ئەفسانەی سیاهکەل، هەتاو کێڵانی جەنگەڵ

✍د.دامون_مەریوان

دەپڕووکێن لە شاخ و شار دا، شەتڵی خەون .

فەرەیدوون ئەرشەدی

بەرینە بەستێنەکانی هەڵفڕین،

کە فڕیون جوامێران

تا ئاسۆەکانی بەڵێن

بە شاباڵی نارنجەک .

دژوارە ئەم ڕێگا تازەیەت،

دەزانم !

کە هەوری و جامانە و

گیانی خۆت

لە ملی زەمانە ئاڵاوە .

دەپڕووکێن لە بەفری شاخ و قیرتاوی شەقام دا،

هەزاران شەتڵی خەون،

گەر بەڵێنی نەورۆزیت

تەنیا برووسکەیەک بێت

لە هەورێکی دڕدۆنگی

نە شاری و نە کوێستانی !

ئیستا کە پەنجا ساڵ بە سەر حەماسەی سیاهکەلدا تێدەپەڕێ، هێشتا لای هەر شۆڕشگێڕێک کە هەستی بۆ ئازادی و ڕزگاری بێت زامەکەی تازەیە و هەر ڕۆژ خوێنی سووری ئەو گیانبەختکردووانە لە دەمارەکانی لەشی دا جووڵە ئەکەن و دڵی خەوتووی کۆمەڵگا خەوەر دەکەنەوە. سیاهکەل دەسپێکی خەباتی چەکداریی بزووتنەوەی چەپ لە ئێران بوو کە لە ١٩ی ڕێبەندانی ١٣٤٩ لە دارستانەکانی سیاهکەلەوە دەسی پێکرد و ١٣ چریکی فیدایی گیانی ئازیزیان بەخت کرد. دەمەو ئێوارەی شەهید بوونی ئەو تاقمە تێکۆشەرە، کرانەوەی ئاسۆیەکی نوێ لە مێژووی خەباتی خەڵکی چەوساوە لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی دیکتاتۆری پەهلەوی بوو. شەڕێکی پیرۆز دەستی پێکردبوو، هیوای سووریان قەڵاچۆکردنی بندەستی و بەگژداچوونی چەوسانەوە بوو. کۆمەڵێ ئیسانی شۆڕشگێر و خاوەن بڕوای بەرز گیان لەسەر دەستان بۆ بەدیهنانی دونیایەکی باشتر گیانیان بەخت کرد.

ئەوان عاشقانە و سەرمەستی ئازادی بە لێبردوویی هەست و نیستی خۆیان گرێدا بوو بە داهاتوویەکی ڕوون بۆ هەموو مرۆڤەوە، دڵیان بۆ شۆڕشگێڕان و شۆڕشی جیهانی  ڵییدەدا، سەرکەوتنی شۆڕش لە هەرکوێ ئەم جیهانە  شادی دەخستە دڵ، هەرس هێنان و تێکشکانی هەر جووڵانەوەیەک دەبوو بە  کۆسپ بۆ هەمووان.

شۆڕشگیرانی ئەو سەردەمە پاکترین و خاوێنترین هەڵبژاردەی کۆمەڵگاکانی خۆیان بوون، بەڕاست ئەوان لە بەرەی تیشک و “آفتاب کاران” ی جەنگەڵ بوون.

کاتێ خەوەری داستانی پڕ لە حەماسەتی جەنگەڵ گەیشتە شار و ڕۆژنامەکان، هەستی کۆمەڵانی خەڵکی بزواند. هێڕشی گرووپێکی چکۆلەی چریکی بۆ سەر پاسگایەکی ڕژیم، هیزی گەریلایی شۆناسی ئەفسانەیی بە خۆوە گرت. ئەو کارەساتە دوو کاریگەری گرینگی بوو، ڕووناکبیر و خەڵکانی وشیار بە شوورێکی ڕۆمانتیکەوە هەست بە زیندوو بوونەوەیان دەکرد و خەڵکی ئاساییش دوای ئێعدامی ئەو ١٣ گیانبازە شۆکە ببوون. گۆلە بارانی بە کۆمەڵ و دەسبەجێ ئەو چریکانە ئەوەی بۆ خەڵک دەرخست کە ئەمە مەسئەلەیەکی جیدی و گرینگە و شا لێ هەراسان بووە.

گرێدانی خەباتی شار و شاخ و جەنگەڵ، هەر چەن لە یەکەم دەسپێکی دا بە ڕواڵەت تووشی شکست هاتبوو، بەڵام بوو بە هەوێنی خەباتێکی جەماوەری لە هەموو ئێران.سیاهکەل بوو بە ڕێنمایەک بۆ تەشکیلی سازمانی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران کە تا چەندی دەیە وەک ئەزموونی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێرانە ، کۆمۆنیستی و چەکداری درێژەی هەبوو.

