ئاوڵەی مەیمون (Monkeypox virus) ڕێگایەکی دیکە بۆ سەرکوتی کۆمەڵەی +LGBT

✍ئەسعەد دروودی

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش تۆمارکرانی چەند کەیسێکی ئاوڵەی مەیمون لە مرۆڤدا، دیسان ڕۆژنامەکان و ناوەندەکانی دژە +LGBT لە سەرانسەری جیهان دەستیان کردە هێرش و بڵاوکردنەوەی ڕق دژ بە پەلکەزێڕینەکان بەتایبەت (گەی و بایسێکشواڵ) ڕێک وەک دەیەی (٧٠ و ٨٠)کان لەسەرەتای بڵاوبوونەوی ڤایرۆسی ئایدز یا وەک سەرەتای بڵاوبوونەوەی Coved-19 کە لەلایەن کەسانی ئایینی تایبەت کرابوو بە هێرشی خودا بۆسەر بێباوەڕان.

سەرەتا با بپرسین ئاوڵەی مەیمون چیە و چۆن ئەگوازرێتەوە؟

ئاوڵەی مەیمون نەخۆشیەکی ڤایرۆسیە و لە ئاژەڵەوە ئەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ بە تایبەتی لە مەیمونەوە. لە ساڵی ١٩٧٠ بۆ یەکەمجار لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ لە کوڕێکی تەمەن ٩ ساڵدا دەرکەوتووە. نیشانەکانی بریتین لە: تا، سەرئێشە، هەستکردن بەهیلاکبوون دواتر دەرکەوتنی زیپکە و تلۆقی بچووکی ئاودار لەسەر پێست.

گواستنەوە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ ئەتوانێت لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێن، شلەکانی جەستە، یان برینەکانی پێست یان چڵمی ئاژەڵە تووشبووەکانەوە ڕووبدات. لە ئەفریقا بەڵگەی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون لە زۆرێک لە ئاژەڵەکاندا دۆزراوەتەوە لەوانە  جرج و ئاژەڵی قرتێنەری سمۆرە و جۆرە جیاوازەکانی مەیموون و …

گواستنەوە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەتوانێت لە ئەنجامی بەرکەوتنی نزیک لەگەڵ دەردراوەکانی کۆئەندامی هەناسەدان، برینەکانی پێستی کەسێکی تووشبوو یان ئەو شتانەی کە بەم دواییە پیس بوون. هەروەها دەتوانرێت گواستنەوە لە ڕێگەی منداڵدان لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە ڕووبدات یان لە کاتی بەرکەوتنی نزیک لە کاتی لەدایکبوون و دوای لەدایکبوون. لە کاتێکدا کە بەرکەوتنی جەستەیی نزیک هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ گواستنەوە، لەم کاتەدا ڕوون نییە کە ئایا دەتوانرێت ئاوڵەی مەیمون بە تایبەتی بەڕێگای گواستنەوەی سێکسییەوە بگوازرێتەوە. توێژینەوەی زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی باشتر لەم مەترسییە تێبگەین.

بەشێکی بەرچاو لە حاڵەتەکان لەنێو پیاوانی هاوڕەگەزخواز و دووڕەگەزخوازدا دەستنیشان کراوە، هەندێک حاڵەتیش لەڕێگەی کلینیکەکانی تەندروستی سێکسییەوە دەستنیشانکراون. لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات کە بەڵگە بەردەستەکان ئەوە پیشان دەدەن کە ئەوانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە ئەوانەن کە بەرکەوتنی نزیکیان لەگەڵ کەسێکدا هەبووە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە، هەروەها مەترسییەکە تەنها بۆ سەر ئەندامانی +LGBT  نین.

کەواتە بەپێی مێژووی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئەم نەخۆشیە تایبەت نییە بە ڕەگەزێک یا گروپێکی دیاری کراو یا ڕەشپێستەکان.

لەبەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕێکخراوی UNAIDS هۆشداری دەدات لەوەی کە چەواشەکردنی زمان لەسەر ئاوڵەی مەیمون تەندروستی گشتی دەخاتە مەترسییەوە. UNAIDS نیگەرانی دەربڕیوە لەوەی هەندێ لە ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە نەخۆشیەکە چڕکراونەتەوە سەر کۆمەڵەی +LGBT و خەڵکی ئەفەریقا کە ئەم شێوازە لە دەربڕین ئەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڕەگەزپەرستی و ستەمکاری بەشێوەیەکی بەرین.

ڤاکسینەیشن:

کوتان دژی ئاوڵە (دڕکە و مێکوتە) بە ڤاکسینی Smallpox لە ڕێگەی چەندین توێژینەوەی چاودێریەوە دەرکەوت کە نزیکەی 85% کاریگەری و مەترسی توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون کەم ئەکاتەوە و کەسانی توشبوو پێویستیان بە گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە نابێ.

کەواتە بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بێت ئەم نەخۆشیە نەک تەنها پەیوەست نیە بە پەلکەزێڕینەکان بەڵکوو گوشارێکی نارەوای دیکەیە بۆسەریان و ئەو هەواڵە ناڕاستانەی کە ئەو نەخۆشینە ئەبەستنەوە بە گروپێک یا ڕەگەزێکی دیاری کراو نموونەیەکی دیکەی بیری چەقبەستوو لەسەر کۆمەڵەی +LGBT ە.  ئەم چەواشەکاری و توندوتیژیە بەرامەبەر بە کۆمەڵەی +LGBT ستێکی تازە نییە و بەداخەوە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و لە چەندین قۆناخ و بەشێوازی جیا ئەم چەواشەکاری و هێرشکردنە سەر کۆمەڵەی +LGBT ڕویداوە بەمەبەستی سەرکوت کردن سڕینەوەیان لە کۆمەڵگادا.

با لە کۆتایدا بپرسین بۆچی هەندێک لە ڕۆژنامەکان ئاوڵەی مەیمون ئەبەستنەوە بە پەیوەندی سێکسی و بەتایبەتیش لەنێوان (گەی و بایسێکشواڵ)؟

وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر ئاسان ئەبێت ئەگەر (Homophobia, Biopbobia و Transphobia)مان بەباشی ناسیبێت.

ئەوەی گرنگە ئێمە بڕوا بە هەموو هەواڵێک نەکەین و بچین ڕاستەوخۆ لەسەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی دنیا هەواڵەکان بخوێنینەوە.

*سەرچاوەکان:

https://www.who.int/news-room/fact-sheets/detail/monkeypox

https://www.unaids.org/en/resources/presscentre/pressreleaseandstatementarchive/2022/may/20220522_PR_Monkeypox

https://www.who.int/health-topics/monkeypox#tab=tab_1