پێویستییەکانی پێداچوونەوە لە ستراتێژییەکانی بەرەنگاربوونەوە لە دژی مادە هۆشبەرەکان

✍ خەلیل فاتحی

یەکێک لەو ئێش و ئازارانەی کە خەڵک لە ماوەی دووسەد ساڵی ڕابردوو بە شێوەی هاوبەش هەستی پێی کردووە، ئێعتیاد و بەکار هێنانی مادە هۆشبەرەکانە، هەڵسەنگاندنی هاوکات لە گەڵ لە ناوچوون بۆ بەشێکی هەرە زۆری کۆمەڵگا و کۆکردنەوەی سەرمایە بۆ بەشێکی دیکە،کێشەیەکی جیهانییە کە وڵاتان بە پێی ساختاری سیاسی لە گەڵ ئەم دیاردەیە ڕووبەڕوو دەبنەوە، تجارەتێک کە بەشدار بووانی سەرەکی ئەو تجارەتە مافیای نێو دەوڵەتیی سەربە دەوڵەتەکانە.

لە ڕاستیدا سەرەڕای تجارەتی مادە هۆشبەرەکان، سەرنج ڕاکێش ئەوەیە کە قازانجی بە جۆرێک گەندەڵی سیستماتیک لە گەڵ نیزامی سیاسی تێکەڵە، سیستەمی قەزایی،نیزامی  و ئیجرایی وڵاتان، بەتایبەت وڵاتانی نادێموکراتیک بەشێکی زۆر لەم چەرخە  عەیبدارەیە.

بەشێکی هەرە زۆر لە سەرمایەداران و سەهامدارانی مادە هۆشبەرەکان لە سەرمایەدارانی سەربە دەوڵەتن، هەر بەم بۆنەوە بەرەنگار بوونەوە لە گەڵیان زۆر دژوارە و قوربانیانی مادە هۆشبەرەکان لە سێ بەشدا،( درووست کردن، بڵاو کردنەوە، بەکارهێنەران) لەکۆمەڵگاکانی جیهانی سێهەم و وڵاتانی پەراوێز خراو بەکاریان دێنن.

بە گشتی ئێعتیاد و بە کار هێنانی، جیا لە باسی ڕەوانکاویی، بۆ خۆی هۆکاری بارودۆخێکە کە تەنیا بەدواداچوون و زانینی رەوانکاری بەکارهێنەران نیە، بەڵكوو دەبێت بە دوای هۆکارگەلێک وەکوو نەداریی، بێکاری، ناکارامەیی سیاسی و کۆمەڵایەتی بگەڕێین و بزانین.

کە چی لە کۆمەڵگای ئەمڕۆیی و پێشکەوتووی باری عیلمی مرۆڤ ، بە دواداچوونی مادە هۆشبەرەکان بۆ خۆشییەکانی کاتی دەتوانێت هۆکاری بەکار هێنان بێت، بەڵام بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر هەموو کات لایەنی ئێعتیادی نەبووە و جاروبار ئاماژە بە ساختاری سیاسی و بەهاکانی کۆمەڵگا بووە. وێنەی بەربڵاوی لاوانی تووش بوو بە LSD دەیەی شەستی زایینی لە ئەمریکا کە بە کۆمەڵەی هیپییەکان دەناسران، وێنەگەلێکی وەکوو دادایستی و سوور ڕیالیستی  بوون.

جووڵانەوەیەک کە  بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ ساختاری سیاسی و ئابووری و بایەخ و سوننەتەکانی حاکمی ئەو وڵاتە و لە کۆتایی بوو بە هۆیی درووست بوونی شێوەیەکی نوێی ژیان .

شەقامەکانی سەنفرانسیسکۆ پڕ ببو لە لاوان و گەنجانی هیپی کە بە قژی درێژ و جۆرێک لە مودێلی تایبەت بە ئەوان بوو، توانیان سەبارەت بە ڕووداوەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاریگەریان بێت.

