یەکسانیی ئابووری ـ کۆمەڵایەتی بناغەی گەشەی وڵات

✍سەیران مستەفازادە

گرینگیدان بە گەشەی یەکدەستی بەشەکانی هەر ناوچەیەک، پێداویستییەکی سەرەکیی پرۆژەی پەرەپێدانی سەقامگیریی ئینسانی لەو ناوچەیە و بەردی بناغەی هاوسەنگیی بارودۆخی ژیان و لایەنە جۆراوجۆرەکانی پەرەپێدان بۆ هەموو خەڵکی وڵاتەکەیە.

بە هۆی بارودۆخی ناشیاوی ئابووری و نەبوونی دەرفەتی کاری گونجاو و هەروەها گەمارۆکانی ئابووری کە سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران لەگەڵ خۆیان هێناویانە، رۆژ لە دوای رۆژ ئاستی ژیانی خەڵک هاتۆتە خوارەوە و زۆربەی شارەکانی ئێران لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بێ بەش بوون و کەلێنی نیوان چینی هەژار و دەوڵەمەند زۆرتر بووە و توانای کڕینی خەڵک  دابەزیوە. ناوەندی ئاماری ئێران لە تازەترین راپۆرتی خۆیدا بارودۆخی ئابووری و زەریبی چینایەتی تاوتوێ کردووە،  کە بە پێی ئەو ئامارە لە ساڵی ۱۳۹۹، کەلێنی چینایەتی بە قازانجی دەوڵەمەندەکان زۆر بووە و دەوڵەمەند رۆژ بە دوای رۆژدا دەولەمەندتر و فەقیر، فەقیرتر بوون. جگە لە گەمارۆکان، کۆرۆنا یەکی دیکە لە فاکتەرەکانی کاریگەر لە سەر بارودۆخی ژیانی خەڵک بووە. بە پێی ئەو ئامارە، نرخی هەڵاوسان لە ساڵی ۱۳۹۹ گەیشتۆتە زیاتر لە سەدا ۴۵  و ئەوە بۆتە هۆی دروست بوونی نابەرابەری مووچە و گەورەبوونەوەی درزی نیوان چینەکان و، ئاستی کڕینی خەڵک هاتۆتە خوارەوە. کۆرۆنا هەروەها بۆتە هۆی لەناوچوونی زۆربەی کارەکان کە خاوەنی ئەو کارانە زۆرتر لە چینی مام ناوەندی کۆمەڵگان.

بە پێی هەڵسەنگاندنی تەرکیبی لە ساڵی رابردودا، لە بواری بارودۆخی محرومیەت، هەلوومەرجی پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان،خۆراسانی  باکوور، لوڕستان و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەکانی تری ئێران خراپتر بووە. بە پێی ئەو ئامارە سیستان و بەلووچستان زۆرترین نرخی مەحرومیەتی هەیە .

لە نێوان ٨٥ ملیۆن حەشیمەتی ئێران ٢٦ ملیۆن و ۷۰۰ هەزار کەس لە هەژاری و مەحرومییەتدا دەژین. زۆربەی شارەکانی کوردستان لە ریزی ناوچەکانی مەحروم و لە باری ئابوورییەوە دواکەوتوودان. پاریزگاکانی کرماشان، کوردستان و ورمێ لە دوای شەڕی نێوان عێڕاق و ئێران تا ئێستا بە هۆی کەمتەرخەمی و تەرخان نەکرانی سەرمایە لەگەڵ گرفت بێکاری بەرەوڕوون و زۆربەی لاوەکانی کوردستان بە هۆی نەبوونی دەرفەتی شیاوی کار و هەلی دامەزران لە دامەزراوە دەوڵەتیەکاندا بەناچاری روو لە کوڵبەری و کرێکاری لە شارەکانی دەرەوەی کوردستان دەکەن. بە پێی ئامارەکانی فەرمی نرخی بێکاری لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان زۆر لە سەرەوەیە. ئەوە لەحالێکدایە کە پێگەی کوردستان له باری کانگا و زەویی بەپیتە و پێگەیەکی باشی لە رووی بازرگانییەوە هەیە. کوردستان توانایی ئابووری بەرینی هەیە کە بە داخەوە دەوڵەتەکانی ئێران چ پێش کۆماری ئیسلامی ئێران و چ لەسەردەمی کۆماری ئیسلامیدا وەکوو ناوچەیەکی داگیرکراو چاویان لە کوردستان کردووە و بۆ پێشخستنی ئەو ناوچەیە کەمتەرخەم بوون. هێڵی هەژاری لە ئێران مانگانە یەک ملیۆن و ۲۵۴ هەزارتمەنە کە نیشاندەری هەژاریی زۆری خەڵکی ئێرانە. ئاماری نرخی مەحرومیەت و نرخی گرانی و بێکاری پارێزگاکانی لوڕستان و کوردستان زۆرترین رێکۆردیان هەیە .هێڵی هەژاری لە کوردستان  لە سەرەوەی  سەدا ٥٠ یە. زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی حکوومەتی ئێران داهاتەکەیان بەشی ژیانێکی مەمرە و مەژی دەکا و لە هەموو شادی و خۆشی و خۆشبژیوییەک بێبەش و وایلێهاتووە تەنها دەتوانن بیر لە تێکردنی زکی خۆیان و منداڵەکانیان بکەنەوە.