راپۆرتی ساڵانەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران

✍فیرووز مامۆیی

 

بە پشت بەستن بەو راپۆرتانەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاویان کردووەتەوە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی تا کۆتایی ساڵ، زیاتر لە ٢٢ ھەزار و ٢٧١ مانگ زیندان و ٢٣ ھەزار و ٩٤٦ لێدانی قامچی بۆ ھاوڵاتیانی ئێرانی بە ھەموو گەلانی دانیشتووی ئەو وڵاتە لە لایەن دەزگای دادوەریی رژیمی ئیسلامی ئێرانەوە دەرکراوە.

ھەر لەم یەک ساڵەدا لانیکەم ٢٣٦ ھاوڵاتیی ئێعدام کراون و لەم رێژەیە لەسەدا ٧٢ی ئێعدامەکان بە شێوەی نھێنی بەڕێوە چووە و لە ریزی کەسە ئێعدام کراوەکاندا لەسەدا ٨٠یان لە پەیوەند لەگەڵ قەتڵ و کوشتنی بەئەنقەست بووە و ئەمەش باس لە ھەبوونی ئاستێکی بەربڵاو لە توندوتیژیی لەو کۆمەڵگایە دەکات.

 

مافی گەلان و کەمایەتیە نەتەوەییەکان

 

لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیدا ٢٣٤ راپۆرت سەبارەت بە پێشێلکاریی مافی نەتەوەکان و گەلانی بندەست لە ئێراندا تۆمار کراوە و ئاماژە دراوەتە دەستگیر کردنی ٢٨٦ ھاوڵاتیی کە ٣٩ کەسیان ١٧٢١ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپاوە. لەم رێژەیە ٣٦ ھاووڵاتیی بە ١٦٩٩ مانگ زیندانی تەعزیری و ٣ ھاووڵاتییش بە ٢٢ مانگ زیندانی ھەڵپەسێردراو مەحکووم کراون و ٨٨ کەسیش بانگھێشتی ناوەندە ئەمنیەتیی و داوەرییەکانی رژیم کراون. لە بەشی کەمایەتیە نەتەوەییەکاندا رێژەی دەستگیر کردنی ھاوڵاتییان لەسەدا ١٦.٦ لە بەراوەرد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە، بەڵام سەپاندنی حوکمی زیندانی بە سەریاندا لەسەدا ٣٥ کەمی کردووە.

 

مافی ئایین و ئایینزاکان

لە ساڵی رابردوودا ٧٧ ھاووڵاتیی بە ھۆی چالاکی ئایینی و چالاکی بۆ بیروبڕوە ئایینیەکانی خۆیان کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە دژبەری باوەڕەکانی خۆی دەزانێت، دەستگیر کران و ٤٩ حاڵەت پێشگرتن بە چالاکیی ئابووریی کەمایەتیە دینیەکان تۆمار کراوە و ١٢٦ حاڵەت بانگھێشت کردن بۆ دامەزراوە ئەمنیەتی و دادوەریەکانیش ھەبووە و بەم بۆنەشەوە ٢٢ کەس لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش کراون. ھەروەھا ٦٩ حاڵەت پشکنینی ماڵی چالاکانی عەقیدەتی روویداوە.

لە ماوەی ساڵی رابردوودا ٩٨ چالاکی مەزھەبی لە ئێران حوکمی ٤ ھەزار و ٣٥١ مانگ زیندانی تەعزیری بەسەریاندا سەپاوە و ھەروەھا کلێسەیەکی “ئێدانتیست”ەکانیش لە تاران و بە دەستی رژیمی ئێران کاول کرا.

لە کۆی ئەم گوشارانە بۆ سەر چالاکانی ئایینی لەسەدا ٤٥ی بۆ سەر بەھائییەکان، سونە مەزھەبەکان لەسەدا ٢٦، مەسیحیەکان لەسەدا ١٥، دەروێشە گونابادییەکان لەسەدا ٤ و یارسان و کلیمەکان ھەرکامە لەسەدا یەک و باقی ئایین و ئایینزاکانیش لەسەدا ٩ بووە.

دەستگیر کردنی چالاکانی ئایینی لە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی رابردوو لەسەدا ٤٢ دابەزیوە بەڵام دەرکردنی حوکمی زیندان بۆ ئەم کەسانە لەسەدا ٢٨.٩ زیادی کردووە.

 

ئازادیی رادەربڕین

لە پەیوەند لەگەڵ ئازادیی رادەربڕیندا ساڵی ٢٠٢٠ لانیکەم ٩٢٨ کەس دەستگیر کراون، ٢٨٧ کەس بانگھێشتی ناوەندە ئەمنیەتیی و دادوەریەکان کراون، ٤ ناوەندی چاپەمەنی داخراون و ٨ ناوەندی چاپەمەنی دیکەش تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ ئەمنیەتی نەتەوەیی وڵات خراوەتە پاڵیان.

لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیدا ٤٢٠ کەس بە ھۆی رای جیاوازەوە ٢٢ ھەزار و ٢٧١ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپاوە و لەم رێژەیە ٣٨٦ کەس بە ٢١ ھەزار و ٥٢٣ مانگ زیندانی تەعزیری و ٣٤ کەس بە ٧٤٨ مانگ زیندانی ھەڵپەسێردراو حوکم دراون.

ھەروەھا ٣٤ کەس بە ١٩١ میلیارد و ٧٦٥ میلیۆن ریاڵ غەرامە مەحکوم کراون، ٨٥ کەس بە لێدانی ٥ ھەزار و ٨٤٤ قامچی و ٢١ حاڵەت بێبەش کردن لە مافی کۆمەڵاتی حوکم دراون. لە لایەکی دیکەوە ماڵی ٤١ ھاووڵاتیی لەبەر بیری جیاواز پشکێندراوە.

پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ تایبەت بە ئازادیی رادەربڕین لە ئێران ئەمساڵ لەسەدا ٨٨.٨ زیادی کردووە و ھەروەتر دەرکردنی حوکمی دادوەریی لەسەدا ٤٦.٥ زیادی کردووە و دەرکردنی حوکمی زیندانیش لەسەدا ٥٢.٩ پەرەی سەندووە.

 

پیشە و یەکیەتیە پیشەییەکان

یەکیەتیە پیشیەکان یەکێک لەو بەشانەیە کە لە ماوەی ئەمساڵدا گوشارێکی بەرچاوی لەسەر بووە و ٤٧ چالاکی پیشەیی لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستگیر کراون و ٥٥٤ مانگ زیندانی تاعزیری بۆ ١٠ چالاکی پیشەیی بڕاوەتەوە و ٥١ حاڵەت بانگھێشت کردنی چالاکانی ئەم بوارە بۆ بەردەم دادوەر تۆمار کراوە و ٣ ھەزار ٩٣٠  ناوەندیی پیشەییش داخراون.

لە ساڵی ٢٠٢٠دا لانیکەم ٣٢٩ کۆبوونەوەی ناڕەزایی پیشەیی تۆمار کراوە و ٣ جاریش چالاکانی ئەم بەشە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خواستەکانیان مانیان گرتووە.

لە بەشی پیشە و یەکیەتیە پیشەییەکاندا دەستگیرکردنی ھاووڵاتییان لەسەدا ٣١ کەمی کردووە، بەڵام دەرکردنی حوکمی زیندان بۆ چالاکانی پیشەیی لەسەدا ٨٩ زیادی کردووە.

 

مافە ئاکادێمیکەکان

لە بەشی پێشێلکاریی مافی خوێندکاران و کەسایەتیە ئاکادێمیکەکان ئاماژە دراوەتە دەستگیرکردنی ٦ خوێندکار، ھەڵپەساردن لە خوێندنی ٢٠ کەس و ھەروەھا ٢٢ خوێندکاریش لەبەر چالاکی ئایینی لە خوێندن بێبەش کراون.

لەم بوارەدا خوێندکارێک بە ٦٠ مانگ زیندانی تەعزیری حوکم دراوە.

لە بەشی مافە ئاکادێمیکەکان دەستگیرکردنی خوێندکاران لە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی رابردوو لەسەدا ٩٤ کەمی کردووە.

 

مافی ژیان (ئێعدام)

لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو حوکمی ئێعدام بۆ لانیکەم ٩٥ کەس دەرکراوە و ٢٣٧ کەسیش ئێعدام کراون کە کەسێکیان لە پێش چاوی خەڵکەوە بووە. لەم رێژەیە ٢٠٦ کەس پیاو و ٨ کەسیش ژن بوون. لە نێو ئەو کەسانەی رژیمی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠ ئێعدامیانی کردوون، ٢ کەس لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیاندا مێرمنداڵی خوار ١٨ ساڵ تەمەن بوونە.

بە پێی راپۆرتەکان لەم پەیوەندەدا، لەسەدا ٨٠ی ئێعدام کراوەکان بە تاوانی قەتڵ یان کوشتنی بەئەنقەست بوون و لەسەدا ٥ بە تاوانی کێشەی بەناو نامووسی بووە، لەسەدا ٩ لە پەیوەند لەگەڵ مادە ھۆشبەرەکان، لەسەدا ٤ سیاسی، لەسەدا یەک بە تاوانی دزیی چەکدارانە و لەسەدا یەکیش بە تاوانی خواردنەوەی مەشرووبی ئەلکولی بووە.

راپۆرتێکی دیکە باس لەوە دەکات کە لەسەدا ٤٢ی ئێعدامەکان لە پێش چاوی خەڵک و بۆ ترساندنی ھاووڵاتییان بووە.

لە بەشی مافی ژیان و ئێعدام کردندا ئاماژە دراوە بەوەیکە رێژەی ئێعدامەکان لە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی رابردوو لەسەدا ٤.٨ کەمی کردووە و دەرکردنی حوکمی ئێعدامیش لەسەدا ١٢ کەمی کردووە و ھەروەتر رێژەی ئێعدام لە پێش چاوی خەڵکیش لەسەدا ٩٢ زیادی کردووە.

 

پێشێلکاریی مافی مامۆستایان

لەم بەشەدا داتاگەلێک بڵاو بووەتەوە کە ئاماژەیە بەوەیکە لە ساڵی رابردوودا ٢٧ کەس دەستگیر کراون، ٤ کەسیان ٢٧٥ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپاوە. لەم رێژەیە ٣ کەس بە ٢٥٣ مانگ زیندانی تەعزیری و یەک کەس بە ٤ مانگ زیندانی ھەڵپەسێردراو مەحکووم کراوە. ھەروەھا یەک کەس بانگھێشتی دام و دەزگا دادوەریی و ئەمنیەتیەکان کراوە. ٢ کەس ئیزنی چالاکی لێ وەرگیراوەتەوە و یەک کەس مافی وتاردانی لێ زەوت کراوە و مامەستایەکیش لە وانە وتنەوە بێبەش کراوە.

لە بەشیی کلتووریی و مامۆستایاندا دەستگیر کردنەکان لە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی رابردوو لەسەدا ٥١ زیادی کردووە.

 

مافی کرێکاران

لە بەشی پێشێلکاریی مافی کرێکاراندا ١٣٨١ راپۆرت تۆمار کراوە و لەم راپۆرتگەلەدا باس لەوە کراوە کە بەگشتی ٣٠ کەس دەستگیر کراون، ٤٥ چالاکی کرێکارییش بە ١٨٣ مانگ زیندان تەعزیری حوکم دراون و ٤٢ کەسیش بە لێدانی ٣ ھەزار و ١٠٨ قامچی مەحکووم کراون و ٤٢ کەسیش بانگھێشتی دادگا کراون.

لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیدا بەگشتی ٢ ھەزار و ١١ مانگ حەقدەستی کرێکاران دوا خراوە، ٢ ھەزار و ١٠٥ کرێکار لەسەر کار دەرکراون، ٢ ھەزار و ٢٤٠ کرێکار بێکار کراون، ١٨ ھەزار و ٤٩ کرێکار لە مافی بیمەی بێکاریی بێبەریی بوون، ٣ ھەزار و ٨٢ کرێکار چارەنووسی کارییان نادیارە و ھەروەھا ھەزار ١١٩ کرێکاریش بە ھۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە و ٣ ھەزار و ٢٥٨ کرێکاریش بریندار بوون.

ئێران لە نێو ھەموو وڵاتانی جیھاندا پلەی ١٠٢ی لە بواری لەبەرچاوگرتنی ئەمنیەتی پیشەییدا ھەیە و ئەمەش دەرخەری ئاستێکی نزمی ئەم وڵاتە لە بواری ئەمنیەتی شوێنی کار دایە.

لە ساڵی ٢٠٢٠ بەگشتی ٤٧٣ کۆبوونەوەی ناڕەزایی کرێکاران بەڕێوە چووە و ٩٩ جاریش کرێکاران مانیان لە خواردن گرتووە کە زۆربەی ئەم حاڵەتگەلە لە پەیوەند لەگەڵ کێشەی حەقدەستەکاندا بووە.

بە پێی ئەم داتا و ئامارانە رێژەی دەستگیرکردنی کرێکاران لەسەدا ٥٦ زیادی کردووە.

 

مافی منداڵان

لە بەشی پێشێلکاریی مافی منداڵان باس لەوە دەکرێ کە لانیکەم لە یەک ساڵی رابردوو ٢ ھەزار و ٢٠٥ حاڵەت ئازاردانی منداڵان، ٩ حاڵەت کوشتنی منداڵان، ٩ حاڵەت دەستدرێژی کردن، ٢ حاڵەت خۆسووتاندن، ٩٤ حاڵەت خۆکوشتنی منداڵان تۆمار کراوە و یەک میلیۆن منداڵیش لە خوێندن بێبەریی بوون.

