“کۆماری ئیسلامی و تاڵانی سامان و سرووشتی ئێران” لە پەراوێزی گرێبەستی ٢٥ ساڵەی ئێران و چین

✍هێمن بایەزیدپوور

٤٢ ساڵ لەو درووشمانەی کۆماری ئیسلامی پاش ھاتنەسەرکاری سەبارەت بە روانگەی نوێی لە پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە هەڵی گرتبوو تێپەر دەبێت، ناوەرۆکی دروشمەکان لە سیاسەتی “نا بە ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵات” دا خولاسە دەبووەوە، بەلام ئەوەیکە لە ساڵانی ڕابردووە بەدی دەکرێ، پێچەوانە و دژی ئەو درووشمانەیە و ئەوەی دەبیندرێ کویلەتیی وڵاتانی چین و رووسییەیە، دەتوانین سەبارەت بە پێوەندی ئێران لەگەل ئەو دوو وڵاتە ئاماژە بە چەند خاڵی گرینگ بکەین.

١- ھەر لەسەرەتاوە دەبێ ئاماژە بەوە بکرێت ئەوەی بنەرەت و ناوەرۆکی دیپلۆماسییەکی قازانج- قازانج دیاری دەکات، ھاوسەنگی ھێزە، ئەگەر لە پێوەندییەکانی نێوانی دوو وڵات ھاوسەنگی ھێز نەبێت دیارە ھاوکێشەی قازانج- قازانج بۆ قازانجی لایەنێک و زەرەزی لایەنێکی تر قورس تر دەبێتەوە

٢- بوونی سیستەمێکی دێمۆکرات کە ئەساسی دەسەڵات لە وڵاتێک دیاری دەکات راستەوخۆ کاریگەری لەسەر رەوایی بوونی ئەو دەسەڵاتە لەناوخۆ و دەرەوە ھەیە، ئەوەی ئاشکرایە لە ماوەی دەسەڵاتی چوار دەیەی رابردوو کۆماری ئیسلامی بەری بە سەرەتایی ترین مافەکانی خەلک بۆ دەنگدانێکی دێمۆکرات گرتووە و ھاوکات ئەوە بووتە ئەوەی رەوایی خۆی لە ناوخۆ لەدەست بدات و دەسەڵاتێک کە دبێت نوێنەری کۆمەڵگاکەی بێت هەموو ئەو ساڵانە بە زەبری ھێز و ترس حکوومەتی کردووە، ئەو بۆتە ھۆکار بۆ ئەوەی بە ھەر رادەیەک  کە دۆخی سەرکوت و داپڵۆسینی لە ئێران بردۆتە سەرێ ،بەو رێژەیە لە وڵاتانی خاوەن پرەنسیپ و ئوسوولی دێمۆکراتیک دوور کەوتۆتەوە و خزاوەتە باوشی وڵاتانی زلھێز بەڵام نادێمۆکراتیکی وەک رووسییە و چینەوە.

بۆ ئەوەی بتوانین لێکدانەوەیەکی واقیعیتر لە مێژووی ئەو پەیوەندیانە وەدەست بخەن دەبێ ئاماژە بەو خاڵانەی خوارەوە بکەین

١- ھەر لەسەرەتای دەیەی ٨٠ زاینیی و دەستپێکی شەڕی ئێران و عێراق و کرینی چەک و چۆڵی نیزامی لە ئامریکا و ئیسرائیل بە دژی عێراق پۆپۆلیستی بوونی درووشمەکانی سەرەتای دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامی سەلمێندرا

٢- بەتایبەت لە دوو دەیەی رابردوودا و پاش ئاشکرابوونی پیلانی ئێران بۆ بەرھەمھێنانی چەکی ئەتۆمی و ھاوکات سەپێندرانی گەمارۆی ئابووری لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ھەروەھا وڵاتانی ئوروپایی و بە تایبەت ئامریکا کە ئاکامەکەی بوو بە کەم بوونەوەی داھات لە لایەک و دوورکەوتنەوەی لە وڵاتانی رۆژئاوایی. سیاسەتی ڕوو بە رۆژھەلات لە ئێران پەرەیەکی زیاتری وەرگرت، نەبوونی داھات بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە ئێران نەیدتوانی نەوتی خۆی ھەناردە بکات کە ئەوە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بودجەی ئێران دادەنا و، لە لایەکیتروە پێویستی بەرێوەبردنی وڵات ئێرانی ناچار کرد کە روو لەو وڵاتانە بکات

