دۆخی قوتابخانەکان لە ئێران

دۆخی قوتابخانەکان لە ئێران

✍ سەیران مستەفازادە
مێژووی قوتابخانه له ئێران دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی قاجار و به رواڵەتی نوێ دەستی بە کار کرد و تا پێش ئەو سەردەمە راهێنان و فێر بوون و وانە خوێندن تەنها لە مەکتەب و حوجرەکانی ئایینی بوو. لەو سەردەمە راهێنان تا ئەو رادەیە بوو کە فێری نووسین و خوێندنەوە بن و لانیکەم بڕیارە ئایینییەکان فێر ببن. یەکەمین قوتابخانە بە رواڵەتی نوێ لە ئێران بە دەستی قەشەیەکی ئامریکایی بە ناوی “پرکنیز” لە شاری ورمێ لە سەردەمی حکوومەتی مەحمەد شای قاجار لە ساڵی ۱۲۵۴ی کۆچی مانگی سازکراوە کە جگە لە راهێنانی هێندێک لە زانستە نوێیەکان، تەون و چنینی فەڕش و ئاسنگەری بە منداڵەکان فێر دەکرا، تا پاش سەردەمی “مەشەرووتە” قوتابخانە بۆ کچان نەبووە.
قوتابخانە ماڵی دووهەمی منداڵە و قوتابی نزیک بە شەش کاتژمێر لە قوتابخانە دەمێنێتەوە و دەبێت هەست بە ئاسوودەیی و ئەمنییەت بکات .قۆتابخانە لە دەورەی سەرەتایی بۆ مندال زۆر گرنگە، چونکە منداڵ لەو سەردەمەدا بیر وفکری شکڵ دەگرێت. ئەرکی سەرشانی مامۆستا و بەرپرسانی پەروەردە ئەوەیە کە بتوانن هەستی متمانە بە خۆ بوون، بە منداڵ ببەخشن. بەڵام ئەمساڵ باروودۆخی خوێندن بە جۆرێکە کە منداڵ نە تەنیا تێیدا هەست بە ئەمنیەت و فێر بوون ناکات، بەڵکوو زۆربەی بنەماڵەکان ئامادە نین بە هۆی ئەو دۆخەی کە بە هۆی نەخۆشییەوە هەیە منداڵەکانیان بنێرن بۆ قوتابخانە، کاتێ سەرەتای ساڵی خوێندن دەست پێدەکات هەموو کۆمەڵگا روحیەیەکی نوێ بە خۆوە دەگرێت، بەڵام ئەمساڵ بنەماڵەکان نە تەنها ئەو هەستە خۆشەیان نییە کە ساڵانی رابردوو کاتی کرانەوەی قوتابخانەکان هەیان بوو، بەڵکوو ریک بە پێچەوانەوە ئەمساڵ هەموویان تووشی دڵ نیگەرانی و دڵەراوکێن کە منداڵەکانیان توشی نەخۆشی “کۆرۆنا” ئەویش لە دۆخی خراپی ئابووری ئەمڕۆی ئیران ببن.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە وەزیری وەزارەتی پەروەرەی رژیمی ئیسلامی رۆژی ١٥ی خەرمانان رایگەیاند کە دەبێ قوتابخانەکان وەک ساڵانی پێشوو بکریتەوە و تەنانەت رۆژانی پێنج شەممەش کە ساڵی رابردوو قوتابخانە داخرابوو ئەمساڵ ئەویش نەمێنێت و لەو رۆژەش منداڵەکان بچنەوە قوتابخانە. ئەم سیاسەتەی رژیم تەنها بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆرینەی مووچەخۆرانی پەروەردەی ئێران قوتابخانەی تایبەتیان داناوە و پارەیەکی خەیاڵی لە منداڵان دەستێنن و بەوەش بەشی خوێندن لە قوتابخانە دەوڵەتییەکان بە گشتیی لە ئاستێکی خوارەوەیە و بە هۆی ئەو دۆخەی رژیمی ئیسلامی بە خەڵات بۆ خەڵکی ئیرانی هێناوە قوتابخانە دەوڵەتییەکان کەمترین ئاستی خزمەتگوزاری و کەل و پەلی تێدایە و زۆر شوێن لە ئێران تەنانەت قوتابخانەی نییە و زۆر جار دەبینی بە ماوەی چەند مانگ قوتابخانەیەک مامۆستای نییە وانە بە منداڵەکان بڵێتەوە و ئەمانەش وایکردووە خەڵک ناچار بن روو بکەنە قوتابخانە تایبەتەکان. کۆمەڵێک لەو پارەیەی کە لە قوتابخانە تایبەتەکان لە خەڵک وەردەگیرێت بەمشێوەیەیە، بۆ سەرتایی ١٢ ملیۆن و مامناوەند ١٧ ملیۆنە و ئەم بڕە پارەیەی کە لە خوێندکار وەردەگیردرێت تەنها بۆ دەسپێکە و دواتر بە شێوەگەڵی جۆراوجۆر پارە لە قوتابی وەردەگیردرێت.
لەلایەکی دیکەوە قوتابخانەکان لە ئێران لە کاتێکدا دەستی بە کار دەکرد کە هەموو ساڵێک سەرۆک وەزیران دەهاتە ناو قوتابخانە و بە بۆنەی ساڵی نوێی خوێندن وتارێکی بڵاو دەکردەوە، بەڵام ئەمساڵ “رۆحانی” نەتەنیا بە هۆی دۆخی کۆرۆنایی وڵات ئامادە نەبوو بچێتە ناو یەکێک لە قوتابخانەکان و وتارەکەی پێشکەش بکات، بەڵکوو بە شێوەی ئانلاین دەستی کرد بە قسە و لە کاتێکدا کە بارودۆخ بەوشێوە خراپە کە سەرۆک وەزیران ئامادە نییە تەنانەت بۆ چەن سات بچێتە ناو قوتابخانە و وتارێکی کورت بدات چۆن منداڵ دەنێرنە ناو قوتابخانە کە بخوێنێت؟ هەر بەو هۆیانە بنەماڵەکان ئامادە نین منداڵەکانیان بچنەوە قوتابخانە و دەیانەوێت ئەمساڵ خوێندن بە شێوەی ئانلاین و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بێت. دەبێ ئاماژە بەوەش بکەین کە خودی رێکخراوی نیزامی پزیشکی رژیمیش ئاماژەی بەوە داوە کە کردنەوەی قوتابخانەکان مەترسیەکی گەورەیە و ئەمەش لە حاڵێکدایە کە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران لە دۆخی “سور، یا نارنجی”ن.
هەر چەن خودی خوێندنی ئانلاین لە رێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانیش کێشەی جیددی بۆ بنەماڵەکان دروست دەکات و بە هۆی هەژاری و نەداری و بێکاری خەڵک کەمتر دەتوانن لە ئینترنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کەڵک وەربگرن و ئەمەش کێشەیەکی جیددی تری بۆ بنەماڵەکان ساز کردووە و زۆربەی خاڵە سنووریەکانی ئێران یا گوند و ئاواییە دوورەکان دەستیان بە ئینترنێت ناگات.
دوای کردنەوەی قوتابخانەکان “موحسێن میرزایی” وەزیری پەروەردەی رژیم رایگەیاند کە بە پێی توێژینەوەکان هاتنی خوێندکاران بۆ قوتابخانە پێویست نییە و ئیجبار نییە. ئەم بڕیارە دوای ئەوەی هات کە خەڵک رخنەیەکی زۆریان لە کردنەوەی قوتابخانەکان بەو شێوەی ئێستا گرت، هات.
بارودۆخی خوێندن لە شوێنە دوور و کوێرە دێیەکان و هەژاریی خەڵکی ئێران بە هۆی نەبوونی تەبلێت، گوشی زیرەک و گرنگتر لەوانە نەبوونی ئینترنێت و ئانتین بۆتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە خوێندکاران لە خوێندن بێبەش بن و بە ناچاریی واز لە خوێندن بێنن. هەر لەمبارەوە “مێهدی ئیسماعیلی” ئەندامی مەجلیسی رژیم دەڵێت: ناتوانم ئامارێکی راستتان پێبدەم، بەڵام رێژەی ئەو کەسانەی بە هۆی نەبوونی ئینترنێت و کەل و پەلی پێویست بۆ خوێندن بە شێوەی ئانلاین کە لە زۆربەی ناوچە دوورەدەستەکان و خەڵکی هەژار و هەزاران ئاوایی کە تا ئێستا نەیانتوانیوە کەڵک لە ئینترنێت وەرگرن لە ئێران بوونیان هەیە و بە پێی خودی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە لانیکەم سێ ملیۆن و نیو لە خەڵک دەستیان بە ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران ڕاناگات.