بە جۆرێک کە ناڕەزایەتی بەربڵاو دژ بە شەڕی ڤیێتنام، بەرخۆدان لە گەڵ ڕەگەزپەرەستی و هاوڕێی بزووتنەوەی مەدەنی پیشانیاندا و لە ڕێگەی موسیقی و مانگرتنی ئارام، ناڕەزایەتی خۆیان دەر دەبڕیی، لە ڕاستیدا بزووتنەوەیەک بوو کە ڕێبەری نەبوو بەڵام زۆر بە ئامانج بوو. نامەوێ پشتیوانی لەم جۆرە بزووتنەوانە بکەم بەڵام ناتوانی لاپەڕەی مێژووی مادە هۆشبەرەکان هەڵبدەیتەوە و بە ئاسانی لێی تێپەڕیت، بزووتنەوەیەک کە بەرهەمی نابەرابەری وهیمەتی نادروستی سیاسی بوو، بەڵام بە سەرنجدان بە بەدواداچوونی کەسەکان، ئەوان نەک وەکوو هەیبەری(سوژە) قوربانی، بەڵکوو هەیبەری بەدواداچوونی ئاگا توانیان تا ڕادەیەکی بەرچاو پاشەکشە بە نیزامی سیاسی ئەو وڵاتە بکەن و ئەو بزووتنەوە نەک لە ئەمریکا بەڵکوو بە تەواوی ئەروپا و کەنەدای گرتە بەر، بەڵام کێشەی بەکار هێنانی مادەی هۆشبەر و نەبوونی پلان و بەرنامەی ئابووری و سیاسی وەکوو بەرنامەی جێگیری سیستەمی سیاسی، ئەو بزووتنەوەیە هەر وەکوو بزووتنەوەیەکی کورت ماوە مایەوە. جیا لەو بابەتانە، لە زۆربەی کاتەکان بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر، قوربانیی دەستی سەرمایەداران و سەهامدارانی مادە هۆشبەرەکانن و جیا لە سوود، دەوڵەتەکان بۆ کونترۆڵ و دەست بەسەردا گرتنی چالاکیەکانی ئەوان،خۆیان دەست بە بڵاو کردنی مادە هۆشبەرەکان دەکەن، ئەم جارە دەوڵەتە کە بە سەرنجدان بە ناکارەمەیی  بۆ بەدیهێنانی داهاتی کۆمەڵگا بە شێوەی ئاگاهانە و ئامانجدار لە تووش بوونی لاوان و گەنجان بە ئێعتیاد دەستی هەیە و جاروبار بۆ بەرەو پێش بردنی ئامانجە سیاسیەکانی لە ئامرازی مادەی هۆشبەر کەڵک وەر دەگیرێت.

لە باری جوغرافیاوە ئێران لە سەر ڕێگەی ترانزیتی مادەی هۆشبەرە، بە وتەی بەرپرسانی ڕژیم ئێران لە سەر ڕێگەی ترانزیتی ٤٠٪ مادەی هۆشبەری جیهاندایە، لە ڕاستیدا لانیکەم ٤٥ تا ٥٠ لە سەدی تەواوی مادەی هۆشبەر کە لە وڵاتی ئەفغانستان بەرهەم دێت، بە ئێران دا تێپەڕ دەبێت. بە پێی ئامارە فەرمییەکانی ڕژیم زیاتر لە ٣ ملیۆن بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر لە ئێران بوونی هەیە، کە چی ڕاستییەکان و ئاماری نافەرمی باس لە ئاماری زۆر زیاتر لەو ئامارەی بەرپرسانی ڕژیم دەکەن.

ئەم ئامارانە نیشاندەری بارودۆخێکی نالەبار لە ئێران دەکەن و ئێران بۆتە بەهەشتی فرۆشیارانی مادەی هۆشبەر , سیاسەتەکانی ڕژیم و دەوڵەتی کردن بۆ بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ مادەی هۆشبەر نەیتوانیوە یارمەتی ئەم بارودۆخە بدات وخۆی بۆتە هۆی بەشێکی هەرەزۆری ئەم دیاردەیە و رۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرەی پێ ئەدات.

 

تێکەڵ بوونی کومیتەکان و

کارگرووپەکانی بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ مادە هۆشبەرەکان کە لە کۆمەڵێک ئیدارەی دەوڵەتی پێکهاتووە و بوونیان تەنیا بۆ بە دەست هێنانی بەرپرسیارەتیە، بەڵام ون بووی سەرەکی و گەورە، نەبوونی نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی و تەشکیلاتی خەڵکییە کە بنەڕەتی سەرەکی ئەو کومیتانەن، هەر ئەمەش جێگەی پرسیارێکی گەورەی لە بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ مادەی هۆشبەر پێک هێناوە. ناکارامەیی ئەنجومەنەکانی پەیوەندیدار بە بەرەنگار بوونەوە لە مادەی هۆشبەر کە زۆربەی کەسەکان لە ڕێگەی پێوەندیی شەخسی یەوە مۆڵەتی کاریان پێدراوە ئەوەش خۆی لە سەقەت کردنی پێگەی سەرەکی پرسی مادەی هۆشبەرە. کێشەیەکی دیکە بوونی کەسانێک لە ژێر ناوی کارناس  و پسپۆڕ لەم بووارەدایە کە بە جێگەی ڕێکار و هەڵسووکەوتی عەقڵانی و درووست، زۆرتر  بوونەتە شۆمەن. ژێربینای عەیبدار یەکێک لەو بەڵگانەیە کە هەر نیزامێکی سیاسی کە خۆی دەبێتە هۆی فەساد، لە بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ مادەی هۆشبەریش چون پێی مافیا و داهاتی زۆری هەیە، کەمکاریی بەڕێوەبەرانی یاسا و بەرەنگاربووانی لێ دەکەوێتەوە، لەم نێوانەدا خاڵی لاوازی یاسا و لەبەرچاو نەگرتنی یاسا و چاوپۆشی و مەیدان دان بە کاری کڕیاران و فرۆشیارانی مادەی هۆشبەر، ئەوەش خۆی باسێکی دیکەیە. لە ئێران ئەوەندەی لە سەری بەکار هێنەرانی مادەی هۆشبەر دەدرێت، لە سەر فرۆشیاران نادرێت، ئەم ستراتیژییە بۆتە هۆی ئەوەی کە تا ئەو ڕادەیە کە بەکار هێنانی مادەی هۆشبەر لە بەرچاوی خەڵکەوە کارێکی ناپەسەندە، کڕین و فرۆشتنی وا نیە، هەر ئەم کارەش خۆی بۆتە بەشێک لە بەها زاڵەکان بە سەر کۆمەڵگادا.

ئێستا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە فرۆشیارێک کە لە بەرچاوی خەڵکەوە بێ ئەوەی کە ترسێکی بێت خەریکی فرۆشتنی مادەی هۆشبەرە، پشتیوانی لەلایەن دەسەڵاتەوە و نەترسان لە یاسا لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئایا نابێت بە شێوەی یاسایی بەرەنگاری فرۆشیارانی مادە هۆشبەرەکان بیتەوە و بە گومان نەکەویت؟

لە کۆتاییدا باسەکە دێنمەوە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چۆنیەتی داڕشتنی سیاسەت لەم بوارەوە لە لایەن کاربەدەستانی ڕژیمی دواکەوتووی ئیسلامیی ئێران،

دوای دەسپێکردنی ئاڵووگۆڕە سیاسیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی هاتنە سەر ئەو باوەڕەی کە شێوازی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ شۆڕشی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگۆڕن،کە لە چەند بەش پێک دێت.

١.لەو سۆنگەوە بە دوای چەکێکدا گەڕان کە هاوکات لەگەڵ ئەوەی نەسڵی نوێی کورد بەرەو مەرگ و نەمان دەبات ، کۆمەڵگاش بە گشتیی تووشی فەساد و پاکتاو بکات، چەکێکی بەتوانا و کوشندە کە دەنگی نەبێت و سەرنجی جیهان بەلای خۆیدا ڕا نەکێشێت.

٢.مادە هۆشبەرەکان ، هەر ئەو چەکە کارا و بەهێز و کوشندە و بێ دەنگە بوو کە بە لە ناو بردنی مێشک و جەستەی گەنجەکان هەم بەرەو هەڵدێریان دەبات و هەم کۆمەڵگاش تووشی خەمۆکی و گیرۆدەیی دەروونی دەکات.

٣.بۆ بڵاوکردنەوی ئەم بەڵا و نەهامەتیە لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا ،کەڵک لە ئامرازی جۆراوجۆر وەردەگیران وەک مرۆڤ، مرۆڤێک مرۆڤێکی دیکە تووش دەکات و ئەویش یەکێکی دیکە،

٤. ئیدارەی ئیتلاعات و ئەمنیەتی ئێران دەستی داوەتە پڕۆژەیەکی مەترسیدار بۆ لاوان و گەنجانی کورد، تاکوو گەنجەکان لاواز و بێهێز بکات و ناخی ژیان لە کۆمەڵگای کوردیدا لەناو ببات.

٥.کارمەندەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کەوتنە بازرگانی کردنی مادە هۆشبەرەکان تاکوو لە ماوەیەکی کەمدا خەڵکێکی زۆر گیرۆدە و گرفتاری پەتای ئێعتیاد بکەن.

٦. ئیتلاعات هەوڵی دا کوردستان خۆی ببێ بە بەرهەمهێنەری مادەهۆشبەرەکانی وەک شیشە، کڕاک، هێرۆیین، گوڵ و… کاربەدەستانی ڕژیم بڕیاری بەرپاکردنی تاقیگەی درووست کردنی ئەم جۆرە مادە هۆشبەرانەیان لە کوردستاندا.

مرۆڤێکی تووشبوو ناتوانێ ببێ بە مرۆڤێکی ئازادیخواز، سیاسی کار، شۆڕشگێڕ، نیشتمانپەروەر  و کۆمەڵایەتی و باسی کوردایەتی بۆخەڵک بکات و ببێت بە هۆکاری بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد.

هەر بۆیە پێویستە بانگەواز بکەین بۆ لاوان و گەنجانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ژیرانە بڕیار بۆ ژیانیان بدەن و خۆیان تووشی ئەم مەرگەساتە تاریک و تۆقێنەرە نەکەن و ببن بە هۆی پێشکەوتنی کۆمەڵگا لە ڕێگەی دژایەتی کردنی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان بەو مەبەستەی ئاگری شۆڕشی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرە بستێنێ وکۆشکی ستەمکارانی ڕژیمی ئیسلامی بسووتێنێ.