یادێک لە خانەی موعینی….

کام بسکی ئەم خاکە هەیە تۆی نەکردبێتە یادگار
کانی نییە دەمی نەنابێتە نێودەمی تینووی تۆ و هەناسەی ماندووی شەکەتی ڕێگاکەت هەڵنەمژێ بێ
ئاسمان نییە پڕچی خۆری بە لولەی تفەنگی شانت گرێ نەدابێ و
بە گڕوتینی هەناسەی زەحمەتکێشان،
بە پرشەی دوا گزنگی خۆر، لەسەر چیا نەینووسێتەوە
«پێشمەرگە».
هاوڕێ سەعید موعینی ناسراو بە خانە، ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک بوو، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی هەر لەو شارە تەواوکرد و ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی و پاش وەرگرتنی دیپلۆمی ڕیاضی، بۆ درێژەدان بە خوێندن لە بەشی ئاماری زانکۆی تاران ڕووی لەو شارە کرد. هاوڕێ خانە ئەوەندەی ئەوینداران دڵی بە خوێندن و فێربوونی زانست گەرم بوو، سەد ئەوەندە دڵ و مێشکی گرێدراوی خەباتێک بوو کە بتوانێت دەستی ستەم لەسەر ژیانی هەژاران و زەحمەتکێشانی کوردستان کورت بکاتەوە. بەربەرەکانی گەلی کورد لە دژی داگیرکەرانی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ڕەشی پاشایەتی پەهلەوی، هاندەری لاوی تازە پێگەیشتووی کورد، کاک سەعیدی موعینی دەبێت بەرەو سیاسەت و شۆڕش.
هاوڕێ خانە هەر زوو لەگەڵ هاوبیرانی خۆی پێوەندی دەگرێت و لێبڕاوانە سەرقاڵی کارە تەشکیلاتییەکانی دەبێت، بەڵام چالاکییەکانی هاوڕێ خانە لە چاوی سیخۆڕەکانی ساواک بە دوور نامێنێتەوە و لە ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوی هاوڕێ سەعیدی موعینی لەلایەن دەزگای ساواکەوە دەستگیر دەکرێت و بۆ ماوەی هەشت مانگ بێ سەرو شوێن دەکرێت. هەر لەو سەردەمەدا بە هۆی یەکێک لە ناسیاوانی بنەماڵە، شوێنی زیندانی بوونی کاک خانە بۆ بنەماڵەکەی ئاشکرا دەبێت و پاش هەشت مانگ لە نادیاربوونی چارەنووسی ڕۆڵەکیان، بنەماڵەی کاک خانە دەتوانن چاویان بە هاوڕێ خانە بکەوێت کە بە هۆی ئەشکەنجە و ئازاری جەلادەکانی ساواک نەیدەتوانی بەسەرپێوە ڕابوەستێت و بە دارەمەیت بۆ دیداری خانەوادەکەی ئامادە دەبێت. هاوڕێ خانە بۆ ماوەی سێ ساڵ و شەش مانگ لە ژێر توندترین و وەحشیانەترین ئەشکەنجەکانی ساواک دەمێنێتەوە و لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی، بە بێ ئەوەی ئەشکەنجە و ئازارەکانی ساواک بتوانێت کەمترین زانیاریی پێ بدرکێنن، لە زیندان ئازاد دەبێت. پاش ئەم ڕووداوە هاوڕێ خانە درێژە بە خوێندن دەدات و لە ئەنجامدا بڕوانامەی لیسانسی ئامار وەردەگرێت و بە پێی بڕیاری تەشکیلاتی کۆمەڵە بۆ شاری مەهاباد دەگەڕێتەوە.
بەهاری ساڵی ١٣٥٧ هاوڕێ سەعیدی موعینی لەسەر بڕیاری کۆمەڵە و بۆ بینینی دەورەیەکی عەمەلی لە کار و خەباتی پێشمەرگایەتی ڕەوانەی ناوچە ئازادکراوەکانی باشووری کوردستان دەکرێت. کاک خانە بە ناوی خوازراوی مامۆستا قادر دەبێتە هاوسەنگەری دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هەرێمی ٣ی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بە هۆی لێهاتووی و شارەزایی و هەروەها بە هۆی ناسیاوبوونی بنەماڵەی موعینی لەوان کاک سولەیمان و کاک عەبدوڵڵا موعینی، هەر زوو هاوڕێ سەعید جێگای خۆی لە نێو دڵی هاوسەنگەرانیدا دەکاتەوە، بەڵام بە داخەوە ئەم هاوڕێیەتییە زۆر ناخایەنێت.
بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کاک خانە لەگەڵ ١٧ پێشمەرگەدا بۆ ئەنجامدانی کارێکی تەشکیلاتی دەچنە ئاوایی دڕێ لە ناوچەی ماوەت کە لەوێدا دەکەونە ناو کەمینی هێزەکانی بەعسی عێراق و توشی شەڕێکی دەستەویەخە و نابەرابەر دەبن. پاش شەش کاتژمێر شەڕی نابەرابەر بە داخەوە هاوڕێ سەعیدی موعینی ناسراو بە خانە لەگەڵ ٥ پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە دەستی هێزەکانی بەعس گیانی ئازیزیان بەختی دەکەن.
بەم شێوەیە هاوڕێ سەعیدی موعینی وەک یەکەمین گیانبەختکردووی کۆمەڵە بە خوێنی خۆی بەشێک لە خاکی کوردستان سوور دەکات و بیرەوەری و ڕێبازی خۆی بۆ هاوڕێیانی لە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە بەجێدەهێڵێت. بەرز و بەڕێز بێت یادی هاوڕێ خانەی موعینی.