یاساکانی کار بۆ مناڵان و ژنان لە ئێران نا عادڵانەن

✍پەری.م_سنە

چاو لە هەر بەشەی لە کۆمەڵگای ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەی پڕە لە هەڵاواردن و نابەرابەری. چاوخشاندنێک بە سەر دۆخ و یاسای کار لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی سەرمایەداریی مەلاکان ڕادەی ئەو جیاوازی و چەوسانەوە باشتر ئاشکرا دەکات. بە تایبەت لە بواری کاری مناڵان و ژنان کە زۆرتر لە ژێر گوشاردان و نە لە لایەن خاوەنکارانی کەرت تایبەت و نەک لە لایەن کەرتی دەوڵەتییەوە بە شێوەی دادپەروەرانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ناکرێ.  بۆ وێنە بە پێی ڕاپۆرتە ڕەسمییەکانی ناوەندەکانی خۆدی ڕژیم، بەهای بەشداریی ئابووریی ژنان لە ئێران تەنیا ١١%ە و نزیکەی نیوەی ژنانی خاوەن پیشەش لە بەشە ناحکوومییەکان کار دەکەن. بەشداریی پیاوان لە ئابووریی ئێراندا ٦٣% ە، واتە ڕێژەی پیاوانی چالاک ٥ هێندەی ژنانی چالاکە لە بواری ئابووریدا. لە کۆی ٣٢ میلیۆن ژن کە توانای بەشداری لە کاری ئابوورییان هەیە ٢٨ میلیۆن کەسیان لە بواری ئابووریدا ناچالاکن و لەکۆی ژنانی تەمەن ١٠ ساڵ  بۆ سەرەوە، ١٨.٩%یان خوێندکار، ٣.٦% خاوەن داهاتی بەبێ کارکردن و ٦٠% یان ژنی ماڵەوەن. بە پێی دوایین ئاماری فەرمی بەهای بێکاریی ژنان زیاتر لە ١٩% و زیاتر لە ٢ هێندەی ئاستی بێکاریی پیاوانە. جیاکاری پیشەیی ڕەگەزی، هۆکاری سەرەکیی بەربەستە لە هەڵبژاردنی پیشە بۆ ژنان، هەروەها داهاتی کەمتر، پرەستیژی نزمتر بۆ ژنان وای کردووە کە حەزی ژنان بۆ چوونە ناو بازاڕی کارەوە کەم بێتەوە. سەرەڕای ئەوەی لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئاماژە بە دابینکردنی هەلیکار بۆ ژن و پیاو بە یەکسانی کراوە بەڵام لەو سالانەی دواییدا هێندێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران  بە هێنانەوەی هێندێک بیانووی وەک ئەوەی کە کاری ژنان دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشە خیزانییەکان دژایەتیی کارکردنی ژنان دەکەن. لە حالێک دا کە دەبێ هەموو شارومەندان لەبەرامبەر یاسادا یەکسان بن بەبێ لەبەرچاوگرتنی جێندەر، مەزهەب، بۆچوون، بڕوا، نەتەوە یان بنەڕەت. بە پێی ئەو بەیاننامە جیهانییانەی کە حکوومەتی ئێرانیش واژۆیانی کردووە، یاسا هەڵاواردن لەسەر بنەمای رەگەز، سێکس، ئایین، بنەڕەتی کۆمەڵایەتی، بۆچوونی سیاسیی، زمان یان پێگەی کۆمەڵایەتی قەدەغە دەکات، هەروەها هەر جۆرە گێچەڵێکی سێکسی لە شوێنی کار قەدەغە دەکات. کۆماری ئیسلامی زۆر ناکارا بووە لە جێبەجێکردنی ئەم پرەنسیپانە و ڕێگەدەدات بە خاوەنکار گرێبەستی کرێکار کاتێک تەمەنی دەگات بە تەمەنی خانەنشینی هەڵبوەشێنێتەوە ، کە بۆ ژنان پێنج ساڵ کەمترە. هەڵاواردن لە کار و پیشە رووبەڕووی ژنان، کرێکاری خەڵکی وڵاتانی دیکە (بۆ نموونە ئەفغانییەکان)  و کەمایەتییەکان بۆتەوە. هەندێک سەرچاوە باسی ئەوە دەکەن زیادبوونی ژمارەی کرێکاری ئەفغانی لە شارەکانی ناوەندی ئێران و شاری تاران  کە ئامادەن بۆ ماوەی درێژتر بە کرێی کەمتر کاربکەن، بۆتە هۆی زیادبوونی بێکاری لەناو کرێکارە ئێرانییەکان بەڕێژەی ٣٠ لەسەد، کە زیاتر لە بەر ناچاربوونی ئەو کرێکارانە بە فرۆشتنی هێزی کاری خۆیان بە بایەخی کەمترە و هاوکات سەرچاوەی ڕاسیستی هەیە و پەرە بە دوژمنایەتیی نیوان کرێکاران دەدا. هاوکات هەندێک لە بوارانەی کارکردن کە کەمتر لای شارومەندانی ئێران خوازراون وەکوو کاری تایبەتی کرێکارانی وڵاتانی دیکە چاویان لێدەکرێ  بۆ نموونە کارە خزمەتگوزارییەکان و پیشەسازی خۆراک، ئەمەش بۆتە هۆی لەقاڵبدانی کۆمەڵایەتی.

