پێویستی پرۆبلماتیزە کردنی ئەمری”خۆ بە ئەرکدارزانین”
م.کەنداڵ-سنە
دووابەدووای شیکاریە فەلسەفییەکان و گۆڕانی مانا و ناوەرۆکی مژارە فیکریەکان لە قەڕن و سەدەکانی داهاتووی مێژووی بەشەردا، چەمکی پڕۆبلماتیک وەک تیۆریەکی هەرە جیدی و زاڵ بەسەر ئوردووگا هزریە جۆربەجۆرەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. ڕوونە ئەم کاردانەوە لە بوواری فەلسەفەی سیاسی و هەروەها بووارەکانی کۆمەڵناسی، زۆرترین کاریگەری بووبێ.
سەرەنج و بەهادان بەرەو لای چەمکی پرۆبلماتیک لە دوو دیودا، گرنگی خۆی ئەنوێنێ. یەکەم ئەوەی کە بنچینە و بنەمای ئەتمۆسفێری تێفکرین و ئاخاوتن لەسەر پرس و بابەتەکانی هەر چەشنە قۆناغێکی هەستیارە. دووهەم، جیاواز لەوەی کە لە گۆڕەپانی تیۆریدا دەڕسکێ، لە ئاکامدا ئەنجامی پرەکسیس و کردەوەی کۆمەڵایەتی لێ دەخێزگێ.
لە پرۆسەی پرۆبلماتیزەکردندایە کە “ئەمری حازر” و “ئەمری مومکین” پێناسە دەکرێن و هەروەها جیاوازیەکانیان وەوبەرچاو دەخرێ. گرنگتر ئەویکە لە گۆڕەپانی پرۆبلماتیکدا، چۆنییەتی ڕەوتی دابین کردن و گەیشتن بە “ئەمری مومکین” لە دڵی “ئەمری حازرد”دا دێتە ئاراوە و گەڵاڵەی بۆ داڕێژئەکرێ.
مکانیسمی پرۆبلماتیک؛ هێژمۆنیەکی بەهێز لە ئەگەرەکان، بۆچەکان، ڕا و بۆچوونەکان لەسەر بابەتێ یان بابەتە هەستیارەکانی قۆناغێکی تایبەت درووست ئەکا و ئەبێتە هۆی ئەوەی کە پرس یان بابەتێک ببێتە “تەوەری ڕۆژ” و لە ئاکامیشدا بە درووستکردنی دیالۆگێ کیفرەڕەنگی (لە مەیدانی سیاسەت و کەڵتوور و زانستدا) دەرەنجامی ببێتە “کردەوە” یەکی جەماوەری و گشتگیر.
لە ئاوەها بارودۆخێکا، گرنگی چەمکی “پرۆبلماتیزە کردنی ئەمری خۆ بە ئەرکدارزانین” جیا لە سەرەنجێکی تیۆریک، وەک پێداویستیەکی بەرچاو دەرئەکەوێت. ئەمری خۆ بە ئەرکدارزانین بەتایبەت لە جۆگرافیا و کۆمەڵگای کوردیدا، کاریگەرترین و پڕڕەنگترین پەیوەندی لەگەڵ چەمکیدەسەڵات/خۆڕاگریدا هەیە و هەر بەو جۆرەش لە داخولقاندنی ئەو پرۆسەیە دەور ئەگێڕێ. پەیڤێک لەسەر ساڵانی نە فرە دووری ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،دەرخەری ئەو واقعیەتەیە کە هەر کاتێ و لە هەر قۆناغێکدا، بە جۆرێک چەمکێک پرۆبلماتیزە کرابێ (لە لایەن ئۆپزیسییۆن، یان حاکمییەت تەنانەت چینی ئێلیت و ڕووناکبیر) جیا لەوەی کە وەک ڕەوتێکی دیالکتیکی و تێکۆشینێکی هزری، ئاسەواری مێژوویی خۆی بەجێ هێشتووە، ئاکامی پۆزیتیڤی بەرچاویشی لە بەرەی ئازادیخوازی و شۆڕشی کوردستاندا بووە. وەک نموونەیەکی ڕوون و لەبەردەست، لە قەیرانە سرووشتییەکان (بوومەلەرزە، لافاو، ئاگرلێکەوتنەوەی دارستانەکان و …) یان ئیعدام و زیندانی کردنی لاوان و ڕووناکبیرەکان کە بابەتەکە پرۆبلماتیک بوو (جیا لەوەی کە کێ و چۆن پرۆبلماتیزە کرا) سەرەنجی گشتی کۆمەڵگای بە بێ جیاوازی فیکری، حیزبی تەنانەت چینایەتی بەرەو خۆی کێشا و کۆمەڵگا و دراوسێیەکانیش بە ئاشکرا بینیان کە “کارەسات گۆڕدرا و بوو بە حەماسە”.
لە دڵی کارەساتدا، مکانیسمی پرۆبلماتیک، چەمکی “خۆ بە ئەرکدارزانین”ی وەک پارادایمێکی بەهێز ڕسکاند و کۆمەڵگایش جیا لە هاوخەمی لەگەڵ ئازارەکانی کارەساتدا، خۆی بە بەرپرسیار زانی. هەست بە بەرپرسایەتێەک کە لە تاکەکەسیەوە بوو بە یەکگرتنێکی بێوێنە و پرەکسیسێکی تەواو باڵا. لەمەڕ ئەم ئەساسەدا، ئەبێ قەناعەت بەوە بکرێ کە هەرکات ئەمری خۆ بە ئەرکدارزانین، پرۆبلماتیزە کرابێت، یەکگرتنی کۆمەڵایەتی لێ کەوتۆتەوە و پرۆبلماتیزاسیۆن؛ ڕێگای بەرینی گۆڕینی ئەمری حازر بە ئەمری مومکینە.
بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی گوشارە جۆربەجۆرەکانی دەسەڵات و سەختیە ئابووریەکانی ژیانی خەڵکی، پرسی خۆ بە ئەرکدارزانینی بە جۆرێکی جیاواز لە شوێنەکانی تر دەرخستووە و هەر بەو بۆنەیشەوە ئاکامەکانی بەرچاویتر و درەوشاوەتر بووە. فەکتەکانی ئەم جیاوازی و درەوشاوەییە وەک نموونە بریتین لە:
– پێشینەی درێژخایێنی چەقبەستوویی چالاکی کۆمەلایەتی و وەرگرتنی ئاکامی چاک
– داخوڵقانی شۆناسی جەماوەری و نەتەوەیی
– کارتێکەری لە بەدیهێنانی بەرابەری و عەداڵەتی جەماوەری
– وەدەسهێنانی یەکایەتی و قازانجبەری گشتی
هیچ یەکە لەم دەسکەوتانە هەڵکەوت نین! جیا لە نابەرابەریە بناغەییەکان و زڵم و غەدری دەسەڵات، نەخشی پرسی خۆ بە ئەرکدارزانین و هەستپێکردنی قووڵی لە لایەن کۆمەڵگاوە، سەبەب و سەرچاوەی جووڵانەوە و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بووە.
بە ڕاشکاوی ئەکرێ ئەم ئیدعا بکرێت کە خاڵی وەرچەرخانی ئەم ڕەوتە: “مەیلی قبووڵکرنی گشتی و ئیرادی بەرپرسایەتیە لە ئەرکە سیاسی-کۆمەڵایەتیەکان” لە لایەن تاک و کەسەکانی کۆمەڵگا، واتە درووستبوونی ئەمری مومکین لە دڵی ئەمری حازردا.
بەم جۆرە ئێمکانی گواستنەوەی تێکۆشینی تاکەکەسی تەنانەت تەبەقاتی بۆ سەنگەری یەکگرتوویی و پێکەوەبوون لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لێوانلێوە لە هەستی هاودڵی و بەرخۆدان، مومکین ئەبێ و سەقامگیری ئەم مکانیسمە واتە “پرۆبلماتیک کردنی ئەمری خۆ بە ئەرکدارزانین” جیا لە درووسکردنی فەزایەک بۆ ڕاهێنانی دیمۆکراسی، ئەبێتە هۆی بەدیهاتنی عەداڵەت و ئازادی و بەرابەری لە کۆمەڵگا و کوردستان.