کۆماری ئیسلامی بە “تەوەکول” نابێتە فریادڕەس
ئارام مودەڕیسی
لە رۆژانی رابردوودا کورتە فیلمێکی ئێرانی بە نێوی “تەوەکول” بڵاو بووەتەوە کە تیشکی خستۆتە سەر ڕووداوەکانی هێرشی داعش و بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپە تێرۆریستییە و، لە نووسینی فیلمنامەکەدا وێرای بەرجەستەکردنەوەی ناواقیعیانەی ڕۆڵی حکوومەتی ئێران و بە تایبەت تێرۆریستی ناسراو قاسم سولەیمانی، بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان کۆمەڵێک تۆمەت و سووکایەتی ناڕەوایان ئاراستەی هێزی پێشمەرگە و کەسایەتییەکانی کورد کردووە. بڵاو بوونەوەی ئەو کورتە فیلمە بە تایبەت لە نێو خەڵکی کوردستاندا کە لە نزیکەوە بەشدار و ئاگاداری ڕووداوەکانی ئەو قۆناغە لە شەری بەرەنگاربوونەوەی دژی داعش بوون، شەپۆلێکی بەرینی لە نارەزایەتی لێکەوتۆتەوە. هەرچەند سەرکونسوولی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر لە وەڵامی داوای ڕوونکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بێ ئاگایی خۆی و دەوڵەتەکەی لە بەرهەمهێنانی ئەو کورتە فیلمە دەربڕی، بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکانی نێو کورتە فیلمەکە و ئەو ئامانجەی کە دیارییان کردووە بیپێکێ، زۆر بە ڕوونی دەریدەخات کە لە لایەن ناوەندەکانی ستراتیژیک و لە ئاستی سەرەوەی بڕیاردان لە حکوومەتی ئیسلامیدا ئەم فیلمە بە سازکردن دراوە.
حکوومەتی کۆماری ئیسلامی کە لە سەر بنەڕەت و بناغەی دژایەتی و دوژمنایەتی نەتەوە جیاوازەکان و بە تایبەت نەتەوەی کورد دامەزراوە، یەکەم جاری نییە کە لە چوارچێوەی پرۆژەی ئاسمیلاسیۆنی نەتەوەی کورد هەم بە مەبەستی سووکایەتی پێکردن و هەمیش بۆ شاردنەوەی شکستی سیاسەتەکانی لە کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر پەلاماری مێژوو، کلتوور و کەسایەتی و، هێما و سیمبولە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەدا. کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای خۆسەپاندنی بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا بە کۆنترۆڵکردن و بە دەستەوە گرتنی سینەما ،ئەم بوارەی هوونەری کردە چەکی ئامانج و سیاسەتە قیزەونەکانی خۆی و لە رێگای سازکردنی دەیان فیلمی وەک “کانی مانگا”، عقابها”، “ساوەڵان”، “فراز از زندان”، “چ”، “دۆڵەتوو” و”شور شیرین” و هتد… وێرای سووکایەتی بە نەتەوەی کورد و شێواندنی ڕاستییە مێژووییەکان، حەولی داوە شکستەکانی بەرامبەر بە گەلی کورد پەردەپۆش بکات. سووکایەتی ئاشکرا بە ژنی کورد، مۆسیقا، جل وبەرگ و داب ونەریتی کوردانە و لەم دواییانەش کورتە فیلمی گاڵتەجارانەی “تەوەکول” درێژەی هەر ئەو شێوازە جۆراوجۆرانەی دوژمنایەتی بەرامبەر بە گەلی کوردە.