بارودۆخی یاسای کار

بەپێی یاسای کاری ڕژیم، لانیکەمی موچەی کرێکارێ بە دوو مناڵەوە لە ساڵی ١٣٩٩ بۆ٢٩٠٢٥١٢  تمەن (١٢٠ دۆلار) لە مانگێکدا زیادکرا. یاسا کاتژمێرە ستانداردەکانی کارکردنی رۆژانەی بۆ هەشت کاتژمێر، لەگەڵ یەک یان زیاتر لە پشوویەک کە بگاتە 30 خولەک تا یەک کاتژمێر سنووردار کردووە، هەروەها کاتژمێرە ستانداردەکانی کارکردن لە هەفتەدا ٤٠ کاتژمێرە. یاسا رێگەدەدات بە ئێزافەکاری تا چوار کاتژمێر لە ڕۆژێکدا. لە یاسا جیهانییەکانی کار دا لە کاری پیشەسازیدا، کاری زێدەکی نابێت زیاتر بێت لە یەک کاتژمێری کار لە رۆژێکدا. ڕژیم ستانداردەکانی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی دانانێت. یاساکان ئێژن کە بۆ کاری مەترسیدار و تاقەتپڕوکێن، پێویستە خاوەنکار کاتژمێرەکانی کارکردنی رۆژانە کەم بکاتەوە. یاسا مافی داوە بە کرێکاران بۆ دوورکەوتنەوە لە دۆخێک کە مەترسی لەسەر تەندروسی و سەلامەتیان هەبێت، بەبێ زیان گەیاندن بە کارەکەیان بەڵام ئەم مافە نادات بە فەرمانبەرانی مەدەنی یان کرێکارانی بیانی، کە پێکەوە زۆرینەی هێزی کار لەم وڵاتە پێکدەهێنن.

 

وەزارەتی کار و ڕەفاهی کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی بەسەر پرسەکانی پەیوەست بە یاسای کار، کارکردنی منداڵ، کرێ، پرسەکانی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی، و پەیوەندییەکانی کرێکاراندا هەیە. کارمەندانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی وەزارەت لەسەرانسەری وڵات کاردەکەن ، بەڵام کاربەدەستانی دەوڵەت ڕێنمایەکانی بە کارایی لە بواری کرێ و دۆخی کارکردن جێبەجێ نەکردوون.

چوارچێوەی یاسایی و رێکخستن، هاوشان لەگەڵ ئاستی بەرزی توندوتیژی و نەبوونی ئاسایش لە وڵات، بەرزی رێژەی بێکاریی، کەرتی نافەرمیی گەورە و نەبوونی ستانداردەکانی کار، بوونەتە هۆی دروستبوونی دۆخی خراپ بۆ زۆربەی کرێکاران. برینداربوون لە شوێنی کار زۆر روودەدات، بەتایبەتی لەناو کرێکارانی دەستی. نەبوونی سەرپەرشتی و چاودێری گرێبەستەکانی کار، هۆکارن بۆ هەڵاواردن بەرانبەر کرێکارانی بیانی کە توندتر لە کرێکارانی ئێران دەچەوسێنەوە و بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ. زانیاری کەم بەردەستە لەسەر کۆی ژمارەی کرێکاری بیانی ، ئەگەرچی هەندێک چاودێر دەڵێن کە گروپی گەورەی کرێکاری بیانی هەیە، کە زۆربەیان بە نایاسایی لە ئێرانن، لە شوێنی کار دەژین و کاردەکەن و زۆربەی جار دۆخی کار و ژیانیان زۆر نالەبارە.

قەدەغەکردنی کاری منداڵ و کەمترین تەمەنی کارکردن

لە کاتێک دا کە دەستور و یاسا کارکردنی منداڵ قەدەغە دەکەن، بەڵام  لە زۆر شوێنی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە کەمترین تەمەنی کارکردن نزیکەی ١١ ساڵە. هەرچەند یاسای کار کاتژمێرەکانی کارکردنی سنووردارکردوە بۆ کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بۆ حەوت کاتژمێر لە رۆژێکدا و قەدەغەی کارکردن دەکات لە کاری مەترسیدار بۆ سەلامەتیی جەستەیی و دەروونی کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ. یاسای کار هەرزەکاران ناگرێتەوە (تەمەن ١٥ بۆ ١٧ ساڵ) کە لە کاری خێزاندا کاردەکەن و کاڵا بەرهەمدەهێنن تەنها بۆ بەکارهێنانی خێزان. لەبەرئەوەی منداڵان کە لە کاری خێزاندا کاردەکەن بەدەرن لە هەندێک پاراستن لە یاسای کار سەبارەت بە هەلومەرجی کار، زۆر گۆزارش هەیە کە منداڵان کاری مەترسیدار ئەنجام دەدەن لەو کارانەدا کە خێزان خاوەندارێتیان دەکات.

لە حاڵێک دا کە دەبێ  خاوەنکاران تێچووی ساڵانەی پشکنیکی پزیشکی کرێکاری لاوەکان (١٥ تا ١٨ ساڵان) لەئەستۆ بگرن، بەڵام قەدەغەی بەکارهێنانی منداڵان ناکات لە چالاکی نەشیاودا. لە هەموو ئێران منداڵان لە مەترسیدارترین کارەکاندا و بە بێ ئەوەی پارێزراو بن کار دەکەن.

وەزارەتی کار و رەفاهی کۆمەڵایەتی بەرپرسە لە جێبەجێکردنی یاسای قەدەغەکردنی کارکردن بە منداڵ لە کەرتی تایبەت، هەروەها ئاژانسەکانی جێبەجێکردنی یاسای کار، دەبێ چالاک بن لە بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵان. بەڵام کەلێنی جێدی لە دەسەڵات و کارەکانی ئەو وەزارەتە هەیە کە رێگری لە جێبەجێکردنی یاسای کار دەکا، وەک کەمی ژمارەی پشکنەران و نەبوونی سەرچاوەی ئابووریی پێویست بۆ ئەنجامدانی پشکنین، نەبوونی دەسەڵاتی دیاریکردنی سزاکان، هەروەها کەمی راهێنانی چاودێران کە ئەگەر گەندەڵی بەرینیشی پێ زیاد بکەین دەبینین کە ئەو یاسا و بڕیار و وەزارەتخانەیە چەندە ناکارامە و بێسوودن بۆ پشتیوانی لە کرێکاران.