ڕێبەرێک بۆ لێفێربوون و یادێک بۆ ڕێزلێگرتن

✍ئەسعەد دوروودی

ڕۆژی ٢٩ی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٨٧ی زایینی بزووتنەوەی چەپی کوردستان و کۆمەڵە ڕابەرێکی بیر تیژ و وریا و خۆشەویستی بە هۆی ڕووداوێکی هاتوچووەوە لەدەسچوو.

دوکتور جەعفەری شەفیعی، دوکتوری چەوساوەکانی کوردستان لە چالاکانی خوێندکاریی چەپی کوردستان بوو کە زۆر زوو بە ژمارەیەکی دیکە لە هاوڕێیانی پەیوەست بوو کە ساڵی ١٣٥٧ وەکوو کۆمەڵە چالاکیی خۆی ئاشکرا کرد. دوکتور جەعفەر وەکوو ئەندامێکی ڕێبەرایەتیی کۆمەڵە لە هەموو بوارەکانی خەباتی سیاسیی کۆمەڵەدا لێهاتووی و لێزانیی خۆی سەلماند و جێگەی متمانەی سیاسیی هاوڕێیانی بوو و لە بواری کۆمەڵایەتیشدا هاوڕێیەکی کەموێنە و خاوەن پێگەیەکی دەگمەن بوو. بە شایەتیی هەموو هاوڕێیانی دوکتور جەعفەر خۆشەویستیی ئەو بۆ مرۆڤ بە بەرینی لە هەڵسووکەوتی لەگەڵ هاوڕییانیدا ڕەنگی دەدایەوە. دوکتور جەعفەر لە پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی هەژاردا ڕوانینی سوسیالیستیی خۆی تێکەڵی هەستی ئۆمانیستی قووڵی دەکرد و هەتوانی برینی گەورە و چکلۆلەی ڕەنجدەر بوو.

تێکەڵبوونی دوکتور جەعفەر لەگەڵ خەباتی بەشەکانی دیکەی کوردستان و گرینگیدان بەو خەباتانە لایەنێکی بەهێزی دیکەی خەباتکارانەی بوو. بە تایبەت لە کوردستانی باشوور و بەتایبەتیتر لە لای یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان دوکتور جەعفەر (یان دوکتور عەزیز کە لەوێ بەو ناوە دەناسرا) جێگەی ڕێز و خۆشەویستیی تایبەت بوو و پێش و پاش گیانبەختکردنی زۆرێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی بزووتنەوەی ئەو بەشەی کوردستان باسی دەور و نەخش و دڵسۆزی و بەهانا هاتنی دوکتور جەعفەریان کردووە بۆ خەبات و خەباتکارانی ئەو بەشە. بەرزترین نموونەی ئەو ڕێزگرتن و یادکردنەوانە لەوانەیە هۆنراوەکەی نەمر مامۆستا شێرکۆ بێکەس بێت کە بۆ گەیانبەختکردنی دوکتور جەعفەر نووسیویەتی: دەلالۆ، لالۆ، لالۆ، هەستەوە، هەموو هاتووین بەسەر سەری ئەم هەوارە نوێیەتەوە، وەک شۆڕابەی برژانگ هەڵوەریوی پاییز، گڵمتکی ئاڵ هەڵگەڕاوی سەر مەزارەکەت ماچ دەکەین، دەلالۆ، دەلالۆ، هەستەوە…

دوکتور جەعفەر نووسەر و وتاربێژێکی بەتوانا بوو و ساڵانێکی زۆر بەڕێوەبەری ڕادیۆ کۆمەڵە و گۆڤاری پێشڕەو و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە بوو لەو ساڵانەدا کاریگەریی لێهاتووی و توانای لێکدانەوە و بیر تیژی سیاسیی دوکتور جەعفەر بەو ئۆرگانانەی کۆمەڵەوە دیار بوو. هاوکات لە پەیوەندیی لەگەڵ دنیای دەرەوە و هێز و ڕێکخراوەکانی دیکەدا و دەزگا ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکاندا دوکتور جەعفەر سیمای ناسراوی کۆمەڵە بوو و هەوڵی بۆ ناساندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و کۆمەڵە دەدا و کاری بۆ بەهێز کردنی شۆڕش و بەرزکردنەوەی ناوی کۆمەڵە لەو ڕێگایانەشەوە دەدا.

لەدەستدانی دوکتور جەعفەر خەسارێکی گەورە بۆ کۆمەڵە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و ڕەوتی چەپ و سوسیالیستی بوو. ژیان و خەباتی دوکتور جەعفەر پڕن لە وانەی بەنیرخ و بەسوود کە ئێستاش جێگەی لێفێربوونن، ئێستاش سوسیالیست بوونی، مرۆڤدۆست بوونی، ڕێزی بۆ هاوڕییانی، بیری تیژی سیاسیی و ڕوانینی بۆ پلورالیزم و تێگەیشتن لە جیاوازیەکان و دەیان دەرسی گەورەی ژیانی ئەو ڕابەرە خۆشەویستە کۆمەڵە بۆمان بەجێماون و دەبێ بۆ گەورەکردنەوە کۆمەڵە و ڕزگاری و بەختەوەریی خەڵکی کوردستان سوودیان لێ وەرگرین.

ئای لالۆ گیان لالۆ، نەمردووی هەر ماوی تۆ !