کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری … ڕەزا کەعبی

به کەوتنەخوارەوە (یا خستنەخوارەوەی) هێلیکۆپتری رەئیسی و وەزیر دەرەوەی کابینەکەی، سناریۆی خامنەیی و سپای پاسداران بۆ کەڵکوەرگرتن له دۆخەکە و هیدایەت و موهەندیسیکردنی دەستپێکرد، یان دەتوانێ کوشتن یا کوژرانی رەئیسی بەشێک یا سەرەتای سناریۆکە بێت. بەیتی رەهبەریی و سپا بە لەبەرچاوگرتنی ئاستەنگەکانی رژیم له ناوخۆ، بەربەرەکانێی خەڵک، کرێکاران، گەڵان و ژنان و مەقاومەتی جەماوەریی له دژی رژیم و قوڵبوونەوەی شەڕی ناو لایەنگەرانی لەمێژینەی خامنەیی و پاش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسراییل له ٧ی ئۆکتوبر (که هەمووان کۆماری ئیسلامی به پلاندانەری ئەو هێرشە دەزانن)، پێویستیان بەوە بوو که هەم ناکۆکی قوڵی ناو “ئوسولگەرایان” هێوەر بێتەوە و دەسەڵات لەوەی که هەیە یەکدەستتر بکەنەوە، هەم چارەسەرێک بۆ شوێن و پێگەی لاوازی رژیم له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدۆزنەوە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاستێک کە ئانوساتی شەڕێکی گشتگیردایە (تا جێگایەک قسە له هەڵگیرسانی شەڕی جیهانی سێهەم و تەنانەت شەڕی ناوەکی دەکرێ) که کۆماری ئیسلامی ئەگەر لایەنی سەرەکی شەڕەکە نەبێت بەدڵنیاییەوە پریشک و ئەنجامەکانی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتەکەی دەگرێتەوە.
خامنەیی نەیدەتوانی رەئیسی له نیوەی رێگا حەزف بکا، رەئیسی کە گوێڕایەڵ و کاربەڕێکەری خامنەیی بوو، ئێختیارێکی له خۆیی نەبوو و هێنان و کوشتن و لابردنیشی به دەستی خامنەیی بوو. خامنەیی و سپا و سەرجەمی رژیم له ئاڵۆزترین قەیرانی ناو دەسەڵات و رەوایی خۆیاندا بە سەر دەبن. شۆڕشە گەورە جەماوەرییەکان بوونەتە تارماییەک که خەویان له خامنەیی زڕاندووە. دەزگای سەرکوتی چل ساڵە چیدی کارایی وەهای نەماوە که رێگری بکات له هەستانی جەماوەریی. ئەو شەڕەی که شەقام به شەقام له دژی ژنان له ئارادایە نیشانەی خۆڕاگری و هەستانی گەورەی جەماوەرییە. حیجاب کە رەمز و هێمای له سەرپێ بوونی دیکتاتوریی فاشیستی ئیسلامییە، به تەواوی فڕێدراوە و دڕندانەترین سەرکوتیش ناتوانێت بیگەڕیننەوە. شەڕی ناو باڵەکانی رژیم تا هاتووە له ئاڵقەی بەیتی رەهبەریی بەرتەسک بوەتەوە و بەشی هەر زۆری دەسەڵاتدارانی کۆن و بەرەی ئیسلاخوازان له دوورەوە راوەستاون و مەجالیان بۆ کاریگەری له سەر دۆخەکە نەماوە.
له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست که خامنەیی و سپای پاسداران گرەوی مان و نەمانیان له سەر کردووە، به تێچوویەکی دەیان میلیارد دۆلاری و به کوشتدانی بەشێکی بەرچاو له فەرماندەران و هێزی نیزامی، هیچ کەس داهاتوویەک بۆ کۆماری ئیسلامی له رۆژهەڵات نابینێ و وەک کۆتایی شەڕی ئێران و عێراقیش نیە که مەجالی ژەهرخواردنی مابێت.
به لاچوونی رەئیسی (که نوسەر کوشتنی رەئیسی و وەزیر دەرەوەی به پیلانێکی وردی داڕێژڕاو دەزانێ) هەم خامنەیی ناچار نیە که وەڵامی سیاسەت و کردەوەکانی رەئیسی و کابینەکەی بداتەوە، هەم بە سازدانی سیناریۆ و شانۆگەرییەکی دیکەی هەڵبژاردن هەوڵدەدات شەرعیەت به خۆی و رژیمەکەی بدات و، به حەزفی وەزیری دەرەوەیش له مەسئولییەتی وەڵامدانەوە به ئاکامی حوزووری له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆیی بێبەری بکات و به خشکە دەورێکیتر دەسپێبکا.
بە لەبەرچاوگرتن و وردبونەوە له مەبەستەکانی خامنەیی و سپا، دیارە که شانوگەری ئەمجارە به تایبەت هیچ پەیوەندی به بەشداری خەڵک و دەنگدان به چارەنووسی خۆیانەوە نیە. خامنەیی پێویستی به رەواییدان به سیاسەتەکان و کردەوەکانی چ له ناوخۆ و چ له دەرەوە هەیە. قوربانیکردنی رەئیسی که وەفادارترین کەسی خامنەیی دەناسرا، سازدانی گاڵتەجارێکی زۆر به پەلە به ناوی هەڵبژاردن له کاتێکدا دوخی ناوخۆیی هەر رۆژە له تەقینەوەیەکی بەهێز نزیک دەبێتەوە، له کاتێکدا خامنەیی له ئاڵقەی هەرە نزیکی موریدانی خۆی دڵپیسە و دوریان دەخاتەوە، له کاتێکدا بۆ پێشبردنی سیاسەت و پلانەکانی له دەرەوە پێویستی به خنکاندنی تەنانەت دەنگی نزیکترین لایەنگەرانی بەیت هەیە، له کاتێکدا خامنەیی بچوکترین رەخنە و دەنگی ئازاد تەحەمول ناکات، چلۆنە که خەڵک بانگهێشتی “هەڵبژاردن” دەکا کە لێی مەعلوم نەبێ ئاکامەکەی چ دەبێت؟
به درێژایی تەمەنی نگریسی رژیم، کوردستان هیچ باوەڕێکی به هەڵبژاردن له کۆماری ئیسلامی نەبووە. له رێفراندمە درۆینەکەی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ تا ئێستا، بۆ کوردستان و بۆ بزووتنەوە رەواکەی سەرمایەیەکی سیاسی شانازی خولقێنە. گوڵانی ٥٨ له کاتێکدا به دەیان ملیۆن کەس له ئێران رەواییان بە کۆماری ئیسلامی دەدا، کوردستان راوەستا و “نا”ی وت به گاڵتەجاری رێفراندوم.
کاتێک له دەوری دووهەمی سەرۆک کۆماری رەفسەنجانی له کوردستان رەقیبەکەی به ناوی ئەحمەد تەوکلی دەنگی زۆرتری هێنا، رۆژنامەی “سلام” به دروست نوسیبووی که “دەنگدانی خەڵکی کوردستان به ئەحمەدی تەوکلی دەنگ نەدانە بە کۆماری ئیسلامی”. کوردستان هیچ کات گاڵتەجاری ئیسڵاحات و هەڵبژاردنی به جیدی نەگرتووە. هەر بۆیە کوردستان پێشاهەنگی جوڵە و شۆڕشی گەورە و بەهێزی جەماوەریی بووە.
کوردستان بەم مێژووە توانیویەتی که پیلانەکانی رژیم بۆ دابڕانی له نەتەوەکانی دیکە و کۆمەڵگای پێشکەوتنخۆاز پوچەڵ بکاتەوە که ئیسە هەم پێشڕەوی ڕزگاری نەتەوەییە و نەتەوەکانی دیکە به پاڵپشت و هاوپەیمانی خۆیانی دەزانن و هەم کۆمەڵگای مەدەنی و پێشکەوتخۆاز،کوردستان و بزووتنەوەکەی به ڕەوا و پێشتاز دەزانێ که شۆڕشی ژینا لەمبارەوە چەندین هەنگاوی گەورەی هەڵێنا.

گاڵتەجاری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەم جاریش کۆتایی پێدێ، ئەوەی که دەمێنێتەوە رژیمێکی ناڕەوا، قەیرانئاوی، ملهوڕ و دیکتاتور و ریسوا له ناوخۆ و بێ هیوا به داهاتوو و بەزیو و شکەستخواردوو له دەرەوە.