پێشوازیی یەکی ئەیار ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا

✍د.ژوان

سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەکانی سیستمی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی، کرێکاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو، پێشوازییەکی گەرموگۆڕیان لە یەکی ئەیار واتە ڕۆژی جیهانیی کرێکار کرد.

لە سنە چالاکانی ژن و پیاو لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەرزاییەکانی ئاویەر دژایەتی خۆیان لەهەمبەر هەژاری و سیاسەتگەلی سکهەڵگووشێنەر دەربڕی و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەرکی سەر شانی دەسەڵاتە ئاوڕ لە دۆخی ژیانی کرێکاران بداتەوە و پێداویستیەکانی ژیانێکی شێاو و ئینسانییان بۆ دابین بکات.

کرێکارانی شارۆچکەی پیشەسازیی سنە، کرێکارانی وەرزیی مەریوان و کامیاران، هەروەها چالاکانی کرێکاری لە کرماشان بەشێوەیەکی کاتی دەستیان لە کار کێشایەوە و ڕێزیان لەم ڕۆژە گرت. هەروەها کرێکاران و چالاکانی ناوچەی سەقز و بانە لە کۆبوونەوە جیاجیاکاندا تەئکیدیان لەسەر دەستەبەرکردنی دوانزە خاڵ کردەوە کە بریتین لە:
١- حکوومەتی سەرمایەداریی ئێران دەبێ دان بە کۆی ئەو ڕێکخراوە سەربەخۆیانەدا بنێت کە کرێکاران بۆ خۆیان دایانمەزراندوون و بە فەرمی پەسەندیان بکات.
۲- حکوومەت دەبێ دان بنێ بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە سەرجەم بوارەکاندا لەوانە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری، هەروەها تێکڕای ئەو یاسا نایەکسانە دژەژنانانە بسڕێتەوە.
۳- سڕینەوەی حوکمی نایاسایی زیندان، لێدان بە قامچی، دوورخستنەوە، … لەدژی چالاکانی کرێکار و مامۆستاکان و دەرکردنی حوکمی ئازادی بۆ هەموو زیندانیە سیاسییەکان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
۴- قەدەغەکردنی کاری منداڵ و دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکانیان و دانپێنان بە مافی خوێندن لە قوتابخانە بۆ گشت منداڵان لەوانە منداڵانی بیانی دەستەبەر بکرێت.
۵- وەستاندنی دوورخستنەوە لە کار و بەرفراوان کردنی ڕێژەی بێکاری، لابردنی هەموو جۆرە گرێبەستێکی کاتی و واژۆی سپی و پێدانی بیمەی بێکاری بە هەموو کرێکارە بێکارەکان لەوانە کرێکاری بیناسازی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی موڵەتی بیمەکانیان تا گەڕانەوەیان بۆ سەر کار بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
– ۶- پێدانی بیمەی بێکاری بۆ گشت ئەو کرێکارانە کە بە بۆنەی کۆرۆناوە بێکار بوونە تا ئەوکاتەی وەزارەتی تەندرووستی کۆتایی‌هاتنی کۆرۆنا بەفەرمی ڕابگەیەنێت.
۷- ئێمەی کرێکار لەسەر ئەو باوەڕەین کە چینی کرێکار دەبێ بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە دیاری کردنی چارەنووسی خۆی بەشداری بکات و وێڕای ئەوەی هەر چەشنە کوێخاگەرییەک لەسەرەوە بە کردەیەکی ناکرێکاری دەزانین، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەسڵی سێ‌لایەنگەرایی شۆرای باڵای کرێکاری لە دیاری کردنی حەقدەستی کرێکارانین.

۸- دەسنیشان کردنی حەقدەستی دوو ملیۆن و شەشسەد هەزار تمەن لەلایەن شۆرای باڵای کارەوە وەک سەپاندنی مەرگێکی ئارام بۆ ملیۆنان کرێکار دەزانین و خوازیاری بەرزکردنەوەی حەقدەست بەگوێرەی پێوانەی هەڵاوسانی ئابووری لە کۆمەڵگەداین.

۹- بڕیاری قەرەنتینە کردن و لە ماڵەوە هێشتنەوەی خەڵکی بەشمەینەت و کرێکار بۆ بەرگرتن لە بڵاوەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەبێ دابین کردنی بژێوی ئەوان مسۆگەر نابێت. حکوومەت دەبێ بە پێدانی مافی پێویست بە هەموو بەشمەینەتان و کرێکارە لەسەر کار لابراوەکان، هەنگاو هەڵبهێنێت.

۱۰- ئێمە پشتگیری خۆمان لە خانەنشینان کە هەموو هەفتەیەک ڕۆژانی شەممە لەسەر شەقامەکاندا حازر ئەبن، ڕادەگەیەنین و ئەمەش بە ئەرکی هەموو ئەو کەسانە دەزانین کە خۆیان لە ئاوێنەی چینی کرێکاردا دەبینییەوە.

– ۱۱- حکوومەتی دەسەڵاتدار لە ئێران لەجیاتی ڕۆژێ، یەک هەفتەی وەک هەفتەی کرێکار ناودێر کردووە. ئەمە خیانەت و پشت‌تێکردنە لە کرێکار و دەبێ هەڵبوەشێتەوە.

۱۲- لەڕۆژی یەکی ئەیار بەرامبەر بە ١١ی مانگی گوڵان، دەبێ سەرجەم ناوەندەکانی کار بخرێنە پشووە و لەو ڕۆژەدا کرێکاران بتوانن ڕێوڕەسمەکانی خۆیان بەجێ بهێنن.

ئەم ڕاگەیەندراوە لەگەڵ پێشەکییەک و ١٢ پاژ، لەلایەن واژۆکارانەوە پەسەند کراوە و بەپێی داخوازی بەکۆمەڵی هەندێ لە کرێکارانی توێژە جیاجیاکان، لە فەزای مەجازییدا بڵاو کراوەتەوە.