ڕەگمان بە جەستەی خاکدا ڕۆچووە

✍ئەسعەد دوروودی

هەڕەشەکانی بەرپرسە ورد و درشتەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە حیزبە کوردستانییەکان شتێکی تازە نییە و لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکەم هەنگاوی دژایەتیی لەگەڵ ئازادیخوازی و مافخوازیی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە بڕیاری خومەینی بۆ بە ڕەسمی نەناسین و بە وتەی خۆی هەڵوەشانەوەی حیزبە کوردستانییەکان دەستی پێکرد.

دژایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان دژایەتیی ئەو حکوومەتە لەگەڵ ئازادی و مافخوازیە و ئەو شەڕە لە ڕاستیدا شەڕی حکوومەتی ئێران لەگەڵ گەلێکی ئاشتیخواز و ویست و مەیلی پێشکەوتنخواز و ئازادیخوازانەیە. هێرش و هەڕەشەکانیان بۆ سەر کوردستان و حیزبەکانی نەک هەر بەتەنها هێرشی دەسەڵاتێکی داگیرکەر بۆ سەر نەتەوەیەک بەڵکوو هێرشی بیرێکی ڕەش و دواکەوتوو بۆ سەر سەنگەری پێشکەوتووی و ئازادییە. لە کاتێکدا کە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی حکوومەتی ئیسلامی لە ئێران لە زۆربەی شوێنەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی تازە پێگرتووی ئیسلامی بە ڕابەری خومەینی، ئازادییەکان زەوت کرابوون و خەڵک یان سەرکوتکرابوون یان دوای دەسەڵاتدارانی نوێ کەوتبوون و ملیان بە یاسای سەدە ناوەڕاستیی ئەوان دابوو، لە شارەکانی کوردستان حیزب و لایەنی سیاسیی جۆراوجۆر بە مەیلی جیاوازەوە دەژیان و خەڵک بە ئازادی ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی حیزبەکانی دەخوێندەوە و شورای خەڵکی لە چەند شوێن دەسەڵاتی شار و لادێکانی بەدەستەوە بوو و ژنان چالاکانە لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەوریان هەبوو. کوردستان کە ئامادە نەبوو دەنگ بە کۆماری ئیسلامی بدا و هەر لەسەرەتاوە دژی دیکتاتۆری و داگیرکاری و دواکەوتووی بوو کەوتە بەر هێرشی هێزی چەکداری دەسەڵاتی نوێ.

بەرگریی جەماوەری خەڵک لە ئازادی و ماف و دەسکەوتەکانیان و تەسلیم نەبوون بەرانبەر بە بیری ڕەش و داگیرکاری و ڕۆڵی حیزبەکان لە ڕێکخستن و سازماندان و بەرەوپێشبردنی ئەو خەباتە، هۆکاری دوژمنایەتیی ٤٣ ساڵەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ  حیزبەکانی کوردستان و ترسی ئەو دەسەڵاتە لە بەردەوامیی چالاکیی حیزبەکانە.

پاش ٤٣ ساڵ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی تەنها بە زۆری چەک و زیندان و ئیعدام و شکەنجە توانیویانە لە کوردستان بمێننەوە و سەرەڕای هەموو هەوڵ و پیلان و پلانەکانیان نەیانتوانییوە بیری ئازادی و سەربەستی و مەیلی پێشکەوتنخواز و چەپ لە کوردستان بنەبڕ بکەن و دەتوانین بڵێین گەورەترین مەترسییەک کە حکوومەتی ئێران بە درێژایی تەمەنی هەستی پێکردووە خەباتی جەماوەریی خەڵکی کوردستان و کۆڵنەدانیان بەرانبەربە کوشتن و زیندان و سەرکوت بووە.

لە کوردستان خەڵکی تینووی سەربەستی و ڕزگاری لە ستەمی نەتەوەیی، چالاکانی ژنان، چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری، پارێزەرانی ژینگە و خەباتکارانی بوارەکانی دیکە تابڵۆیەکی شکۆداری گەلێکیان نەخشاندووە کە زیاتر لە ٤ دەیە بە بۆنەی سەربزێوبوونی سەرکوت کراوە بەڵام نەبەزێوە.

حیزبە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان سەرەڕای بەرز و نزمییەکان و گرفت و کێشەکانی خۆیان و دابڕانەکان و کەوتن و هەستانەکانیان، نوێنەری بەشێکی مەزنی ئەو خەبات و تێکۆشان و چالاکییانە بوون و هەن و لە کاتی خۆیدا دەوری گرینگیان لە خولقاندنی دیمەنی شکۆداری یەکگرتوویی گەلی کورد بەرانبەر بە دەسەڵاتی داگیرکەردا بووە و مانگرتنە گشتییەکان کوردستان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن.

پێشمەرگە ئێستاش سەمبولی خۆڕاگریی گەلێک و تەسلیم نەبوونی کوردستان بەرانبەر بە داگیرکاری و بیری ڕەش و دواکەوتوویە. سەنگرە سەرەکییەکانی حیزبە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان دڵ و ماڵی خەڵکی شۆڕشگیڕ و ڕزگاریخوازی کوردستانە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەی هەرگیز ناتوانێ زەفەری پێبەرێ و بوردمانی کا و لەناوی بەرێ هیوا بە داهاتوو و بیری ئازادیخوازانەیە.