ژنانی کورد لە پرسی داواکاریی ماف بۆ بڕیاری سیاسی….!

0

گەلاوێژ عەبدیکانی

ئاستی هەڵسەنگاندنی گەشانەوەی کۆمەڵگا پێوەندی راستەوخۆی بە رێژەی ئەو ناکۆکیانەوە هەیە کە لە نێو کۆمەڵدا بوونیان هەیە و خۆیان وەک قەیرانێکی کۆمەڵایەتی دەردەخەن. ئەگەر لە کۆمەڵگایەک پێوەرەکانی گەشەسەندن لەبەرچاو بگیردرێ بێگومان یەکێک لە گرینگترین فاکتەرەکان ژنانن. لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی رژیمی کۆماری ئیسلامی کە پێگەی ئیدۆلۆژیکی خۆی لەسەر بنەمای چەوسانەوەو بێبەشکردنی ژنان لە بەشداریی کۆمەڵایەتی و سیاسی بونیات ناوە، نەک ئەو پڕۆژەیان سەرەڕای هەزینەیەکی گەورە بۆ نەچوەتە پێش بەڵکوو لە شوڕشی ژینا ژنان کاکڵی سەرەکی ئەو گۆڕانکاریە بوون کە بەدوای خۆیدا هێنا. 

بێگومان رژیمی کۆماری ئیسلامیی لە گەشەدان بە بیری دواکەوتووانەی دژە ژن رۆڵی سەرەکی گێڕاوە بەڵام بوونی رووناکبیریەکی زیاتر لە کوردستان و باکگراوندی مێژوویی کە لەم نێوەدا کۆمەڵە رۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە توانرا سەرەڕای هەموو ئەو کۆت و بەندانە، پێگەی ژن نەک تەنیا وەک بەشداریی لە پرسە کۆمەڵایەتیەکان بەڵکوو لە بواری سیاسیشەوە بەرەو پێشەوە بڕوات. شۆڕشی ژینا کە لە کوردستانەوە سەریهەڵدا دوایین بزماری لە تابووتی ئیدۆلۆژی ئیسلامیی رژیم داو هاوکات بەرەی کۆنەپارزی ناو کوردستانیشی ناچار بە هەم پاشەکشەو هەمیش پشتگیری کرد. بەشداری بە هێزی ژنان لە رەوتی ناڕەزایەتیەکان و درووشم و وتارەکانیان بە تایبەت لە کاتی ناشتنی گیانبەختکردوانی ئەو شۆڕشە نیشانەیەکی روونی خاڵی وەرچەرخانی پێگەی ژنان بوو بە مەبەستی بازدان بۆ ئاستی جیهانی پیاوانەی سیاسەت. 

سیاسەت بە گشتی لە ژێر دەسەڵاتی هەردوو رژیمی پاشایەتی و ئیسلامی هەر لە پاوانی پیاوان بووەو ئەمەش بێگومان لە ناوچەیەکی تەندراو بە بیری دواکەوتووانە، دەرفەتی گەورە لە ژنان دەستێنێ کە بەشداریی بکەن لە وەرگرتنی بەرپرسایەتی گەورە، ئەڵبەتە ژنانێک مەجالی دەرکەوتنیان بووە لە وەرگرتنی پلەو پۆست لە ئێراندا کە بە پێی بنەماکانی ئیدۆلۆژی دەسەڵات هەڵسووکەوتیان کردووە و هاوکات بەشێک بوون لە پڕۆژەکانی ئەو رژیمە. ئەگەر کاریگەریی و رێبەرایەتی تەنیا کورت نەکرێتەوە بۆ پلەو پۆست و فاکتەرەکانی دیکەش لەمبارەوە لەبەرچاو بگیردرێت لەوەی کە ژنان لە قۆناغی بزوتنەوەکاندا دەتوانن رۆڵی رێبەرایەتی بگێڕن شۆڕشی ژینا باشترین پێوەری هەڵسەنگاندنی رۆڵ و پێگەی ژنانە لە نێو کۆمەڵگا. 

قۆناغی پاش بزوتنەوەی ژینا بە شێوەی دێفاکتۆ ژنان فاکتەری سەرەکی گۆڕانکاری بوون، هەم لە ئاستی ئێران هەم لە کوردستان. لە کاتێکدا ژنان بەشێوەی روون کارەکتەرێکی نادیاری نێو دونیای سیاسەت بوون بەڵام لەو شۆڕشەدا جڵەوی گەورەترین جووڵەی کۆمەڵاتیان لە ئاستێکی بەرین بە دەستەوە گرت. بەڵام لەم نێوەدا ژنانی کورد رێچکەی سەرەکی ئەم جووڵە کۆمەڵاتیە بوون بە تایبەتی لە ساڵانی رابردوو بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان گەشەیەکی زۆری بە خۆیەوە بینیوە و لەم بەستێنەدا لە نێو کۆمەڵگای کوردستان پێگەیەکی باشتریان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە.

ژنان ئێستا لە نێو ئاڵقەی رووناکبیران و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە ناوخۆو دەرەوەی وڵات کاریگەریەکی گەورەیان هەیە کە ئەم بەشداریە نەک تەنیا پێگەی خودی ژن دەباتە ئاستێکی سەرەوە بەڵکوو هاوکات بزووتنەوەی کوردستان لە ئاستێکی بەرینتری جیهانیی ناسراوتر دەکات و وێنەیەکی پێشکەوتووانە لە شۆڕشی کوردستان نیشانی دەرەوبەری خۆی و دونیای دەرەوە دەدات. بەم خوێندنەوە لە رۆڵی ژن لەم قۆناغەدا دەکرێ پێگەی ژن لەم سەردەمەدا لە ئاستی رێبەرایەتی مەیدانی پێناسە بکرێت کە بێگومان لەگەڵ دەرکەوتنی خۆری ئازادی لە کوردستان ژنان رۆڵی پێشەنگ دەگێڕن کە نەک تەنیا هەنگاو بەرەو پێکهاتنی کۆمەڵگایەکی یەکسان دەدەن و ئەم ئەرکەش بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان ئەنجام دەدەن بەڵکوو رۆڵێکی مێژوویی لە چەسپاندنی دێمۆکراسی دەگێڕن. 

کۆمەڵگای کوردستان و شۆڕشەکەی بە دیاریکراوی لە ماوەی ٤٥ ساڵی رابردوو رۆڵێکی ئاوانگاردیان لە رەوتی بەرەپێشچوونی شۆڕش گێڕاوە، لەم مێژووەدا و لە سەردەمێکدا ژنانی کورد هاتنە ریزی خەبات و تێکۆشانی سیاسی لە ریزەکانی کۆمەڵە کە پێچەوانە لە ئێراندا شۆڕشی ئیسلامی روویدابوو کە ئەو شۆڕشە نەک تەنیا لە ناوخۆ بەڵکوو تا رادەیەک پەل و پۆی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی دەرەوەش هاویشتبوو. ئەگەر بە شێوەی زانستیانە لێکدانەوە لەسەر ئەو قۆناغە بکرێت بە روونی دەردەکەوێ کە ژنانی کورد لە دژی دوو جۆر ستەم و هەڵاواردن وەستانەوە و هاتنە مەیدانی خەباتی سیاسی. مەیدانی یەکەم بەرگری لە کوردستان بوو لە بەرانبەر هێرش و پەلاماری رژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو کە دەبوو لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەبات بەشداری چالاکیان هەبووەو هاوکات لە دژە سیستەمی پیاوسالار دەبوو نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگای خۆیشیان بشکێنن و لە دژی بەرەی کۆنەپارێز بوەستنەوە.

بەشداری بێباکانەی ژنان لە رەوتی شۆڕشی کوردستان وێڕای ئەوەی چەخماخەیەکی وشیاریدەرانەی لە هەموو کوردستان لێداوەو بە زۆری روانینێکی یەکسانیخوازانەی بەرهەمهێناوە لە هەمانکاتدا ناوبانگێکی جیهانی بۆ کورد بە گشتی مسۆگەر کردووە کە ئەم پێگە لە روانینە گشتیە جیهانیەکەدا بە قازانجی پرسی کورد لە داهاتوو دەشکێتەوە. پاش شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کۆمەڵگای کوردستان وێڕای ئەوەی لە وێنەی روو بە دەرەوە سیمای کۆمەڵگەیەکی کراوە و ئامادەی قبووڵکردنی مۆدێلێلی پێشکەوتوو مۆدێرنی ئەمرۆیی لە خۆی نیشاندا لە هەمانکاتتدا لە ناخی کۆمەڵگە شۆڕشێکی بەرینتر لە پرسی روانین بۆ ژنان و پرسی بەشداریی ئەم توێژەی بۆ سەرپێخستنی کۆمەڵی نوێ نیشاندا. 

ئەوەی لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی پێگەی ژنانی بردە ئاستێکی بەرز و کارتێکەر ئاستی گەشەی بیروروانینی ژنانە لە کۆی پرۆسەی گەشەی خەباتی جەماوەری و هەر ئەمەش لە درێژەی خۆیدا هەوێنی ئەو شوڕشە فیکریە بوو کە پاش دەیان ساڵ و لە شۆڕشی ژینا خۆی گەیاندە لووتکە و ئەو پەیامەی بە گوێی هەمووان گەیاند کە پرسی ژنان نەک تەنیا نابێ کورت بکرێتەوە بۆ هەندێ مافی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو ئاستی گەشەی ژنان و گەیشتنیان بە لووتکەکانی بڕیار و بەڕێوەبەریی لە بەرزترین پێگەی خۆی. 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *