چەپی کوردستانی، سۆسیالیزم و ئیستراتژی نەتەوەیی….!

0
پەرویز ڕەحیمزادە

بەشی پێنجەم و کۆتایی

رەوت و حیزبە سیاسیە ناسراو و کارتێکەرەکان کە توانیویانە بەشێک لە سەمپاتی جەماوەریی بۆ لای خۆیان رابکێشن، بە زۆری لە رێبازو سیاسەتەکانیاندا سەردەمێک هەوڵیانداوە کە پرسی کورد وەک بابەتی خەڵکێکی ستەملێکراو  بناسێنن کە دەبێ بە پێی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ لەگەڵی هەڵسووکەوت بکرێت، یان هەندێجار پرسی کوردیان تا رادەیەک بەستوەتەوە بە بابەتێکی ئابووریی کە گوایە دەوڵەتانی داگیرکەر بە دواکەوتوو راگرتنی کوردستان لە بواری ئابووریەوە، هۆکاری هەڵاواردن و ناکۆکین بە جۆرێکە ئەگەر باری گوزەران و ئابووریی خەڵک بەرەو باشی هەنگاو بنێت ئەوە رەنگە هەندێکی زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەبن، لە لایەکی دیکەوەو بە تایبەتی لەم سەردەمەدا پرسی کوردیان وەک بابەتێک هێناوەتە بەر باس کە کێشەی بەشداریی پێنەکردنی سیاسی کوردە لە سیستە و دەسەڵات کە ئەم سەردەمە زۆر باسی لێوە دەکرێ، بەم واتە هەندێکیان باسەکە بەوە کورت دەکەنەوە کە هەر لەم ئێرانی رژیمی ئیسلامیەدا  ئەگەر کورد بتوانێ چەند وەزیرو بەرپرسی ناوچەیی ببێت و رێگەی پێ بدرێت بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت، ئەوە دەکرێ بە پۆزێتیڤ و دەسکەوت هەڵبسەنگێدرێت. یان ئەو سیاسەتەی ئێستا حیزبە کوردیەکان لە قسەو باس و دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئەنجامی دەدەن، هەوڵیان ئەوەیە کە چارەسەری پرسی کورد ببەستنەوە بە بەشدرایی لە دەسەڵاتی داهاتوو لە ئێران. لە حاڵێکدا بابەتەکە زۆر لەوە هەستیارترە کە پرسی کورد بەوشێوە ئاراستە بکرێت، لێرە مەسەلەی کورد هەڵگری بارێکی فەلسەفیە بە جۆرێکە داگیرکەران ئەوەی ئێستە لە بەرەی دەسەڵاتەو ئەوەی بڕیارە لە داهاتوودا دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت، پڕۆژەی لەناو بردن و تواندنەوەی ئەم نەتەوە لە مێشکیدا پەروەردە دەکات، جا ئەم لەناو بردنە لە هەموو ئاستەکاندا خۆی بە روونی دەردەخات. لە بواری ئابووریی دواکەوتوو راگرتنی کوردستان، لە بواری کلتووریی هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئاسەوارە مێژوویەکان و هەوڵی پیلانداڕێژراو بۆ لەناوبردنی زمانی کوردی و زاراوە جۆراوجۆرەکانی زمان لە کوردستان، کۆنتڕۆڵی سیستەمی پەروەردەو بە مەبەستی سڕینەوەی بیری ئازادیخوازانە لە نێو مێشکی نەوەکانی داهاتوو بە جۆرێکە پێیان بڵێت ئێوە وەک تاکی کورد هیچ مانایەک پەیدا ناکەن و تەنیا بە بوونتان لەگەڵ کۆی گشتی ئەم جۆگرافیای پێی دەڵێن ئێران دەبنە خاوەنی کاراکتێری راستەقینە، وە لە دەرەوەش هەوڵی ئێرانیەکان بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ بە چۆکداهێنانی گوتاری کوردستان تەوەری و راکێشانیان بۆ ناو ئەم بەرەو ئەو بەرەی چەپ یان راست. وە ئەم رێکارانە بە تایبەت لەم رۆژانەی بزووتنەوەی ژینا “ژن ژیان ئازادیی” ئێستا زۆر بە روونی لە هەڵوێست و کردەوەی فاشیزمی ئێرانیی لە رێگەی هەم کۆڕو کۆبوونەوەکانیان و هەمیش میدیاکانی سەر بەم بەرە دەبینرێت.

ئەگەر چالاکانی سیاسی ئێرانیی دەرەوەی وڵات بەسەر دوو روانگەی چەپ و راست دابەش بکەین، بەرەی راست بە ورووژاندنی تەنیا یەک پرسیار لە تاکی کورد هەموو ناوەرۆکی فاشیزمی داگیرکەرانەو دیکتاتۆری و ستەمکارانەی خۆیان دەردەخەن، ئەویش ئەوکاتەیە کە دەپرسێت ئایا ئێوە جیاییخوازن”شما تجزیە طلبید؟” ئەمە بە درێژایی ئەم مێژووە نوێیەی تۆمار کراوە بە روونی دەبینرێت کە تەنانەت باشترین کوردێ کە بە ئاشکراش هاواری ئەوە بکات کە “رێگە نادەین هیچکەس خۆی لە ئێمە بە ئێرانیتر بزانێت” هێشتا جێی بڕوا نین، یان ئەوانەی خۆیان بە قارەمانی دێمۆکراسی بۆ ئێران پێناسە دەکەن و کۆڕو کۆڕبەندێکی ئێرانیی نەماوە سەری پێدا نەکەن و وەک کەواسووری بەر لەشکەر هەوڵ بۆ “پاراستنی یەکپارچەیی سەرزەمینی” نەدەن، بەڵام هەر وەک کوردێکی گوماناوی سەیر دەکرێت.

لە لایەکی دیکەش چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستانیش هەر بەو رێچکەدا دەڕۆن بەڵام ئەمان لە ژێر ناوی خەباتی بەرینی چینایەتی و هەوڵدان بۆ یەکگرتوویی کرێکاران، واتە لەم کاتاگۆریەدا پرسی نەتەوەیی لاوەکی دەبێتەوە یان ئەوەیکە بە شێوەیەکی شەرمێونانە باس لە سەروەری سیاسی ئەم نەتەوەیە دەکەن. چونکە باسکردن لە نەتەوە لای ئەوان دەبێتە بابەتێکی دواکەوتووانە لە ئەندێشەی مارکسیستی و ئەگەر کەسێک بێتوو چەپێک لە کوردستان باسی سەربەخۆیی کوردستان بهێنێتەوە ئاراوە، بەو واتایە دەبینرێت کە لەگەڵ مانیفیستی چەپ ناتەبایەو دیواری ئایدۆلۆژیەکە تووشی داڕمان دەبێت. بەڵام هەر ئەم چەپە لە کوردستان خەبات لە سنوورەکانی ئێران بە ئینترناسیۆنالیستی لەقەڵەم دەدات، واتە مارکسیزم بەم مانا پێوانەیەکی جوگرافیایی هەیە کە ئەگەر ئەم ئەندێشە لە جوگرافیای گەورە “ئێران” رەچاو بکرێت بێ خەوشە بەڵام لە جوگرافیای بچووکتر “کوردستان” بە تاڵ دەبێتەوە لە ناوەرۆکی خۆی.

چەپی کوردستانیی، کۆمەڵەو مارکسیزمی کلاسیک

ئێستا و پاش زیاتر لە نیو سەدە لە دامەزرانی ئەم رێکخراوە، پێوەندی فیکری ئەم حیزبە بە بیری سۆسیالیستیەوە چۆنەو بە چ جۆرێک دەکرێ لە نێو تەپ و تۆزی ئەو گۆڕانکاریی و دابڕان و دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵگاو هاوکات بەردەوامبوونی سیستەمی سەرمایەداریی و زاڵبوونی بەسەر جیهانی ئەمڕۆ، بتوانرێ خوێندنەوەیەکی تازە بۆ مارکس و سۆسیالیزم بکات. کۆمەڵەی ئەمڕۆ لە نێوان دوو تێڕوانینی فیکریدایە یان باشترە بڵێن بەسەر دوو خوێندنەوە لە مێژووی خۆی دابەش بووە. یەکیان نەک بە تەواویی لە زمانی دەربڕیندا کە هەندێ جار هەڵوێستی رێفۆرمیستانەیان هەیە بەڵکوو لە بەرنامەدا لەسەر ئەو بڕوایە کە هەر سەرلەبەیانی رۆژی شۆڕش و راپەڕین لە ئێران و کوردستان، کۆمەڵگا ئامادەی شۆڕشێکی سۆسیالیستیەو هەموو بەستێنەکانی رووخانی سەرمایەداریی رەخساوە بۆ وەها گۆڕانکاریەک لە ئاستی ئێران و بەم پێیەش کۆمەڵە بە رێکخراوی ناوچەیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێناسە ئەکات کە خۆیشی وەک لە بەرنامەکەیدا هاتووە، بەشێکە لە خەباتی ئەنترناسیۆنالیستی کرێکاریی، واتە کۆمەڵە وەک خۆی شتێک نیە ئیستراتژیەکی درێژماوەی لە کوردستان هەبێ، بەڵکوو کەرەسەیەکە بۆ ئامانجێکی گەورەتری ئینترناسیۆنالیستی جیهانیی. لەم روانینەدا کوردستانیش تەنیا بایەخێکی پەراوێزی هەیە بۆ مەبەستی خزمەتکردن بە ئیستراتژی جیهانیی چینی کرێکار لە ئاستێکی بەرینتر.

کاتێکە شۆرڕشی ئۆکتۆبری رووسیە بۆ ماوەی دەیان ساڵ بە هەموو کەرەسەو ئیمکاناتی مادی خۆی کە توانیبووی ئەندێشەی بەناو سۆسیالیستی خۆی لە سەرتاسەری جیهان بڵاوە پێ بکات، بەشێک بوو لە یارمەتیدانی شۆڕشی گەورەی چین لە ١٩٤٩و توانی ئیرادەی خۆی بەسەر بەشێکی هەرە گرینگی وڵاتانی رۆژئاوا داسەپێنێت و کاریگەریی لەسەر بەشێکی زۆری بزووتنەوە چەپەکانی ئەو کات داناو تەنانەت توانی بەشێکی زۆر لە نووسەران و بیرمەندانی ئەو سەردەم لە بواری رۆمان و شێعرو فەلسەفەو ئەدەبیات بەلای خۆیدا رابکێشێ، تا رادەیەک کە بیرمەندی گەورە ژان پۆل سارتر لە کۆتاییەکانی ئێستالینیزم ئەوە بە تاکە هیوای مرۆڤایەتی بۆ رزگاری ناوزەد دەکرد، چۆنە کە تێڕوانینێک لە کۆمەڵە هەیە کە باز بەسەر ئەو ئەزموونە مێژووییە دەدات و نایداتە بەر لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ کە ئەو هۆکارانە چی بوون کە ئەو پێکهاتە لە نێو خۆیدا رووخاو دواتریش دەرکەوت کە چۆن چینی کرێکار بە دڕندانەترین شێوە چەوسایەوەو بە ملیۆنان کەس لە ژێر ناوی جۆراوجۆر قەتڵ و عام کران.

ئەم لێکۆڵینەوە ئەڵبەتە نابێ کورت بکرێتەوە بۆ ئەوەی تەنیا بوترێ کە ئەوە سۆسیال ئەمپریالیزم بوو کە لە رووسیە دەستی باڵای پەیدا کرد بەڵکوو گەلێک لایەنی دیکە لەوبارەوە هەیە کە دەبێ هەڵبدرێتەوە، پرسی دێمۆکراسی، پێگەی حیزب لە دەسەڵات، چۆنیەتی پێوەندی لەگەڵ چینی مامناوەندو بەردەوامبوونی سەرمایەداریی لە فۆرمێکەوە بۆ فۆرمێکی دیکە، چۆنیەتی تێپەڕبوون لە سەرمایەداریی بەرەو سۆسیالیزم، مەسەلەی زۆرینەو کەمینەکان و سەرهەڵدانی چینی جیاواز لە کۆمەڵگا. ئەگەرچی هاتنە مەیدانی کرێکاران لە رەوتی ناڕەزایەتی دەربڕینیان لەسەر شەقام فۆرمێکی شۆڕشگێڕانە بە خۆیەوە دەگرێ و بزووتنەوەکە رادیکاڵکتر دەکاتەوە بەڵام ئەمڕۆکە لە راستیدا ئیتر تەنیا ئەوە چینی کرێکار نیە کە سەرچاوەی سەرەکی شۆڕش و راپەڕینە، بەڵکوو هاتنە مەیدانی چینی نوێ بە داخوازیگەلی نوێ کۆمەڵگایەکی هەمەڕەنگی پێکهێناوە کە چەپێکی زانستیانەو ئەمڕۆیی دەبێ بتوانێ ناوەندی خوێندنەوەیەکی دەقیق بێ بۆ هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە دەوروبەریدا روو دەدەن. بە داخەوە چەپی ئەمڕۆ نەک نازانێ چۆن لە دژی سیستەمی سەرمایەداری خەبات بکات بەڵکوو ناشزانێ کە چۆن لە دژی ئەو سیستەمە بیر بکاتەوە. چەپی نوێ و کوردستانیی دەبێ بە هەموو شێوەیەک پارێز بکات لە مارکسیزمی خۆسەپێنەر وە لەوە تێبگات کە کردنی مارکسیزم بە ئایدۆلۆژی و سەپاندنی زۆرەملێ بەسەر خەڵکدا هەرچەند لە روانینی ئەواندا لە پێناو قازانج و بەرژەوەندی جەماوەرە، بەڵام بەرهەمی پێچەوانەی لێدەکەوێتەوە، بەڵکوو دەبێ هەوڵبدرێ کە بە پراکتیک و بەرنامەو گرتنە پێشی رێگای شیاو بەرەو ئەو ئێستراتژیە هەنگاو بنرێت.

پرسیارێکی گرینگ ئەوەیە ئایا هەرکەس سەرجەمی بیروڕای مارکسی وەک خۆی بەڕێوە نەبرد دەبێتە لادەر؟ ئێستا ئەوەی لە کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا هەیە ململانیەکی درێژماوەیە کە چۆن هەموو دەقەکانی مارکس وەک ئایەتی پیرۆز بەڕێوە ببرێت ئەگەرنا دەکەویتە دەرەوەی ئاڵقەکە. مارکسیزمی سەدەی بیستەم سەرەڕای هەوڵدانی تێکۆشەرانی ئەو رێبازە، سەرەڕای ئەوەی توانی نیزامی هێرشبەری لیبرالیزم ناچار بە دانپێدانان بە هەندێک مافی ئابووریی،کۆمەڵایەتی و سیاسی بکات، ئەڵبەتە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە رێفۆرمە گەورەکانی سەرمایەداری سەدەی بیست رێک لە کاتێکدا روویاندا کە بزووتنەوە سۆسیالیستیەکان روو لە گەشەو هەڵکشاندا بوون، بەڵام لە پرسی دێمۆکراسیدا تووشی داڕمان هات، بە جۆرێکە بە قۆرخکردنی دەسەڵات لە پێناو درووستکردنی کاریزماو لەناوبردنی ناوەرۆکی ئەسڵی سۆسیالیزم واتە دێمۆکراسی لە هەموو رووبەرەکانیەوە، سیمایەکی ترسناکیان لە سۆسیالیزم بە هەموو جیهان نیشاندا و دووهەم بنەمای سانتریالیزمی دێمۆکراتیکیان لە کاری حیزبی و دەوڵەتی لە دێمۆکراسی بەتاڵکردەوەو ئەوەی مایەوە تەنیا ساختارێکی بۆرۆکراتیک و ئۆلیگارشیەکی تۆخ بوو کە هەموو کەس دەبوو لە پێناو سەرکردە بێ و ئەوەی ئەو وتی واقعیەتی مێژووە.

رەنگە گەڵاڵەکردنی چەند پرسیاری لەو شێوە بتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ ئەوەی تێڕوانین بۆئەو جۆرە لە مارکسیزمی میکانیکی کە زاڵە بەسەر لایەنێک لە کۆمەڵە، هەندێک باسی دیکەی پێوەندیدار بەم پرسە بێتە ئاراوەو دەرگایەک بۆ خوێندنەوەیەکی واقعبینانە لە چەپ و مارکسیزم بکرێتەوە. بۆ وێنە پرسی دەوڵەت کە لە دەورەی نوێدا رۆڵێکی تایبەتی دەگێڕێت، چۆن دەکرێ لەگەڵ تیۆری و جیهانبینیەکانی مارکس کە ئەساسەن دژی دەوڵەتە خویندەوەی بۆ بکرێت؟ ئایا چۆن دەکرێ لە نێو جیهانی دەوڵەتەکاندا دەسبەجێ دەوڵەت هەڵبوەشێنرێتەوەو میکانیزمی شوررایی پەیڕەو بکرێت؟