٣- ئەوەی لەو پێوەندیانە دەبیندرێت زۆرتر بە جۆرێک پشتیوانی دارایی و لۆجێستیکییە لە ئێران بە بەھای لەدەست چوونی زەوی و سەروت و سامانی خەڵک و پێشکەشکردنی بەو وڵاتانە، لە مێژووی ئێراندا و بەتایبەت کۆماری ئیسلامی ھەرکات دەسەڵات پشتی لە خەڵک کردووە ھەر بەو رادەیەش رووی لە فرۆشتنی شوێنێکی خۆی بە وڵاتانی زلھێز کردوە، دەتوانیین وەک نموونە ئاماژە بە چەند ڕێکەوتنی ساڵانی پێشتر و چەن ڕۆژی رابردوو بکەین

٤- لەدەستچوونی بەشێکی زۆری داهاتی گۆلی خەزەر بە قازانجی رووسیە و چەند وڵاتی نیشتەجێ لە کەناراوی گۆلی خەزەر:

بە پێ ڕێکەوتنی نێوان ٥ وڵاتی کەناراوەکانی گۆلی خەزەر، بەشی ئێران لە ٥٠ لەسەدی ئەو گۆلە گەیشتۆتە ١١.٢ ، ئەوە یانی لە دەستدانی ٤٠ لەسدی مافی ئێران لە تواناکانی بۆ بەدەستھێنانی داھات لەو گۆلە، ئەگەر بە پێی لۆژیکی سیاسیش بێت ئێران دەبێت ٢٠ لەسەدی بەرکەوتبوایە، بەڵام کۆیلییەتی و نەبوونی پارسەنگی ھێز لە گفتوگۆکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی خۆی و بە تایبەت رووسیە بۆتە ھۆکاری ئەو گرێبەستە کە بە ھیچ شێوەیەک مافی خەڵکی ئێران لە بواری ئابووری و دوارۆژی جیلەکانی داھاتوو نەپارێزراوە

٥-دانی مافی  راوی ماسی بە شێوازی “ترال “یان خود پیشەسازی لە دەریای عومان بە چین کە بۆتە ھۆی مەترسی  لەدەست دانی کاری زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار  بنەماڵەی ماسیگر کە لە کەنارەکانی ئەو دەریایە دەژین  و داھاتەکەیان لە رێگەی راوەماسی  دابین دەبوو.  ڕێژەی ئەو کەشتییە چینییانەی کە پاش ئەو گرێبەستە هێنراونەتە ئاوەکانی ئێران، لە ٢ دانەوە لە ساڵی ١٣٨٨ ی ھەتاوی گەیشتووەتە ١٢٠ دانە لە ساڵی ١٣٩٦، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتری خۆی ئەو رێژەیە ٥٠٠ لەسەد زیادی کردووە، ئەوەی جێگای مەترسییە جگە لەوەی داھاتی زۆربەی راوچییەکان کەوتۆتە مەترسی، تێکچوونی ئێکۆسیستەمی دەریای عومان و ناوچەکەیە لە ساڵانی داھاتوودا.

٥- گرێبەستی ٢٥ ساڵە لەگەڵ چین

چین لە ساڵانی رابردوودا پلانی ئەوەی بووە کە سامانی پاشەکەوتکراوی خۆی کە ٥/٣ ترێلیۆن دۆلارە لە وڵاتانی دیکە بخاتەگەڕ، ئەوە رێگەیەکی ئیستراتژیکە بۆ گەشەی خۆی لە درێژخایەندا، ئەوپرۆسەی وەگەرخستنی سەرمایەیە بە تایبەت لەو وڵاتانە بەرێوەدەچێ کە بژاردەیەکیتریان نییە و ،لە درێژ خایەندا زۆربەی شوێنە گرینگەکانییان کە بۆ گەرەنتی گەرانەوەی سەرمایەی چین بە بارمتە داندراوە داگیردەکرێت، بۆ نموونە لە رێکەوتنەکانی پێشووی ئەو وڵاتە لەگەڵ چەند وڵات وەک زامبیا، جیبۆتی، کۆنگۆ و سریلانکا، کە لە رێگاکانی ئاسن لەو وڵاتانە هەتا بەندەر و ئاو و کارەبا و تەنانەت تلویزیۆنەکانییان داگیر کراوە.

