ڕەخنەیەک لەسەر وتاری «لە گومان و ئینکارکردنی دابڕانخوازی»

0
بێهرووز مەلەکشا
بیهروز مەلەکشا

پێشەکی

وتاری «لە گومان و ئینکارکردنی دابڕانخوازی» لە نووسینی ئەسغەر شیرازی، لە ڕواڵەتدا هەوڵ دەدات کێشەی نەتەوەیی لە ئێران لە چوارچێوەیەکی شیکارییدا لێکبداتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا،  لە چوارچێوەیەکی ئەمنی، گومان‌تەوەر و پێش‌ داوەریکراودا پۆلێنبەندی دەکات. 

کێشەی سەرەکی لەم نووسینەدا نە تێگەیشتنی مێژوویی و سیاسیی لە داواکارییە نەتەوەییەکانی  نەتەوەکانەی نیشتەجێی ئێران، بەڵکوو بەرهەم‌هێنانەوەی دووبارەی هەمان  نموونەی لەمێژینەی ناوەندتەوەرە کە هەر داواکارییەکی نەتەوەیی بە شێوەیەکی پەیوەندیدار بە «دابڕان» واتادەکات.

ئەم ڕوانگەیە لە بنەڕەتدا ڕێگرە لە تێگەیشتنی دروستی کێشەکە. چونکە کاتێک داواکارییەکی ماف‌خوازانەی سیاسیی نەتەوەیەک لە سەرەتاوە لە ئاستی تۆمەت و گومان شرۆڤە بکرێت، ئیتر هیچ شوێنێک بۆ شیکارییەکی دادپەروەرانە نامێنێت. لەم چوارچێوەیەدا، نە مافی دیاریکردنی چارەنووس بە دروستی تێدەگەیندرێت، نە شوێنی راستەقینەی مێژوویی نەتەوەی کورد، و نە ڕۆڵی ڕاستەقینەی دەوڵەتە ناوەندییەکان لە دروستکردن و دووبارە بەرهەم‌هێنانەوەی کێشەی نەتەوەیی لە ئێران.

ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ ڕەخنەی بنەڕەتی لەو وتارە، و لە هەمان کاتدا خوێندنەوەی دووبارەی کێشەی نەتەوەیی لە ئێران لە ڕوانگەی مێژوویی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و یاسایییەوە، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەو بنەمایە کە مافی دیاریکردنی چارەنووس، تا ئاستی سەربەخۆیی، مافێکی ڕەوا بۆ نەتەوە ستەم لێکراوەکانە و دەتوانرێت پشتگیری لێ بکرێت.

١. تێکەڵکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس و دابڕانخوازیی

یەکێک لە هەڵە سەرەکییەکانی وتاری شیرازی، یەکسانکردنی نێوان «مافی دیاریکردنی چارەنووس» و «دابڕانخوازیی»یە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ. ئەم دوو چەمکە نە تەنها هاومانا نین، بەڵکوو لە ڕووی تیۆری و یاساییەوە لە دوو ئاستی جیاوازدان.

مافی دیاریکردنی چارەنووس، بنەمایەکی سەرەکییە لە بیرۆکەی سیاسیی مۆدێرن و یاسای نێودەوڵەتی. ئەم مافە ئەوە دەڵێت کە هەر نەتەوە یان خەڵکێک، دەبێت بتوانێت سەبارەت بە چارەنووسی سیاسیی خۆی، شێوەی دەسەڵاتداری، ڕێگای بەشداریکردن، و شێوەی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی بڕیار بدات. ئەم مافە دەتوانێت بە شێوەی جیاواز و جۆراوجۆر جێبەجێ بکرێت: لە بەشداریکردنی یەکسان لە پێکهاتەی سیاسییەوە، تا خۆبەڕێوەبردن، فیدرالیزم، کۆنفیدرالیزم، و لە حاڵەتێکدا کە هەموو ڕێگاکانی تر داخراوبن، سەربەخۆیی.

هەر بۆیە، باسکردن لە مافی دیاریکردنی چارەنووس نە بە مانای دابڕانخوازێتییە و نە پێویستە بگاتە ئەو ئەنجامە. بەڵام نووسەری وتار، بە دانانی چەمکەکانی وەک «نەتەوە»، «فیدرالیزم» و «مافە نەتەوەییەکان» لە تەنیشت «گومانی دابڕان»، بە شێوەیەکی کرداری هەر داواکارییەکی سیاسیی نەتەوەیی دەخاتە ناو  چوارچێوە و بواری هەڕەشەی ئەمنیەوە. ئەمە هەمان ئەو شوێنەیە کە شیکاری جێگەی خۆی دەدات بە پێش‌داوەری.

کۆمەڵگەیەک کە نەزانێت و نەتوانێت لە نێوان ماف و هەڕەشە، نێوان داواکاری و پیلان، و نێوان سیاسەت و بابەتی ئەمنی جیاوازیی دابنێت، درەنگ یان زوو دەکەوێتە ناو سووڕی گومان و بێ‌باوەڕی. کێشەی نەتەوەیی لە ئێران، پێش ئەوەی کێشەی «مەترسی» بێت، کێشەی «ماف»ە.

٢. نەتەوەی کورد: ڕاستییەکی مێژوویی، نە داواکارییەکی ئایدیۆلۆژیک

نووسەری وتار هەوڵ دەدات بە دروستکردنی گومان سەبارەت بە چەمکی «نەتەوە»، شوێن و پێگەی سیاسیی کوردیش بخاتە ژێر پرسیار. لەم روانگەیەدا، وا پیشان دەدرێت کە نەتەوەبوون تەنها ئەو کاتە ڕەوایە کە دەوڵەتێکی هەبێت. ئەم تێگەیشتنە، لە ڕووی زانستیی سیاسی و مێژووی دروستبوونی نەتەوەکانەوە، هەڵەیە و کۆنە.

نەتەوە، پێش ئەوەی یەکەیەکی یاساییی دەوڵەتی بێت، ڕاستییەکی مێژوویی، کولتووری، زمانەوانی، کۆمەڵایەتی و سیاسییە. زۆرجار نەتەوەکان پێش دەوڵەتەکان دروست بوون. زمانی هاوبەش، یادەوەریی مێژوویی، ژیانی کولتووری، پەیوەندیی جوگرافی، و هۆشیاریی هاوبەش، لە بنەماکانی دروستبوونی نەتەوەن. لەم ڕوانگەیەوە، نەتەوەبوونی کوردان نە داواکارییەکی ساختەیە، بەڵکوو وەسفی ڕاستییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە

٣. مێژووی کێشەی کورد: لە ئینکارەوە بۆ سەرکوتکردن

هیچ گفتوگۆیەک سەبارەت بە کێشەی نەتەوەیی لە ئێران، بەبێ گرنگیدان بە مێژووی ئینکار و سەرکوتکردن، بێ کەموکورتی و تەواو نییە. نەتەوەی کورد لە سەدەی ڕابردوو دا، نە تەنها لە مافی بەفەرمی ناساندنی تەواوی خۆی بێبەش کراوە، بەڵکوو بە  زۆر جار بووەتە ئامانجی سیاسەتە ناوەندتەوەرە کولتووری، ئەمنی و نیزامیەکان.

لە سەردەمی پەهلەویەوە، سیاسەتی یەکسانسازیی زمان و کولتوور، بە ناوەندیکردنی توندی دەسەڵات و لابردن و سڕینەوەی زمانە نافارسییەکان لە فێرکاری و دامەزراوە گشتییەکان، بناغەی سەرەکی بێ‌باوەڕی دروست کرد. لە کۆماری ئیسلامیشدا، ئەم پرۆسەیە نە تەنها نەوەستا، بەڵکوو بە خێراییەکی زیاتر بەردەوام بووە. سزای ئیعدام، دەستبەسەرکردن، تیرۆر، سەرکوتکردنی حیزبەکان، و بە ئەمنی‌کردنی داواکارییە مەدەنییەکان، بەشێک لە ئەزموونی مێژوویی نەتەوەی کورد بوون لە دەیەکانی رابردوودا.

لە وەها بەستێن و بارودۆخێکدا، ناتوانرێت کێشەی کورد تەنها لە ڕوانگەی «ئارەزووی سەربەخۆیی» بخوێندرێتەوە. ئەم روانگەیە، هۆکار و ئەنجام تێکەڵ دەکات. ئەوەی لە لای کوردەکان دروست بووە، پێش هەموو شتێک دژکردەوە و وەڵامێکی مێژووییە بە ئینکاری درێژخایەنی ماف و ناسنامەی خۆیان. ئەگەر پێکهاتەی سیاسیی ئێران لەبری ئینکار، لەسەر ناساندن و یەکسانیی دامەزرابوو، شێوەی کێشەکەش جیاواز دەبوو.

٤. کێشەی نیزامیبوون: ئەنجامی سەرکوتکردن، نە هۆی دابڕانخوازیی

شیرازی لە وتارەکەیدا، بوونی هێزە چەکدارە کوردییەکان و پێکهاتەی پێشمەرگە، وەک نیشانەیەک لە خواست و ئاراستەی دابڕانخوازیی باس دەکات. بەڵام ئەم بەڵگەهێنانەوەیە، لە ڕووی شیکارییەوە تەواو نییە، چونکە پەیوەندیی نێوان هۆکار و ئەنجام بە پێچەوانە و هەڵە دەبینێت.

نیزامی و چەکدارانەبوونەوەی بزووتنەوە نەتەوەییەکان بێهۆکار و لە بۆشاییدا دروست نابێت. لە شوێنێکدا کە چالاکیی ئازادانەی سیاسیی  سەرکوت بکرێت، حیزبە یاسایییەکان مافی بوون و چالاکیان پێنەدرێت، و بەشداریکردنی یەکسان لە دەسەڵاتدا نەگونجاو بێت، بەشێک لە بزووتنەوەکان بەرەو شێوەی سەربازی یان نیمچە‌سەربازی دەچن. ئەم دیاردەیە تەنها تایبەت بە کوردەکان و  تەنها لە چوارچێوەی ئێراندا نییە. لە زۆر ئەزموونی مێژوویی جیهاندا، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەربازیبوونی بزووتنەوەکان ئەنجامی داخستنی سیاسی و سەرکوتکردنی بەردەوام بووە.

هەر بۆیە، بوونی پێشمەرگە یان هەر هێزێکی چەکداریی تر، پێویست ناکات بە مانای دابڕانخوازێتی بێت. بەڵکوو دەبێت لە بەستێنی مێژوویی نەبوونی ئاسایش، نەبوونی متمانە، و نەبوونی میکانیزمە دیموکراتییەکاندا بخوێندرێتەوە. هەروەها دیارە کە بەردەوامیی چەک، خۆی دەتوانێت بێ‌باوەڕی زیاتر دروست بکات. بەڵام چارەسەرەکە تۆمەتبارکردن نییە، بەڵکوو کردنەوەی ڕێگای سیاسەت، ماف، و گفتوگۆی یەکسانە.

٥. پارادۆکس لە گوتاری ناوەندخوازدا: تۆمەت لەبەرامبەر دانپێدانان

خاڵێکی گرنگ لە وتاری شیرازیدا ئەوەیە کە نووسەر لە بەشێک لە دەقەکەدا بە ڕۆڵی نایەکسانییە پێکهاتەییەکان، ناوەندیکردنی دەسەڵات، و سەرکوتکردن ئاماژە دەکات. ئەم دانپێدانانە لە ڕووی شیکارییەوە گرنگە، چونکە نیشان دەدات کێشەی نەتەوەیی لە ئێران تەنها بەرهەمی «خەیاڵ» یان «ئاواتخوازی»ی حیزبە کوردییەکان نییە، بەڵکوو ڕەگی لە سیاسەت و پێکهاتە نایەکسانەکاندا هەیە.

