ئاوڕدانەوەیەکی ڕەخنەگرانە لەسەر بەرهەمەکانی کۆنفرانسی ژینگەیی گلاسکۆ

✍هێمن بایەزیدپوور

کۆمەڵگای نێونەتەوەیی زیاتر لە ھەموو کاتێک لەگەڵ گرفتی ژینگەیی وەک، سڕینەوەی دارستانەکان، گەرم بوونی گۆی زەوی، پیس بوونی ژینگە، لەناوچوونی جۆری بوونەوەرەکان و بەبیابان بوون و ھتد بەرەوڕوو بووەتەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە٢٠ وڵاتی پێشکەوتووی جیھان بەرھەمھێنەری زیاتر لە ٧٠ لەسەدی غازە گوڵخانەییەکان وەک ھۆکاری سەرەکی گۆی زەویین، پێویستیی سەرنج لەسەر عەدالەتی ژینگەیی حاشاھەڵنەگرە.

جارنامەی جیھانی مافی مرۆڤ بە جەختی لەسەر یەکسانی و مافی دەستراگەیشتن بە خۆراک بۆ ھەموو ئینسانەکان کردوە.

پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان لە باری تێکنۆلۆژی بە تایبەت پاش شۆرشی پیشەسازی بووە ھۆکاری لەناوبردنی ژینگە. تا سەرەتاکانی سەدەی بیستەم کۆمەڵگای جیھانی بایەخێکی ئەوتۆی بە ژینگە نەدەدا، ساڵی١٩٩٢ کۆنفرانسی زەوی لە ریۆدۆژانیرۆی برزیل بەرێوەچوو ، لە بەشی یەکەمی بەرنامەی کاری ٢١ وەک بەرھەمی سەرەکی ئەو کۆنفرانسە جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەرژەوەندی نایەکسانی وڵاتەکان و نەبوونی ژینگەی تەندرووست، نەخوێندەواری و ھەژاری خەریکی پەرەسەندنە، ھەروەھا بەشی بیستەمی لە بەرنامەی کاری ٢١ سەبارەت بە مادە پیسکەرەکانە و ھەروەھا باس لە مەترسی جیددی گواستنەوەی ئەو مادەیانە لە وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ وڵاتە دواکەوتووەکانە.

لە ساڵی ٩٢ ەوە تا ھەنووکە ھەر ٥ ساڵ جارێک کۆنفرانسی ژینگە بەرێوەچووە بەڵام تا ئێستا ھیچ کام لەو کۆنفرانسانە نەیتوانیوە ئامانجی خۆی بپێکێ و پێش بە سرینەوەی دارستانەکان و بەرھەمھێنانی گازە گوڵخانەییەکان و گەرم بوونی گۆی زەوی کە دەبێتە ھۆکاری گۆرانی ئاوھەوا و ژینگە بگرێت.

بەپێی ڕێکەوتنی کۆنفرانسی ٢٠١٥ کە بە کۆنفرانسی پاریس ناسراوە وڵاتەکان لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە دەبێت ساڵانە ٢ پلە لە ڕێژەی گەرم بوونی گۆی زەوی کەم کەنەوە بەڵام رێکخراوی ژینگەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە دوایین ڕاگەیندراوی خۆی باس لەوە دەکات کە ئەگەر ھەمووی وڵاتەکان بەڵێنییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن دیسان تا کۆتایی سەدەی ٢١، گەرمای گۆی زەوی بە پلەی ٣/٢ دەچێتە سەرەوە، بە واتایەکی تر ٢ ھێندەی ڕێژەی ڕێگەپێدراو بۆ ژیانی ئێکۆسیستەمی سرووشتی ژینگە.

بڵاوکردنەوەی گازە گوڵخانەییەکان لانیکەم بە ڕێژەی ٧/٦ لە دەیەی داھاتوو دەبێت دابەزێ ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ساڵی ٢٠١٨ ئەو ڕێژەیە ١/٧ زیادی کردوە و ٢٠ وڵات لە دەوڵەمندترین وڵاتەکان بەرپرسیاری بەرھەمھێنانی ٧٨ لەسەدی گازە گۆڵخانەییەکان لە جیھاندان.

بڵاوکردنەوەی گازە گوڵخانەییەکان لە دەیەی داھاتوو دەبێ لانیکەم بە ڕێژەی ٧/٦ دابەزێ ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ساڵی ٢٠١٨ ئەو ڕێژەیە ١/٧ زیادی کردوە و ٢٠ وڵات لە دەوڵەمندترین وڵاتەکان بەرپرسیاری بەرھەمھێنانی ٧٨ لەسەدی گازە گۆڵخانەییەکان لە جیھاندان.

بە پێی ئامارەکانی رێکخراوی نێونەتەوەیی ژینگە ٨٠ لەسەدی ئەو کەسانەی گۆڕانی ژینگەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانیان هەبووە، ژنان بوون، ژنان زۆر کات سەرچاوەی ئابووری کەمتریان ھەیە و مووچەی فەرمی کەمتر وەردەگرن و بەو ھۆکاراناش دەکەونە ریزی یەکەم خەسارلێدراوەکان، ھەروەھا یەکێتی جیھانیی پاراستنی ژینگە باس لەوە دەکات کە چلۆن قەیرانە ژینگەییەکان دەبێتە ھۆکاری ئەوەی توندووتیژی بۆ سەر ژنان گەشە بکات.

تا ساڵی ٢٠٥٠ نیزیکەی ٢٠٠ ملوێن کەس لە جیھاندا کۆچ دەکەن و بە بێ لەبەرچاوگرتنی رێگەگەلی گونجاو لە ھەمبەر گۆرانی ئاوھەوا و ھەوڵ بۆ لەناوبردنی ھەڵاواردنی ڕەگەزی لە ڕێکخراوەکانی بەرپرسیار لەو حەوزەیەدا، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو جۆر لە قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییگەلە لە داھاتوودا ئەستەمە.

لە ساڵی ٢٠٢٠ ھەر حەوتوو لانیکەم ٤ کەس لە ژینگە پارێزان گیانیان لەدەستداوە، تەنیا لەو ساڵەدا ٢٧٧ کەس لە ڕێگەی پاراستنی ژینگەدا کوژراون، ئەو ڕێژەیە ١٥ کەس لە ڕێژەی ساڵی ٢٠١٩ زیاترە، ٣٠ لەسەدی ئەو کەسانە لە ڕێگەی برامبەربوونەوە لە چالاکییەکانیان لە کانگەکان، درووستکردنی وێستگە ئاوییەکانی بەرھەمھێنەری بەرق و پرۆژە کشتوکاڵییەکان لە پێوەندی بە گۆڕینی زەوییەکان بۆ ئەو ئامرازانە گیانییان لەدەستداوە ھەروەھا یەک لە سەر سێی ئەو کەسانە خەڵکی خۆجێیی و بوومییەکان بوون.

زۆربەی قوربانییەکان بە دەستی پۆلیس کوژراون و دەوڵەتەکان بەردەوام لە پرۆژە کاولکەرەکان قازانج بە دەست دێنن و پشتیوانی لە کۆمپانیا ئالوودەکەرەکان دەکەن و تەنانەت یارمەتیدەر و شەریکیشیانن.

کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گۆڕانکارییە ژینگەییەکان لە گلاسکۆی ئیسکاتلەند

لە ٣١ی ئۆکتۆبری ئەو ساڵەوە ٢٦ ەمین کۆنفرانسی ژینگە لە گلاسکۆ خەریکە بەڕێوەدەچێت، ئەو کۆنفرانسە کە بەناوی کاپی ٢٦ ناسراوە ھەوڵدەدات بەر بە گۆڕانکارییە ئاووھەوا و ژینگەییەکان بگرێت.

بابەتی سەرەکیی ئەو کۆنفرانسە جێبە جێکردنی ڕێکەوتننامەی پاریسە کە لە ساڵی ٢٠١٥ پەسەندکراوە.

لەوساڵەدا وڵاتەکان ڕێککەوتن کە ڕێژەی گەرمبوونی گۆی زەوی لە بەراوەرد لەگەڵ سەردەمی پێش پیشەسازی ٢ پلە کەم کەنەوە و لە حاڵەتی دڵخواز بیگەیننە ١/٥ پلە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش و بە پێی زانیارییەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان گۆی زەوی ھەنووکە لە ئاراستەی گەرمبوونی ٢/٧ دایە و ئەوە زۆر مەترسیدارە.

ڕێکخراوی جیھانیی کەش و ھەواناسی لە ڕاپۆرتی سەرەتایی خۆیدا، باس لەوەدەکات کە گەرمبوونی جیھان بە خێراییەکی زۆر خەریکی زیادبوونە و و حەوت ساڵی رابردوودا زیادترین پلەی گەرما تۆمارکراوە.

یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی گەرمبوونی گۆی زەوی گازی مێتانە و بۆ ئەوەی زیاتر لە ٨٠ وڵاتانە بەڵێنییەکانیان لە هەمبەر ڕاگرتنی ١،٥ پلەی گەرما جێبەجێ بکەن ئەوەیە کە تا ساڵی ٢٠٣٠ بڵاوکردنەوەی گازی مێتان تا ٣٠ لە سەد کەمبکەنەوە، گازی مێتان پاش دی ئۆکسید کەربۆن دووھەمین گازی گۆڵخانەیی سەرەکییە و ٣٠ لەسەدی گرمبوونی گۆی زەوی پاش شۆڕشی پیشەسازی تا ئەوڕۆ بۆ ھۆی بڵاوبوونەوەی ئەو گازە بووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە چین ، ڕووسیە و ھێند وەک بەرھەمھێنەرانی سەرەکیی ئەو گازە لە جیھاندا ئەو بەڵێننامەیان واژوو نەکردوە.

یەکێکی تر لە ھۆکارگەلی زیادبوونی گازە گۆڵخانییەکان و لە ئاکامدا گەرمبوونی گۆی زەوی سڕینەوەی دارستانەکانە، کە ١ لەسەر ٣ ی گازی دی ئۆکسیدی کەربۆنی بەرھەمھێنراوی ئینسانەکان بۆخۆی ڕادەکێشێی و لە ناوی دەبات، و وەک سییەکانی گۆی زەوی ناوی لێدەبرێت، بەڵام بە داخەوە ئەو سییانە بە خێرایی خەریکن لاواز دەبن، ھەر خولەک یەک دارستان بە پانتایی ٢٨ زەوینی فووتباڵ خەریکی لەناوچوونە، زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی جیھان لە کۆنفرانسی گلاسکۆ بەڵێنی ئەوەیان داوە تا ساڵی ٢٠٣٠ بە تەواوی بەر بە سڕینەوەی دارستانەکان بگرن

یەکێکی تر لە تەوەرگەلی کۆنفرانسی گلاسکۆ داواکاری بۆ کەمکردنەوەی کەڵکوەرگرتن لە سووتەمەنییە فوسیلییەکان بوو، ئیلووک شا بەرپرسی کۆنفرانسەکە ئەوەی وەک دوایین ھیوا بۆ دەستپێراگەیشتن بە ئامانج گەیاندنی ١/٥ پلە لە گەرم کردنی زەوی پێناسەکرد و پاتریشیا ئیسپینۆزا، بەڕێووبەری ژینگەی نەتەوەیەکگرتوەکان سیاسەتی بەکارھاتووی ھەنووکەی جیھانی وەک پلانێک بۆ لەناوبردنی مرۆڤ باس کرد.

بەرەوڕووبوونەوەی کۆمەڵگای جیھانی لەگەڵ پاندێمیی کۆڕۆناش و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو دیاردەیە لە وڵاتانی جیھان بۆتە ھۆی درووست بوونی کێشەگەلی نەخوازراو کە بەشێکی زۆری ئەو کێشەگەلە خۆی لە سەرچاوەکانی ئابووری پێناسە دەکات، زۆربەی وڵاتان بەرنامە درێژخایەنەکانیان لە ھەمبەر گەشەی بەردەوام وەک بەرەنگاربوونەوە لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی ژینگە و پرۆژەگەلی تواناسازی گوندنشینەکان وەلاناوە و گرینگی سەرەکیان داوە بە بەڕێوەبردن و دەربازکردنی وڵاتەکەیان لە ئاسەوارەکانی ئەو پاندێمییە.

لەگەڵ ئەوەی کە لەو کۆنفرانسە زیاتر لە ١٠٠ وڵات بەڵێنی ئەوەیان داوە ھەڵسووکەتیان سەبارەت بە قەیرانگەلی پێوەندیدار لەگەڵ گەرمبوونی گۆی زەوی بەرپرسیارانەتر بکەن بەڵام چالاکانی ژینگەی لە ئاکامەکانی ئەو کۆنفرانسە و بەشداربووانی کە بەرھەمھێنەری زیاتر لە ٨٠ لەسەدی گازە گوڵخانەییەکانن زۆر گەش بین نین. سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان باس لە ئاوات بەدی ناھاتوەکان دەکات، چالاکانی ژینگە ڕەخنە لە گشتی بوونی بەڵێنییەکان دەگرن و دیاری کردنی ساڵی ٢٠٥٠ بۆ ڕاگرتنی یەکجاریی بەرھەمھێنانی گازی دی ئۆکسیدی کەربۆن بە مترسیدار دەزانن و تەنانەت باوەریش بە وڵاتان ناکەن.

ھاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەو کۆنفرانسە دەیان ڕێپێوان و خۆپیشاندان لە ئاستی جیھان ئەنجامدرا، گرینگترینیان خۆپیشاندانی مێرمنداڵان و گەنجان بوو، ئەوان لە باروودۆخی ھەنووکەی جیھان نیگەرانن و سەباروت بە داھاتوو بێ ھیوا و مەتمانەن و ئەوەی تا ئەوڕۆ لەو کۆنفرانسە بەڵێنی پێدراوە رازییان ناکات، پێش دەستپێکی ئەو کۆنفرانسە لە ھەر ١٠ مێرمنداڵ ٦ یان نیگەرانی داھاتووی گۆی زەوین، ئەوان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانە ژینگەییانە خوازیاری گۆڕانکاری بنەڕەتین، باس لەوە دەکەن کە لەو کۆنفرانسە بەرژەوەندییەکانی کەمینەکان دەپارێزرێ و بەرژەوەندییەکانی زۆرینەی کۆمەڵگای جیھانی وەلادەنرێت. مەتمانەیان بە بەڵێنییەکان نییە و ئەوە کۆنفرانسە وەک فیستڤالێک بۆ بەڵێنی مایە پووچ دەزانن.

بە پێی توێژینەوەیەک تەنیا ١ لەسەدی حەشیمەتی جیھان سەرگەرمییەکانییان ڕۆڵی سەرەکی لەگۆڕانکارییە ژینگەییەکان ھەیە و ئەو یەک لە سەدە ٢ ھێندەی ٥٠ لەسەدی خەڵکی ھەژار ژینگە ئالوودە دەکەن.

لە کۆتاییدا دەبێ ئاماژە بەوە بکرێت تا ئەو کاتەی بەرنامەیەکی جیدی و بەرپرسانە بۆ بەڕێوەبردن و کۆنتڕۆلی باروودۆخی ژینەگەیی جیھان دانەڕێژرێ کە کارامەیی ھەبێت، باروودخی جیھان لە کۆنفرانسێکەوە بۆ کۆنفرانسی دواتر ئاڵۆزتر و خرابتر دەبێ، رێبەرانی جیھان پێویستە ئاگاداری ئەوە بن کە گۆڕانی ژینگە لەسەر رژیمی خۆراک، ئاسایشی ئاو و تەندرووستی و ھاتووچۆ و پیشەسازی و ئابووری کاریگەری دادەنێت، بە بێی پشتیوانی بەرپرسانە لە وڵاتانی دواکەوتوو و ھەژار ، تێپەڕاندنی ئەو قەیرانگەلە ئەستەم و دوور لە چاوەڕوانییە.