زانیارییەکی زۆر سەبارەت بە  ڕێکەوتنی نێوان ئێران و چین بە شێوازی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بە پێی دوایین زانیارییەکان کە لە گۆڤاری “Petroleum economics “بڵاوکراوەتەوە، چین دەتوانێ بە رێژەی داخوازی خۆی نەوت و گاز لە ئێران بکرێت بەڵام بەھای ئەوانە بە داشکانێکی زۆر و ناوەندی بەهای جیھانی بکرێت، لە لایەکی ترەوە ٢ لە سەر ٣ی پارەکەشی بە کاڵا و شتوومەک بە ئێران دەدات و ١ لەسەر ٣ ی بە پارەی خۆی. بە واتایەکی تر لەو ئالووگۆرەدا لە دۆلار کەڵک وەرناگیرێ، ئەو رێکەوتنە تەنیا لەسەر نەوت و گاز و سەرچاوە ژێرزەوینییەکان نییە بەڵکوو زۆر ژیربینای ئیستراتژیکی دیکە  وەک شارسازی، کارەبا و ئاو و  بەروبوومی ماسی و شیلات و بەندەر و ھتد لەخۆی دەگرێت، لێرەدا جگە لە دەستەوەستانی و لارەملیی حکوومەتی ئێران لەباری ئابووری، وەک پاڵنەرێکی سەرەکی دەتوانین ئاماژە بە ٢ فاکتەری گرینگی تریش بدەین:

-پاڵپشتی سیاسی و مافی وێتۆی چین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

یەکێکی تر لە ھۆکارەکانی کۆیلییەتی بوونی ئێران بۆ چین مافی ئەو وڵاتەیە وەک یەکێک لە ٥ ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ساڵانی رابردوو و پاش گێرە و کێشەی کەیسی ئەتۆمیی ئێران لەگەل ئامریکا و وڵاتە ئورووپاییەکان و ترسی داسەپاندنی سزا بەدسەر ئێراندا و تەنانەت ئەگەری جێبەجێ بوونی بەندی ٧ی ڕێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەگەری ھێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران، ئەگەرچی چەند جارێک چین لەو مافەی خۆی بە قازانجی ئێران کەڵکی وەرگرتووە بەڵام لە ڕابردوودا زۆر جار بینراوە کە لە کاتێک چین بە پێوەستی زانیوە پشتی ئێرانی بەرداوە و لەو مافەی خۆی بە قازانجی ئێران کەڵکی وەرنەگرتووە، بۆ نموونە دەتوانیین ئاماژە بە ساڵی ٢٠٠٦ و گەمارۆکانی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر ئێران بکەین .

-ئینتێرنێت، و کۆنترۆلی زیاتری فەزای سایبێری

چین مێژوویەکی دوور و درێژی لە سەرکوت و بەستنی فەزای سیاسی خۆی لە ھاووڵاتییەکانی ھەیە، ئەوەش بۆتە پاڵنەرێک بۆ ئێران بۆ ئەوەی لە ئەزموونەکانی ئەو وڵاتە بۆ کۆنتۆلکردنی نارازییە سیاسییەکانی خۆی بە تایبەت لە بواری ئینتێرنێت کەڵک وەرگرێت، بە پێی ئەوەی لەو گرێبەستەدا ئاشکرا کراوە چین نەوەی G5 دێنێتە ئێران ھەروەھا موتۆری گەرانی خۆی وەک جۆرێک،google  ئیمەیل و تۆری کۆمەڵایەتی تایبەت دادەمەزرێنێت، ھەروەھا GPS و تەبلێت و موبایلی خۆی لە ئێران بڵاودەکاتەوە، بە واتایەکی تر کونترۆلی دژبەرەسیاسییەکان بۆ داموودەزگای سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی لە فەزای سایبێری بە یارمەتی چین زۆر ئاسانتردەبێتەوە، زۆر لە کارناسان تەنانەت ئامانجی سەرەکی بۆ ئەو گرێبەستە لەو مەبەستەدا خولاسە دەکەنەوە.

لە کۆتاییدا دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت لە وڵاتێک کە دەسەڵات مەشرووعییەت یان خود رەوایی خۆی نەک لە خەلکی خۆی، بەڵکوو بە زۆر و ترساندن بەدەست ھێناوە و پاراستنی مافی دەستە و تاقمێکی دەسەڵات لەو سیستمە تۆتالیتێرە لە قازانجی گشتیی خەلک گرینگترە و سیستەم لە ھەموو تواناکانی وڵاتەکەی بۆ راگرتنی دەسەڵات و مانەوەی خۆی کەڵک وەر دەگرێت، بینینی ئەو جۆر پێوەندییانە و فرۆشتنی سامان و داھاتی وڵات چاوەروانکراوە و لە داھاتووشدا دووبارەبوونەوەی ئەو گرێبەستانە ئەگەرێکی پێشبینیکراوە.