سیاسەتی نیونەتەوەیی و مافەکانی مرۆڤ

✍د. محەممەد حسێن زادە

١. مافەکانی مرۆڤ بریتیین لە کۆمەڵە مافیك کە پێویستە مرۆڤەکان بە پێی پێگە و کەرامەتی مرۆیی و بە حوکمی مرۆڤبوونیان و بە بێ لەبەرچاوگرتنی پێگە و بارودوخ و هەلومەرج و پلەوپایە و تایبەتەمەندییە کۆمەڵایەتییەکانی تر لێیان بەهرەمەند بن. ئەو مافانە مافی ژیان، ئازادی و هەموو فاکتەرە پێویستەکان بۆ ژیانی مرۆڤایەتی لەخۆ دەگرن. نۆرمەکانی (Norms) مافی مرۆڤ، پەیوەندییەک لە نیوان تاکەکان و بوارەکانی تر و بە تایبەت لە نیوان تاک و دەوڵەت پێک دێنن و هەندێ ئەرک و بەرپرسیارییەتی دێننە ئاراوە. لە جیهانی ئیستادا سەرەڕای ئەوەی بە هۆی جیاوازی بنەما فەلسەفییەکان و جیاوازی ئایینی و کلتوری و هەروەها جیاوازی ڕوانگە سیاسییەکان پێناسەیەکی گشتگیر و جیهانیی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ بوونی نییە، بەڵام کۆدەنگییەکی گشتیی هەیە سەبارەت بەوەی کە مرۆڤەکان خاوەن مافن. یاسای نیودەوڵەتی دانی بەو مافانەدا ناوە. زۆرێک لە دەوڵەتەکانیش ئەو مافانەیان لە دەستور و یاسای نێوخۆییدا داناوە و بەڵێنیان داوە ڕێزیان لێ بگرن. لێرەدایە کە مافەکانی مرۆڤ دەبەسترینەوە بە سیاسەت و هێزوە. بە واتایەک مافەکانی مرۆڤ، جێبەجێکردنیان و پێشێلکردنیان وەک دیسکۆرسێک لە شانۆی نێودەوڵەتیدا دێتە ئاراوە.

٢. نەک هەر لە پێناسەکردندا بەڵکو بە کردەوەیش پرسی مافی مرۆڤ بە تایبەت لە حەفتا ساڵی ڕابردوودا گرنگی پێدراوە. لە ڕاستیدا پاش شەڕی دووەمی جیهانی پرسی مافی مرۆڤ پەرەی سەند. لەسەر بنەمای ڕێیکەوتنی بنەڕەتی لە نێوان گرووپی وڵاتانی سوسیالیستی و جیهانی سێیەم لە لایەکەوە و دەوڵەتانی ڕۆژاوا لە لایەکی ترەوە، سەبارەت بە پێویستبوونی ڕەنگدانەوەی بنەما گشتییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئاستی جیهانیدا، جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و جاڕنامەی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتورییەکان لە ساڵی ١٩٤٦دا پەسەند و لە ساڵی ١٩٧٦دا چووە بواری جێبەجێکردن. بەتایبەت پاش شەڕی سارد و بە چڕبوونەوەی رەوتی بەجیهانیبوون ئێمە بینەری ئەوەین کە لە ئاستی جیهانیدا گرنگی بە پرسی مافی مرۆڤ دەدرێ. لە ماددەی ٥ی بەشی یەکەمی بەیانیەی کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ لە ڤیەنا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە هەموو گریمانەکانی مافەکانی مرۆڤ جیهانین. ئێستاش دەبینین کە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە پەسەند کراوە و دانی پێدا نراوە. ئەمەش هۆکارێکی ترە بۆ ئەوەی مافی مرۆڤ ببێتە باسێکی نێونەتەوەیی. بەڵام من دەمهەوێ باسی ئەوە بکەم کە بەجیهانیبوون و بە نیونەتەوەییبوونی مافەکانی مرۆڤ، بە مانای ئەوە نییە ئەو پرسە بووەتە ئەولەوییەتێک بۆ دەوڵەتان و ڕێزی لێ بگرن یان سیاسەتی خۆیان لەسەر بنەمای پەرەپێدان بە مافەکانی مرۆڤ دابڕێژن. بە پێچەوانەوە هێشتا پرسە ستراتیژیکەکان وەک ئەولەوییەت چاویان لێ دەکرێ و زۆربەی دەوڵەتەکان وەک وەسیلە و ئامرازێکی دابینکردنی بەرژوەندییە نیشتمانییەکانیان کەڵک لە مافی مرۆڤ وەردەگرن.

