ھەڵبژاردن بێ ھەڵبژاردن

✍فیرووز مامۆیی

لەم رۆژانەدا یەێک لە سەرنجڕاکێش ترین بابەتان ھەڵبژاردنە گاڵتەجاڕ و فەرمایشیەکەی کۆماری ئیسلامیە، کە بە وتەی تەنانەت خودی پاڵێوراوانی ئەم پۆستەش زیاتر لا نیوەی خەڵکی ئێران تەنانەت ئامادە نین بڕۆنە پای سندووقەکانی دنگدان تا چ بگات بەوەیکە لە نێوان ئەم چەند مۆرە حکومەتیە گەندەڵ و جینایەتکارەدا بیانھەوێ کەسێک ھەڵببژێرن.

بە چاوخشاندنێکی کورت بە سەر دەسەڵاتی ٤٣ ساڵەی کۆماری ئیسلامی بە سەر ئێراندا، دەبینین کە گەلانی بندەست و چەوساوەی ئەو وڵاتە چەندەھا رۆژگارێکی رەش و ناخۆشیان تێپەڕ کردووە و کەڵەکە بوونی ئەم ھەمووە نەھامەتیەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی خولقاندووە، چۆن دەبێتە ئۆقیانووسێک لە نەفرەت و رەق و بێزاریی کۆمەڵانی خەڵک بەرانبەر بەو رژیمە.

ئەگەر سەەرنج بدەینە ئەو قەیرانە مەزنە ئابووریی، کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە کۆماری ئیسلامی قورسایەکەی خستووەتە سەر ژیانی خەڵک، بۆمان دەردەکەوێت کە کۆماری ئیسلامی تا چ ئاستێک دەسەڵاتێکی جینایەتکار و دژە خەڵکیە.

لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی تا ئەمڕۆ، نرخی کەلوپەلە سەرەکیەکانی ژیانی خەڵک نزیک دوو ھەزار قات گرانتر بووە و رۆژ لە دوای رۆژ ئام ھەڵاوسانە بێ سنوورتر دەبێت و سفرەی خەڵک بچووکتر دەکاتەوە، نرخی کرێ خانوو و خانوو کڕین بە میلیۆن قات ھەڵاوسانی بەخۆیەوە بینیوە، ھەموو ژێرخانە ئابووریەکانی ئەو وڵاتە داڕماون و کەرتی پیشەیی و ئابووریی بە تەواوەتی سەقەت بووە و ھەموو رۆژێک بە لێشاو رێژەی بێکاران و کرێکارانی مافخوراو زیاد دەکات، بنەما ئینسانی و ئەخلاقیەکان لە کۆمەڵگای ئێران تووشی خەساری چارھەڵنەگر بووە و بە سەدان ھەزار کەس بە ھۆی کێشەی جۆراوجۆرەوە لە زیندانەکانی رژیمی ئیسلامی بەند کراون و لە چاو ساڵی ٥٧ رێژەی زیندان و زیندانی بە سەدان قات زیادی کردووە و ھەموو رۆژێک تاوان و جینایەت لەو کۆمەڵگایەدا ھەر لە توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان و منداڵان، دزی، شەڕ، مادەھۆشبەرەکان، کێشەی ئایینی و ھتد… روو لە زیاد بوونە و ھۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەش ھەر خودی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کۆماری ئیسلامی وەکوو سەرەکیترین پاڵپشتی تیرۆریسم لە جیھاندا دەناسرێتەوە و ھەر بەم بۆنەوە ھەر کەسێک کە ھەڵگڕی ناسنامەیەکی ئێرانی بێت روانگەیەکی ئەمنیەتی و تیرۆریستی لە سەرە و لەە ھەمان کاتدا ئێران وەکوو یەکێک لە سەرەکیترین مافیاکانی ترانزیتی مادەھۆشبەرەکان بۆ رۆژھەڵاتی ناواڕاست و ئۆرووپا دەناسرێتەوە، پارەی خەڵکی رەشوڕووتی ئەو وڵاتە بۆ تەیار کردن و ھاندانی گرووپە تێرۆریستیەکان تەرخان دەکرێت و داڵدەدانی تێرۆریسم بۆ خراپکاری لە وڵاتانی دیکە و نانەوەی ئاژاوە و پێڕەو کردنی سیاسەتێکی دۆڕاوی نێودەوڵەتی بەشێکی دیکە لە کارنامەی پڕ لا جینایەتی کۆماری ئیسلامیە و ئەم سیاسەتە چەوتە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا نەفرەت و بێزاریی خەڵکی زۆرێک لە وڵاتان لەوانە عێراق، لوبنان، سووریە و ئەفغانستان لە دژی دەستێوەردانە تێرۆریستیەکانی ئێران لەو وڵاتانەی لێ کەوتووەتەوە.

ئەم گرفتە چارەھەڵنەگرانە و سەدان کێشەی ورد و درشتی دیکە، بەرھەمی ٤٣ ساڵ دەسەڵاتی تا سەر ئێسقان جینایەتکار، دیکتاتۆر و تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە بە پشت بەستن بە کوشت و بڕ، جینایەت، درۆ و فریوکاری ئاو رژیمەی تا بە ئەمڕۆ ھێناوە، بەڵام بە ھۆی مافیایی بوونی ئەو دەسەڵاتە و گەندەڵی و شکستی سیاسەتە سەرەڕۆیانەکانی چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی دەرەکیدا، کۆماری ئیسلامی تا لێواری ھەڵدێر و لەنێوچوون پاڵ پێوە ناوە و بە دڵنیایەوە ئەمساڵ بێ رەونەقترین و ساردترین نمایشی گاڵتەجاڕانەی ھەڵبژاردن لەو وڵاتە دەبێ و ئیتر نە ھەڕەشە و گوڕەشەکانی بناژۆخوازەکان و نە زمان لووسی ئیسلاحخوازەکان ناتوانێ خەڵک ڕاکێشێتە پای سندووقەکانی دەنگدان و کۆمەڵانی خەڵکی وەزاڵەھاتووی ئەو وڵاتە بۆ دەرفەتێک دەگەڕن کە نەفرەتی دەیان ساڵەی خۆیان بۆ سڕینەوەی یەکجاریی ئاسەواری دەسەڵاتی رژیمی ئیسلامی خرۆشان بکەن و گورزێکی کوشندە و کاریگەر لە جەستەی لاواز و ڕزیوی ئەو رژیمە بدەن تا ھەم گەلانی بندەستی ئێران و ھەم گەلانی دیکەی ناوچەکەش بە دەست سیاسەتی جینایەتکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ ھەەتا ھەتایە رزگاریان ببێت.