ئەو داستانە دەوامی هەمان شۆڕشێ بوو، کە تێیدا سمایلی شەریفزادە، سولیمانی  موعینی و مەلا ئاوارە بە دامەزراندنی کۆمیتەی ئێنقلابیی حێزبی دێمۆکرات  و یەکەم هەنگاوەکانی بزاڤی چەپ لە کوردستان  لەرزەیان خستە جەستەی داگیرکەران. لە لۆرستان دۆکتر ئەعزەمی و لە جنووب و بەلووچستانیش هەمان ئاگر ڕووناکی بەخشی بە شەوی تاریکی نووستن و ستەمی چەوسێنەران. ڕاستی و هەڵەکانی ئەو جۆرە خەباتە بمێنێتەوە بۆ مێژوو و کاتی خۆی. بەڵام تەیفوور بەتحایی لەو بارەوە دەنووسێ: گەمارۆی شارەکان لە ڕێگای دێهاتەوە کە تێزی مائۆ بوو لە چین سەرکەوت. بەڵام لە زوففار سەرنەکەوت. شۆڕش بۆ شۆڕش لە کوبا سەرکەوت و لە ئێران شکستی هێنا و…

من پێم وایە تئۆرییەکانی خەباتی چەکداری ساڵەکانی ٥٠(چریکە فیداییەکانی گەل)لە ئێراندا دەبێ زۆر بە وردی چاوی پێدا بخشێندرێتەوە. گومانم لەوە هەیە کە بانگەوازکەرانی ڕاسان ئەو کارەیان کردبێ و هۆی شکستەکەیان بە وردی لێکدابێتەوە. بۆ نموونە زۆر دەگوترێ و دەگوترێتەوە و تەنانەت شێعری پێدا هەڵدەڵێن کە ئەمە گرێدانی خەباتی شاخ و شارە. ئەم تئۆرییە یەکێک لەو تئۆرییانە بوو کە ئەوکات لەنێو فیداییەکاندا هەبوو و هەر بەوە دەستیان پێکرد. ڕووداوی سیاهکەل کە ڕاست وەکوو ڕووداوی سەرەتای ڕاسان لە یەکەم هەنگاودا زەربەی کاریی لێکەوت، ئەو ڕێگای لێگرتن. دوایە دوو تئۆریی دیکە کەوتە بەر باس. تەنیا لە شاخ یان تەنیا لە شار. کە ڕەوتی ڕووداوەکانی پاش سیاهکەل خۆبەخۆ تئۆریی شاری سەر خست. ئێستا بە گەورەبوونەوەی شارەکان و گرێدراویی گوندەکان بە شارەوە ئەم تئۆرییە زیاتر جێگای تێڕامانی هەیە.

تئۆری تەنیا لە شاخ نەتەنیا لە سیاهکەل بەڵکوو پێشتر لەکوردستان (گروپی ئاوارە و شریفزادە و…ساڵی ٤٦ ی هەتاوی) بە تاقی کرابووەوە و شکستی هێنابوو. تئۆری شاخ و شار لە بنەڕەتدا تێزی تۆپامارۆیە لە بێرزیل. هێزی پارتیزان لە شاخ و گوندەکان و تەشکیلاتی نهێنی لە شار.

خاڵی لاوازی ئەو جۆرە کە خۆیان دوایە لێکدانەوەیان لەسەر کرد ئەوە بوو کە ڕێژیم هاسانتر دەستی دەڕوا پارتیزانەکانی شاخ سەرکوت بکا و خەڵکەکەیان لێ بڕەوێنێتەوە (خەڵکی جوتێر تا ماوەیەکی دیاریکراو دەتوانێ بەرەنگاری بکا. دوایە یان پشت لە هێزی چەکدار دەکا یان کۆچ دەکا) ئەمە بوو بە هۆی شکستی تۆپامارۆ. ئەم تاقیکردنەوە لە باکووری کوردستانیش لەم ئاخرانەوە کرا.

لەلای ئەوان کە ڕارەوانی هەتاو بوون، مەبەست ئەوە نەبوو کە سەردەکەوەن، ئامانج ئەوە بوو کە بە سیستیمی دیکتاتۆری وابەستەی بەهلەوی تێگەیێنن ئەوان ڕۆحی وڵاتی داگیرکراوی چەوساوەن، بە خوێنی خۆیان زاخاوی مێشکی تەزیوی گەلەکەیان دەدەنەوە کە کۆڵ نەدەن. هێشتا خوێنی ئاڵی جەنگەڵکاران وشک نەبووبوو، کۆمەڵیکی دیکە لە پارتیزانان کە ئەوانیش هەر ڕیڕەوانی ئەستێرە سوورەکان بوون، بێ ئیدەعا  گیان لە سەر دەست ئاڵای خەباتیان بەرز ڕاگرت.

کۆمەڵەش هەر لەو ساتانە و بە هێمەتی کۆمەڵێ خەباتکاری چەپی کورد چاوی بە دۆنیا هەڵێنا. هۆی  دەسپێکی شۆڕشی سوور و  ئەفسانەیی سیاهکەل لە باکوور و لە سەر ڕچەی خوێنی ڕژاوی ئەو شەهیدانە چریکی فیدایی ئێران دروست ببوو و کۆمەڵەش لە کوردستان.

یادی ئازیزیان کە ڕێگای پڕ لە شانازی سوسیالیزم یان بۆ هەمیشە لەم وڵاتە ڕووناک کردەوە بەرز و بەڕێز بێت.