یەکدەنگ دژی سزای سێدارە بۆ پەخشان عەزیزی بوەستینەوە.
دوای ئەوەی لە یەکساڵی رابردوو بێدادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی رەوتی ٤٥ ساڵەی دژ دەسەڵاتی خۆی، سزای سێدارەی بۆ دوو چالاکی سیاسی و مەدەنی کوردستان واتە وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی دەرکرد، لە چەن رۆژی رابردوو سزای ئێعدامی پەخشان عەزیزی لە لایەن دیوانی باڵای دادوەریی رژیمەوە پەشت راست کرایەوەو مەترسی لە سێدارەدانی ئەم چالاکە سیاسییە هەمووانی نیگەران کردووە.
پەخشان عەزیزی رۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی رابردوو لە نزیک تاران دەستبەسەر کرا و لە بەندیخانەی ئێڤیندا بە سەر دەبات. سێدارە یەکێک لە پێناسە هەر دیارەکانی کۆماری داگیرکەری ئیسلامی لە کوردستانە کە زیاتر لە چوار دەیەیە، لاوانی کورد بە تۆمەتی جۆراوجۆر بەرەو پەتی سێدارە دەبات. لە شۆرشی ژینا (ژن،ژیان، ئازادی) ژنانی کوردستان هێما و سیمبۆلی رژیمی دژە ژن کە حیجابی زۆرە ملیی بوو، ئاگر تێبەردا و ئەم ئاگرە بڵێسەی سەند و هەموو ئێرانی گرتەوە. ژنی کورد لە ماوەی دەسەڵاتی ئەم رژیمە لە دژی نادادپەروەری و نایەکسانی و هەروەها لە بزاڤی رزگاریخوازانەی کوردستاندا دەوری گرنگ و بەرچاوی هەبووە و هەیە. بۆیە یەکەم ئێعدامی ژنان لە لایەن کۆماری سێدارەوە لە کوردستان دەستی پێکرد و ئێستاش هەوڵی لە ناو بردنی ژنە تێکۆشەرێکی دیکە دەدات.
.
ئێمە وێڕای مەحکووم کردنی ئەم سزا نادادپەروەرانەیە، داوا له هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنی، پەرلەمانی ئۆروپا، رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و پارەێزەرانی مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان دەکەین ، رێگە نەدەن جارێکیتر سێدارە رۆڵەیەکیتری کوردستانمان لێ بسێنێ. هەروەها داوا کەسایەتییە ئازادیخواز و مرۆڤدۆستەکانی کورد له وڵاتانی دەرەوه دەکەین بۆ گەیاندنی دەنگی کپ کراو و هاواری خنکێندراوی ئەم دو چالاکە ژنە و سەرجەم چالاکانی دیکەی مەحکوم بە ئێعدام به کۆڕ و کۆمەڵه مرۆڤدۆستەکانی جیهان، له هەر ڕێگایەکی گونجاو و کاریگەر کەڵک وەرگرن .
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢١ی بەفرانبار بەرانبەر بە ١٠ی ژانویەی ٢٠٢٥ی زایینی