هەڵبژاردنیش ناتوانێ فریای رژیم کەوێ…

✍عەزیز ئاجیکەند

سێزدەهەمین شانۆگەری هەڵبژاردنی  گاڵتەجارانەی سەرۆکایەتی ئێران، بڕیارە لە ٢٨ مانگی جۆزەردان بەڕێوەبچێت، لەدەستوری ئێرانیدا بەپێی ماددەی ١١٣، پۆستی سەرۆک کۆمار، پاش پۆستی ڕێبەر، بە دووەمین پۆستی باڵای دەوڵەتی دادەنرێت و بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی دەوڵەتی لەدەستدایە. . هەڵبژاردنی ئەمجارە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شار و گوندەکانیش.بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتی ئێران لە کۆی ٥٩٢ پاڵێوراو، کە ٤٠ کەسیان ژن بوون، تەنیا ٧ کەسیان وەک پاڵێوراو جێی متمانەی دام و دەزگای رژیمی کۆماری ئیسڵامیی پەسەندکراون. هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا  تا بە ئەمرۆ کە بریارە سێزدەهەمین شانۆی هەڵبژاردنی سەرەک کۆماری بەرێوە بچێ ، بە بەردەوامی دوو کارکردی سەرەکی هەبووە.  یەکەم، شانۆی مەشروعیەتدان بە ڕژیم. هەموو باڵەکانی ڕژیم بە گەورەو بچوکەوە بەقەدیەک پێویستیان بەم شانۆگەریە هەیە. شانۆگەرێک کە دەیهەوێ و مەبەستێتی لە رێگای دەنگدانەوە شەرعییەتێک بۆ دەسەڵاتی خۆی بکڕێ. دووهەم، قاعیدەیەکی تەوافوق لەسەرکراو بۆ دیاری کردنی ئاڕایشی سیاسی جەناح بەندیەکانی نێو خۆی ڕژیم بۆ پارێزگاری کردن لە دەسەڵاتی وەڵایەتی فەقی تاکاتی هەڵبژاردنی دوایی .

پێناسەیەکی کورتی هەڵبژاردن

بە گشتی هەڵبژاردن هێزی بزوێنەری هەر کۆمەڵگایەکە کە خۆی لە چوارچیوەی سیستمێکی دیمۆکراتیکدا پێناسە دەکات . ئەمرۆ هەڵبژاردن بە یەکێک لە گرنگترین پێشکەوتنەکانی سیستمی سیاسی مۆدرێن ناوزەت دەکرێت. سیستمێک کە یارمەتی دەری پێشکەوتنی کۆمەڵگایەو هەنگاوەکانی دیمۆکراسی ئەزموون دەکات . خەڵک دەتوانن لە رێگای مکانیزمی هەڵبژاردنەوە مافی زاتی و سروشتیی خۆیان لە کۆمەڵگەدا لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی جۆری سیستمی سیاسی و یاسا و ڕێساکانی، بە هەڵبژاردنی دەسەڵاتداران و نوێنەرانی خۆیان دیاری بکەن . بۆیە هەڵبژاردن فۆرمێکە لە پڕۆسەی بڕیاردان لە کۆمەڵگە کە تێیدا ئەو کەسانەی دەنگ دەدەن، بڕیاریش دەدەن کە کام نوێنەر بەرپرسیارێتیی ئیدارەی کاروباری گشتی بگرێتە دەست. واتە هەڵبژاردن ئامراز و دامەزراوەیەکە بۆ دیاری کردنی جۆری دەسەڵات لە ناو کۆمەڵگادا .

هەڵبژاردن ئامرازێکە، هاوڵاتیان دەتوانن لە رێگەیەوە، ئەو خەڵکانە هەڵبژێرن کە ئەرکی بەرێوەبردنی وڵات و مومارەسەکردنی دەسەڵات بگرنە ئەستۆ، لەپێناو دابینکردنی سەقامگیریی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و ژیانێکی شایستە بۆ سەرجەم دانیشتوانی وڵات، بێ هیچ جۆرە جیاکارییەکی رەگەزی وهیتر. هەڵبژاردن بریتییە لە رێگاخۆشکردن بۆ گواستنەوەی هەندێک کۆمەڵگا، لە کۆمەڵگایەکی خێڵەکی و سەرەتاییەوە، بۆ کۆمەڵگایەکی مەدەنی و شارستانی، لە کۆمەڵگایەکی نارێکوپێکی بێ سەروبەری عەشایرییەوە، بۆ کۆمەڵگایەکی دەزگایی و خاوەن رێخستنێکی یاسایی. هەڵبژاردن مافێکە لە مافەکانی تاک، بۆ بەشداریکردنی لە ئیدارەدانی کۆمەڵگا. هەر بۆیە ئەم مافە پێویستە بە شێوەیەکی یەکسان بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا فەراهەمبکرێت و کەسی لێ بێبەش نەکرێت. بەڵام لەبەر ئەوەی هەڵبژاردن مافەو وەک مافێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، کەواتە هاوڵاتی بۆی هەیە ئەم مافەی بەکاربێنێت یان بەکارینەهێنێت، ئازادە لەوەی لە سەروەختی هەڵبژاردنەکاندا، دەڕوات دەنگدەدات یان ناڕوات و دەنگنادات، ئازادە لەوەی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات یان بەشداری ناکات.