٣.پێویستە ئاماژە بکرێ کە کاتێ دەوترێ لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا زۆر جار مافەکانی مرۆڤ دەکرێنە قوربانی ئامانجە ستراتیژیکەکان یان مافی مرۆڤ دەبێتە ئامراز و وەسیلەی دابینکردنی بەرژوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتانی تر و بە تایبەت وڵاتانی زلهێز، ئەوە بەو مانایە نییە کە هەمیشە و لە هەموو کاتێکدا بەو جۆرەیە بەڵکو باس لە ڕەوتی زاڵی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەکرێت. تێگەیشتن لەو ڕاستییە پێویستی بەوە نییە کە کەسێک پسپۆڕ و شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی بێت بەڵکو پێویستی بە خوێندنەوەی بنەما سەرەتاییەکانی سیاسەت و چاوخشاندنێکە بە سیاسەتی وڵاتانی زلهێزدا. کەوابوو مەبەست ڕەوتێکی زاڵی سیاسەتی نیودەوڵەتییە، دەنا بۆ نموونە کێ بێ نەزانێت نۆرمەکانی مافی مرۆڤ وەک نۆرمی نیودەوڵەتی ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە داڕووخانی دەسەڵاتی نەژادپەرەست لە روودزیا و ئەفریقای باشور.

٣. لە شانۆی سیاسەتی نێونەتەوەییدا دەوڵەتەکان ئەکتەری سەرەکی و دانەری یاسا و ڕێسا و نۆرمەکانن نەک ئەوەی پێمل و ملکەجی یاسا و ڕێساکان بن. دوا بە دوای شەڕی جیهانی دووەم دەوڵەتەکان لە لایەکەوە هەوڵیان دا بە پێی ڕەشنووسی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندییەکانی خۆیان و سیاسەتی نێودەوڵەتی ڕێک بخەنەوە و لە لایەکی ترەوە هەوڵیان دا لە ڕێگای پێکهێنانی بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤەوە دۆخی ژیانی مرۆڤەکان لە ئاستی جیهانیدا باشتر بکەن. بەڵام دوو بنەمای سەرەکی لە سیاسەتی نیودەوڵەتیدا هەن کە لە مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەنگی داوەتەوە و دەوڵەتەکان لە بەراورد لەگەڵ مافی مرۆڤ زیاتر گرنگی بەو بنەمایانە دەدەن. ئەو دوو بنەما بریتین لە: سەربەخۆیی [یان بە واتایەک بەرابەری] وڵاتەکان و دەستێوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی تر. بە حەقیقەت لە بەراورد لەگەڵ ئەو دوو بنەمایەدا مافەکانی مرۆڤ لە پەراوێزی سیاسەتی نیودەوڵەتیدان. سەرەڕای ئەوەی هەندێ یاسا پەسەند کراون سەبارەت بەوەی کە وڵاتانی زلهێز هەندێ جار دەتوانن لە ڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە مەبەستی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەستێوەردان بکەن، بەڵام بە گشتی و وەک ڕەوتێکی زاڵ لە سیاسەتی نیونەتەوەییدا، دانپێدانان بە سەربەخۆیی وڵاتان و بەڵێندان بە دەستیوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی تردا ڕێگر و لەمپەڕ بووەن  بۆ دەستێوەردان لە وڵاتانی پێشێلکەری مافەکانی مرۆڤ و ناچارکردنیان بە جێبەجێکردنی ئەو مافانە. ئەو تایبەتەمەندییەی سیاسەتی نیودەوڵەتی ئەوەندە زەق و بەرجەستەیە کە دیکتاتۆرێکی وەک هۆگۆ چاوز بیری لەوە دەکردەوە کە لە ڕێکخراوە نیونەتەوەییەکاندا بە تۆمەتی دەستێوەردانی ئەمریکا لە کاروباری نێوخۆیی و هەوڵدان بۆ کودەتا سکاڵا تۆمار بکات. هەر بەو شیوەیە ڕژیمێکی دیکتاتۆری وەک ئێران بەردەوام مافی مرۆڤ لە ژێر ڕووکەشی سەربەخۆییدا پەرە پێدەدات و هەر جۆرە ڕەخنەیەکیش بە پاساوی ئەوەی دەوڵەتانی تر هەوڵی دەستێوەردان لە کاروباری نیوخۆییدا دەکەن، ڕەد دەکاتەوە.