نەبوونی ئیمکانات بۆ دەستڕاگەیشتنی منداڵان بە خوێندنی ئانلاین، ھاوسەرگیریی لە سەردەمی منداڵی، ھەژاری، کێشەی کلتووریی و ھتد… لە ریزی ئەو گرفتانەن کە دەبنە ھۆی پێشێلکاریی مافی منداڵان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رژیمی ئیسلامیدا.

بەو چەشنەی پێشتریش ئاماژەمان پێ کرد، لە ئەمساڵدا ٢ منداڵ لە ئێران ئێعدام کراون. ھەروەھا ٣ مێرمنداڵیش بەگشتی بە ٢٦٤ مانگ زیندانی تەعزیری حوکم دراون. لانیکەم لە ساڵی رابردوو ١٩ منداڵ  و چالاکێکی مافی منداڵان لە ئێران دەستگیر کراون.

 

مافی ژنان

لە بەشی مافی ژناندا ئەمساڵ ٨١ راپۆرت کۆ کراوەتەوە و لانیکەم ٥٧٢ ژن بەرەوڕووی توندوتیژی جەستەیی و دەستدرێژیی بوونەتەوە، ١٣ قەتڵی نامووسی روویداوە، ٦ حاڵەت خۆسووتان، ٤ حاڵەت ئەسید رژانن بە روومەتی ژنان و یەک چالاکی مافی ژنانیش بانگھێشتی دامودەزگا ئەمنیەتیو قەزاییەکان کراوە.

لە ئەمساڵدا ٥ ژن بە ھۆی چالاکیە مەدەنیەکانی خۆیانەوە دەستگیر کراون و لانیکەم ٢ ژن بە ١٨٠ مانگ زیندان حوکم دراون.

 

 

زیندانیان

لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەگشتی ٥٣ حاڵەت لێدانێ زیندانیان، ٣٦٦ حاڵەت بەدوادانەچوون یا بێبەش بوون لە خزمەتگوزاریی دەرمانی بۆ زیندانیان، ١٠٩ حاڵەت گواستنەوەی نایاسایی بۆ ژووری تاکەکەسی، ٥٣٣ حاڵەت مانگرتن لە خواردن، ٢٨٩ حاڵەت گواستنەوەی زۆرەملێ یان دوورخستنەوە، ٢٢٨ حاڵەت گوشار خستنە سەر، ١٢٦ حاڵەت پێشگرتن لە چاوپێکەوتن، ١٨ حاڵەت ئەشکەنجە، ٢٥ حاڵەت مردنی زیندانیان بە ھۆی نەخۆشی، ١٧ حاڵەت خۆکوشتنی زیندانیان، ١٠ حاڵەت کوشتن بە دەستی ھێزەکانی رژیم، ٤٠ حاڵەت بێبەش بوون لە ھەبوونی پارێزەر، ھەزار و ٦٧٨ حاڵەت راگرتن لە شوێنی خراپ لە نێو زیندان تۆمار کراوە و ھەروەھا ١٤٧ کەسی زیندانیش بە شێوەی نادیار بوونی چارەنووس، لە زیندان راگیراون.

 

توندوتیژیی نیزامی و کوشتنی ھاووڵاتییان

لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیدا ٢٠٤ ھاووڵاتیی لە لایەن ھێزەکانی رژیمەوە تەقەیان لێ کراوە و ٧٤ کەس گیانیان لەدەست داوەە لەو رێژەیە ٣٦ کەس کۆڵبەر و ٥ کەس سووتەمەنیبەر و ٣٣ کەسیش ھاووڵاتیی ئاسایی بوون. ھەروەھا ١٣٠ کەسیش بە ھۆی تەقەی ھەڕەمەکی ھێزەکانی رژیم بریندار بوون کە لەم رێژەیە ١٠٩ کەس کۆڵبەر، ١٦ کەس ھاووڵاتیی ئاسایی و ٥ کەسیش سووتەمەنیبەر بوون.

شایانی باسە، ٩ کۆڵبەریش بە ھۆی سەرما بردوویی و بەربوونەوە لە بەرزایی خەساریان بینیوە کە لە ئاکامدا ٥ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و ٤ی دیکەش بریندار بوون.

 

قوربانیەکانی مین و تەقینەوە

مین و تەقەمەنیە بەجێماوەکانی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراق ھەموو ساڵێک رێژەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییانی بێ تاوان دەکەنە قوربانیی و ئەمساڵیش بەم ھۆیەوە لانیکەم ١٠ ھاوڵاتیی لە سەر سنوورەکان و بەتایبەتی لە کوردستان گیانیان لەدەستداوە و ١٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.