بەڵام لەگەڵ ئەم دانپێدانانەشدا، ئەنجامی وتارەکە هێشتا بەرەو تۆمەتبارکردنی کوردان دەچێت، نە ڕەخنە لە ناوەند. ئەمە هەمان ئەو پارادۆکسەیە کە لە زۆر گوتاری ناوەندتەوەردا دەبینرێت: کێشەکە دەناسن، بەڵام تاوانبار بە قوربانی دەناسێنن.

ئەگەر نایەکسانیی زمانی، کولتووری، ئابووری و سیاسی هەیە، ئەگەر ناوەند هەموو ئامرازەکانی دەسەڵاتی بەدەستە، و ئەگەر حاشیە هەمیشە لە بەشداریکردنی ڕاستەقینە بێبەش بووە، چۆن دەتوانرێت تەنها لەسەر داواکارییەکانی حاشیە قسە بکرێت و بەرپرسیارێتی ناوەند فەرامۆش بکرێت؟ پرس و کێشەی نەتەوەیی لە ئێراندا بە ئینکاری شوناسەکان چارەسەر ناکرێت، بەڵکوو دەبێ لە رێگای گۆڕینی بنەڕەتیی پێکهاتەی دەسەڵاتەوە فام بکرێت.

٦. مافی دیاریکردنی چارەنووس تا سەربەخۆیی: داواکارییەکی ڕەوا و مەعقوول

بە پێچەوانەی گوتاری ناوەندتەوەر، مافی دیاریکردنی چارەنووس نە شتێکی نائەخلاقییە و نە داواکارییەکە لە دەرەوەی ژیربێژیی سیاسی. ئەم مافە لە جیهانی ئەمڕۆدا، بنەمایەکی ڕەوا بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە پەیوەندیی نێوان نەتەوەکان و دەوڵەتەکانە.

نەتەوەی کورد لە ئێران، وەکوو باقی نەتەوە ستەملێکراوەکان، مافی ئەوەی هەیە کە سەبارەت بە شێوەی داهاتووی سیاسیی خۆی بڕیار بدات. ئەم بڕیارە دەتوانێت لە چوارچێوە جیاوازەکاندا خۆی نیشان بدات. بۆ بەشێک لە هێزە سیاسییەکان، فیدرالیزم یان خۆبەڕێوەبردن باشترین چارەسەرە. بۆ هەندێکی تر، سەربەخۆیی لە بارودۆخی تایبەتدا وەک چارەسەری کۆتایی دەخرێتە ڕوو. گرنگ ئەوەیە کە ئەم مافە لە سەرەتاوە ڕەت نەکرێتەوە.

سەربەخۆیی، لە ژیربێژیی سیاسیدا، نە تەنیا داواکارییەکی هەستەکیی نییە، بەڵکوو یەکێکە لە شێوازەکانی مسۆگەربوونی مافی دیاریکردنی چارەنووس.

هەر نەتەوەیەک کە ساڵانێک لەگەڵ ئینکار، سەرکوتکردن و بێبەشکردن ڕووبەڕوو بووە، مافی ئەوەی هەیە کە ئەگەر هەموو ڕێگاکانی تر داخرابن، هەڵبژاردەی سەربەخۆیی وەک هەڵبژاردەیەکی سیاسی لەبەرچاو بگرێت. ئەم مافە ناتوانرێت بە ناوی «دابڕانخوازێتی» لە گۆڕەپانی باسەکان بسڕدرێتەوە.

پشتگیری لەم مافە، بە تایبەتی لەبارەی نەتەوەی کوردەوە، لەسەر سێ بنەما دامەزراوە:

یەکەم، بنەمای مێژوویی: کوردەکان خاوەن ناسنامەی مێژوویی، زمانی و کولتووری جیاوازن.

دووەم، بنەمای سیاسی: سیاسەتە ناوەندتەوەرەکان، بەشداریکردنی یەکسانیان لێ سەندوون.

سێیەم، بنەمای یاسایی: بنەمای دیاریکردنی چارەنووس، بنەمایەکی ناسراو و ڕەسەنە لە بیرۆکەی سیاسیی مۆدێرندا.

٧. چارەسەری کێشەی نەتەوەیی لە ئێران: ناساندن، نە تۆمەتبارکردن

ئەگەر بڕیار بێت کێشەی نەتەوەیی لە ئێران لە ئاستی ناکۆکی و گومان تێپەڕێت، پێویستە چەند بنەمای سەرەکی قبووڵ بکرێن:

یەکەم، بەفەرمیی ناساندنی فرەنەتەوەیی و فرەزمانی بوونی ئێران.

دووەم، بەفەرمیی ناساندنی زمانە دایکیەکان لە فێرکاریی، میدیا و دامەزراوە گشتییەکاندا.

سێیەم، بە ناوەندیی نەکردنی دەسەڵات و کردنەوەی ڕێگای ڕاستەقینە بۆ خۆبەڕێوەبردنی ناوچەیی.

چوارەم، کۆتایی هێنان بە سیاسەتە ئەمنی و سەربازییەکان دژی داواکارییە نەتەوەییەکان.

پێنجەم، قبوڵکردنی ئەو بنەمایە کە نەتەوەکان مافی بڕیاردان لەسەر داهاتووی سیاسیی خۆیان هەیە.

بێ ئەم گۆڕانکارییانە، هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە یەکگرتن و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نەتەوەکان، زیاتر لەوەی کە چارەسەر بێت، تەنها دووبارەکردنەوەی زمانێکی فەرمیی و مێژوویەکی سواوە. یەکگرتوویی ڕاستەقینە لە ناخی یەکسانیی و ڕەزامەندیەوە سەرهەڵدەدات، نە لە ناخی ئینکار و هەڕەشەوە.

وتارەکەی ئەسغەر شیرازی، سەرەڕای ئەوەی کە ڕووکارێکی شیکاریی هەیە، لە کۆتاییدا لە چوارچێوەیەکدا دەمێنێتەوە کە کێشەی نەتەوەیی لە ئاستی ماف و سیاسەتەوە بۆ ئاستی ئەمنیی و گومان دادەبەزێنێت. ئەم لێکدانەوەیە نە یارمەتی بە تێگەیشتنی کێشەکە دەدات و نە ڕێگایەک بۆ چارەسەری دەکاتەوە. بە پێچەوانەوە، بە بەردەوامبوونی ئەم روانگە و بۆچوونە، بێ‌باوەڕی قووڵتر دەبێتەوە و کەلێنی نێوان ناوەند و پەراوێز زیاتر دەبێت.

لە بەرامبەر ئەم جۆرە ڕوانگەیەدا، پێویستە بە ڕوونی بڵێین کە نەتەوەی کورد، وەکوو نەتەوەکانەی دیکەی نیشتەجێی ئێران، مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی سیاسیی خۆی هەیە. ئەم مافە، لە خۆبەڕێوەبردنەوە تا فیدرالیزم و تا سەربەخۆیی، لە ریزی کۆمەڵێک هەڵبژاردەی ڕەوادایە. ڕەتکردنەوەی ئەم مافە، نە تەنها نیشانەی پاراستنی یەکپارچەیی نییە، بەڵکوو بەرهەم‌هێنانەوەی دووبارەی هەمان پێکهاتەیە کە کێشەکەی دروست کردووە.

ئەگەر بڕیار بێت داهاتوویەکی دیموکراتیک، سەقامگیر و دادپەروەرانە بۆ ئێران ببیندرێت، ئەو داهاتووە تەنها لەسەر بنەمای بەفەرمیی ناساینی مافە نەتەوایەتییەکان، لابردنی نایەکسانی و هەڵاواردن و قبووڵکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس و بەناوەندیی نەکردنی دەسەڵات دەتوانرێت بنیات بنرێت. هەر ڕێگایەکی تر، تەنها بەردەوام بوونی هەمان بن‌بەستە کە ساڵانێکە ناوی دیکەیان لە سەر داناوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *