ڕاگەیاندنی کۆمەڵە لەسەر پیلانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تێکدانی نێوان دوو نەتەوەی کورد و تورک…!

ڕاگەیاندنی کۆمەڵە لەسەر پیلانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تێکدانی نێوان دوو نەتەوەی کورد و تورک
بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی شکۆداری نەورۆز لە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت لە شاری ورمێ، پەیامێکی بەهێز و ڕوونی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران تێدابوو. پەیامێک کە نیشاندەری وزەی پێشکەوتنخوازانە و ئازادیخوازانەی بزووتنەوەی کوردستان بوو. پاش ئەم هێزنواندنە شکۆمەندە، حکوومەتی ئێران و دەستوپێوەندەکانیان لە ورمێ کە ترسی مەرگیان لێ‌نیشتووە و دەبینن بزووتنەوەی کوردستان بە هەڵگرتنی مرۆڤانەترین و پێشکەوتووترین دروشمەکان و بەشداریی بەرینی ژنان و لاوان بەرانبەر هەموو بایەخ و سیستەمی فیکریی ئەوان وەستاوە و پێداگری لەسەر بەردەوامیی خۆی لە خەبات بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکا، کەوتنە خۆ.
دامودەزگای سیخوڕی و سەرکوتکاری حکوومەتی ئێران بە هەڵخڕاندنی هەستی توندئاژۆی نەتەوەیی و ئایینی کۆبوونەوەیەکیان ڕێکخست و هەموو ئیمکاناتێکیان بۆ دابین کرد و بە شێوەی بەرین لە ڕاگەیاندنەکان بڵاویان کردەوە. ئەمە هەوڵێکی دۆڕاوی پێشتر تاقیکراوی حکوومەتی ئێرانە کە دەیەوێ بە نانەوەی ئاژاوە و دروستکردنی دژایەتی لە نێوان نەتەوەکانی کورد و تورک، بەرپەرچی شۆڕشی نەورۆزی ئەمساڵی کوردستان بداتەوە. حکوومەت دەیەوێ هێز و وزەی خەباتکاران لە کاناڵی سەرەکیی خۆی کە دژ بە دەسەڵاتی داگیرکەر و دیکتاتۆری ئێرانە لابدا و بە نانەوەی دووبەرەکی و شەڕ لە نێوان خەڵکدا تەمەنی خۆی درێژکاتەوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەو هەوڵە نزۆک و پیلانە نگریسە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە توندی مەحکووم دەکا و داوا لە خەڵکی کوردستان دەکا وەکوو هەمیشە بە وریاییەوە بەرانبەر ئەم سێناریۆیە بجووڵێنەوە و هێز و وزەی خۆیان بەرانبەر بە تاوانباری سەرەکیی ئازارەکانی خەڵک واتە کۆماری ئیسلامی بەکار بێنن. هیوادارین دانیشتوانی تورکی ورمێ نەکەونە داوی ئەم پلانەی حکوومەتەوە و دوژمنی خۆیان بناسن. خەڵکی کوردستان ئاشتیخوازن و خوازیاری هاوپشتیی میللەتان دژ بە کۆماری ئیسلامین بەڵام هاوکات پێداگری لە سەر مافی نەتەوەیی خۆیان دەکەن و ئەو هێزە بەرینەی جەماوەر کە لە نەورۆزدا خۆی دەرخست بەرانبەر بە ژمارەیەکی کەم توندئاژۆ و سیخوڕ و ڕاسپێردراوانی دەزگای ئیتیلاعاتیی حکوومەت کۆڵنادەن و پاشەکشە ناکەن.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پێکەوە ژیانی شارستیانەی نەتەوەکانی تورک و کورد به مەرجی سەرەکیی پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی رژیمی ئێران و ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە دەزانێ و هەموو هێزی خۆیی تەرخان دەکا که نەتەوەکانی ناوچەکە بتوانن به ئارامی پێکەوە بژین.
سەرکەوێ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و پێشکەوتنخوازانەی کوردستان
نا بۆ ڕاسیزم و ڕەگەز پەرەستی و دواکەوتوویی
بژی یەکگرتووی نەتەوە ژێردەستەکان بۆ ڕزگاری
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
دەستەی کارگێڕی