کۆماری ئیسلامی لە لێواری ڕووخاندا

✍مانی مەلەک

بەشی دوو

پاش چەند مانگ لە دەسپێکی ساڵی تازە لە ئێران و پێویستی دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی بە بوودجە و پارەی دیاری کراوی ساڵانە بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانیان دەوڵەت و بانکی ناوەندی کە بەرپرسن لەو بابەتەدا ڕوبەڕوویی کۆمەڵێک گرفت و کێشەی گەورە بونەتەوە لەوانە گشتگیریی پەتای کۆرۆنا ، گەمارۆکانی ئەمریکا ، هەرەشەکانی رێکخراوەی ئێف ئەی تی ئێف ، گەندەڵی لە ئیدارات و چەندین کێشەی گەورە لەم چەشنە. بۆیە لەگەڵ تێپەر بوونی چەند مانگ لە ساڵی تازە هێشتا نەیانتوانیوە بە گوێرەی پێویست بودجە و پێداویستی دام و دەزگاکان و ئیدارات دابین بکەن بە تایبەت پێداویستی و پارەی مانگانەی ئەرتەش و هێزە نیزامییەکان،  ئەوەش بوەتە هۆکارێکی گرینگ کە تەنانەت ئەو بەشەی دانیشتوانی ئێران کە پارێزەری کۆماری ئیسلامی بوون و بەشێکی زۆریان چەکدار و دەرەجە دارن ببنە رەخنە گر و دژایەتی سیاسەتەکانی بکەن و پۆل پۆل واز لە کارەکانیان بێنن لە گەڵ هەموو ئەمانە خولی دوازدەهەمی سەرۆکایەتی کۆمار، لە  ئێراندا رو لە کۆتاییە و مەودایکی کەم ماوە تا هەڵبژاردنەکانی خولی سێزدەهەمی سەرۆکایەتی کۆمار.

لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی پێشویی  کۆماری ئیسلامیدا کە حەسەن ڕۆحانی بوو بە سەرۆک کۆمار لەگەڵ هاتنە سەر کار و دیاری کردنی کابینە نوێیەکەی کۆمەڵێک دروشمی گەورە و خەیاڵیان بە خەڵکدا کە گوایە کلیلی چارە سەری هەموو نەهامەتی و گرفتەکانی کۆمەڵگا و ژیانی خەڵکیان پێیە و لە ماوەیکی کوورتدا هەموو شتێک چارەسەر دەکەن بەڵام گەر بە کورتی چاوێک بە سەر کارکردیاندا بخشێنین بۆمان دەر دەکەوێ کە نەک کێشە و گرفتەکانی خەڵک و کۆمەڵگایان چارەسەر نەکرد بگرە دەیان بەرابەر دۆخەکەیان لە هەموو بوارێکەوە خراپتر کرد گەندەڵی لە دام و دەزگاکانی کۆماری ئیسلامیدا چەندین بەرابەر بوون ، ژیان و گوزەرانی خەڵک هاتە نزمترین ئاست لە ماوەی سەد ساڵی رابردودا ، هەژاری و بێکاری گەیشتە لووتکە ، تەمەنی گیرۆدە بووان بە مادە هۆشبەرەکان گەیشتە دوازدە ساڵ ، زیندان و بەندیخانەکان پڕ بوون لە رەخنەگران و ئازادیخوازان و هەزاران گرفت و نەهامەتی دیکە لەگەڵ هاتنە سەرکاری دەوڵەتی بە ناو هیوا و تەدبیر بەرۆکی خەڵکیان گرت.

ئێستاش لەگەڵ نزیک بونەوەی وادەی شانۆی هەڵبژاردنەکان دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە دوای رێگا چارەیکدا دەگەڕێن بۆ بەشداری گەلانی ئێران لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا لە بەر ئەوەیکە بە درێژای تەمەنی کۆماری ئیسلامی هیچ کات وەک ئێستا سەرجەم گەلانی ئێران و چین و توێژەکان بە یەک دەنگ و بە ئاشکرا بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدانیان نەکردووە و هیچ کات تا ئەم رادەیە بێ هیوا نەبوون زۆربەی شرۆڤەکارەکان لە سەر ئەو باوەڕەن کە  لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا کەمترین رێژەی بەشداری دەبێ لە چل ساڵی ڕابردودا .

هۆکاری ئەم بایکۆتە سەراسەریە دەگەڕێتەوە بۆ خراپی لە ڕادەبەدەری باری گوزەران و ژیان، گوشار بۆ سەر نەتەوە ژێردەستەکان، لە سێدارەدرانی کۆمەڵێک لە لاوان لە بەر چالاکیی سیاسی و ناڕەزایەتی دەربڕین، ماندووبوونی خەڵک لە وادە و دروشمە درۆینەکانی سەرۆک کۆمارەکانی پێشوو، دەرکەوتنی ئەو بەڵگانە کە نیشان دەدات سروەت و سامانی خەڵکی ئێران  دەدرێ بە حزبۆڵا ، حەشدی شەعبی ، حۆسیەکان و گرووپە چەکدارە تیرۆریستەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی  لە کاتێکدا کە خەڵک لە خراپترین دۆخی ئابووریدا ژیان بە سەر دەبەن و چەندین هۆکاری دیکە .

کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا دوو رێگای گرتووەتە بەر بۆ دەرباز بوونی لەم دۆخەی ئێستای کە بێگومان لە هیچکامیاندا سەرکەوتوو نابێ یەکەم پلانی ئەوەیە کە بەر لە هەڵبژاردنەکان گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەر ئێران نەمێنن و دۆخی ئابووری خەڵک تا ڕادەیەک باش بێ و لەم رێگایەوە خەڵک بێنێتە پای سندوقەکانی دەنگدان بۆ ئەو مەبەستەش ماوەی زیاتر لە مانگێکە دیپلۆماتکارەکانیان ناردووە بۆ ڤیەن کە بە خەیاڵی خۆیان ژێر بە ژێر و بە ناوجیکاریی وڵاتانی بەشدار لە بەرجام و بە تایبەتیش ڕووسیا پێش هەڵبژاردنەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئیدارەی بایدێن بگەنە رێککەوتن و گەمارۆکان لابەن بەڵام ئەوەیکە لە ماوەی رابردودا لە هەڵوێستەکانی بەرپرسانی ئیدارەی بایدێن بیسراوە دەرخەری ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر رێککەوتنیش بکرێ پرۆسەیکی چەند مانگە دەخاینێ بەو بۆنەوە کە پێشتر ئەمریکا بە کەم کردنەوەی رێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم رازی دەبوو بەڵام ئێستا کۆمەڵێک مەرجی تازەی بۆ کۆماری ئیسلامی دیاری کردووە لەوانە ئازاد کردنی زیندانیە ئەمریکاییەکان و ئێرانییە ئەمریکیەکان کە لە زیندانەکانی ئێرانن و گەڕانەوەیان بۆ ئەو وڵاتە، بابەتی مافی مرۆڤ، راگرتنی بەرنامەی مووشەکیی سوپای پاسداران و دەسبەردانی سوپای قودس لە گرووپە تونداژۆکانی  لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و راگرتنی ناردنی هاوکاری ماڵی و تەسڵێحاتی بۆ ئەو گرووپانە .

بە دڵنیاییەوە ئەم مەرجانە کە ئیدارەی بایدێن لە بەرامبەر لابردنی سەرجەم گەمارۆکان بۆ کۆماری ئیسلامی دیاری کردووە لە لایەن دارێژەر و بریاردەری سەرەکیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و تیمی دیپلۆماتکار واتە عەلی خامنەیی قەبووڵ ناکرێ و رەت دەکرێنەوە کە واتە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا رێککەوتن ناکرێ و ئەم پلانەی بۆ دەربازبوونی لەو دۆخەی کە تێکەوتووە سەر ناگرێ و لە لایکی دیکەشەوە رێکخراوی ئێف ئەی تی ئێفیش لەمپەرێکی گەورەیە لە بەر دەم کۆماری ئیسلامی . پلانی دووەمی کۆماری ئیسلامی پشت بەستنە بە چین و ڕووسیا بەڵام لە راستیدا ئەوەیکە بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە ئەو دوو دەسەڵاتە تەنیا بەرژەوەندیی خۆیان بۆ گرینگە. سیاسەتی ئەو دوو وڵاتە وایە گەر هاوکاری کۆماری ئیسلامیش بکەن لە بەرامبەردا چەندین بەرابەر سودیان ئەوێ وەک چۆن لە ئێستادا لە پێش چاوی دنیا  وردە وردە خەریکن شارەکان و تەنانەت دەریاکانی ئێران داگیر و تاڵان دەکەن بەڵام لە کۆتایدا لە توانایاندا نییە کۆماری ئیسلامی لەو دۆخەی کە تێکەوتووە دەرباز بکەن ئەو دوو دەسەڵاتە بەرژەوەندیی خۆیان ناکەنە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی حکوومەتی ئێران. کە واتە هیچ کام لەو دوو پلانەی کە دایانڕشتووە بۆ دەربازبوون لە دۆخەکە و، کاری بۆ دەکەن سەر ناگرێ و کۆماری ئیسلامی بە تەواو مانا لە لێواری ڕووخاندایە و هیچ دەسەڵاتێک و هیچ جۆرە سیاسەت گۆڕینێک ناتوانێ ئاڵوگۆر بە سەر دۆخەکەدا بێنێ.