پرسی نەتەوە بندەستەکان لەوانە کورد و خەبات بۆ سەربەخۆیی بە کام یەک لە فۆرمولبەندیەکانی مارکس دەبێ وەڵام بدرێتەوە؟ جیا لە ئاکامەکانی کە جێگەی لەم باسەدا نیە مەگەر ئەوە چەپەکان نەبوون کە بە زۆری لە سەدەی بیستەم هەر لە ئەفریقا تا ئەمریکای لاتین و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەباتیان دژی داگیرگاریی دەوڵەتانی کۆلۆنیالیست کرد بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی؟

دەوڵەت لە سەردەمی نوێدا بێگومان رۆڵی رێکخستن و ئانالیزی هەموو رووبەرەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی دەگێڕێت و لە خۆیدا میکانیزمێکی بەڕێوەبەریە. بەڵام لە روانگەی ئێمەوە دەوڵەت دەبێ دێمۆکراتیک، دوور لە دەمارگرژی و خۆبەزڵزانینی نەتەوەیی بێت، واتە هاوکات لەگەڵ ئەوەی رێز لە کلتوور، سرووشت و مێژووی خۆی دەگرێت دەبێ پارێز بکات لەوەی بەرەو راسیسزم و نەتەوەپەرستی بڕوات.

مارکس پێشتر روانگەی بەرانبەر بە ئیرلەند لایەنگرانە نەبوو هەر وەک ئەوەی کاتی خۆی دیفاعی لە بەشداریی شۆڕشگێڕانەی ئینگیلس لە هێند کردو دەیوت کە بوونی ئینگلیس لە هێندووستان دەتوانێ خەڵکی ئەو وڵاتە لە خەوی چەند هەزار ساڵە وەخەبەر بێنێت، ئەگەرچی زۆری پێ نەچوو لەو رستەیە پاشگەز بوویەوە. یان فرێدریک ئینگڵس داگیرکردنی خاکی مێکزیک لە لایەن ئەمریکاو داگیرکردنی ئەلجەزائیر بە دەستی فەڕانسەی تەئید دەکرد، یا ئەوەیکە سووکایەتی بە خەڵکی باڵکان دەکرد و دەیوت کە بولغاریەکان باشتروایە حکوومەتی تورکەکان قبووڵ بکەن و چاوەریی ئەو شۆڕشە راستەقینە بن کە لە رۆژئاوا روودەدات. بەڵام ئەم بۆچوونانە ئەمڕۆکە ناتوانێ بۆ کەس یا لایەنێکە بڕوای بە یەکسانی هەیە قبووڵکراو بێ، بەڵکوو دەزانین کە هەردوو بیرمەند خزمەتی گەورەیان بە مرۆڤایەتی کردووەو ئەڵبەتە لەو روانگانەی خۆیشیان هەندێجار پاشگەز بوونەتەوە.

 مارکس روو بە کرێکارانی ئینگلیسی دەڵێ کە بەشداریی لە شەڕی دژی سەربەخۆیی ئیرلەند مەکەن و مەبنە دەستەچیلەی ئاگری ئەو شەڕەو بەڵکوو بە پێچەوانە یارمەتیدەری بزووتنەوەی فینی (رێکخراوی نەتەوەیی ئیرلەند) بدەن هەرچەند بزووتنەوەیەکی بۆرژوازی ئیرلەندی بوو. مەبەست لەم گێڕانەوە ئەوەیە بڵێین باسکردن لەسەر مافی خەڵکێکە بە درێژایی مێژوو لەژێر چەپۆکی داگیرکاریی بووە نەک لادان نیە بەڵكوو گەشەدان و هەوڵە بۆ سەرلەنوێ سەرپێخستنەوەی فۆرمێکی نوێ لە چەپ کە دەتوانێ لە درێژماوەشدا خزمەت بە ئیستراتژیە گشتیەکە بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *