ده‌بن.

لە یەکسالی ڕابردوودا لانیکەم ٧١٢ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی کرێکاران لە کوردستان تۆمار کراون. لەو رێژەیە ٦٩ کرێکار بە هۆی ڕووداوی شۆینی کارەوە گیانیان لەدەسداوە کە تەمنی یەکێکیان ژێر ١٨ ساڵ بووە. ١٦ کاسبکاری زەحمەتکێش بە هۆی ڕووداوی تەقینەوەی مین، گیانی خۆیان لەدەستداوە. زیاتر لە ٢٥٥ کۆڵبەر لە ساڵی ڕابردوودا کوژراون یان بریندار بوون.        ١٨ کەس لە کۆڵبەران و کاسبکاران لە ڵایەن هێزەکانی کۆماری ئیسڵامییەوە دەستبەسەر کراون. هەروەها ٣٥٤ کەسیش دەرکراون

.  لەو ماوەیەدا لانیکەم ٥ کەسی ژێر ١٨ ساڵ گیانیان لە دەست داوە کە یەکێکیان بە هۆی ڕووداوی کار و ٤ کەسیان لە کاتی کۆڵبەری گیانیان لە دەست داوە.

لە کۆی ئەو ٦٩ کرێکارە کە گیانیان لە دەست داوە ٣٣ کەسیان لە سنە، ١٩ کەسیان لە پارێزگای ورمێ، ١٢ کەسیان لە پارێزگای کرماشان و ٥ کەسیان لە پارێزگای ئیلام بوون.

هەروەها ٧ کرێکار لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، ٧ کرێکار لە شارەکانی ناوەندی ئێران و ٥٥ کرێکاریش لە شارە جیاوازەکانی کوردستان بە هۆی ڕووداوی جۆراوجۆرەوە گیانیان لە دەست داوە.

٢٩ کرێکار بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، ١٢ کرێکار بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ، ١٠ کرێکار بە هۆی تەزووی کارەبا، ٩ کرێکار بە هۆی داڕمانی دیوار و ٣ کرێکاریش بە هۆی سووتانەوە گیانیان لە دەست داوە. لە ساڵی ڕابردوودا، لانیکەم ١٦ شوان، جووتیار و چێواری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی کە ٥ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١١ کەسیان بریندار بوون.

به‌ پێی ئاماره‌ ڕه‌سمییه‌كان، ڕووداوه‌كانی شوێنی كار له ماوه‌ی‌ ٦ مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا لەچاو ساڵی ڕابردوو، نزیك به‌ ١٠ له‌سه‌د زیادی كردووه‌. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێك دایه‌ كه‌ هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا، ژماره‌یه‌كی زیاتر له‌ كارگه‌ و ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنان داخروان و كرێكاران، ١٠ له‌سه‌د زیاتر بێكار بوون. هه‌ر به‌ پێی ئه‌م ئامارانه‌، ژماره‌ی ڕووداوه‌كانی شوێنی كاری كرێكاران و كه‌سانێك كه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی ده‌یانگرێته‌وه‌، له‌ ساڵی ٩٩دا، پتر له‌ ١٩ هه‌زار ڕووداو بووه‌. بێگومان، له‌ لایه‌كه‌وه‌ ئاماره‌كانی ڕژیم جێگای متمانه‌ نین و ئاماری ڕاسته‌قینه‌ زۆر له‌و ژماره‌یه‌ زیاترە‌ و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ له‌و ئاماره‌ ده‌ستكاری كراوانه‌دا ته‌نیا ئه‌و به‌شه‌ له‌ كرێكاران به‌ ئه‌ژمار دێن كه‌ سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی ده‌یانگرێته‌وه‌. ئاماره‌ ڕه‌سمییه‌كانی ڕێكخراوی پزیشكی قانوونی ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه‌ هه‌موو ساڵێ نزیکەی هه‌زار و ٥٠٠ كرێكار ته‌نیا به‌هۆی ئه‌مجۆره‌ ڕووداوانه‌وه‌‌ گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها به‌ پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ كۆماری ئیسلامیی خۆی ده‌یخاته‌ ئیختیاری ڕێكخراوی جیهانیی كاره‌وه‌، ئه‌م ڕێكخراوه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ ڕووداوه‌كانی شوێنی كار له‌ ئێران، ٨ هێنده‌ی ڕێژەی جیهانین.

بەم حالەشەوە کرێکاران و زەحمەتکێشان لە کوردوستان وێرای سەرکوت و خەفەقانێک کە لە ڵایەن کۆماری ئیسڵامییەوە بە سەریاندا سەپاوە بەرەو پیری ئەم ڕۆژە رۆێشتن و ئەم ڕۆژەیان بە شکۆیەکی تایبەتەوە رێز لێی گرت .

ڵێرەدا بە کورتی چاوێک دەخشێنین بە رێوڕەسمەکانی ئەمساڵدا..

مـــــــەریوان

لە مەریوان رێورەسمێک بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە ژنان و پێاوانی ئازادیخواز لە پارکی شانۆی ئەم شارە بەڕیوەچوو. ئەنجومەنی سێنفیی کرێکارانی بیناسازی، ئەنجومەنی خانەنشینکراونی تەئمینی ئیجتماعی، سەندیکای خەبازان، ئەنجومەنی سینفیی مامۆستایان و دامەزراوەی بەرگری لە مندالانی کار لە ڕێکخەرانی مەڕاسمەکە بوون. لە مەڕاسمەکە دا بڕیارنامەیەکی هاوبەش لە لایەن یەکێک لە بەشداربوانەوە خوێندرایەوە و پێشوازی گەرمی لێکرا.

سنە

هه‌روه‌ها لە شاری سنەش لە چەندین جێگا و بە شێوازی جۆراوجۆر رێز لەو ڕۆژە گیرا. لە شارەکی سەنعەتی ژومارە دووی سنە کرێکاران بە بڵاو کردنەوەی ڕۆژمێرێک کە تایبەت بە یەکی مەی کراوە، ڕۆژی کرێکاریان رێز لێ گرت. هەروەها لە گەڕەکی غەفوور کۆمەڵێکی بەرچاو ڕێپێوانێکیان کرد و بە درووشم و پلاکارد ڕێزیان لەو ڕۆژە گرت. هەروەها لە گەڕکەکانی نەبووەت، عەباساوا و فەرەجەش یەکی مەی رێزی لێ گیرا.

هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامیی دوو کەس بە ناوەکانی هوشەنگ کەریمی و شەیس ئەمانی و دوو كه‌سی دیكه‌ كه‌ ناویان ئاشكرا نه‌كراوه‌ لە پەیوەند بە ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار لە سنە دەسبەسەر کردووە.  هەروەها پێویستە بوترێ کە رێوڕەسمی هاوشێوە لە شارەکانی بانە، سەقز، کامیاران، سۆڵاوا، بۆکان، کرماشان، دیواندەرە و دێگولان بەڕێوەچووە .

شکۆداربێ یەکی ئەیار ڕۆژی جیهانیی هاوپشتیی چینی کرێکار