چڕبوونەوەی پێشێڵکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە..!

ئەو هەواڵانەی کە لە پەیوەند لەگەڵ مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستان بڵاو بوونەتەوە باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامیی لە ساڵی ١٤٠٣دا لانیکەم هەزار و ٥٠ کەسی لە سێدارە داوە. کە بەشێکی هەرە زۆری لە سێدارە دراوان سیاسی بوون و سەر بە نەتەوە جۆاروجۆرەکان بوون. ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە لەم ڕێژەیە ٣٠ کەسیان ژن بوون و پێنج کەسیشیان منداڵ بوون. هەروەها هەواڵەکان باس لە ٣٥٥ هاووڵاتی دەکەن کە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕیژیم کەوتوون کە ١٥٦ کەسیان گیانیان لەدەست داوە. لەم ڕێژەیە ٣١کەسیان کۆڵبەر، ٤٢ سووتەمەنیبەر بوون و ٨٣کەسی تریشیان بە شێوەی جۆراوجۆر لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون . لە ساڵی ڕابردوودا، دوو هەزار و ٢٥٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران بەڕێوە چووە و هەروەها لانیکەم سێ میلیۆن قوتابی لە خوێندن دوا کەوتوون و هەروەها ناوی نزیک بە دوو میلیۆن منداڵی کار لەم ساڵەدا تۆمار کراوە.

هەروەها دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوو بەتایبەتی پاش مانگرتنی سەرتاسەریی خەڵکی کوردستان لە ناڕەزایەتی بە دژی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی تا کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بەرەو خراپتربوون چووە، بە شێوەیەک کە بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن ناوەندە مافی مرۆڤییەکانەوە زیاتر لە ٤٠٠ کەس دەسبەسەر کراون. دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم پاش دەسبەسەرکردن و ڕفاندنی هێندێک لە چالاکانی کوردستان، هیچ زانیاریێکیان سەبارەت بە دۆخی ئەم دەسبەسەرکراوانە نەخستووەتە ڕوو. هۆکاری ئەم شەپۆلی دەسبەسەرکردن و چڕبوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر خەڵکی کوردستان جیا لە بابەتی ناڕەزایەتی بە دژی حوکمەکانی لە سێدارەدان و ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز و چوارشەممە سووری، دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی خراپی کۆماری ئیسلامیی لەدوای ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست. پەرەسەندنی دەسبەسەرکردنەکان لە بەرەبەری نەورۆزدا، دەسپێشخەریی کۆماری ئیسلامیی بە دژی ورەی گشتیی خەڵکی کوردستان لە خەباتیان بە دژی دوژمنی سوێند خواردوی خۆیان. خەڵکی کوردستان باش دەزانن کە شەپۆلی دەستبەسەرکردن و کوشتنی بەندکراوان لە زیندان و گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیی و هەروەها ڕادەست نەکردنی تەرمەکانیان و ناشتنی بەنهێنیان لە شوێنی نادیار، شتێکی تازە نییە. لەدوای مانگرتنی خەڵکی کوردستان بە دژی سزای سێدارە ئەمە دووهەمین جارە کە شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بەرین لە شارەکانی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسداران بە بیانووی پڕوپووچی وەک تەبلیغ دژ بە نیزام، کۆبوونەوە و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان ئەنجام دراوە. کۆماری ئیسلامیی پاش ٤٦ ساڵ دەسەڵات بە بەرەو دواوە بردنی کۆمەڵگای ئێران و توندکردنەوەی نەهامەتییەکانی سەرمایەداری لەوانە  هەژاری، بێکاری، گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر و ئازارە کۆمەڵایەتییەکان، مەشرووعییەتی خۆی لەدەست داوە و بەرەوڕووی شەپۆلی بەردەوامی مانگرتنی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بووەتەوە. ڕەشبگیریی بەرین و لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی بەشێک لە ستراتێژی سەرکوتی بەرینی کۆماری ئیسلامییە بۆ زەمانەتکردنی مانەوەی خۆی. دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی سیاسی لە لایەن دەزگا  ئەمنییەکان بەدەر لە ماهییەتی سەرکوتگەرانە، نیشانەی ئەوەیە کە هێزە ئەمنییەکان لە چالاکیی کۆمەڵایەتی، لە خۆڕێکخستنی هاووڵاتییان، لاوان و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان یەکجار دەترسێن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ڕابردووشدا بەتایبەت لە قۆناغگەلێک کە سیاسەتی کۆنەپەرستانەی لە ئاستی جیهان و ناوچەکەدا بەرەوڕووی شکست و بنبەست بووەتەوە، دەستی کردووە بە پەرەپێدانی زەبروزەنگ و بە هۆکاری بێبنەما و بەشێوەی بەرین، هاووڵاتییانی دەستبەسەرکردووە.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ماشێنی سەرکوتی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران کارایی ڕابردووی خۆی لەدەست داوە و لەڕێگەی سەرکوت، دەستبەسەرکردن، زیندانیکردن و سێدارە و ڕەشبگیری چاڵاکانی سیاسی و مەدەنی و یاوەکوو ڕێگەنەدان بە ڕێورەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز ناتوانێ پاشەکشە بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بکات. ڕژیمی ئیسلامیی پاش ٤٦ ساڵ دەسەڵاتی جەنایەتکاری خۆی، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دەستبەسەرکردنی ئامانجدار، بە داسەپاندنی گوشار بەسەر چالاکان و بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە کوردستان، سەرەتاییترین مافەکانیان لێ زەوت بکات. ڕژیمی ئیسلامیی ئێران دەبێ بزانێ کە چالاکانی بوارە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان سەردەمی ترس و خوف لە ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامییان وەپشت سەر ناوە. بێگومان تەنیا فاکتۆرێک کە دەتوانێ ماشێنی سەرکوتی ڕژیم لەکار بخات خۆڕاگریی گشتیی کۆمەڵگا بەرامبەر بە هەرجۆرە گوشارێکە دژ بە چالاکانی سیاسی.

خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی چەندین مانگرتنی سەرتاسەری لە شارەکانی کوردستان، لە ناڕەزایەتی بەسزای سێدارە و دەستبەسەرکردن، خاوەنی ئەزموونی خەباتکارانەی جێگای متمانەن بۆ ڕێکخستنی سەرتاسەری و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی کۆمەڵانی کوردستان. لەسەر ئەم بنەمایە، چالاکانی ژینگەپارێز، چالاکانی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیتر لە کوردستان، دەتوانن بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕابردووی خۆیان لە بواری پێکهێنان و ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و مانگرتن و بە دەورونەخش نواندنی خۆیان، پاشەکشە بە ماشێنی سەرکوتی ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامیی  بکەن.