ڕاگەیەندراوی کۆمەڵە بە بۆنەی ۲۶ی ڕێبەندان، ڕۆژی کۆمەڵە…..

خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان!
بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە!
پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵە!
جیلی نوێی شۆڕشگێڕی کوردستان!
ئەندام و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە!

۵۵ ساڵ پاش بونیاتنانی یەکەمین تووەکانی لایەنێکی نوێ کە دواتر ناوی لێنرا کۆمەڵە و ٤۶ ساڵ پاش دەستپێکی چالاکیی ئاشکرا، کۆمەڵە ڕێگایەکی پڕ هەوراز و نشێوی بڕیوە.زۆر زوو خۆی گەیاندە لووتکەی ڕێبەرایەتیی تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی،بوونی بەرچاو لە ڕێکخستن و ڕێبەریی خەباتی بەربڵاوی خەڵک،کاری بەردەوام و لێبڕاوانە لە نێو دڵی کۆمەڵگە بە باوەڕ بەوەیکە شۆڕش کاری جەماوەرە،خۆڕاگریی سەربەرزانە لە بەندیخانەکاندا،ڕێکخستن و ڕێبەرایەتیی بەرگریی مێژوویی و گەورەی بزووتنەوەی کوردستان و جێگرتن لە پێشەوەی سەنگەری پێشمەرگانە،هەر لە سەرەتاوە بەرپرسیارەتییەکی مەزنی خستە سەر شانی کۆمەڵە.

چالاکیی و بوونی ئاشکرای کۆمەڵە، کاتێک کە لە ڕۆژی ۲٦ی ڕێبەندانی ۱۳۵۷ی هەتاوی، هاوڕێ حەمە حسێن کەریمی لە دامەزرێنەرانی ناوداری کۆمەڵە گیانی ئازیزی بەخت کرد،بە ڕاگەیەندراوێک لە سەر ئەو بابەتە، کۆمەڵە خەباتی خۆی ئاشکرا کرد.
کۆمەڵە لە بارودۆخێکی گونجاو بۆ حیزب و لایەنە سیاسییەکاندا بە خێراییەکی سەرسووڕهێنەرەوە کێشرایە گۆڕەپانی کێشمەکێش و سەرهەڵدانی سیاسی و جەماوەریی بەرین و خێرا لە بەرانبەر ئەزمووێکی دژوار و پڕ لە چاوەڕوانیی خۆی بینییەوە کە کەمتەرخەمبوون لێی ڕێگەپێدراو نەبوو.کۆمەڵە هاوکات کە لە شەڕدا بوو ڕێگای خۆی دەپێوا.

هاوکات لە گەڵ ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای کۆمەڵە،بەرەیەک لە تێکۆشەرانی بەئەزموونی چەپ لە سەرتاسەری شار و گوندەکانی کوردستان لە دەوری یەکدا کۆبوونەوە و لە ماوەی چەند مانگێکدا لە نێوان جموجۆڵ و ورووژانی جەماوەریدا بە بوونێکی کاریگەر،ماندوونەناسانە و پتەو خۆیان سەلماند کە تا ئێستەش ئاسەوارەکانی لە بزووتنەوەی کوردستان و جێخستنی تێکۆشانی جەماوەری و خۆڕاگرانەی کوردستان بە تەواوەتی بەرچاون.دامەزراندنی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکان لە سەرتاسەری کوردستان، ڕێکخستنی جەماوەری لە نەورۆزی خوێناوی سنە لە بەهاری ۵٨ و یەکەمین هێرش و لەشکرکێشیی سەربازیی ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو،گێڕانی دەوری سەرەکی لە ڕوونکردنەوەی خەڵک بەدژی بەناو ڕێفراندۆمی ۱۲ی خاکەلێوەی ۵٨،وەستانەوەی پتەو لە بەرانبەر هەیئەتی دەوڵەتی تازەی ڕژیم کە پاش بایکۆتی ڕێفراندۆمی نمایشی هاتبوونە شاری سنە و بەرگریی ڕوون و مێژوویی و بەرپرسیارانەی هاوڕێ سدیق کەمانگەر، لە ڕێبەرانی تێکۆشەری سیاسی و یەکێک لە کادرەکانی ڕێبەریی کۆمەڵە لە بەرحەقبوونی بزووتنەوەی کوردستان،ڕێکخستنی یەکە کرێکاریەکان، جووتیاران و ڕێکخراوەکانی ژنان،ڕەوانەکردنی سەدان کادری بە ئەزموونی خۆبەخش بۆ گوندەکانی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوە بە کەمترین کەرەستەوە،ئامادەبوون لە مەیدانەکانی کرێکاری و پێڕاگەیشتن بە داخوازییەکانی خەڵک لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا،ڕێکخەری کۆچی مێژوویی مەریوان لە ناڕەزایەتیی بە جموجۆڵە سەربازییەکانی ڕژیم لەو شارە،ڕێکخستنی ڕێپێوانی بەرینی خەڵک لە شارەکانی سنە، سەقز و بانە بۆ پاڵپشتیی خەڵکی مەریوان، بەرەوپێشبردنی وتووێژ لە گەڵ چەمران بە ڕێبەریی کاک فواد،ڕێبەری ئەوکاتی کۆمەڵە و دواتریش ڕێکخستنی بەرگریی مێژوویی خەڵکی کوردستان کە ڕژیم بەردەوام هەڕەشەی دەکرد،کۆمەڵەی کردە حیزبێکی پڕ ئەزموون و پتەو کە بەجێگای حیزبێکی چەند مانگە زۆر گەورەتر و کاریگەرتر خۆی دەرخست و دەستبەجێ متمانەی قووڵی خەڵکی کوردستان، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەتایبەت لایەنە چەپەکانی لە دەرەوەی کوردستان و نەتەوە بندەستەکان بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
ڕێبەندانی ٥۷ هەلێکی مێژوویی و مەزنی بۆ خەڵکی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین دەستەبەر کرد.کۆمەڵە کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بنەمای حیزبێکی کوردستانی وچەپی دانابوو و بە هەڵسەنگاندنی بزووتنەوەی کوردستان لە هەموو پارچەکانیدا، ئەزموونی کۆماری کوردستان و بزووتنەوەی چەکداریی ساڵەکانی ٤٦و ٤۷ و پێویستیی ڕێبەرایەتییەکی نوێ،لە گۆڕانکارییەکانی ۵۷ بە لێهاتووی و ژیریی ڕێبەران و کادرەکانی و بە مەلەکردن بە پێچەوانەی شەپۆلەکان و بە تاقەت و هێدی هێدی تووی ڕەوتێکی نوێ لە بزووتنەوەی کوردستانیان دەچاند کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕە بەرچاوەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بەستێنێکی یەگجار لەباری بۆ ئەم ڕەوتە نوێیە و هێزە جەماوەرییە تازەکان خولقاند.هەڵکشانی خێرای کۆمەڵە بۆ لووتکەی ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی کوردستان و بەدەستەوەگرتنی داهێنانە هزری و بڕواییەکان و جۆرەکانی تکۆشانی جەماوەری و خەڵکی بەهەڵکەوت نەبوو.
هەم بیرکردنەوەکانی کۆمەڵە هەم ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و هەم هەڵایسان و هەست و هیواکانی ئەو کاتی ٥۷ کاریگەریی بەرچاویان لە جێگیرکردنی جێگە و پێگەی کۆمەڵە هەبوو.
کۆمەڵە بە وزە و بڕوای پۆڵایین و بە هەڵوێستی مێژوویی”گەلی کورد لە نێوان تاقیکاریدا”لە ڕێکخستنی بەربەرەکانێ و خۆڕاگریی کوردستان لە بارودۆخێکی هەستیاردا لە بەرانبەر ڕژیمێکەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەژاندبوو و کاریگەریی نەرێنی نەک تەنیا لەسەر ئێران بەڵکوو لە سەر هەموو ناوچەکە دانابوو بوێرانە وەستایەوە.
٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی کاتێک کە ڕژیم هێرشی بەبڵاوی بۆ سەر کوردستان دەستیپێکرد،کۆمەڵە ڕەوڵێکی مێژوویی لە خەباتی بەرگری و زیندوو مانەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی گێڕا.

کۆمەڵگەی کوردستان لە سێ دەیەی ڕابردوودا گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە،پانتایی جوغرافیایی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی بەربڵاوتر بۆتەوە.
ناوەرۆکی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دوو دەیەی ڕابردووی کوردستان دەوڵەمەندتر بووە.بزووتنەوەی ژنان،ژینگە،هەڵکشانی ئەدەبیاتی بەرگریی و هۆنراوە و مووسیقا و داهێنانە نوێیە جەماوەرییەکان لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و بەرگریی لە بەرانبەر داگیرکەراندا،بەستێنێکی بەرچاون بۆ ئەوەیکە چەپی کوردستان ئەرک و بەرپرسیارەتیی خۆی بناسێ و هەر بەو ئیرادە و بێگەردیی دۆخی ڕاگەیاندنی چالاکیی ئاشکرای کۆمەڵە بەڵام بە ئەزموونی چوار دەیە لە هەوراز و نشێو خوازیاری ڕێبەریی بزووتنەوەی کوردستان و کاریگەر و ڕێنیشاندەر و ڕێکخەری خەباتی جەماوەری بێت.
شۆڕشی ژینا، “ژن ژیان، ئازادی”ئەوپەڕی گەورەبوون و دەوڵەمەندیی بزووتنەوەی کوردستانە.ئەم شۆڕشە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕەوڵی کوردستانی خستە ڕوو.لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێران و ناوچەکە،کوردستان قورسایی و پێگەیەکی جێگیرتری پەیدا کرد و بۆتە خاوەن ئۆتۆریتە و ناوەندێکی سیاسی.
شۆڕشی ژینا هەم زیاتر لە چوار دەیە بەرخۆدانی کوردستانی وێنا کرد هەم بەرحەقبوونی کە ڕژیم لە هەموو ئیمکاناتێکی بۆ ڕەشکردنی کەڵکی وەر گرتووە، سەلماند و هەم بەستێنە پێشکەوتوو،مرۆیی و یەکسانیخوازانەکانی نیشان دا.ئەم ڕاستییانە چەپی کوردستانی خستۆتە بەردەم ئەزموونێکی دیکە.
ئەمڕۆ هاوکات لە گەڵ ساڵیادی ڕۆژی کۆمەڵە،چاومان لە سەر ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییەکان لە جیهان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێرانە. کۆماری ئیسلامی کە تا چەندێک لەمەوبەر دەنگۆی خاوەندارێتی پێنج پێتەختی بڵاو دەکردەوە بەتەواوەتی شکاو، سەرشۆڕ وبێدەسەڵات کراوە.ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویان داوە و لەوەش گەورەتر بەڕێوەیە، زیاتر لە هەموو کاتێک چارەنووسی کۆماری ئیسلامی خستۆتە تارماییەکەوە.بەڵام کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی ئێراندا بە شێوەیەکی جیددی قەیرانی ڕەوایی، قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و بژێوی، سیاسی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە بەردەوام لە پەرەسەندندان بەرەو ڕوویە.
لە شەڕی ٤۶ ساڵەیدا بەرانبەر ژنان،کرێکاران،نەتەوە بندەستەکان،و ڕووناکبیران و پێنووس بەدەستان و لاوان ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە تووشی شکان و داڕمان بووە.
کەمتر ڕژیمێک پێش ڕووخانی بەم شێوەیە سەرشۆڕییە گەیشتووە.
هەڕەشە ناوکی و هاژەکییەکانی ڕژیم بەتایبەت دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لای هەمووان نیشانەی ترس و دڵڕاوکێی و شکانی ئەو ڕژیمەیە.
لە ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بەڕێوەیە چارەنووس و بارودۆخی هەموو بەشەکانی کوردستان بۆ ئێمە گرنگییەکی تایبەتیان هەیە.کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داهاتوودا دەتوانێ بەرەو چارەنووسێکی دیکە بڕوات و ئەمەش کۆتایی نەهامەتییەکان و دەرد و ڕەنج و خوێنڕشتن و داگیرکاریی بێت.
گۆڕەپان بۆ حیزب و لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت لە کوردستاندا بۆ خۆنواندن و بوونێکی بەهێز و کاریگەر ئامادەیە.لەم نێوانەدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشان وەکوو چەپێکی کوردستانی دەبێ درەوشانەوەی ٤٦ ساڵ پێشی بە ئەزموونتر و چاوکروەیی زیاتری سیاسی دووپات بکاتەوە و جێگە پەنجە و ڕێگا و ڕێبازی خۆی بەسەر ئاڵوگۆڕەکاندا بسەلمێنێ.بەستێن و هەلومەرج بۆ خۆدەرخستن خۆنواندی کۆمەڵە وەکوو لایەنێکی کوردستانی و چەپ لەبارە.
شۆڕشی ژینا،خۆدەرخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان،بارودۆخی ژنان،پێشکەوتنخوازی و مودێڕنیزم،بەرینتربوونەوەی ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان،سێکۆلاریزم و پێشگرتن لە دەستێوەردانی دین و دەوڵەت لەژیانی تاک و کۆمەڵگە، هەموو ئەو بایەخە مەزنە کۆمەڵایەتیگەلەن کە زیاتر لە چوار دەیەیە لە هەلومەرجی ئەو کاتی کوردستاندا کۆمەڵە ئاڵاهەڵگر وداکۆکیکار و پەرەپێدەری بووە.
ئەمە هەر ئەو سەرمایە کۆمەڵایەتییە گەورەیە کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەبێ بە بەدەستەوە گرتن و قووڵکردنەوەی چەپی کوردستانی لەسەر لووتکەی هیواکانی نەتەوەیەکی زوڵملێکراو و سەرکوتکراو بۆ ڕزگاری و بەختەوەری و کۆتایی داگیرکاری و سڕینەوەی هەرچەشنە نادادپەروەرییەک بیسەلمێنێ.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ یەکگرتوویی حیزبە کوردستانییەکان و دانانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش تێدەکۆشێ و ئەم هەنگاوەی وەکوو پێویستترین و گرنگترین هەنگاوی بزووتنەوەی کوردستان وبنەڕەتیترین ئەرکی حیزبە سیاسییەکان دەزانێ.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
۲۶ی ڕێبەندانی ۱٤۰۳ی هەتاوی
۱٤ی فێورییەی ۲۰۲٥ی زایینی