یاساکانی داعەش لە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی

✍مانی مەلەک

سەرجەم وڵاتانی جیهان بۆ نەهێشتن و بەرەوەڕووبوونەوە لەگەڵ تاوان و تاوانبار کۆمەڵێک یاسا و ڕێسایان هەیە کە لە دادگاکاندا کاریان پێ دەکرێ. لە هەندێک لە وڵاتان بۆ داڕشتنی یاسای دادگاکان و دەزگای قەزایی وڵات کەلک لە ئایین وەردەگرن و بەشێکیان رێگا نادەن ئایین بێتە ناو دام و دەزگاکانی قەزایی وڵات و ببیتە سەرچاوەی دارشتنی یاسا. یاساکانی کتێبە ئایینیەکان جاوازیەکی زۆریان نییە و هیچیان باوەڕیان بە ئاڵوگۆڕی کرداری تاوانباران نییە وەک دەبینرێت لە سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە یاسا لە ئایینەوە وەرگیراوە کۆمەڵێک بڕیار هەن کە لەگەڵ هیچ جۆرە پێوەرێکی مرۆڤایەتی ناگونجێن و خودی یاسا و بریارەکان ئەگەر لێیان بکۆڵدرێتەوە تاوانن و دارێژەرانی یاساکانیش تاوانبارن. کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە رووی ئایینیەوە یاسای توندی بۆ دەزگای قەزایی داڕشتووە و بە درێژایی تەمەنی ئەو یاسا دژە مرۆییانەی لە دژی ئەو کەسانەی لە یاساکان لایانداوە بە کار هێناوە. لە یاساکانی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیدا شتێک بە ناوی مرۆڤایەتی و مافی مرۆڤ نابیندرێ و تەنانەت هیچ یەک لە یاساکان بە پێی تەمەنی تاوانباران دانەڕێژراون. لە هیچ وڵاتێکدا و لە هیچ یاسایکدا ناگونجێت مێرمنداڵان کە تەمەنیان لە ژیر ١٨ساڵە لە سێدارە بدرێن بەڵام دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئەو کارە سەدە ناوەڕاستی و دوور لە مرۆڤایەتیە دەکەن و زۆر جار وەک شانازیەک باسی لێوە دەکەن کە گوایە پێشیان بە تەشەنە سەندنی تاوان گرتووە. پە پێی ئامارەکان لە ساڵی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٠ زیاتر لە ٦٣ مێرمنداڵ لە ئێرانی لە سێدارە دراون.

یاساکانی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لە سەر بنەمای پرەنسیبە ئایینیەکانەوە نوسراون و سەرجەم مافەکانی ژنان بە پێی پێوەرە ئایینیەکان دیاری کراون. لە یاسای کۆماری ئیسلامیدا و لە دەستوردا باس لەوە کراوە کە ژن و پیاو لە بەرامبەر یاسادا یەکسانن بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تەنیا درووشمێکە و لە شوێنێکی دیکە لە یاساکانی حکوومەتی ئیسلامیدا هاتووە ژنان دەبێ بەرامبەر بە پیاوان بە پێی نەریتی ئیسلامی بجوڵێنەوە. هەر وەها بۆ دەرخستنی ئەو راستیە کە ژنان و پیاوان لە بەرامبەر دەستوردا یەکسان نین دەتوانین باسی مادەی ٣٠٠ سزادانی ئیسلامی بکەین سزای ئەنجامدانی تاوانی کوشتن سزاکەی بۆ ژن و پیاو جاوازە واتە ئەگەر پیاوێک ژنێک بکوژێت سزاکەی پێدانی بەهای خوێنە واتە بە پارە تاوانەکەی دەسڕێتەوە بەڵام لە بەرامبەردا ئەگەر ژنێک پیاوێک بکوژێت دەبێ قەساس بکرێت واتە بکوژرێت. نمونەیکی دیکە یاسای بەردبارانکردنی ژنە. ژنێک ئەگەر هاوسەردار بێ و لەگەڵ پیاوێکی دیکە سێکس بکات یاسای ژمارە ١٠٢رێگا بە دادگا دەدات سزای کوشتن لە جۆری بەردباران بەسەر تاوانباردا بسەپێنێت. ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین رێژەی ئەو سزایە تێدا جێبەجێ دەکرێت ئەو یاسایە یەکێک لە ترسناکترین و دژە مرۆییترین یاساکانی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییە. ئەو ژنەی یاسای ئیسلامی بە تاوانباری دەناسێنێ هەتا نیو قەدی بالای لە ژێر گڵ دەکرێ و ئەوانەی بەردبارانی دەکەن بۆیان نیە بەردی گەورەی لێ دەن دەبێ بەردەکان ورد بن بۆ ئەوەی تاوانبار چەندین کاتژمێر ئازاری قووڵ بچێژێت و دوایی بمرێت، بەڵام بە پێچەوانە بۆ پیاوان ئەو یاسایە رێگای دەرچوونی هەیە واتە پیاوێک لە ئەگەری ئەنجام دانی سێکس لەگەڵ ژنێکی دیکە جگە لە ژنەکەی خۆی دەتوانێت داوای جیا بونەوە لە ژنەکەی بکات بەڵام دەبێت مارەیی ژنەکە بدات و لە لایەن دادگاوە بە بڕە پارەیک سزا دەدرێ، واتە بە پێچەوانەی یاسای سزادانی ژنان پیاوان لە زۆربەی کەیسەکاندا بە پارە لە جێبەجێکردنی سزای دادگا دەرباز دەبن. لە راستیدا لە یاساکانی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیدا ژن وەکوو کاڵایک پێناسە کراوە و بە نیوەی مرۆڤێک پێناسە کراوە واتە لە دەنگی دادگا و یاسادا هەر دوو دانە ژن بە یەک پیاو دادەنرێت بە پێی ئامارەکان لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٠ دا ١٥٧ ژن لە سێدارە دراون و لە سەرەتای دەسپێکی ساڵی ٢٠٢١ تا ئێستا ٤ ژن لە سێدارە دراون.

نمونەیکی دیکەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە یاسای بەناو دادگاکانی کۆماری ئیسلامیدا سەبارەت بەو کەسانەیە کە تووشی تاوانی دزی دەبن. دیارە دزی زۆربەی کات ئاکامی باری خراپی ئابووری و پەروەردەی نەشیاوە و تاوانباری سەرەکیی پەرەسەندی لە کۆمەڵگادا دەسەڵات و دەسەڵاتدارانن بەڵام حکوومەتی ئێران کە خۆی هۆکاری سەرەکیی ئەو خەسارە کۆمەڵایەتییەیە، یاسای سزای بۆ ئەو کەسانە کە زۆربەیان قوربانین زۆر لەو کارەی کە تاوانبار کردویەتی نەشیاوترە بۆ نموونە بڕینی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی تاوانبار، بڕینی پای چەپ و لە سێدارەدانی تاوانبار. لە ساڵانی رابردووشدا یاسایکی نوێ زیاد کراوە کە تاوانبار دەبرێتە سەر باڵەخانەیک لە تەلیس دەخرێ و لە قاتی دو و سێ بەستە بە تاوانەکەی فڕێ دەدرێتە خوارەوە. ئەم یاسایانە هەموویان لە یاساکانی سەدان ساڵ لەمەوپێش و لە دەقە ئاینییەکان دەرهێندراون.

یاسا دژە مرۆییەکانی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ئەوەندە زۆرن کە سەرنجی هەموو ناوەندە چالاکەکانی مافی مرۆڤیان لە سەرانسەری دنیا بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە. یاساکانیش زۆربەی جار ئەو کەسانە دەگرنەوە کە توانای کڕینی سزاکانیان یان بەرتیلدان بە قازی و کاربەدەستانی گەندەڵی دادگایان نییە.  لە دادگاکانی کۆماری ئیسلامی هەموو سزایەک جگە لە ئەمنی دەکڕدرێت واتە بە پارە تاوانبار دەرباز دەبێ بەشێکی بە هۆی گەندەڵی لەڕادەبەدەری ناو دەزگای قەزاییە و بەشێکی لە یاسادا هاتووە بەڵام هیچکام لەمانە ئەو کەسانەی بە هۆی سیاسیەوە حوکم دراون ناگرێتەوە.

کاتێک کە داعەش پارێزگای موسڵی داگیر کرد کۆمەڵێک سزای توندی بۆ سەرپێچیکاران لە یاساکانی دیاری کرد و سەرنجی هەموو جیهانی بۆ لای خۆی راکێشا. چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری دنیا هاتنە دەنگ، وڵاتان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لە سەرانسەری دنیاوە هاوپەیمانیی سەربازیان پێک هێنا، بۆ دوو ساڵ گەرمترین هەواڵی سەرجەم کەناڵی ئاسمانی ، رۆژنامە ، تۆڕی کۆمەڵایەتی و رادیۆەکان لە دنیادا تاوانەکانی داعەش بوو کە بەرامبەر خەڵک دەیکرد.  بڕینی دەست و لاقی خەڵک، سووتاندنی نەیارانیان، لە سێدارەدانیان لە ناوەندی شار، شەلاق و دارکاری و سزای جەستەیی ئەو کەسانەی لەگەڵ یاساکانی داحەش نەدەگونجان، ئەمانە یاسا تۆقێنەرەکانی داعەش بوون کە سەرنجی جیهانیان راکێشا ؟ کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاریەوە لە پاش شۆرشی گەلانی ئێران هەتا ئێستا زیاتر لە ٤٢ ساڵە ئەم جۆرە تاوانانە بەرامبەر دانیشتووانی ناوچەی ژێدەسەڵاتی دەکات. قازیەکانی کۆماری ئیسلامی لە دادگاکان بە هەمان دەستوور کار دەکەن کە جەلادانی داعەش کاریان پێ دەکرد.