چەپی کوردستانی, سۆسیالیزم و ئیستراتژی نەتەوەیی…!

بەشی دووهەم
بەستێنەکانی گەشەی چەپ لە کوردستان
ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ژێر ناوی “رێفۆرمی زەوی و زار” لە ئێران دەستیان پێکرد، ئاڵووگۆڕێکی بنەڕەتی لە کۆمەڵگای ئێران و کوردستان پێکهێنا. شارەکان گەورە بوونەوە و شەپۆلێکی بەرینی خەڵکی لادێکان کە تا ئەوکات لە کۆمەڵێکی سادە و ساکار و خۆبژێودا دەژیان، بەرە و شارە گەورەکان هاتن و بەشداریان کرد لە پرۆسەی گەشەی پیشەسازی ئابووریی، واتە لەدایکبوونی چینێکی بەرینی کرێکاراران کە ئەمجارەیان خۆی لە شوێنە پیشەییەکان و پرۆسەی بەرهەمهێنان دەبینیەوە و هەر ئەمەش لە خۆیدا وشیاریی ئەم چینەی تا دەهات دەبردە سەرەوە و رێکخراوتری دەکردن. دەسەڵاتدارانی ئێرانیی لەم پڕۆژەدا لە دەرێژەی بەردەوامبوونی داگیرکاریی، هاوکات چاویان بڕیبووە جوگرافیای کوردستان بە هەموو سەرچاوەی مرۆیی و ئابووریی و کانزایەکانیەوە، بۆیە رەوتی پیشەسازی لە کوردستان نەک بە مەبەستی گەشانەوەی ئابوریی بەڵکوو بە مەبەستی بەتاڵانبردن لە پێناو دەستڕاگەیشتن بە بەهرە و قازانج، زۆر بە هێوری دەچووە پێشەوە بۆیە بە گشتی لە قۆناغی یەکەمدا توێژێکی زۆرتری هێزی مرۆیی خەڵکی کوردستانی بەرەو شارە گەورەکان راکێشا بە پێچەوانەش دزی و تاڵان لە کوردستان بەردەوام بوو.
لە لایەکی دیکەوە خوێندن کە تا ئەوکات مافی کۆمەڵێک خەڵکی دەستڕۆیشتووی بنەماڵەی دەوڵەمەندی ئەو سەردەم بوو، ئەمجارەیان توێژێکی بەرینتری گرتەوەو دەرگای خوێندنگەو زانکۆکان بەڕووی گەنجاندا کرایەوەو ئەوانیش مەجالی ئەوەیان بەدەستهێنا کە لە زانکۆکانی ئێراندا بخوێنن و بەمشێوە خۆیان تێکەڵ بە کۆڕو کۆبوونەوەی خوێندکاران کرد.
ئەگەرچی جیهانی ئەو سەردەم دوو جەمسەری بەهێزی هەبوو کە هەرکامەیان لە هەوڵی ئەوەدان بوون کە لە وڵاتانێکی زیاتر هێژمۆنی خۆیان زاڵ بکەن، بەڵام لە ناخی کۆمەڵگاکانیش گۆڕانکاریە ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بەستێنی گەشەی بۆ تێڕوانینە جۆراوجۆرەکان لەوانە چەپ رەخساندبوو. بۆیە چەپی ئێرانی لە لایەک لە ژێر کاریگەریی جەمسەربەندی جیهانیی و لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی گۆڕانکاریەکانی ناوخۆی ئێران سەریهەڵداو توانی هەم لە نێو کرێکاراندا تا رادەیەکی بەرچاو جێگەی خۆی بکاتەوەو هاوکاتیش لە ئاستی رووناکبیران و خوێندەواراندا پێگەی بەرچاو بەدەست بهێنێت. ئەگەرچی هەرکام لەوانە رێچکەو رێبازی جۆراوجۆریان دەگرتە پێش ” لە تەنیا بڕوامەند بوون بە کاری سیاسی جەماوەریی تا شەڕی چەکدارانە” بەڵام توانیان کارتێکەریان لەسەر رەوتی چەپ لە کوردستانیش هەبێت، بەڵام بەو جیاوازیەی کە چەپ لە کوردستان کە کۆمەڵە