✍ئەسعەد دوروودی

سێکسیزم بریتییە لە هەڵاواردن، زوڵم و سوءئیستفادە لە ئینسانەکان لەبەر جنسییەتیان. سێکسیزم دەتوانێ لەسەر ئەو بڕوایە دامەزرابێ کە جنسییەتێک سەرتر و بەبایەختر لە جنسییەتی دیکە دەزانێ. سێکسیزم لە سەر بنجی وشەی ڕاسیزم درووست کراوە کە بە مانای بە باڵا و باڵادەست دانانی ڕەگەزێک بەسەر ڕەگەزەکانی دیکەدا دێ. سێکسیزم لە ڕاستیدا دەکرێ وەکوو ڕاسیزمی جنسییەتی پێناسە بکرێ.

نۆرم و کلیشەکانی تا ئێستەی کۆمەڵگا (بە کۆمەڵگا هەرە پێشکەوتووەکانیچەوە) لە سەر ئەوە بیرۆکەیە دامەزراوە کە ژنان دەبێ جۆرێک بن و جۆرێک بنوێنن و جۆرێک بجووڵێنەوە و پیاوانیچ بە جۆرێکی دیکە. ئەم پێشفەرزانە ئەتوانێ ببێتە هۆی هەڵاواردن و ستەم و خورانی مافی تاکەکانی کۆمەڵگا لە بەر ئەوەی سەر بە جنسییەتێکی دیاریکراون. بە پێی ئەم سەقا (نەزمە) کۆمەڵایەتییە، زۆربەی کات پیاوان شوێن و بایەخێکی باڵاتر و زیاتریان هەیە. دیارە ئەو دیاردەیە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ باری ئابووری و شێوەی دەسەڵات و پەروەردە و زۆر فاکتۆری دیکەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە هەیە و بە پێی ئەو فاکتۆرانە ڕادەکەی بەرز و نزم دەبێ.

سێکسیزم لە ڕاستیدا لە ڕێگەی ئایدیۆلۆژییەکان و شێوازە کۆمەڵایەتی و مادییەکانەوە، دەسەڵاتی باوکسالار و هێژمۆنیی باوکسالارانە بەسەر تاکەکان، کۆمەڵگا و دامەزراوەکانیدا دەپارێزێ.  ئەو دەسەڵات و هێژمۆنییە سەرچاوەی ستەم لە سەر ژنان و ئەو پیاوانەیە کە خۆیان لە قاڵب و کلیشەکانی باوکسالاریدا نابیننەوە. ئەو پیاوانە دەتوانن همۆسێکسوێل، ترانس یان خاوەن جنسییەت یان حەزێکی جنسیی جیاواز لە نۆرمەکانی کۆمەڵگای باوکسالار بن.

ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر ژنان، بەپێی ئەم ڕوانینە چەوتە ژنان و پیاوان جیاواز و پێچەوانەی یەکدین و دەور و ڕۆڵی جیاواز و تەواکەری یەکدییان لە کۆمەڵگا و ژیاندا هەیە. ژنان لاوازن و لە بواری لێکدانەوەی مەنتقییەوە وەکوو پیاوانیان بۆ ناکرێ و بۆیە دنیایان پڕە لە هەست و ناسکیە و بۆ کاری وەکوو ئاگادری و بەخێوکردن دەشێن و کاری وەکوو ڕابەریی سیاسی و بەڕێوبەریی کۆمپانییە گەورەکان و کاری ئاکادمێک لەگەڵ سروشتیان نایەتەوە. بە ئاشکرا دیارە کە ئەو ڕوانینە هەوڵ بۆ بەرگرتن بە دابەشکرانی یەکسانی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە نێوان ژنان و پیاوان دەدا و پارێزەری نەزم و قاڵبی کۆنە.