٣.جگە لەو تایبەتەمەندییەی سیاسەتی نیودەوڵەتی، هەموو وڵاتان لە ڕەوتی داڕشتنی سیاسەتی دەرەکیدا گرنگی بە بەرژوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیان دەدەن نەک بە مافی مرۆڤ و بە پێی تێگەیشتنێک کە لە بەرژوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیان هەیانە سیاسەتی دەرەکی دادەڕێژن نەک بە پێی تێگەیشتنیان لە مافەکانی مرۆڤ. ئەمە مانای وایە کە بەرژەوندییەکانی وڵاتان لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا پێناسە ناکرێن بەڵکو ئەوە مافەکانی مرۆڤن کە لە چوارجێوەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکاندا پێناسە دەکرێن. گرنگترین بەرژوەندییەکان لە سیستەمی ئانارشیکی نێونەتەوەییدا بریتین لە زیادکردنی ڕێژەی هێزی بەردەست بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی و تەزمینکردنی مانەوە و مسۆگەرکردنی پێگەی خۆیان. مافەکانی مرۆڤ و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانیان لە ئاستی جیهانیدا تا کاتێ گرنگییان پێ دەدرێ کە لە خزمەتی بەرژوەندییە نیشتمانییەکاندا بن. ڕێبەرانی وڵاتان لە نێوان دوو بژاردەی دابینکردنی بەرژوەندییە نیشتمانییەکان و پەرەپێدان بە مافەکانی مرۆڤ، هەمیشە گرنگی بە بژاردەی یەکەم دەدەن. لە نموونەی چۆنیەتی سیاسەتکردنی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەبینین کە ئەو وڵاتانە لەسەر پرسی ئەتۆمی و مووشەکی کە زیانی زیاتر بە بەرژوەندییەکانیان دەگەیەنێت هەستیارترن تا سەبارەت بە پرسی مافەکانی مرۆڤ. بێدەنگی وڵاتانی ڕۆژوا لە کاتی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکانی سەعداباد و پاریس و پشت گوێخستنی پرسی مافەکانی مرۆڤ لە کاتی ڕێککەوتنی ئوباما لەگەڵ ئێران و بەپێچەوانەوە زەقکردنەوەی پرسی مافەکانی مرۆڤ لە کاتی پێشێلکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتننامەکان لە لایەن ئێرانەوە و دەستکردنەوە بە پیتاندنی ئورانیوم لە قۆناغە جیاوازەکاندا، هەم دەرخەری ئەوەیە کە وڵاتانی ڕۆژاوا گرنگی زیاتر بە چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی دەدەن و هەم نیشاندەری ئەوەیە کە مافی مرۆڤ وەک وەسیلەیەک بۆ فشاری زیاتر بۆ سەر ئێران بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکان دەبینن. هۆکاری بنەڕەتی ئەوەیە کە پەرەسەندنی چەکی ئەتۆمی زیاتر لە پێشیلکردنی مافی مرۆڤ بەرژوەندییەکانی ئەو وڵاتانە دەخاتە مەترسییەوە. ئەمە بە مانای خراپی وڵاتانی زلهێز نییە. بەڵکو تایبەمەندی سیاسەتی نیودەوڵەتییە.

