پەیامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بەبۆنەی نەورۆزو ساڵی تازەوە
جەماوەری خەڵکی کوردستان!
بەشدارانی نەورۆزی شکۆمەندی کوردستان!
خەباتکارانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی!
نەورۆزتان پیرۆز!
کوردستان و کوردستانییەکان ساڵێکی دیکەی پڕ لە خۆڕاگرییان تێپەڕاند، ساڵێک کە داگیرکەر و دیکتاتۆر درێژەیان بە دەسەڵاتی ملهوڕانە و سەرکوت دا و خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بەردەوام بوون لە خەبات و کۆڵنەدان. دوا پەردەی ئەم تێکۆشانە لەم ساڵەدا بەشداریی بەرین و بێوێنەتان لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدایە. لەو کۆبوونەوە جەماوەرییە شکۆمەندانەدا ئێوە لە سەرەوەی هەموو ڕەنگ و ڕوانینێک، تابڵۆیەک لە هاوپشتی و یەکگرتوویتان نەخشاند کە لاپەڕەیەکی زێڕینی دیکەی پڕ لە دەسکەوت بۆ کوردستانە و بۆ داگیرکەرانی کورستان و ستەمکاران پەیامی ڕوونی کۆڵنەدان و بەردەوام بوون تا ڕزگاریی یەکجارییە.
لەم نەورۆزەشدا یادی ئازیزانی گیانبەختکردووی ڕێگەی ڕزگاری و ئازادی و یەکسانی بەرز ڕادەگرین و سەری ڕێز دادەنەوێنین بۆ ئیرادە و خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسی، هەموو خەسار دیتوانی شۆڕشی کوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان. ئاواتەخوازین ساڵی نوێ ساڵێکی پڕ لە دەسکەوت و شادی بێت بۆمان و نەورۆزی داهاتوو شنەی شەماڵی ئازادی پڕ بە بەژنی ئاڵای کوردستان هەڵبکا و نەتەوەی کورد ئاوات و خەونی سەوز و سووری بێتە دی.
پێشەنگی و دیاربوونی ڕۆڵی ژنان لەو ڕێوڕەسمانەدا دیسان دەریخست شۆڕشی کوردستان خاوەن وزەیەکی پێشڕەو و پێشکەوتووە و ڕادەی سەرکەوتن و پێشکەوتوویی ئەم شۆڕشە بە بەشداریی ژنان و چین و توێژی مافخوراو و چەوساوەی کۆمەڵگاوە گرێدراوە.
گرینگرترین پەیام و خواستی جەماوەری ڕاپەڕیو له سەرتاسەری کورردستان یەکریزی و گوتاری هاوبەشی کوردستانییە. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان به باشی گوێ بۆ دەنگ و ویست و ئیرادەی جەماوەر بۆ یەکڕیزی دەگرێ و ئەو پەیامە به بایەخەوە چاو لێدەکا و تێدەکۆشی که هەوڵەکانی بۆ ئەو مەبەستە چڕتر و کارامەتر بکاتەوە.
دیسان نەورۆز و ئەم سەرکەوتنە گەورەیەتان پیرۆز بێ. ئێمەش گوێ بۆ پەیامی بەهێزی یەکگرتوویتان دەگرین و هاوپشت و هاوخەباتتانین تا گەیشتن بە نەورۆزی سەربەستی و ئازادی.
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
نەورۆزی ١٤٠٤