کەمبوونەوەی ڕێژەی زاوزێ لە ئێران، مەترسیی حکوومەت و بێ هیوایی کۆمەڵگا

✍مینا نێعمەتی

ڕێژەی دانیشتوانی چالاک واتە دانیشتوانی تەمەنی ١٦ تا ٦٠ ساڵ لە ھەر وڵاتێک پوتانسییەلێکی سەرەکی بۆ گەشەی ئەو وڵاتە لە داھاتوودایە، بە پێچەوانەوە ھەر وڵاتێک دانیشتوانی سەرووی ٦٠ ساڵ تەمەنی, بەشی سەرەکیی ھێرەمی تەمەنی پێی بێنێت وەک وڵاتی پیر و لەکارکەوتوو حیساب دەکرێ.

دیاردەی کەم بوونەوەی ڕێژەی زاوزێ لە جیھاندا پاش شۆرشی پیشەسازی و گەشەی وڵاتان و مودێرن بوون دەستی پێکردووە، کەم بوونەوەی ڕۆڵی کاری دەستی بە ھاتنی تێکنۆلۆژی و گۆرانی ڕۆڵی ژنان لە کار لە ماڵەوە بۆ کۆمەڵگا و بەدەست ھێنانی پیشە و ھەروەھا گۆردرانی یاساکان بە قازانجی ژنان و ئازادتربوونیان کاریگەریی سەرەکی بووە لەو دیاردەیەدا. وڵاتانی پێشکەوتوو ھەوڵیان داوە بە دانانی بەرنامەی گونجا و درێژ خایەن لە بەرامبەر ئەو مەترسییە بتوانن خێرایی پیربوونی دانیشتوانیان کەم کەنەوە، یەکێک لە بەرنامە سەرەکییەکان پرسی ئەمنییەت و ئاسایشی پیشەیی بۆ ژنان بوو کە توانی تا رادەیەک ئەو خێراییە ڕابگرێت.

بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دیاردەی کەمبوونەوەی ڕێژەی زاوزێ بەڵام لە ئێران زۆر جیاوازبووە، سەرەتاکانی دەیەی شەستی ھەتاوی حکوومەت بە دروشمی مناڵی زیاتر ژیانی باشتر حەولیدا رێژەی دانیشتوان بەرێتە سەرێ و تا رادەیەک سەرکەوتوو بوو، بەڵام لەگەل گۆرانکارییە کولتووری و سیاسییەکان و ھەروەھا کێشەگەلی ئابووری، چوونەسەرەوەی ڕێژەی خوێندکارانی ژن لە زانکۆکان و بەدەست ھێنانی پیشە لەلایەن ژنانەوە ئەو ئاراستەیە بەرەوەکەمبوونەوە چوو، بە پێی دوایین ئامارەکان لە نێوان ساڵەکانی ٩٥ تا ٩٩ی ھەتاوی ڕێژەی زاوزێ لە ئاستی ئێراندا لە ٢،٢ ەوە گەیشتۆتە ١،٦٥ ، پارێزگای تاران لە نێوان پێنج پارێزگای کەم زاوزێی ئێراندایە، پارێزگاکانی سمنان بە ١،١١ و مازەندەران بە  ١،١١ و ئەلبۆرز بە ١،٠١ و گیلان ١،٠٣ کەمترین ڕێژەی زاوزێیان بۆخۆیان تۆمارکردوە.

بە گشتی نیرخی زاوزێی لە چوارساڵی ڕابردوو ٢٥ لەسەد دابەزیوە و ھەنووکە ١٠ لەسەر سەدی دانیشتوانی ئێران حەشیمەتی بەساڵاچوو پێکی دێنن ئەگەر بێت و هەر وەا بڕوا ئەو رێژەیە لە ساڵی ١٤٢٠ دا دەگاتە ٣٠ لەسەد بە واتایەکی تر دووئەوەندە دەبێت.

قەیرانگەلی ئابووری و چوونەسەرەوەی ھەڵاوسان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری یەکێک لە ھۆکارگەلی چوونەسەرەوەی تەمەنی ھاوسەرگری و کەمبوونەوەی ڕێژەی زاوزێ لە ئێراندایە، چاوپێخشاندنێک بە ئامارەکانی بانکی ناوەندیی ئێران دەریدەخات ڕێژەی ھەڵاوسان لە ساڵی ٩٩ی ھەتاوی بە بەراوەرد لەگەڵ سالی ٩٨ پەنجا لەسەد زیادی کردوە، ھێڵی ھەژاری بە پێی دوایین ئامارەکان گەیشتۆتە ١٢ ملوێن تمەن و تەمەنی ھاوسەرگیری بۆ ٣٠ تا ٣٥ ساڵ چۆتەسەرەوە.

یەکێکیتر لە ھۆکارگەلی کەمبوونەوەی ڕێژەی زاوزێ لە ئێراندا بێ ھیوایی سەبارەت بە داھاتوە کە خۆی دەبێتە بەستێنێک بۆ خۆپارێزی لە ھاوسەرگیری، ھەروەھا لە ساڵانی ڕابردوو لەگەڵ گۆرانی کلتووری بە ھاتنە ئارای تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و مەیل و داخوازی بۆ ژیانی تاکە کەسی لە کۆمەڵگادا زۆرتر بوە و ئەوەش لە لایەن بنەماڵەکانەوە قەبووڵکراوە، ھەروەھا ڕێژەی خوێندکارانی کچ لە زانکۆکان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو ٣ بەرابەر زیادی کردەوە و ئەوە بۆخۆی ھۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی ھاوسەرگیری بە پێی ئامارەکان زیاتر لە ٥٠ لەسەدی خوێندکاران لە ئاستی باڵادا تەنیا یەک منداڵیان هەیە، یەکێکی کە ھۆکارگەلی کەمبوونەوەی ڕێژەی زاوزێ خەمۆکی، بێ ھیوایی و ئیسترێسە لە ناو بنەماڵەکاندا کە لە باری دەروونییەوە توانای ژن و پیاوی بۆ منالبوون کەم کردۆتەوە.

لە چەن ساڵی ڕابردوو لەگەڵ ھاتنە ئارای پاندێمی کۆڕۆنا لە جیھاندا و زیاتربوونی توندووتیژی و قەیرانگەلی ئابووری نەخوازراو لە ئاکامی ئەو پاندێمییە ڕێژەی زاوزێ کەمتر بووەتەوە و وڵاتانی پێشکەوتوو بە یارمەتیدانی دانیشتوانیان لە باری دارایی توانیویانە تا رادەیەک بەر ھەڵستی ئەو دیاردەیە بدەنەوە بەڵام ئەوەی ئاشکرایە لە ئێران ھیچ پلانێکی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەل پەتاکە دانەنراوە و کاریگەرییەکانی ئەو قەیرانە لەسەر رێژەی زاوزێ حاشاھەڵنەگرە. ھەر ئەو جۆرەی لە سەرەتای وتارەکە ئاماژەی پێدرا ئەمنییەت و ئاسایشی پیشەیی بە تایبەت بۆ ژنان ترسیان لە درووستکردنی مناڵ تا رادەیەک دەشکێنێت بۆ نموونە لە وڵاتانی پێشکەوتوو تا یەک ساڵ دایکان و باوکان دەتوانن لەماڵەوە بن و ئاگایان لە مناڵە کۆرپەکانیان بێت و بەشی زۆری مووچەکەشیان بەردەوام پێدەدرێت.

ئیمکاناتێک بە ژنان دەدرێت کە لەودا ژنان ھەست بەوە ناکەن کە زاوزێی ئەوان کاریگەری لە سەر داھاتوویان دەبێت و پێگەی کۆمەڵایەتییان دەخاتە مەترسییەوە و بەر بە گەشەی تاکە کەسییان دەگریرێت. لە ئێران دۆخەکە زۆر لەگەڵ ئەو وڵاتانە جیاوازە و گۆرانکارییەکان بە قازانجیان نییە و ھیوایەک بۆ چاکتربوونی باروودۆخ بۆ ژنانیش بەدی ناکرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی بە بەڵێنی درۆینەی یارمەتیی ئابووریی ھەوڵی داوە مەیل بە زاوزێ لە بنەماڵەکان بەرێتە سەرێ، بەڵام پرسیار ئەوەیە چ کەسێک بە ھۆی بەڵێنی ئابووریەوە پێی خۆشە منداڵی ببێت؟

خەڵک باروودۆخی ئابووری خۆیان لەبەرچاوە و ھیوایان بۆ داھاتوو لەدەستداوە و بڕوا بەو بەڵێنییانە ناکەن، کۆماری ئیسلامی مەبەستی سەرەکی لە هاندانی خەڵک ئەوەیە کە جیلێکی نوێی بە پەروەردەی ئەو حکوومەتە و لە ژیر کاریگەریی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و خوێندنگەکانی کۆماری ئیسلامی پەروەردە بکرێن بەو هیوایەی ببنە دەسمایەیەک بۆ پاراستنی دەسەڵات، بەڵام ئەوەی حکوومەت پێویستە بیبینێت بۆشایی و قەڵەشتێکە کە لە نێوان ئامۆژگارییەکانی حکوومەت و ڕاستییەکان لە گۆمەڵگا ھەیە و ڕۆژ لە پاش ڕۆژیش خەریکە پەرە دەستێنێت و تا دێت چینەکانی داھاتوو لە داھاتووی خۆیان بە بوونی ئەو دەسەڵاتە نەگریسە بێ ھیواتر دەبن.

ئەم گرفتەش وەکوو زۆربەی هەرە زۆری دەرد و گرفتەکانی خەڵک ڕەگی لە دەسەڵاتی گشتخوازی دواکەوتووی مافیایی ئیسلامیی ئێراندایە و بە نەمانی ئەو حکوومەتە و گەش بوونی هیوای ژیان لە خەڵکدا ڕێگە بۆ چارەسەری ئەو گرفتەش خۆش دەبێ.