٤. تەنانەت دەمهەوێ بڵێم ئەو کاتانەی کە پێدەچێت وڵاتانی ڕۆژائاوایی زیاتر گرنگی بە پرسی مافی مرۆڤ دەدەن هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مافی مرۆڤ ڕیشەی لە ئایدۆلۆژیای ئەو وڵاتانەدایە و کەوابوو زۆر جار لە ئاراستەی بەرژوەندی ئەواندایە. وڵاتانی ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک پێشەنگ و ڕێبەری سیستەمی جیهانی لە ئێستادا، هەڵگری ئایدۆلۆژیای لیبرالیزمن کە بەسەر سیستەمی جیهاندا زاڵە و بە دڵنیاییەوە ناتوانن پرسی مافی پرۆڤ و پەرەپێدان بە مافەکانی مرۆڤ لە ئاستی جیهانیدا پشت گوێ بخەن. مافی مرۆڤ بەو پێناسەیە کە ئێستا لێی کراوە ڕەنگدانەوەی فەلسەفە و ژیانی ڕۆژاوایە و بۆیە هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو مافانە لە قازانجی ئەواندایە. وڵاتانی ڕۆژاوا و لیبرال هەرچەندە کە پەرە بە مافەکانی مرۆڤ بدەن لە نیوخۆدا نەک هیچ گرفت و کێشەیەکیان بۆ درووست نابێ بەڵکو پشتیوانی هاوڵاتیان بە دەست دەهێنن چونکە لیبرالیزم و ئازادی لەگەڵ ژیانی تاکەکان و کۆمەڵگە تێکەڵ بووە. بەڵام وڵاتانی ناڕۆژئاوایی کە بە هەڵکوەت زۆربەیشیان دێموکرات نین و هیچ گرنگییەک بە مافی مرۆڤ نادەن و بەشێک نییە لە بەرژەوەندییەکانیان دیارە پێشوازی لە پەرەسەندنی مافی مرۆڤ لە ئاستی جیهانیدا ناکەن چونکە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ڕەوایی و شەرعیەتیان لە ئاستی نێوخۆ و فشارەکان لە ئاستی دەرەوەدا. بۆیە زۆر جار دەبینین هەندێ لە وڵاتانی ئیسلامی (وەک ئێران) و هەندێ لە وڵاتانی سۆسیالیست (وەک کوریای باشوور و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو) ئەوەی کە “مافی مرۆڤ” ڕیشەی لە فەلسفەی ڕۆژئاوادایە دەکەنە بیانوو و پاساوێک بۆ ڕەدکردنەوە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەو وڵاتانە پێیان وایە قەبووڵکردنی نۆرم و هەنجارەکانی لیبرالیزم نەک هەر بە واتای قەبووڵکردنی بیر و باوەڕی لیبرالییە بەڵکو بە مانای گرتنە بەری ڕەفتارێکی نوێیە. چونکە گۆڕینی نۆرمەکان دەبێتە هۆی گۆڕینی شۆناس و گۆڕینی شۆناس دەبێتە هۆی گۆڕینی بەرژوەندییەکان و گۆڕینی بەرژوەندییەکان ڕەفتاری نوێ دەخوازێت و ڕەفتاری نوێ پێویستی بە سیستەمی نوێیە!

٥.وڵاتانی ڕۆژاوا بە باشی دەرک بەو ڕاستییە دەکەن و لێی تێدەگەن بۆیە لە پاڵ ئەوەدا کە بێ ئەملا و ئەولا بڕوایان بە جێبەجێکردنی مافی مرۆڤ لە ئاستی نێوخۆییدا هەیە، زۆر جاریش دەبینین کە لە سیاسەتی دەرەوەدا لە مافی مرۆڤ وەک ئامرازی دابینکردنی بەرژەوەندییەکان کەڵک وەردەگرن و سیاسەتی دووفاقە یان جیاواز لە بەرانبەر ئەکتەرە جیاوازەکاندا دەگرنە بەر. هۆکارەکەی ئەوەیە کە هەندێ لە بەرژوەندییەکانی وڵاتانی زلهێزی لیبرال لە چوارچیوەی پەرەپیدان بە مافی مرۆڤدا دابین دەبن و لە یەک ئاراستەدان بەڵام هەندێ جار گرنگیدان بە مافەکانی مرۆڤ دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی تر. ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ماوەی شەڕی سارددا زۆر جار پشتیوانی لە دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکان دەکرد و لە بەرامبەر ڕەوتی دێموکراسی و بزووتنەوە دێموکراتییەکاندا دەوەستایەوە دەبێ لەو چوارچیوەیەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت. هۆکارەکەی ئەوە بوو کە ئەمریکا پێی وابوو لادانی دیکتاتۆرەکان و ناسەقامگیری دەبێتە هۆی پەرەسەندنی کۆمۆنیزم لە ناوچە جیاوازەکاندا. ئەوەش لەگەڵ بەرژوەندییەکانی ئەمریکا ناتەبا بوو. لە ڕاستیدا ئامانجی ڕۆژاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا [وەک هەموو وڵاتانی تر] ئەوە نییە کە لە چوارچێوەی نۆرمەکانی مافی مرۆڤدا ڕەفتاری خۆیان لە سیاسەتی دەرەکیدا دابڕێژێن، بەڵکو بە پێی بەرژوەندییەکانیان مامەڵە لەگەڵ مافی مرۆڤدا دەکەن. هەڵبەت قەبووڵکردنی ئەو ڕوانگە ڕیالیستییە بۆ زۆر کەس سەختە و تەنانەت نەفرەتیان لێی هەیە، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە لە ئێستادا بەرژوەندییەکانی وڵاتانی زلهێزی سیستەم بە تایبەت ئەو بەشەی کە لەگەڵ پەرەپێدان بە مافەکانی مرۆڤ لە یەک ئاراستەدان لە قازانجی مرۆڤایەتییە.

٦.ڤلادیمیر پۆتین لە چیچان بە توندترین شیواز مافی مرۆڤی پێشێل دەکات بەڵام ئەمریکا و ڕۆژاوا هیچ گرنگییەک بە مافی مرۆڤ نادەن، چونکە لە بەرژوەندی ئەواندا نییە کە لە دژی ڕووسیا هەڵوێست بگرن. وڵاتانی ڕۆژاوا و ناتۆ لە دەیەی ١٩٩٠دا لە یۆگسلاڤیا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی زیاتری مافی مرۆڤ دەستێوەردانی سەربازی دەکەن بەڵام سەبارەت بەو ژینۆسایدەی کە هاوکات لە ئافریقا، لە ڕوواندا، لە ئارادایە هیچ هەڵوێستێک ناگرن. پێشتریش لە بەرانبەر ئەنفالکردنی کورد و ژینوساید لە عێراقدا بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی هەڵدەبژێرن. ئوباما لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٨٨ هیچ هەڵوێستێک لە بەرانبەر سەرکوتی خەڵک لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە ناگرێت بۆ ئەوەی ئاستەنگێک لە گفتوگۆکان سەبارەت بە پەروەندەی ئەتۆمی درووست نەکات و لە ڕێککەوتنەکەیشدا هیچ ئاماژەیەک بە مافی مرۆڤ ناکرێت. بە چوونەدەرەوەی ترامپ لە ڕێککەوتنەکە و بەرپرچدانەوەی ئێران لە چوارچێوەی پیتاندنی یورانیومدا، هەمدیسان پرسی مافی مرۆڤ زیندوو دەکرێتەوە. ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا کاتێ کێشەکانیان لەگەڵ وڵاتی چین زیاتر دەبێ، زیاتر پەرە بە ڕەخنەکانیان سەبارەت بە پێشیلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەدەن و بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان پرسی مافی مرۆڤ دەکەوێتە پەراوێزەوە. ئەو کاتانەی تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناتۆ چڕ و پڕە وڵاتانی ئەورووپایی لە بەرانبەر سەرکوتی نەتەوەی کورد بێدەنگن بەڵام کاتێ ڕووسیا نزیک لە ڕووسیا دەبێتەوە و چەکی لێ دەکڕێ تازە بیریان دەکەویتەوە کە نەتەوەی کورد لە تورکیا مافەکانیان پێشێل کراوە. دەکرێ ئەم لیستە زۆر درێژ بکرێتەوە.

٧.مافی مرۆڤ لە خۆیدا بابەتێکی ئەخلاقییە. بەڵام کاتێ لەسەر ڕەفتار و کردەوەی دەوڵەتەکان کاریگەری دادەنێت دەبێتە بابەتێکی سیاسیی. لە جیهانی مودێرندا هیچ دەوڵەتێک سیاسەتەکانی خۆی لەسەر بنەمای ئامۆژگارییە ئەخلاقییەکان داناڕێژێت مەگەر ئەوەی جێبەجێکردنی ئامۆژگارییە ئەخلاقییەکان لە ئاراستەی بەرژوەندییەکانیدا بن. تەنانەت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک جووڵێنەری لیبرالیزمی هاوچەرخ خۆی بە کردەوە بە بەرپرسیار و گەرەنتیکەری جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤ نازانێت ئەگەرچی لە لێدوان و بڵاڤۆکەکانیدا بە چڕی جەختی لەسەر دەکاتەوە. ڕێبەرە ڕیالیستەکانی ئەمریکا کە لە نێو جەماوەردا بە زمانی ئەخلاقی قسە دەکەن لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بە زمانی هێز دەدوێن. لە بنەڕەتدا لە نێوان ئەو سیاسەتەی کە لە زمانی ڕابەڕانەوە ڕادەگەیەندرێت لەگەڵ ئەو سیاسەتەی کە جێبەجێ دەکرێت جیاوازییەکی زۆر هەیە. ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە هەرچەندە لایەنگرێکی ئەوتۆی نەبێت. لە مێژووی ئەمریکادا ڕوانگەی جیاواز هەن سەبارەت بە ڕۆڵی ئەخلاق لە سیاسەتی دەرەکیدا. جان کوئینسی ئادامز (١٨٤٨-١٧٦٧) شەشەمین سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕوای وابوو داسەپاندنی بنەماکانی حوکمڕانی ئەمریکا بەسەر ئەوانی تردا ئەرکی ئەمریکا نییە، بەڵکو ئەرکی ئەمریکییەکان ئەوەیە کە ئەمریکا بکەنە سەرمەشق و نموونەیەک بۆ ئەوەی سەرنجی وڵاتانی تر بۆ لای خۆیان ڕاکێشن. بە پێچەوانەوە ویلسۆن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سەرردەمی شەڕی جیهانی یەکەمدا لە فکری ئەوەدا بوو کە جیهان بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی ئامادە بکات و جیهان بە ئیرادەی ئەمریکا بگۆڕێت. بە کۆتاییهاتن و بێ سوودبوونی ڕوانگەی ویلسۆنیزم و بە تایبەت بە دەستپێکردنی شەڕی دووەمی جیهانی ئەمریکا ڕوانگەیەکی ڕیالیستی گرتەبەر. واتە لە کردەوەدا سیاسەتی هێز و لە بانگەشەدا جەخت لەسەر ئامۆژگارییەکانی لیبرالیزم کە یەکێکیان مافی مرۆڤە. بۆیە سەیر نییە کە ئەمریکا دەتوانێ پاش شەڕی دوەمی جیهانی بە ڕووکەشی ڕازاوەی هێنانە ئارای ئاشتی و سەقامگیری کەڵک لە بومبی ئەتۆم و هیدرۆژنی وەربگرێ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ژاپۆن و پێشوازی زۆریشی لێ بکرێ. دەتوانێ لە ساڵانی شەڕی سارددا بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەهریمەنی کۆمۆنیزم و ڕێگریکردن لە دوژمنی لیبرالیزم پاڵپشتی دەسەڵاتدارانی دیکتاتور و دژایەتی دێموکراسی بکات. لە هەمووی گرنگتر دەتوانێ لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا (لیبرالیزمی) ویلسۆنیزم بخاتە نیو پۆتینی سەربازەکان(ڕیالیزم) و بە مەبەستی پەرەپێدان بە دێموکراسی و ڕووخاندنی دیکتاتوریەت هێرش بکاتە سەر عێراق. ویلسۆنیزم لە چەکمەدا واتە جێگیرکردن و بەدیهێنانی دێموکراسی بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی سەربازی.

٨.کەمتر کەسانێک ئەو واقعیەتە ڕیالیستییە قەبووڵ دەکەن و هەڵبەت ئەوەش ئاساییە چونکە هەروا کە پێشتر ئاماژەم کرد لە سەردەمی ئێستادا زۆر جار سیاسەتە ڕیالیستییەکانی وڵاتانی زلهێز لەگەڵ پێداویستییەکانی لیبرالیزم کە بەشێکی پەرەپێدان بە مافی مرۆڤە تەبا و پێکەوەگونجاون و ویستی هێزخوازی وڵاتانی زلهێز لەگەڵ بنەما ئەخلاقییەکان دەگونجن و سیاسەتی هێزویستی لەگەڵ بنەما فەلسەفییەکانی لیبرالیزم یەک دەگرنەوە. بۆ نموونە شەڕی ئەمریکا لەگەڵ فاشیزم، نازیزم و کۆمۆنیزم لە سەردەمی شەڕی سارد و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا لەگەڵ تیرۆریزم لە سەردەمی پاش شەڕی سارد هەم ڕیالیستییە و هەم بنەماکانی لیبرالیزم لە خۆ دەگرێ و بۆ سیاسەتوانان کارێکی دژوار نییە کە وەک شەڕی ئایدۆلۆژیک پاساوی بۆ بێننەوە. تەنانەت ئەگەر بنەماکانی لیبرالیزم لەگەڵ سیاسەتی ڕیالیستی ناتەبا بن ئەوەندە پسپۆڕ و شارەزایان لە بەردەستدایە کە ئایدیایەک بۆ خەڵک چێ بکەن. هەر بۆیە سەیر نییە کە لە ساڵی ١٩٣٩دا زۆرێک لە ئەمریکییەکان سۆڤیەتی ستالین بە هۆی ستەم و چەوساندنەوە بە ئەهریمەن دەزانن بەڵام لە ساڵی ١٩٤١دا سۆڤیەت دەبێتە هاوپەیمانێکی دێموکرات و ستالین دەبێتە مامە جۆ و هەمدیسان بە تێکشکانی هیتلێر سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٤٦ بەدواوە جێگای ئەهریمەن دەگرێتەوە(١) و ئەمریکا و ڕۆژاوا چڕ دەبنەوە لەسەر بارودۆخی نیوخۆیی و مافی مرۆڤ لە نیوخۆی ئەو وڵاتەدا.

٩. ئەو باسانە نیشاندەری ئەوەن کە وڵاتانی دامەزرێنەر و دانەری بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت وڵاتانی زلهێزی لیبرالیش زۆر جار لە سیاسەتی دەرەکیدا مافی مرۆڤ وەک ئامرازیکی دابینکردنی بەرژەوەندییەکان دەبینن، چ لە ڕێگای گرتنەبەری سیاسەتی دووفاقە و چ لە ڕێگای قوربانیکردنی مافەکانی مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتی زیاتر. ئەمە بە مانای چاکی و خراپی وڵاتان نییە، بەڵکو پێکهاتەی ئانارشیکی سیاسەتی نێودەوڵەتی وا دەکات کە ئەولەوییەت و ئامانجی هەموو وڵاتان بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئایا سیاسەتێکی ئەخلاقی دادەڕێژن یان نا، دابینکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و لەسەروەی هەموویانەوە دابینکردنی ئاسایشی خۆیان بێت. لە سیاسەتی دەرەکیدا بەرژەوەندی نەتەوەیی چرای ڕێنوێنی سیاسەتی دەرەکییە. تەنانەت ئەگەر دەوڵەتێکی زلهێز وەک ئەمریکا بە تەواوەتی خۆی بە بەرپرسیاری پەرەپێدان بە مافی مرۆڤ لە ئاستی جیهانیدا بزانێت، ممکین نییە بتوانێ بەو ئامانجە بگات، چونکە ئەمریکا لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا خاوەن بەرژەوەندی جۆراوجۆرە کە مافی مرۆڤ تەنیا یەکێکە لەوانە. ناکرێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە ئەمریکا بەردەوام لە سیاسەتی دەرەکیدا لایەنگری مافی مرۆڤ بێت، چونکە ئەو سیاسەتە هەندێ جار دەتوانێ لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لێکدژ بێت، بە تایبەت لەو کاتانەدا کە ئەمریکا بەرژەوەندی گرنگتر لە مافی مرۆڤی هەیە. ئەو بابەتە هەر ئێستا لە جۆری سیاسەت و پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی جۆراوجۆر ئاشکرایە. ئەمریکا ڕاشکاوانە لە هەندێ لە وڵاتان ڕەخنە دەگرێ و هەندێ جار گەمارۆ و ئابڵۆقە دەخاتە سەریان بەڵام لە حەنای هەندێکی تر لەو وڵاتانە بێ دەنگە و باشترین پەیوەندی لەگەڵیان هەیە و کارێ ناکات کە پەیوەندییەکانی لەگەڵیان تێک بچن.

١٠.بە گشتیی، ڕەفتاری ئەخلاقی بۆ تاک ممکینە و دەکرێ، بۆ گرووپ سەختە بەڵام بۆ دەوڵەت ناکردنی و ناممکینە. ماکیاڤێللی چەند سەدە پێش ئێستا تەحەدای ئەو گریمانەیە کرد کە پێی وایە دەوڵەت دەبێ ئامانجێکی ئەخلاقی هەبێت. ئەو ڕوانگەیە ئێستاش و بە تایبەت لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان بە تەواوەتی درووستە. لە ئاستی دەرەکیدا تێگەیشتن لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان لە زێدەڕۆیی ئەخلاقی و بە هەڵە تێگەیشتن لە بنەماکانی سیاسەت ڕزگارمان دەکات. کەڵکەڵەی سەرەکی دەوڵەتەکان لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی تر بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ نییە، بەڵکو بەرژەوەندیی نیشتمانییە. نابێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە مافەکانی مرۆڤ ببێتە چرای ڕێنوێنی سیاسەتی دەرەکی.