رۆژنامەی “جیهانی سەنعەت” رۆژی ١٣ی خەرمانای ساڵی ١٣٩٩ی هەتاویی بە سەردێڕی ٤ ملیۆن خوێندکار بە تاسەی “سامانەی شاد”ن نووسی: ژمارەیەکی بەرچاو لە شار و ئاواییە چکۆلەکان بە پێچەوانەی وتەکانی رژیم تا ئێستاش دەستیان بە ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راناگات. بە پێی وتەی پسپۆڕانی رەسمیی رژیم زیاتر لە ٤ ملیۆن خوێندکار لە ئێران دەستیا بە ئینتێرنێت یا موبایل و تەبلێت راناگات و ناتوانن کەڵک لە راهێنانی ئانلاین وەربگرن و تا ئێستاش کە چەن رۆژ لە کرانەوەی قوتابخانەکان تێپەڕیوە بەرپرسانی رژیم دەستەو ئەژنۆ دانیشتوون و هیچ کارێکیان بۆ درووستکردنی ئەو دۆخە نەکردووە.
راهێنانی ئانلاین هەزینەیەکی ئێجگا زۆر و گوشارێکی لە رادە بەدەری هێناوەتە سەر چینی کەم دەرامەت و هەژار لە ئێران و زۆربەی خەڵکی ئێران تەنانەت ناتوانن بەستەی ئینتێرنێت بکڕن. ئەم شتەی کە بە ناوی “بەستەی شاد” دەرخواردی خەڵکی ئێرانیان داوە نە تەنها شادی بۆ قوتابیەکان نەهێنا، بەڵکوو بووە خەمێکی قورس لەسەر دڵی خوێندکار و قوتابی. تووڕە بوون و زیز بوونێک کە لەو هەموو نادادپەروەرییە و هەڵاواردنانە کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بوونی هەیە زۆر و زۆرتر دەبێت و ئەوەش بۆ خوێندکار دەبێتە کارەسات. خوێندکاران دەبینن منداڵانی بەرپرسانی رژیم لە باشترین قوتابخانەکانی ئێران و جیهان دەرس دەخوێنن و ئەوان تەنانەت ناتوانن گووشییەکی سادەیان هەبێت و منداڵانی بەرپرسان تەنانەت ترسی گرتنی ڤایروسی کۆرۆناشیان نییە، چونکا ئەو قوتابخانانەی ئەوان تێیدا دەخوێنن باشترین کەل و پەلی خوێندن و راهێنانی تێدایە و مەودای خوێندکارانیشی تێدا دەپارێزرێت. ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە قوتابخانە گشتییەکان نە تەنها مەودای نێوان منداڵەکان رەچاو ناکرێت بەڵکوو بە پێچەوانەوە قوتابی ناچارە بە هۆی نەبوونی کلاس لە پاڵ یەک دابنیشن و لە زۆرێک لە قوتابخانەکانی ئێران رێژەی دانیشتوانی کلاسێکی وانە خوێندن دەگاتە ٤٠ بۆ ٥٠ کەس.
[۹/۱۶،‏ ۰۹:۵۷] محمەد: لە حاڵێکدایە کە لە قوتابخانە گشتییەکان نە تەنها مەودای نێوان منداڵەکان رەچاو ناکرێت بەڵکوو بە پێچەوانەوە قوتابی ناچارە بە هۆی نەبوونی کلاس لە پاڵ یەک دابنیشن و لە زۆرێک لە قوتابخانەکانی ئێران رێژەی دانیشتوانی کلاسێکی وانە خوێندن دەگاتە ٤٠ بۆ ٥٠ کەس.