کەواتە هەڵبژاردن هەم ئەرکە و هەم مافە، ئەرکە بەو پێیەی هاوڵاتی پابەندە بە رایکردنی کاروبارەکانی وڵاتەوە، ئەمەش وا دەخوازێت هاوڵاتی بەشداربێت لە گەشەپێدانی کاروبارەکان. مافیشە بەو پێیەی یاسا دەیبەخشێت بە هاوڵاتی تا بە شێوەیەکی ئازادانە ئەو کەسانە هەڵبژێرێت کە نوێنەرایەتی دەکەن و کاروبارەکانی وڵات بەڕێوەدەبەن، چونکە هاوڵاتی هەر خۆی ناتوانێت ئەو ئەرکانە بەرێوەبەرێت. هەڵبژاردن رەوایەتی دەبەخشێت بە دەسەڵاتی سیاسی تا بۆ ماویەکی دیاریکراو، وڵات بەرێوەبەرن و حەزو ویستی تەواوی کۆمەڵگا بە هەمو چین و توێژەکانییەوە دابینبکەن.

هەڵبژاردن لە ئیرانی ژیر دەسەڵاتی کۆماری ئیسڵامیی دا

بە گشتی هەڵبژاردن ڵە ئیراندا زۆر جیاوازە.  کۆماری ئیسڵامیی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە بە تایبەتی لە ڕێفراندۆمی “کۆماری ئیسڵامیی ئەری یا نا ”  دەرکەوت کە دەسەلاتدارانی تازەی ئێران لەگەڵ ئازادی و بنەماکانی دێمۆکراسیی بە هەموو شێوەیەک ناتەبا ونامۆن و بە هیچ جۆرێ باوەڕیان پێی نییە. لەو کاتەوە تا ئیستا هەر دێ و هەڵبژاردن لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسڵامیی دا بێماناتر دەبێ و بایەخی خۆی وەک چەمکێکی دێمۆکراتیک لە دەست دەدا. بە گشتی لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا، خەبەرێک لە ئازادی بیروراو قسە کردن و ڕاگەیاندن نییە، خەبەریک لە تەشەکول و هەڵسورانی ئەحزابی سیاسی بوونی نییە، هەموو جۆرە دەنگێکی ماف خوازانە بە زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام وڵام ئەدرێتەوە، میکانیزمی هەڵبژاردن، هیچ پێوەندیەکی بە دخاڵەتی ئازادانەی خەڵکەوە نییە لە دیاری کردنی چارەنووسی کۆمەڵگادا. ڕژیم دەیهەوێ بە ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، مۆری مەشروعیەتی هەڵبژاردن لە درێژەی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بدەن.

پاڵێوراوانی پۆستی سەرۆک کۆماریی کە لە فیلتێری شوڕای نیگابانەوە دەرچوون و بریارە هەڵبژێردرێن ، گشتیان کارنامەیەکی پڕلە جینایەت لە دژی خەڵکیان هەیە . ئەگەر هەڵبژاردنی ئازادانە و واقعی بە خەڵک بوایە، خەڵک ئەوانیان دادگایی دەکرد. لە مێژووی ٤٢ساڵەی کۆماری ئیسڵامیی و لە پاش خنکاندنی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئیران بە دژی ڕژیمی شاە و ئەستاندنەوەی دەستکەوتەکانی شۆرش لە ڵایەن کۆمەلێک لە جینایەتکارانی بەدەسەڵات گەیشتوو بە ڕێبەریی مەڵایەکی دواکەوتووی بە ناوی خۆمەینی لە رێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا ، ئەو وڵاتە  حەوت سەرکۆماری بە خۆیەوە دیووە کە ڵێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێدەکەین :

بەنی سەدر یەکەمین سەرۆک کۆماری ئێران، دوای سادقی خەڵخالی ناسروا بە قەسابەکەی کوردوستان، دوهەمین قاتلی شۆرشگێرانی کوردوستان کە بۆ ماوەی یەکساڵ وەک سەرۆک کۆمار مایەوە. ڕەجایی ٢٨ ڕۆژ سەرکۆماریی کرد و کوژرا و پاشان خامینەیی بوو بەسەرۆک کۆمارو بۆ ماوەی هەشت ساڵی ڕەبەق لەو پۆستەدا مایەوە. بە دوای خامینەیی هاشمی ڕەفسەنجان دەبێتە سەرۆک کۆمارو ئەویش بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەسەر کورسی دەسەڵات مەتەقی نەکرد.

بە دوای هاشمی رەفسەنجانی دا موحەمەدی خاتەمی و ئەحمەدی نیژاد دەبنە سەرۆک کۆمار و هەرکامەیان بۆ ماوەی هەشت ساڵ ئەم پۆستە لەدەستی خۆێاندا قورغ دەکەن . هەشت سالیش لەمەو بەر مەڵایەکی تر بە خۆیی وکڵێلیکەوە هات و ئەویش ئەوە بۆ ماوەی هەشت ساڵە لەم پۆستەدا ماوەتەوە .  ئێستاکە کە دوازدەهەمین خوڵی سەرۆک کۆماری بە بشداری ئەو جەنابانە تێدەبەرێن ، ئێمە شاهیدی کوشتن ، لە سیدارەدان ، برسێەتی ، هەژاری ، ئاوارە بوون داسەپاندنی شەرێکی ماڵوێران کەری هەشت ساڵە بەسەر کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و سەرکوبی نەیاران و شەڵاق و زیندانین .

ئێستا کە مەسەلەی بەڕێوەچوونی شانۆگەری هەڵبژاردن کەوتوەتە دەستوری کاری تەقریبەن هەموو سەرانی ڕژیم، لەهەر باڵ و بلوکێک، بەردەوام داوا لە خەڵک دەکەن کە “نابێ لە سندوقەکانی دەنگادان بتۆرێن”. ئەوان بە بیانوی جۆراو جۆر بەردەوام دوپاتی دەکەنەوە کە ” بەشداری کردنی بەرینی خەڵک، نیزام بیمە دەکات”. ئەگەر ئەم قسه‌یه‌ ڕاستە کە بەشداری خەڵک لەم بەناو هەڵبژاردنەدا به‌ووته‌ی ئەوان نیزام بیمە دەکات، کەوایە رێك بەم هۆیەوە خەڵکێک کە لەم ڕژیمە بێزارن نابێ لەم شانۆگەریەدا بەشداری بکەن و ئەم نیزامە دژی خەڵکیە بیمە بکەن. هەڵبەت سەرانی ڕژیم لە ڕێژەی بێمەیلی خەڵک بۆ بەشداری کردن لەم شانۆگەریەدا ئاگادارن و هەموو ئەم هەوڵانەش بۆ ئەوەیە کە بە ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان حاكمیه‌تی خۆیان لەم ڕێگایەشەوە بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتەدا داسەپێنن.

له‌ راستی دا، لە دنیای ئەمرۆدا هەر رژیمێکی دیکتاتۆڕی ناچارە کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی وا پێشانبدات کە خاوەنی پشتیوانەی دەنگی خەڵک و پشتگیری زۆرینەیە. ئەمە سەبارەت بە دیکتاتۆڕی مەزهەبی ئیسلامیش ڕاستە. ئەمرۆ دوای تێپەڕبوونی٤٢ ساڵ حاکمیەت و بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ گەلێک گیروگرفتی سیاسی و ئابووری، ئەم ڕژیمە لە هەر کاتێک زیاتر پێویستی بە دەنگی خەڵکە كه‌ لە ڕێگای بەرپا کردنی وەها شانۆیەکەوە ده‌سته‌به‌ری كات. بەشداری بەرینی خەڵک لەم بەناو ” هەڵبژاردنەدا” ئەم پشتیوانیە دابین دەکات و ڕژیم دەبوژێنێتەوە.

لە سێزدەهەمین خۆلی سەرۆک کۆماریی ئێستادا کۆ مەڵیک پاڵێوراو دەبینین کە هەل هەموویان کۆنە جینایەتکارو خۆین مژی کۆمەڵانی خەڵکن کە ئەمرۆهەمویان بانگەشەی خەڵک بۆ بەشدار کردن و هەڵبژاردنیان دەکەن تا بەڵکوو بتوانن جارێکیتر درێژەبدەن بە تەمەنی پرلە جینایەتیان بدەن .  هەموو راستییەکان ئەوەمان پیدەڵێن کە هەڵبژاردن لە ئێران و لەژێر دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەدا هیچ پێوەندیەکی بە بەرژەوەندی جەماوەری خەڵکەوە نییە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ بە هەر فڕوفێڵێک بووە، کەسانێک له‌ سندوقەکانی دەنگدان ده‌ربێنی، بەڵام بە هاسانی نابێت بتوانێ، خەڵک بکێشێتە پای گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن. خەڵک لە ئێستاوە، دەبێ ئامادە بن کە لێبڕاوانە، بەساتی ئەم بەناو هەڵبژاردنەی ڕژیم، بکەنە شانۆی ناڕەوا بوونی ئەم ڕژیمە. ئەگەر بۆ کولیەتی ڕژیم، گەلێک گرنگە کە خەڵک، بێنێتە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و مۆری مەشروعیەتی هەڵبژاردن لە درێژەی حاکمیەتەکەی بدات، وەحدەت و یەکپارچەیی خەڵکی لە نەچوون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، داسەپاندنی گەورەترین شکەستە بەسەر کولیەتی ڕژیمدا. ئەگەر بۆ گشت باڵەکانی ڕژیم، گەلێک گرنگە کە بەهەر شگردێک بووە، بەشێک لە خەڵک بێننە پای سندوقەکانی دەنگدان، وشیاریی خەڵک و خۆبواردنی لێبڕاوانە و بەرچاویان لە بەشداری نه‌کردن لەم شانۆگەریه‌یدا، شکستێکی گەورەیە کە بە سەر ڕژیمدا داده‌سه‌پێت.

ناکۆکی باڵەکانی حکومەتی، لەسەر چلۆنایەتی دابین بوونی قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆیان و زەمانەتی مانەوەی ڕژیم، هیچ پێوەندیەکی بە بەرژەوەندیی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ نییە. ڕژیم هەر ئەمانجێکی لە بەڕێوەبردنی شانۆی هەڵبژارنی سەرەک کۆماری هەبێت و بیری لە هەر سێناوریۆ و تەگبیرێک بۆ گەیشتن بەم ئامانجەی کردبێتەوە، خەڵکی ئازادی خوازی ئێران دەتوانن بە وشیاریەوە و بە ئیرادەی یەکگرتوانەیان و بە نەچوون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، ئەم شانۆگەری هەڵبژاردنە بکەنە، مەیدانی ڕێسوایی و شکستی ڕژیم.

تا ئه‌و جێگایه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر وه‌ك چۆن ٤٢ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڕێفراندۆمی فریوكارانه‌ و ساخته‌ی “حكوومه‌تی ئیسلامی نه‌ یه‌ك وشه‌ زیاد و نه‌ یه‌ك وشه‌ كه‌م“ی خۆمه‌ینییان یه‌كپارچه‌ بایكۆت كرد و ساڵانی دواتر له‌ زۆرێك له‌ دیمه‌نه‌كانی دیكه‌دا دووپاتیان كرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ سوورتر له‌ ڕابردوو هیچ بایه‌خێك به‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ناده‌ن. ئه‌مجاره‌شیان به‌ نه‌چوونه‌ پای سندووقه‌كانی ده‌نگدان و بایكۆتی به‌رینی، بۆ جارێكی دیكه‌، به‌ ڕژیمی كوشتار و جه‌نایه‌ت، به‌ ڕژیمی سه‌رچاوه‌ی هه‌ژاری و برسییه‌تی و بێكاری، به‌ ڕژیمی په‌ره‌پێده‌ری گیرۆدە بوون بە مادە هۆشبەرەکان و له‌شفرۆشی، به‌ ڕژیمی دزی و گه‌نده‌ڵی و ئیختلاس، “نا“یه‌كی به‌ ته‌وه‌ژم ده‌ڵێن.

بەشداری کردن لەم شانۆی هەڵبژاردنەدا واتە مەشروعیەتدان بە ڕژیمێک کە بەرهەمی سەرکوتی خوێناوی شۆڕشی جەماوەری خەڵکە، واتە مەشروعیەتدان بە ڕژیمێکه‌ کە حەقدەستی ٤ جار لەژێر هێڵی هەژاریدا، بەسەر زۆربەی خەڵکدا سەپاندوە، یانی ڕەوایەتیدان بە درێژەی شەپۆلی ئێعدامەکان، واتە ڕەوایەتیدان بە سیاسەتی ڕەچاوکردنی هەڵاواردنی ڕەگەزی و سوکایەتی هەموو رۆژە لەدژی ژنان، واتە مەشروعیەتدان بە گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوراوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، واتە ڕەوایەتیدان بە درێژەی ستەمگەری نەتەوایەتی، یانی مەشروعیەتدان بە حاکمیەتی ئەفکاری کۆن وگەنیوی مەزهەبی، یانی بەند کردنی مافە فەردی و کۆمەڵایەتیەکانی لاوان، واتە ڕەوایەتیدان بە هەزار و یەک بێبەشی تر.

خەڵکی ئازادی خوازی ئێران، ئەگەر خوازیاری کۆتایی هێنان بەم موسیبەت و بێ مافیانەن، ئەگەر خوازیاری ئازادی و بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی ئاسودەن، ئەگەر خوازیاری باشتر بوون و ئیسلاحی ژیانی خۆتانن، تەنانەت لەژێر حاکمیەتی ئەم ڕژیمەدا، بە نەچوون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، عەزم و ئیرادەی خۆتان بۆ روخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، پێشان بدەن.