گرانی لە لووتکە و گیرفانی بەتاڵ
ژیلا ئەحمەدی
لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەردەوام هەواڵی گرانبوونی کەلوپەل دەبیستین؛ لە دۆلارەوە بگیرە هەتاکوو سەرەتاییترین پێداویستیی ژیانی خەڵک، و هەموو شتێک لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە. بەهۆی ئامارە فەرمییەکانی ئێرانەوە، گرانی و هەڵاوسان مانگانە و خاڵبەخاڵ گەیشتووە بە ٨٩ لەسەد. بەهۆی ڕاپۆرتی سندوقی نێونەتەوەییی پارەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئێران بەرزترین نرخی هەڵاوسانی هەیە و وڵاتی ژاپۆن بە هەڵاوسانی نیگەتیڤی ٠.٢- کەمترین نرخی هەڵاوسانی هەیە لە ئاستی جیهاندا. هەڵاوسان لە سێ تیۆری جیاوازدا باس کراوە: تیۆری کینز، تیۆری فریدمەن و تیۆری مارکس.
لە تیۆریی کینزدا، کە ئابوورناسێکی ئینگلیزییە، هەڵاوسان لەوە دەبینێت کاتێک کە نەبوونی هاوسەنگیی نێوان داواکاریی گشتی و دەرخستنی گشتی هەبێت، یان بەرزبوونەوەی زۆری داواکاری لە کاتێکدا کە بەرهەمهێنان نزمە، و پێشنیار دەکات لەم کاتانەدا دەبێت دەوڵەت بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان پارەی زۆر چاپ بکات و بارستاییی نەختینەیی دەتوانێت هەڵاوسان لابات. بەڵام لە ڕوانگەی فریدمەنەوە، کە ئابوورناسێکی ئەمریکییە، ئەم تیۆرییە و پێشنیارەکەی کینز شکستی هێنا، چونکە لە کاتی هەڵاوساندا زیادبوونی بارستاییی نەختینەیی بە دەستی دەوڵەت، هەڵاوسان زۆرتر دەکات؛ هەڵاوسان دیاردەیەکی پارەییە، چونکە پێویستی بە زیادبوونی چاپی پارە نییە و ئۆتۆماتیک داواکاریی خەڵک دوای ماوەیەک کەم دەبێتەوە و دەبێت خێرابوونی گەشەی پارە و چاپکردنی ڕابگیرێت. فریدمەن پێکهێنەری «مۆنێتاریزم» (monetarism) و برەوپێدەری ئابووریی ئازادە کە هۆکاری جیهانیبوونی ئابوورییە.
لە سێیەمین بیرۆکەدا، کە تیۆری مارکسە، هەڵاوسانی ئابووری ئامێرێکە لە دەستی سەرمایەدار و چینی سەرمایەداردا کە لە کاتی قەیرانە ئابوورییەکاندا هەموو باری گران دەخاتە سەر شانی چینی کرێکار و چەوسانەوە و بە گرانکردنی کەلوپەل و پێداویستییەکان، توانای کڕینی خەڵکی کرێکار و چەوساوه کەم دەکاتەوە و زۆرترین بەشی بایەخی بەرهەمهێنان دەچێتە گیرفانی سەرمایەدار. بە بڕوای مارکس، بایەخی هەر کەلوپەلێک بەڕێژەی کاری کۆمەڵایەتیی پێویست کە بەکار هاتووە بۆ بەرهەمهێنان بەستراوە، یان تێکخستنی هێزی کار و سەرمایە. کاتێک حەقدەستی کرێکار لە نرخی کۆتاییی کاڵادا کەم ئەکرێتەوە، ئەو ڕەقەمەی کە دەمێنێتەوە پێی دەڵێن بەهای بەرهەمی کار کە لە بازاڕدا دەتوانێت تەنیا لەگەڵ کاڵای هاوشێوە بگۆڕدرێت و هیچ هەڵاوسانێک دروست نابێت. بەڵام چونکە سەردەمی کاڵابەکەا کۆتایی پێ هاتووە و پارە نواندەرەی بەهاکانە، سەرمایەدارەکان بۆ چەوسانەوەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بەهای کار و ئیش دێننە خوارەوە و حەقدەستی کەمتر دەدەن و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە توانای کڕین بۆ کرێکار کەم ببێتەوە؛ کەوایە هەڵاوسان نە دیاردەیەکی ئابوورییە، بەڵکوو واقعیەتی جەوهەریی نیزامی سەرمایەدارییە کە بەردەوام دەبێتە هۆی نزمبوونی داهاتی کرێکار و زەحمەتکێش، تا ئەو جێگەیەی کە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و چەوساوه بەرامبەر نیزامی سەرمایەداری شۆڕش دەکەن و ئەیڕووخێنن، و هەوسارکردنی سیستەمی سەرمایەداری تەنیا پێویستی بە نیزامێکی سۆسیالیستییە کە پارە نوێنەری واقعی بەهای کاری کرێکار بێت.
ئەگەر بیەین لەم سێ ڕوانگە و تیۆرییەوە ئێران هەڵسەنگێنین، دەبینین هەڵاوسان لە زۆربەی وڵاتاندا کاریگەریی هەیە لەسەر گەشەی کاروپیشە و ئاوەدانیی بازاڕ، بەڵام لە ئێراندا بە پێچەوانەوە، بەهۆی گرانبوونی کەرەستەی سەرەتایی، سزاکانی ئەمریکا و پێکهاتەی نەشیاوی نیزامی پارە و نیزامی دەرخستن و خواستن، لە کاتی دەستپێکردنی شەڕ و دوای ئاگربەستیش هەر بەردەوام گرانی بەرز بووەوە و هەڵاوسان گەیشتە لووتکە، و دەوڵەت تووشی کەمیی بۆدجە بوو و بەو هۆکارە دەوڵەت بۆ قەرەبووی کەمیی بۆدجە بە شێوازی باجی ناراستەوخۆ نرخی هەموو شتێکی گران کرد. لە کاتی هەڵاوساندا زۆرترین زەرەر بۆ خەڵکی هەژار و فەقیرە و بە سوودی گرووپەکانی پڕداهات و دەوڵەمەندە، چونکە شێوازی باجی ناڕاستەوخۆ لە چینی چەوساوە دەستێنێتەوە بۆ ئاسایش و ڕیفاهی چینی دەوڵەمەند، لە کاتێکدا کە حەقدەست و مووچە هەر وەکوو خۆی ماوەتەوە و تەنانەت کەمیشی کردووە، بەتایبەت بۆ خانەنشینان و بەساڵاچووان. لە کاتی هەڵاوساندا توانای کڕینی خەڵک کەم دەبێتەوە. کاتێ ئاستی گشتیی نرخەکان بەرزدەبێتەوە، هەر یەکەیەیەکی پارە کە بتوانرێت سەرجەم کەلوپەل و خزمەتگوزاریی کەمتری بەدەست بێنێت، دەبێتە هۆی هەڵاوسانی ئابووری کە لایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بەرینی لەگەڵ خۆی هەیە. هەروەها کالابەرگی (کووپۆنی) کە دەوڵەت بە خەڵکی ئەدات، هەر لە گیرفانی خەڵکە کە پێیانی ئەدات؛ پارەی خەڵک لە گیرفانیان هەڵدەگرێت و دووبارە بەناوی کالابەرگەوە دەیرژێنێتە سەر حیسابیان. گرانی بەتایبەت لە بواری خواردەمەنی و سەرەتاییترین پێداویستییەکان و کەلوپەلی زەرووری، گوشاری زۆری خستووە سەر خەڵکی کەمداهات و هەژار.