سازکردن و بڵاوکردنەوەی فیلمی تەوەکول کە بێگوومان دوایین کاری لەوچەشنە نابێ و، بەرجەستەکردنی رۆڵی جینایەتکار و تێرۆریستێکی وەک قاسم سولەیمانی وەک پاڵەوان و هێمای رزگاریدەر، هەوڵێکی ئاشکرایە لەسەر نەزۆکبوونی خەونەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە. هەر لە سەرەتای راپەرینی گەلی کورد لە کوردستانی باشوورەوە کۆماری ئیسلامی هەموو رێگا و ئامرازەکانی بە چۆک داهێنانی ئەم پارچەیەی کوردستانی تاقی کردەوە. گەلێک پرۆژەی هاوبەشیان لەگەڵ باقی داگیرکەرانی ناوچەکە لەدژی گەلی کورد بەرێوە برد، بە هاندان و تەماح وەبەرنان و گەلێک پرۆژەی رواڵەتی و فریودەرانە هەرگیز نەیتوانی ورەی خەباتکارانەی گەلی کورد لەم پارچەیەی نیشتمان لاواز بکا، هەرگیز نەیتوانی ئێلیتی کورد بەرەو خۆی راکێشێ و کوردستان بکاتە ڕێرەوی بەسەرەنجام گەیاندنی پرۆژەی هیلالی شیعە، شوێن پەنجەی نگریسی لە سازکردنی دووبەرەکی و نانەوەی ئاژاوە لە نێوان هێز و لایەن سیاسیەکانی کوردستان بە زەقی دەرکەوتووە. کۆماری ئیسلامی لە بەرهەمی شاعیران ونووسەرانی نیشتمانپەروەر و خاوەن هەڵویستی کوردستاندا، نازناوی “کۆماری سێدارە”ی وەرگرتووە. بە گشتی سەرەرای تێچوویەکی زۆر ئەو ڕژیمە هەروا بێزراو و قوبووڵنەکراوە و، ئەوەش دەسەڵاتدارانی ئێرانی تووشی شڵەژانێکی قووڵی دەڕوونی و پەنگخواردنەوەی قینێکی ڕووخینەر بەرامبەر بە گەلی کوردستان کردووە.
کۆماری ئیسلامی ئێران وەک داڵدەدەر و پاڵپشتیکاری سەرەکی تێرۆریزم لە ناوچەکە دەناسرێ و بە پێی گەلێک ڕاستی حاشاهەڵنەگر و بەڵگەنەویست ئەو ڕژیمە ساڵی ٢٠٠٣ و پاش لێدان و دەرپەراندنی گرووپی تێرۆریستی ئەنسارولئیسلام لە لایەن هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، داڵدەدەری سەرەکیی پاشماوەکانی ئەو گرووپە بوو، و سەرەرای دابینکردنی شوێنی مانەوە و ڕاهێنان و هاوکاریی سەربازی و لۆجستیکی، پردی پێوەندی نێوان سەرکردەکانی ئەو گرووپە و باقی گرووپە جیهادییەکانی سوننی لە پاکستان و ئەفغانستان بوو. کۆماری ئیسلامی سەرەرای جیاوازیی ئایینی لەگەڵ ئەو تاقم وگرووپە تێرۆریستییانە ،سیاسەتی دوژمنکارانەی خۆی لە دژی خەڵکی کوردستان لە رێگای پەنادان وپرچەککردنی ئەو گرووپانەوە دەبردە پێش. لە لایەکی ترەوە و زۆر پێش سەرهەڵدانی گرووپی داعش، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی سیاسەتی دوژمنکارانەی بەرامبەر بە وڵاتانی رۆژئاوا و بە تایبەت ئامریکا، عێراق و سووریە و لوبنانی وەک بەرەکانی پێشەوەی شەر چاو لێدەکرد و،گەلێک تاقم وگرووپی شیعەی وەک “عەسایبی ئەهلی حەق” و “رێکخراوی بەدەر” و “کەتیبەکانی حیزبوڵڵا”ی پر چەک کردبوو. سەرهەڵدانی داعش ئەگەر بە شێوەی ڕاستەوخۆش دەستی کۆماری ئیسلامی تێدا نەبووبێ کە لەوبارەوە ئاماژەکان ئەستۆپاکیی کۆماری ئیسلامی ناسەلمێنن، بەڵام هەلێکی زۆر لەباری رەخساند کە ئەو ڕژیمە خەونی بە شیعەکردنی پانتاییەکی بەرینی عیراق و ناوچەکە بێنێتە دی و پاش فتواکەی سیستانی، ئێران هەموو هیزی خۆی خستەگەر بۆ جێگیر کردنی تاقم و گرووپەکانی نزیک لە خۆی لە نێو رێکخستنەکانی حەشدی شەعبی و، لە رێگای پرچەککردنی ئەو گرووپانەوە هەم رێژەیەکی بەرچاوی چەک وچۆڵی کۆن وتەقەمەنی بێکەڵک فرۆشت و، هەمیش ئامرازەکانی تۆڵەسەندنەوە و خاشەبڕکردنی شوێنکەوتووانی ئاینزای سوننەی لە عیراق دەستەبەر کرد. بەجۆرێک جینایەت و کوشتاری گرووپەکانی سەر بەو ڕژیمە لە ناو حەشدی شەعبی، ڕێک هاوشیوەی درندەیی چەکدارانی داعش بوو. پاش کەوتنی موسڵ و هاوسۆزی بەشێکی زۆری دانیشتوانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ داعشی سوننەمەزهەب و، پێشرەویی داعش بەرەو بەغدا، پەلاماردانی کوردستان شتێکی چاوەروان نەکراونە بوو. زۆربەی چاودێرانی سیاسی لەسەر ئەو بروایە بوون کە سەرەرای ئەوەیکە زۆرینەی دانیشتوانی کوردستان سوننە مەزهەبن، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە بە ڕوونی دیاربوو لە لایەن ناوەند و دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ناوچەکە و لەوانە ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن و مەبەستەکانی خۆیانی پێ جێبەجێ دەکەن، ئەوە پێشکەوتن و بنەماکانی ئازادی و دێموکراسی و پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی خەڵکی کوردستان لە لایەن ئەوانەوە بە ئاسانی قبوڵ ناکری و، دەبنە ئامانجی پەلاماردانی ئەم گرووپە رادیکاڵە تووندئاژۆیە و هەرواش بوو. بۆیە لەگەڵ پەلاماردانی کوردستان وداگیرکردنی هێندێک ناوچە، ئەزموونی کەوتنی موسڵ و نەفرەتی خەڵکی سوننەمەزهەبی ئێران لە دەسەڵاتی شیعە، ترسی خستە دڵی دەسەڵاتدارانی تارانەوە و، ئەگەریش هاوکارییەک کرابێ لەو سۆنگەیەوە بووە نەک دۆستایەتی یان بەرگریکردن لە کوردستان و دانیشتوانەکەی. بە بەرچاوی هەموو دنیاوە ئەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسیەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان و، هاوکاری و پاڵپشتیی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بوو کە دێوەزمەی داعشی تێکشکاند نەک فەرماندە دۆڕاو و چەک و چۆڵە کۆن و بێکەڵکەکانی کۆماری ئیسلامی. لەکەس شاراوە نییە ئەگەر بەرچاوڕوونی سەرکردایەتی کورد و ورەی پۆڵاینی خەڵک و ئازایەتی کەم وێنەی پێشمەرگە و هاوخەباتی و هاوپشتی کوردان و پاڵپشتی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئامریکا نەبوایە، ئێستا پێتەختی وڵاتانی ناوچەکە و تەلبەندی سنوورەکان ئاوا نەبوون.
ئەم نهێنییە گەورەیەی کۆماری ئیسلامی توورە و هەراسان کردووە، ئازایەتی و رۆڵی بێ وێنەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە کە هەم لە مێژووی پر لە سەروەری خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کورد لە چوارپارچەی کوردستان نواندوویەتی و،هەمیش سەرسام بوونی ئەو هێزانەیە کە لە مێژووی خەباتی خەڵکی کوردستاندا چ وەک یارمەتیدەر و چ وەک پەلاماردەر لە نزیکەوە هەڵمەت و ورەی رۆڵەکانی کوردیان بینییەوە. کۆماری ئیسلامی دەمێکە هەر لە شەر و خۆراگریی بێ وێنەی هێزی پێشمەرگە لە حەماسەی خوێناوی شاری سنەی قارەمانەوە هەتا حەماسەی کۆبانی و نەورۆزی راپەرینی گەلی کورد لە شکاننەهاتوویی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی هەست پێکردووە.پلاندەران و هاندەرانی سازکردنی ئەو فیلمە بێ ناوەرۆکە بۆ شاردنەوە و هێورکردنەوەی ئەو گرێ دەڕوونی و شڵەژانەی خۆیان پەنایان بۆ سازکردنی وەها فیلمێک بردووە کە خۆراگریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بێ پشتیوانی هیچ وڵاتێکی هاوپەیمانی پێشووی و تەنیا بە چەکی دەستی هێزی پێشمەرگە تووشی کردن ئەو کاتەی بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکی کوردستان و بۆ داگیرکردنی کوردستان بە هەموو هێز و توانای خۆیان و بە فەرماندەیی قاسم سولەیمانی و دەیانیتر بە پێشکەوتووترین چەک وچۆڵی سەردەم لووتیان شکێندرا.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی رۆژلەگەڵ رۆژ پێگەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست لاواز دەبێ و گۆرەپانی تەراتێن و هەرەشەوگورەشەی لە دەوڵەتانی ناوچەکە بەرتەسکتر بووەتەوە و دەبێ.قاسم سولەیمانی وەک خدری زیندەی شیعە وحکوومەتی ئێران،زۆر ئاسانتر و هەرزانتر لەوەیکە بیریان لێدەکردەوە بوو بە خۆڵەمێش و لە ناوچوو.بێگوومان مەرگی قاسم سولەیمانی بە مانای کوێر بوونەوەی گەلێک ئیمکان و کورتبوونەوەی دەستی کۆماری ئیسلامییە لە ناوچەکە و بە ئاشکرا پرۆژەی هیلالی شیعە تووشی گرفتی جیددی بووە.تێچووی ئەم سیاسەتی شەرنگێزانە و دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی بە ژیانی رۆژانەی خەڵکی ئێران دراوە و،سازکردنی فیلم وسناریۆی لەم چەشنە بۆ شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی ئەم شکستە ئابرووبەرانەیەی دەسەڵاتدارانی ئیسلامییە لە ناوچەکە. ئەوەی بە هیچ سناریۆیەک و بە هێچ هێزێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ناسردرێتەوە و بە لارێدا نابرێ خۆراگری و بەرگریی بێ وێنەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە بەرامبەر بە گرووپی داعش و داگیرکارییەکانی.سەروەری خەڵکی کوردستان و پاراستنی خاکەکەی بەرهەمی خوێنی هەزاران پێشمەرگەی قارەمان و ماندووبوون و فیداکاری دەیان هەزار رۆڵەی گیان لەسەردەستی ئەم گەلەیە نەک فرۆفیشاڵی فەرماندە دۆراوەکانی سپای پاسداران. کۆماری ئیسلامی تەنانەت بەزەیی بە سەرکردەکانی خۆشیدا نەهاتەوە و لە پێناو چەواشەکاری و شێواندنی ڕاستییە مێژووییەکانی گەلی کورد بە سازکردنی فیلمێکی لەم چەشنە بە نێو”پاڵەوان”ەکانی خۆی هێنایە سەر مێزی قومارێکی لە پێشدا دڕراو و ئەوەندەیتر لەبەر چاوی جەماوەر قیزەونی کردن. نارەزایەتی و بێزاری خەڵکی کوردستان بەرامبەر بەو کردەوە گاڵتەجارانەیە قووڵایی نەفرەتی پەنگخواردووی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە داگیرکەران و رادەی خۆشەویستی و رێزی کەسایەتییە سیاسی و مێژووییەکانی کوردستانی بە ڕوونی دەرخست.جاریکیتر خەڵکی کوردستان نیشانیان دا کە سەرەرای جیاوازی بیرورا و هەر ەرخنە و تێبینییەک دوژمنان و داگیرکەران ناتوانن بە چەواشەکاری لەمجۆرە پەرە بە دووبەرەکایەتی و ئاڵۆزی و ئاژاوە بدەن. بۆیە گەلی کورد سەربەرزە بە فیداکاری رۆڵەکانی و لێهاتوویی و ژیریی رێبەرانی خۆی و براوەی راستەقینەی گۆرەپانی خۆراگریی شۆرشگێرانە هەر گەلی کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستانە.
ماوەتەوە بڵێین: نە مێژوو بە کورتە فیلم چەواشە دەکرێ و،نە کۆماری ئیسلامی بە “توەوکول” دەبێتە فریادڕەس.