کوشتنی ژنان ، مانشێتی ڕۆژانەی میدیاکان

سنور حەنیفی پوور

ژنکوژی دەستەواژەیەکی تاوانی ڕق و کینەیە کە بە گشتی بە کوشتنی بە ئەنقستی ژنان یان کچان پێناسە دەکرێت ، هەرچەندە پێناسەکان بەپێی چوارچێوەی کولتووری جیاوازن .لە ساڵی ۱۹۷٦ کە سەردەمی مۆدێرنە ، ئەو وشە بەم شێوە پێناسە دەکرێ “کوشتنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە چونکە ژنێن ” .هەندێکیش جەخت لەسەر مەبەستی ئەو کارە دەکەنەوە بە تایبەتی ئاراستەی ژنان دەکرێت چونکە ژنێن . حاڵەتێکیتریش کە هەیە کوشتنی ژنان لە لایەن ژنانەوەیە . ئەم یاسای دژی ژنکوژی لە شیلی لە ساڵی۲۰۱۰پەسەند کرا . بە پێی ئاماری جیهانی سێ لە کۆی دەی کاریگەری توندوتیژی لەسەر ژنان دەگرێتەوە ، و بە مەزەندەکردن ۱۳.٥%ی کوشتنەکان لە سەراسری جیهاندا هاوبەشە کارییەکانیان دەگەڕێتەوە ، کە بەشێکی بنەمای ڕەگەزی هەیە .نەیاران دەڵێن ٨۰ % قوربانیانی کوشتن نێرن و کەمترین مێن . بەڵام هاوبەشە نزیکەکان دەڵێن ٤۰ % قوربانییەکان ژنێن بە بەراورد بە ٦% لە کوشتنەکان پیاوان تێدا دەکوژرێن . دەستەواژەیەکێ بەدیل کە پێشکەش دەکرێت بریتیە لە ڕەگەز کوژی ، کە زیاتر بە دووفاقی و گشتگیر دادەنرێت . بەڵام هەندێک لەفمێنیستەکان دەڵێن کە زاراوەی ژنکوژی بابەتی تابۆی ژنکوژی زیاد دەکات و هێزی بێدەنگ کردنی بەردەوامی پێکهاتەی باڵادەستەکانی پیاو لە کۆمەڵگادا نیشان دەدات . زۆربەی ژنکوژیەکان لە ماڵەوە ڕوودەدات ، واتە توندو تیژی خێزانی ، کە لە باربردنی هەڵبژێردراویش دەگرێتەوە . هەر وەها کوشتنی ژنان لە ژێر چەندین ناو و پاساوی جۆراوجۆر وەک پاراستنی شەرەف یەکێک لە بەربڵاوترین دیاردە کۆمەڵایەتییەکانە کە بە پەی ئامارەکان ساڵانە ژمارەیەکی زۆری ژنان بەدەس هاوسەر یان باوک و کەسوکارەکانیان دەکوژرێن . بەشێکی بەرچاو لە ژنانی قوربانیش کە کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن هۆکاری خۆکوژییەکەیان بۆ ئەو ترس و دڵەڕاوکێ دەگەڕێتەوە کە بە هۆکارێکی دیاریکراو بەرامبەر بەو پیاوانەی ناو ژینگەی ئافرەتەکەدان . هەڵکشان و ڕێژەی کوشتنی ژنان و هەروەها ناچار کردنیان بە خۆکوشتن بۆ چەندین فاکتەر و هۆکار دەگەڕێتەوە کە یەکێک لەوانە و بە بڕوای من یاسا و ئەو قانونانەیە کە سزای بکوژانی ژن دەدات . ئەگەر یاسا کەمتر خەم نەبێ و پاڵپشتی ژنان بێت وبکوژانی ژن سزایەکی قورس بدات بە دڵنیاییەوە کوشتنی ژنان بۆ ئاستێک باش دادەبەزێ و ئەو کات کەمتر گوێمان لە کوشتنی ژنان دەبێت بە هەر پاساوێک بێت . دووەم هۆکار حکومەت زۆر کەمتەر خەمە سەبارەت بە کەیسی کوشتنی ژنان یا خۆکوژی ژنان لەبەر ئەوەی ئێستەیش باس لەو کیسانە نەکراوە و بەدواچونی بۆ نەکرا .ئەرکی گرنگی حکومەت لەمبارەوە پشتیوانی و پەیڕەوکردنی یاسایە بۆ پارێزگاریکردن لە ژنان . سێهەم هۆکار دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیاری و تێگەیشتنی ژنان سەبارەت بە مافەکانی خۆیان و قەبوڵ نەکردنی عەقڵیەتی پیاو سالاری ، کاتێک ژن مافەکانی خۆی ناسی و لەوەیش دڵنیا بووەوە کە یاسا پشتیوانی لێدەکات ڕێگر دەبێت لەوەی ببێتە قوربانی . لەم بوارەشدا بە دڵنیاییەوە ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی ژنان بۆ هۆشیارکردنەوە و پێگەیاندنیان بەرچاوە . هۆکارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ هاوسەرگیری ناتەندروست و زۆرجار زۆرەملێ کە لە لایەن بنەماڵەوە بەسەر ژنان پەیرەو دەکرێت کەئەمەش هۆکارێکە بۆ ڕوودانی توندوتیژی خێزانی و قوربانی بوونی ژنان . ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هۆکارێکن بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی و کوشتن ، ئەوەیش کاتێک کە بە خراپترین شێوە کەڵکی لە وەردەگیرێت دەبێتە شوێنێک بۆ فریودانی ژنان و کچان کە زۆر حاڵەت هەبووە ئافرەتی قوربانی بۆ ئەوەی وێنە یان ڤیدیۆکەی لە بەرامبەر چاوچنۆکی پیاوێک بڵاونەبێتەوە دەست بۆ خۆکوژی دەبات یان لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی نهێنییەکانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەوا بە دەستی باوک و براو و هاوسەر سزای مەرگ دەدرێت . ئەگەر سەیری ئەم فاکتەرانە بکەین تێدەگەین هۆکاری ئەم هەموو کوشتنە دەگەڕێتەوە بۆ قەبوڵ نەکردنی مافی ژنان لەلایەن دونیای پیاوسالاریەوە لە بەر ئەوەی هەم یاسا هەم کۆمەڵگا هەم ئایین هەم نەریتەخراپەکان هەم بنەماڵە هەمووی پاڵپشتیانە بۆیە کەمترین دەرفەت بۆ مافەکانی ژنانی تێدا بەدی ناکرێ .ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ پەروردەی غەڵەت و ناتەندروست ، ئەگەر هەر لە داینگەوە منداڵەکان لە هەردووڕەگەز فێر بکرێن و پەروردەیەکی جوان بکرن تا ڕێز لە مافی یەکتر و بیروڕای یەکتر بگرن و هەروەها هۆشیاری بدرێتە دایک و باوکان تا چۆن جیاوازی دووڕەگەز نەکەن و هەردوو ڕەگەز بە باشترین شێوە و بێ جیاوازی مەعامەلەیان لەگەڵ بکرێ دڵنیام کوشتنی ژنان کەم و کەمتر دەبێتەوە . بە هیوای ئەوەی چیتر ھەواڵی ژنکوژی نەبێتە مانشێتی میدیاکان و بەھیوای بەدیهێنانی پەروەردەیەکی جوان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا .