کورتە مێژوویەکی نووڕۆژ؛ ساڵی نوێی کوردی-نەورۆز…!
نووسەر: ئەردەشیر ڕەشیدی-کەڵهوڕ
وەرگێڕان لە ئینگلیزی بۆ کوردی: ساراوەن باوەجانی
نووڕۆژ هەر وەکوو لە بەشانێکی کوردستان بێژە دەکرێت و نەورۆز یان شێوە دەربڕینەکانی دیکەی کە لە ئێران، عێراق، سووریە، ئەفغانستان، تاجیکستان و وڵاتانی دیکەی ئاسیای ناوەڕاست دەناسرێتەوە، تەقریبەن خەریکە دەگات و هەر ساڵ لە کاتی خۆشکردن و هاوسەنگیی بەهاردا کە ڕێک هاوکاتە لەگەڵ ٢٠ 1±ی مارس، دەگات.
بەم لەدایکبوونەوەیەی ژیان و سرووشت لە زمانی کوردیدا دەڵێن “نووڕۆژ” و وەکوو مانای وشەش بە واتای “ڕۆژی نوی” یان “ڕۆژی نوێبوونەوە” یە. ڕۆژێکە کە کوردەکان لەگەڵ زۆرێک لە کەلتوورانی دیکەی سەر گۆی زەوی، جەژنی داهاتنی بەفەڕ و پڕبەرەکەتی وەرزی بەهار بەشێوەیەکی تایبەت بە خۆیان دەگێڕن. لەم ڕۆژەدا تەپۆڵکە سەرسەوز و جوانە پڕ هەڵبەز و دابەزەکان و فڕندە باڵکراوەکانی مێزۆپۆتامیا و چیاکانی زاگرۆس لە کوردستان دەبن بە شانۆ و ڕووبەری کۆمەڵێک جەژن و ڕێوڕەسم لە دیمەن و فەزایەکی کراوەدا.
بنەماڵەکان لە دەوری یەکتر خڕ دەبنەوە تاکوو خۆراک و چێشتە بەتام و تەندروستەکان لە بەردەم یەکدیدا دابنێن، ئاگری گەورەی بڵێسەدار گەش دەکەنەوە، تۆڕ و گرووپەکانی مۆسیقا تەپڵی دێرین و نەریتی دەژەنن و هەڵپەڕکێ و شادیی زۆر هەمووانی گرتووەتەوە. ئەمە بەڕاستی ئەو دەیمەنەیە کە دەبینرێت و هیوایەکی دووبارە دەبەخشێتە هەموو ئامادەبووان. نووڕۆژ هەروەها ڕۆژی کاڵبوونەوەی پڕ شانازیی هەستی خەم و پەژارەیە بۆ ڕابردوو بەمەبەستی لە ئامێزگرتنی شادی و خۆشحاڵییە نوێکانی ژیان. ئەم نەریتە کەونینە و دێرینە کە هەزاران ساڵ پێش لە کوردستانەوە لەدایک بووە، بە دریژایی پەرەسەندنی ئیمپراتۆریی مادەکان بۆ سەرزەمینی سەرەکیی ئێران و ئاسیای ناوەڕاست شۆڕ بوویەوە. هەمان ئەو مادانەی کە لە ساڵی ٧٢٨ی پێش زاین، یەکێک لە یەکەمین سیستەمە حوکمڕانییە ڕیژێمگەرا و یاساتەوەرەکانیان دامەزراند و هەروەها هەر ئەوان بوون کە پێکهاتە کۆمەڵایەتییە ڕێکخراوەکانیان بونیات نا.
ئەمە ئەو ساڵەیە کە مادەکان (ناسراو بە مادا) لەڕێگەی مەعریفەی زۆری حەساوگەری و ئەستێرەناسییەوە کە لە لایەن موغەکانی پێش زەردەشتەوە گوازرابوویەوە بۆیان(کەلتووری موغەکان)، لە قەڵەمڕەوی لەحاڵی پەرەسەندنی ئیمپراتۆرییەکەیاندا نووڕۆژیان جەژن گرت و پیرۆزیان کرد. ئەمساڵ کە سالی ٢٠٢١ی زاینە، ٢٧٤٩ ساڵەی مێژووی کوردە و خاڵی دەسپێکی ئەم کاتە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی دامەزرانی پاشایەتیی مادەکان. یەکێکی دیکە لە هۆکارە زۆر گرنگەکانی ئەم جەژنە ئەمە بوو کە مادەکان پاش هەزار ساڵ ژیانی کۆچبەری و عەشایەری لە سەرانسەری پانتای هەرێمێک کە هەنووکە بەناوی ئێران دەناسرێت، لە کێوەکانی زاگرۆس و لە ناوچەی باکووری مێزۆپۆتامیا بوون بە فەرهەنگی زاڵ و باڵادەست.
مادەکان پاش سەرکەوتنە مانەوی و ڕۆحانییەکانیان بەسەر هاوتا ئاشوورییەکانیان، یەکەمین دەوڵەتی ڕێکخراو و یاسامەندی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری ئێکباتانا ( کە دەکاتە شاری هەمەدانی ئێستاکە) لە ساڵی ٧٢٨ی پێش زاین دامەزراند. ئەوان بە جەژنێکی ڕێوڕەسمدار و پڕشکۆوە وەکوو نیشانەی یەکەمین سەرکەوتنیان کە هاوکات بوو لەگەڵ دەسپێکی وەرزی بەهار، ئەم بۆنەیەیان بەرز ڕاگرت. لە سەردەمی پاشا فەروەرتیش (فرائۆرتێس) کە لە ٦٧٥-٦٥٣ی پێش زاینی حوکمڕانی دەکرد و دووهەمین پاشای مادەکان بوو، پاسارگاد(پاسار: لێوار/گادا: جێگە= شوێن یان بنکەی پاسەوانیکردن)یان {بە مانای بنکەی پاسەوانی}، لە لێواری ڕۆژهەڵاتی سنوورەکانیان دروست کرد تاکوو لە هەمبەر دوژمنە ئاژاوەگێڕەکانیان لە ڕۆژهەڵات واتە سەکاکان، پاسەوانی لە قەڵەمڕەوی پاشایەتی بکەن. خەڵکی خۆجێیی بە ڕێبەرایەتیی پاشا فرائۆرتێس ئەرکی سووڕانەوە، پاسەوانی و پاراستنیان( لە قەڵەمڕەوی پاشایەتیی مادەکان لە هەمبەر سەکاکان پێ سپێردرا بوو)، ئەم خەڵکە بە پاررس-ەکان(شکڵی کۆیی وشەی ((پارس)) کە وشەیەکی کوردییە و بە واتای پاسەوان دێت) ناو دەبران و هەنووکە بە فارسەکان ناویان ڕۆشتووە.
فارسی، (کە مانای سەرەکیی وشەکە سەردێڕ و تایتڵی پیشەیەکە)، بە دەستەیەک لە سنووروانان دەوترێت کە لە ڕووی ئیتنیکییەوە جودا و جیاوازن و هەنووکە بە ناوی سوپای پاسداران IRGC دەناسرێنەوە. یەک سەدە دواتر لە ٦١٥ پێش زاین، کیاکسێرس(( کە لە زمانی کوردیدا لە ژێر ناوەکانی ها-خووی-سارا، کای-سارا، یان سادەتر بڵێین ((قەیسەر/کایسەر)) دەناسرێتەوە)) وەکوو سێهەمین پاشای مادەکان ئاراپخا( شاری کەرکووکی ئێستاکە)ی داگیرکرد و خستییە ژێر دەسەڵاتی مادەکانەوە. سەرنجدان بەم خاڵە گرینگە کە سەردێڕ یان نازناوی کایسێر/قەیسەر یان تیزار(کای-سار) لە نازناوی پاشا کیاکسێرسەوە وەرگیراوە؛ وشەیەکی کوردی بۆ سەرۆکی دەوڵەتێک کە ئیمپراتۆریی مادەکانی لە هەمەدان و کرماشانی ئێستاوە تا ئانادۆڵی ناوەڕاست لە ڕۆژئاوا و ئاسیای ناوەڕاست لە ڕۆژهەڵات پەرە پێدا.
دواتر و لە ساڵی ٥٤٥ی پێش زاین، کاتێک پارسەکان کە خێڵێکی خۆجێی بوون و لە ژێر ناوی هاخووی-مانیشییەکان(ناسراو بە ئاکیمێنید: کەویکراو و دامەزرێنراو لە کرداردا) دامەزراو و تەعیین کرا بوون، و پێڕەوکراو و ملکەچی مادەکان بوون، ڕێبەرێکی نوێیان لە ناو خۆیاندا بینییەوە کە ناوی کوروش بوو. کوروش( ناسراو بە کوڕە-ڕەش)، نەوەی دوا پاشای مادەکان واتە ئاستیاگوس بوو. “کوروشی گەورە” لە ماندانا، کچە گەورەی پاشا ئاستیاگووس، کە خۆی کوڕی کای-سار بوو، لەدایک بوو. ئەو لەگەڵ کەمبوجیەی یەکەم؛ فیۆداڵی خێڵی ئاکیمێنید کە سەرۆکی دامەزرێنراوی پارسییەکان و هەروەها سەرۆکی هەموو سنوورەوانانیش بوو، هاوسەرگیریی پێک هێنا.
کچی دووهەمی پاشا واتە ئامیتیس، لەگەڵ نەبووکەدنەسەری دووهەم(بەختەنەسری دووهەم)ی پاشای بابیل کە لە ٦٠٥ تا ٥٦٢ی پێش زاین دەژیا، هاوسەرگیری کرد. لەبەر شانازی و ڕێزی ئەو، پاشا باخە هەڵپەسێردراوەکانی بابیلی دروست کرد. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ئەم هاوسەرگیرییە سیاسییانە، ژیانی پاشا یان داهاتووی پاشایەتییەکەی(پاشایەتیی مادەکان)ان لە داوی ئەو پیلانانەی کە لە لایەن سوپای فارسەکانەوە دژی ڕێکخرابوو، گەرەنتی و ڕزگار نەکرد. شۆڕشەکەی دژی پاشا لە لایەن ئاسنگەرێکی ناسراو بەناوی کاوەوە ڕێبەرایەتی کرا، کاوە بە یارمەتیی فارسەکان بەمەبەستی ڕووخانی پاشا بە تاوانی ستەمی ناڕەوا دژی فارسەکان ڕاپەڕی. یەکێک لەو تۆمەتە گاڵتەجاڕانە و ساختەکارانانەی کە دەدرایە پاڵ پاشا، چیرۆکێکی سەیر و سەمەرە بوو کە لە لایەن سوپای فارسەکانەوە بڵاو دەکرایەوە، ئەویش ئەمە بوو کە گوایە پاشا لە سەر هەر کام لە شانەکانی مارێکی بەخێو کردووە و ڕۆژانە مێشکی مناڵانیان دەرخوارد دەدا تاکوو مارەکان داسەکنێن، ئەگینا مارەکان خودی پاشاش هەڵدەلووشن.
پاشا بە ئاگاداربوون لەسەر پیلانی سوپای فارسەکان و پڕوپاگەندا و بانگەشەکانیان دژی خۆی، سوپاکەی بەرەو پارس گاد(وێستگەی پاسەوانە فارسەکان) جووڵاند و دەسبەجێ زاواکەی خۆی واتە کەمبوجیەی یەکەمی فارسی، بەهۆی خیانەت و بانگەشە گاڵتەجاڕانەکانی سەر بڕی و نەوەکەی خۆی واتە کوروش(کوڕی کەمبوجیەی یەکم)ی وەکوو فەرماندە و سەرۆکی بنکەی پارسەکان دامەزراند. پاشا دوای تۆڵەسەندنەوە لە پاسەوانە گچکە و بێوەفاکانی سوپای فارسەکان، سوپاکەی خۆی بەرەو کوردستان وەڕێخستەوە.
کوروش دواتر لە لایەن ئاکیمێندییەکان و پاشماوەکانی پاسەوانان دنە درا تاکوو تۆڵەی مەرگی باوکی بکاتەوە. پارسەکان پاش سوێندخواردنی وەفا بۆ کوروش، پیاوانی خێڵ و پاسەوانانی شۆڕشگێڕی خۆیان کۆ کردەوە و لە ڕێگەی گەڕانەوەی پاشا بەرەو کوردستان بۆسەیان دانا و گەمارۆی پاشا و سوپاکەیان دا. لە بۆسەیەکدا کە بە ((بۆسەی دەربەندی قووڵ)) ناسراوە، فارسەکان سوپاکەی خۆیان لەسەر بەرزاییەکانی دەربەندەکە کۆ کردەوە و چاوەڕوانی تێپەڕینی سوپای پاشا بوون. لە حاڵێکدا کە ڕێگەی چوونەدەرەوە لە ڕێڕەوی دەربەندەکە پێشتر بە بەرد داخرابوو و بەتەواوەتی سوپاکە گەمارۆ درابوو، سوپای پاشا کەوتە بۆسەکەوە و بە شێوەیەکی دڕندانە و بێ ئامان بەردباران کران و دواتریش پاشا خۆشی کوژرا.
پاش ئەوە کوروشی گەنج کۆنترۆڵی مادەکان و پارسەکانی گرتە ئەستۆ و ئیمپراتۆریی گەورەی ئێرانی دامەزراند کە لە ڕۆژئاوادا(بەهەڵە) بە ئیمپراتۆریی فارس ناوبانگی دەرکردووە. مێژوونووسە یۆنانییەکان بەشێوەیەکی هەڵە و نادروست ئیعتیبار و متمانەیان بە فارسەکان بەخشیوە. چونکە لە سەردەمێکدا کە کوروش و جێنشینەکانی، ئیمپراتۆریی مادیان بەرەو ڕۆژئاوا پەرە پێ دا، بە بێ ئاماژەدان بە مێژووی نزیکەی هەزار ساڵەی مادەکان پێش لە پاسەوانە فارسەکان، ئەوانیان لە ژێر ناوی فارسەکان بە یۆنانییەکان ناساند. هەربۆیە ئەدەبی ڕۆژئاوا کە لەو سەردەمە بەدواوە نووسراوە، بەزۆری متمانە و ئیعتیبار بە کەسانێک دەدات کە لە پێگەیەکی شایستەی دروست و تەواودا نین. ئاوەها ئیعتیبار و متمانەیەک بۆ مێژووی شارستانی لەو گۆشە لە جیهان بەشێوەیەکی هەڵە دراوەتە پاڵ فارسەکان.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە پاشماوەکانی سوپای پاشای ماد، واتە کەسانێک کە بەرەو بەرزاییەکانی چیاکانی کوردستان ڕۆشتن، تا هەنووکەش لەگەڵ فارسەکاندا شەڕ دەکەن و هەنووکە پێکهاتوو و تێکەڵەیەک لەو پیاو و ژنانەن کە لە ژێر ناوی “پێشمەرگەکانی کورد” دەناسرێنەوە( پێشمەرگە وشەیەکی کوردییە کە تەقریبەن بە مانای “کەسێک کە نیشتماندۆست و وەفادارە و گیانی خۆی بۆ نیشتیمان بەخت دەکات” دێت.) پارسەکان بۆ گێڕانی جەژنی سەرکەوتن و ڕزگاربوون لە دەستی مادەکان، جەژنێکی گەورەیان لە پاسارگاد لە نزیک شوێنی کوژرانی پاشا ئاستیاگوس بەڕێوە برد و نووڕۆژی ئازادیی خۆیان کە بەناوی “نیوروز/نەورۆز” دەناسرا پیرۆز کرد.
ئێستە دەشێت بپرسین بۆچی ئێمە لە ناوی “نووڕۆژ” کەڵک وەردەگرین نەک “نەورۆز”؟ تەنها و تەنها بەم هۆیەیە کە زمانی کوردی زمانی سەرەکیی ئێرانییەکانە و ئەم دەربڕینە وەکوو دەستەواژەی سەرەکی نزیکەی ١٢٠٠ ساڵ پێش هاتنەسەرکاری حوکومەتی فارسەکان و زمانەکەیان هاتووتە ئاراوە. زمانی کوردیی ڕەسەن لە تێکەڵە و لێکدانێک لە زمانی فەهلی ( کە بە شێوەی دروستی بە زمانی “پەهلی” بێژە دەکرێت) و زمانەکانی هامیتۆ-سێمیتیک دروست بووە. “پەهلی” لە سەردەمە دێرینەکان لە ژێر ناوی پەهلەوی یان زمانی “پاڵەوانەکان” دەناسرا کە پێشینەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میترائیسم کە وتە و دەستگرۆیی پیاوێک(پاڵەوانێک) شانازییەکانی ئەو پیاوە بووە.
پاش هێرشی عەرەبەکان لە ساڵی ٦٤٠ی زاین، دەنگی پیتی((ف)) وردەوردە جێگەی دەنگی پیتی((پ))ێی لە هەموو بێژەکردنە باوەکاندا گرتەوە. ئەمە خاڵێکی گاڵتەجاڕانەیە کە ڕەزا شا بە هاتنە سەر دەسەڵات، نازناوی خۆی لە نازناوە عەرەبییەکەوە گۆڕی بۆ پەهلەوی و هەوڵی دا شوناسی ڕەسەنی ئێرانی وەربگرێتەوە. لە سەردەمی هێرشی ئیسلام بۆ سەر کوردستان و ئێران لە ساڵی ٦٣٧ی زاین، و دواتر زاڵبوونی زمانی عەرەبی، بێژەکردنی زۆرێک لە وشە ڕەسەن و موعتەبەرە ئێرانییەکان لە فۆرم و پێگە و بایەخی بێژەکردنی سەرەکیی خۆیان دەرهێنران و ئەم بێژەکردنەی ئێستایان وەرگرتووە. ئەم حاڵەتە لە زمانی خەڵکی ئاسایی و گشتیی فارسیی هەنووکەدا زەق و دیارترە. لەگەڵ ئەمەشدا، لە زمانی کوردیدا، بەهۆی ژینگەی کەلتوور و جوگرافیایی دوورەدەستتر، زمانەکە بەڕادەیەکی زۆر بێخەوشتر ماوەتەوە و کارتێکەریی زمانی عەرەبیی تێدا کەمترە. بۆ نموونە لەکاتی بەراوردی زمانی کوردی لەگەل فارسی(پارسی) دەکرێت لە ڕێسایەکی گشتیی بۆ گۆڕینی وشەکانی نیوان هەردوو زمانەکە کەڵک وەربگیرێت و لەم دەروازەیەوە خاوێنی زمانی کوردی و دەسبۆبراویی زمانی فارسیمان زیاتر بۆ دەردەکەوێت. یەکێک لەم یاسا گشتییانەی گۆڕینی وشەکان ئەمەیە کە دەنگی پیتی ((ژ)) لە زمانی کوردیدا پاش هاتنی ئیسلام دەبێت بە دەنگی (ز) لە زمانی فارسیدا. وەکوو زن و ژن، تیز و تیژ، ژێر و زیر، درێژ و دراز، ژەنگ و زنگ، لێژ و لیز، ژەهر و زهر…
بە چاوخشاندنێکی کورت بەسەر ئەو زانیارییە تۆمارکراوە مێژووییانەی کە خراونەتە ڕوو و هەورەها بەراوردە زمانناسانەکانی ئێستە کە لە سەرەوە باسی لێوە کرا، و بەپێی میتۆدە کەلتوورییە مۆدێڕنەکان، ئەم پرسیارە گەڵاڵە دەبێت کە بۆچی ناگەڕێینەوە بۆ شیوازی بێژەکردنی ((نیو ڕووز))، بوار بدەن ئەم وشەیە بۆ دەسپێکی ساڵی نوێ بە هەمان شیوە کە لە سەرەتادا بێژە دەکرا دەرببڕین و بێژەی بکەین، بوار بدەن بە “نووڕۆژ” بێژەی بکەین.
نووڕۆژ ساتەوەختی جەژنی جیهانگیرە تاکوو بوار بدەین نووری بەهەشت بێتە ناو نیوەگۆ(نیمکرە)یەکانی زەینمانەوە. نووڕۆژ هەروەها ئەو چرکەساتەیە کە کوردەکان و فارسەکان و جیهان پێکەوە لە جەژنی هاوبەشی ڕۆحی هاوکۆک و هاودەنگی ئاسمانیدا بەشدار دەبن و جەژن دەگێڕن. وەرن پێکەوە بە هاتنی نووڕۆژ وەکوو یەک شادی بگێڕێن و بهێڵن گڕی ئاگرێکی نوێی بڵێسەدار ژیانی ئێوە بە هیوایەکی نوێ بتەنێتەوە تاکوو لە ڕێتم و نەوا و هاوئاهەنگی مۆسیقایەکی پڕ وزەدا، شیعر و هەوای نوێ کە هەر ساڵ گیان دەخاتە بەر ژیانمان، بژێتەوە و بەهای نوێ دابێت.
لە وتارێکی جیادا پەیوەندیی نووڕۆژ، چەمکی یارسانیی حەوت تەن و خوانی ڕازێنراوی “حەوت-شاین-حەوت تەن” ڕوون دەکرێتەوە و باسی لەسەر دەکرێت.
نووڕۆژتان پیرۆز بێت!