چەمکی سێکسیزم بۆ شیکردنەوەی ئەو ڕاستییە بەکاردێ کە هەڵاواردن و بەکەمزانینی ئینسان لە سەر بنەمای جنس یان جنسییەت سەرچاوەکەی نەک باری بیۆلۆژیکی مەسئەلەکە   بەڵکوو ڕێگرە کۆمەڵایەتییەکانی سەر ڕێگەی گەشەی ئەو ئینسانانەیە کە لە قاڵبەکانی باوکسالاریدا جێیان نابێتەوە.

با لەو پەیوەندییەدا بیر لە چەن شتی سادە و سەرەتایی بکەینەوە:

  • بۆچی کوڕان لە ڕێگەی گێڕانەوە بیرەوەریی پەیوەندییە جنسییەکانیانەوە (کە زۆربەی جار بە درۆ و بۆ ”خۆ بە پیاو زانین” درووست کراون) دەتوانن خۆیان باڵا و بەهێز و خوازراو بنوێنن بەڵام ئەگەر کچان ئەو کارە بکەن کاریگەریی پێچەوانەی لە سەریان هەیە؟
  • بۆ ئینسانەکان بە بێ ئەوەی بۆیان بێ هەڵیبژێرن و زۆرجار بە پێچەوانەی خواستی خۆیان پێویستە بچنە قاڵبی ژنانە و پیاوانە بوونەوە؟ واتە یان ژنانە بن یان پیاوانە. بۆچی زۆربەی جار کۆمەڵگا ڕێگە بە ئینسانەکان نادا کەسایەتییان بە دوور لە کاریگەریی جنسییەتیان لەسەر ژیانیان، فۆرم بگرێ و ئەو نورمە ژنانە و پیاوانەیە ڕێگە لە گەشە و پێشکەوتنیان نەگرێ؟
  • بۆ چی ئەو ژنانەی بوێرانە باسی خواست و بۆچوون و پێخۆشبوونەکانی خۆیان ئەکەن، قسەکانیان وەکوو بێحەیابوون و بێشەرمبوون دەبینرێ و هەمان کار بۆ پیاوان وەکوو بڕوابەخۆبوون و بوێری حیساب دەکرێ؟
  • لە دونیا مەجازیشدا کە ئێستە بەشێکی بەرچاوی ژیانی خەڵکی داگیرکردووە ئەو نایەکسانی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاکار و وێنە و هەڵسووکەوتی ژنان و پیاوان بە زەقی دەبینرێ.

ئەوی جێی تێفکرینە ئاکامی ئەم جۆر هەڵسووکەوت و کولتوورە لەسەر بڕوابەخۆ و ویست و ئیرادەی کچان بۆ دەربڕینی خۆیان و تەنانەت ئاوات و ئارەزووەکانیان و هەڵبژاردنەکانیان لە خوێندن و کاری داهاتوویاندایە. ئەم کاریگەرییە نێگاتیڤە دەبێتە هۆی دووپاتبوونەوە و درێژەی ئەو کولتوور و بیرە.

بۆ لادانی باوکسالاری و نەهێشتنی ئاکامە نامرۆڤەکانی و ڕزگاربوونی کۆمەڵگا مرۆڤی لەم دیاردەیە پێویستە کولتوور و بیری سیکسیستی و هەموو ئەو دەزگا و دامەزراوە و ئایدیۆلۆژیانەی لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراون، وەلابنرێن.

هەموو ئەو پەروەردە، ئایین، گوتار، وێنە، نوکتە، قسە و هەڵسووکەوت و فیلم و گۆرانی و … ەی لەسەر ئەم بنەما فیکرییە دامزەراون دەچنە خانی سێکسیزمەوە. ئەرکی هەموو مرۆڤێکی یەکسانیخوازە بۆ نەمانی ئەو کولتوورە لە خۆی و دەوروپشتی خۆیەوە دەسپێبکا و بەرهەڵستی ئەو کولتوور و بیرە بێتەوە.