پێشەنگایەتی دەکرد توانی بە خوێندنەوەیەکی جیاواز لە پێکهاتەی سیاسی کۆمەڵایەتی و ئابووریی، رێچکەی خۆی لە نێو ئەو ئاڵۆزیە ئایدۆلۆژیانە بدۆزێتەوەو بە خێرایی ببێتە رەوتێکی بەرینی کۆمەڵایەتی. واتە کۆمەڵە تەنیا پابەندی یەک بۆچوون و کارکرد نەبوو کە یان تەنیا کاری سیاسی، یان رەوتێکی چەکدارانەی دوور لە جەماوەر یان بوون بە رێکخراوێکی کرێکاریی و سیفی. بەڵکوو چەپ و سۆسیالیست بوون بۆ کۆمەڵە رێبازێک بوو کە لەو رێگەوە بە شێوەیەکی دینامیک خۆی لەگەڵ هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا رێک دەخست و بە پێی توانای تێگەیشتنی خۆی هەم لە ئەزموونەکانی ئەوان کەڵکی وەردەگرت بۆ هەرچی زیاتر خۆ تەیار کردن و هاوکات رۆڵی رێبەرایەتیشی لە ئاراستەکردنیان دەگێڕا.
چەپ بوون بۆ کۆمەڵە بە مانای تەنیا یەک روانین بۆ چینێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی “کرێکاران” نەبوو، بەو جۆرەی کە لە ئێستادا لە رێبازی چەپی کلاسیک دەبینرێت، واتە تەنیا پشت بەستن بە چینی کرێکار بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی. بەڵکوو چەپ بوون بۆ کۆمەڵەی سەرەتای ئەو چەند ساڵەی لە ناو جەماوەری خەڵکی کوردستان بە ئازادیی هەڵسووڕانی دەکرد بە مانای پشتگیری و بە هاناچوونی مانگرتنی تووتنەوانانی بانە، پێکهێنان و گەشەدان بە رێکخراوە جەماوەریەکان، رێکخراوەکانی ژنان، کرێکاران و کرێکارانی بێکار، بەرگری لە مافی جووتیاران لە دژی دەرەبەگ و … هتد، وە گرینگتریش وەستانەوەی بوێرانەو بێ دوودڵی لە سەنگەری کوردستان بۆ بەرگری لە دەسکەوتەکانی جەماوەر بوو.
کۆمەڵە لە بەرنامەو پڕۆگرامەکانی خۆیدا هەر شتێکی پەسەند کردبێت، بەڵام ئەزموونە کردەییە سەرەتاییەکانی ئەو رەوتە پێمان دەڵێ کە ئەم حیزبە چەپ و کوردستانیی بووە بەڵام دواتر لە رەوتی ئەو گۆڕانکاریانەی هاتنە پێشەوە، هێدی هێدی بە تایبەت بە دوای پێکهاتنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران تەوژمێکی ئیدۆلۆژیک کە هاوکات پێناسەیەکی ئێرانیبوونی لەگەڵدا بوو، واتە هێژمۆنی نەتەوەی باڵادەست باڵی بەسەر ئەم رەوتەدا کێشا کە لە بەردەوامبوونی خۆیدا وزەو پۆتانسیەلی ئەم هێزەی لە نێوان کەوانەی ئایدۆلۆژی تواندەوەو بە فیڕۆیدا، بە جۆرێکە هێزێکی گەورەی مرۆیی کە دەیتوانی لە کوردستان ببێتە هەوێنی خەباتێکی بەرینی یەکگرتووانەو پێکهێنەری گوتارێکی گشتگیر، خستە خزمەتی رێکخستنی بیرۆکەی نەتەوەی باڵادەست بە مەبەستی شۆڕشی کرێکاریی. بە تایبەتی لە کاتێکدا کە زۆربەی رەوتە چەپە ئێرانیەکان تووشی لاوازیی هاتبوون و لە بواری سیاسیەوە کەوتنە نێو قەیران، کۆمەڵە لە کوردستان لە ئەوپەڕی گەشەو گوڵی سەرتۆپی رەوتێکی گەورەی کۆمەڵایەتی لە کوردستان بوو.
بە پێچەوانەکەشی کاتێک پاش ساڵانێک دەرفەتێک بۆ پێداچوونەوە لە بواری ئایدۆلۆژی خولقا “جیابوونەوەی 2000” لە ژێر ناوی پڕۆژەی ساخکردنەوەی کۆمەڵە، ئەم رەوتە نەک نەیتوانی خۆی وەک چەپێکی نوێی سەردەم لە کوردستان پێناسە بکات بەڵکوو سەری لە بەرەی راستی ئێرانی دەرهێنا، کە لە بواری جیهانبینی هەم دژی بنەماکانی چەپ وەستاوەتەوە و لە پرسی نەتەوەییشدا، هەوڵدانێکی بە پلانە بۆ کردنی ئەم نەتەوە بە پاشکۆی ئێرانیەکان وەک ئیتنیک و شارۆمەند و ناوهێنانی کوردستانیش بە ناوچە کوردنشینەکان.
چەپی کوردستانی واتای چیە؟
کوردستانیش وەک هەر ناوچەیەکی دیکەی سەر ئەم گۆی زەویە لە ماوەی دەرکەوتنی خۆی لە پڕۆسەی مێژوو، بەشێک بووە لەو شوێنانەی کە فەلسەفە، سیاسەت، ئابووری و کلتوور کاریگەریی لەسەر داناوە. هاوکات بە پێی هەڵکەوتەی جوگرافیایی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کاردانەوەی بەرانبەر ئەو ئاڵوگۆڕانە هەبووە. بۆیە دەستەواژەی چەپیش کە یەک لەو ئەندێشانە بووە کە لە فەڕانسە بە تایبەتی لە دوای گەشەی سەردەمی پێشەسازی هاتە ئاراوەو بەو بەرە دەوترا کە خوازیاری ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە کۆمەڵگا ودژی دەسەڵاتی سوننەتی کۆن و دواکەوتووانە بوون و لە بەرانبەردا بڕوایان بە یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی لە بواری ئابووریی و پێشکەوتنخوازیی بوو، پریشکەکانی ئەو ئەندێشە دواترەکان کوردستانیشی گرتەوە.
بێگومان هەڵگرتنی ئەم دەستەواژە وێنای مانایەکی زۆر جیاوازترە لەوەی پێشتر لە زمانی دەربڕیندا بووەو بەکار هێنراوە، بەو پێیەی لە رەوتی خەباتی سیاسی لە کوردستان کە کۆمەڵە وێنەی بەرچاوی ئەو ئەزموونەیە، تا ئەم کات و ساتەشی لەگەڵدا بێت وەک هێزێکی “چەپ لە کوردستان” هەڵسووڕانی بووەو بەرنامەو ئیستراتژیەکەی هەر لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراندووە، بەم پێیە ئەو هێزێکی چەپە لە کوردستان و خەبات بۆ ئەوە دەکات کە چینی کرێکار کە ئەڵبەتە ئەمڕۆکە مانایەکی بەربڵاوتری پەیدا کردووە ئامادە بکات بۆ بەشداریی لە شۆڕشێک کە ستەم و نابەرابەریەکان لە نێو ببات و مزگێنی جیهان و ژیانێکی باشتر بۆ مرۆڤەکان دەدات، بەڵام ئەو جیهانە لە زەینی ئەودا واتە ئێران وەک چوارچێوەیەکی جوگرافیایی دیاریکراوی مێژوویی. بۆیە ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین تا رادەیەک چ لە باری مێژوویی و سیاسی چ لە باری کاریگەریی بەکارهێنانی دەستەواژەکان کە بێگومان بەرئەنجامی تێڕوانین و ئەندێشەی تاکەکەس یا رێکخراوەییە بۆ ئەم پرسە، هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەیەک بکەین و هاوکات لە روانگەی خۆمانەوە نیشانی بدەن کە بۆچی لێرەداو لەم مێژووە لانیکەم بۆ کوردێک کە بیرو ئەندێشەی چەپی کردوەتە بنەمای خەباتی سیاسی خۆی، هەڵەیەکی ئیستراتژیک یان رەنگە هەڵە تێگەیشتنێک روویداوە کە چاوەڕێ دەکرێ نەوەکانی ئێستاو داهاتوو بتوانن لە بەر تیشکی ئەو گۆڕانکاریانەی دێنە پێشەوە، هەوڵبدەن ئەو هەڵە مێژووییە راست بکەنەوەو بە خوێندنەوەیەکی وردبینانە، بیرو ئەندێشەی چەپ بخەنە خزمەت قازانج و بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە مەبەستی گەیشتن بە سەروەریی سیاسی، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی.
چەپی کوردستانی بە پێی باری مێژوویی و کلتووریی جەماوەریی، بڕوامەندە بە رەخساندنی بەستێنەکانی گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی لە هەموو بوارەکانی ئابووریی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن و…هتد، لە هەمانکاتدا ئەم پرۆژە لە کوردستانێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێرانیی وێنا دەکات کە تێیدا جەماوەری خەڵک لە کەشێکی ئازادانەو دوور لە گوشارو سانسۆڕو هەڵاواردن بە شێوەیەکی دێمۆکراتیک بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدەن بۆ پێکهێنانی کیانێکی سەربەخۆ. وە چەپی کوردستانی لەم جێگەدا بێ دوودڵی بە جەماوەری خەڵکی کوردستان دەڵێت کە ئەمە مافێکی سرووشتی و مێژوویی خۆتانە کە دەبێ بە سەربەخۆیی بگەن و ئێمەش ئەوە بە رێبازێکی درووست و ئیستراتژیەکی سەرەکی دەزانین بۆ داهاتووی هەموو خەڵکی کوردستان. لە روانگەی چەپی کوردستانی رزگاریی لە دەست ستەم و چەوسانەوەو نایەکسانی دوو هەنگاوی هەیە کە هاوشان لەگەڵ یەکتر هەنگاو دەنێن و هەردوو بابەتەکە بە تەواوی لەیەک گرێدراون، واتە بابەتی هەوڵدان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکسان و بەرابەر و سەرپێخستنی کوردستانێکی سەربەخۆ. ئەم دوو بابەتە ئەگەر لەیەک جیا بکرێنەوە ئەو ئامانجانەی جەماوەری بەرینی خەڵکی کوردستان بنکوڵ دەکات، واتە ئێمە ناتوانین وڵاتێکی سەربەخۆ بونیات بنێین بەڵام لەم وڵاتەدا پرسی، ئازادیەکان، یەکسانی نێوان ژن و پیاو و بابەتی بە فەرمی ناسینی جیاوازی جێندەرەکان، دێمۆکراسی، پرسی ژینگەو عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئابووریی پشتگوێ بخەین و رێگە بدەین یاساو رێسای ستەمکارانەو نابەرابەر حوکمی وڵاتێک بکات و هەموو داواکاریەک لە ژێر چەتری نەتەوە بتوێنێتەوە و ئاکامەکەشی ببێتە نەتەوەیەکی دەمارگرژی دواکەوتوو. بۆیە ئەوەی روانگەی چەپی کوردستانی لەوانی دی جیا دەکاتەوە، دوو پرسی گرینگە بۆ تاکی کورد کە لە لایەک دەبێ ببێتە خاوەن دەوڵەتی خۆی و لە لایەکی دیکەشەوە ئەم دەوڵەتە دەبێ سیمایەکی دێمۆکراتیک و مرۆڤدۆستانە لە هەموو بەستێنەکانی بەشداریی کۆمەڵایەتی لە خۆی نیشان بدات و بڕوات بەرەو دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی سەردەمیانە کە خۆی لەگەڵ پێوەرە ئینسانیەکانی جیهانی پێشکەوتوو هاوتەریب دەکات.
درێژەی هەیە…