پرسی زمان و کێشە هاوچەرخەکان…!

پرسی زمان پرسێکی ئاڵۆزە و هاوکات گشتگیر و جیهانییە. ئاڵۆز بەو واتەیە لە زۆر وڵاتی فرەڕەنگ و فرەپێکهاتەی وەک ئێران کە دەیان نەتەوەی جیاوازی هەیە و هەر نەتەوەیەکیش زمانێکی سەربەخۆ و شێوەزارگەلێکی جیا و تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام دەسەڵاتی خۆسەپێنی ئێرانی، هەموو زمانەکانی پەراوێز خستووە و تەنیا زمانی سەردەست و دەسەڵاتی سەپاندووە بەسەر سەرجەم نەتەوەکانی ناو ئەو وڵاتە، ئەمە خۆی کێشەیەکە و هەر نەتەوەیەکیش شێوەزارگەلێکی جیاجیای هەیە کە کێشمەکێشی ناوخۆیییان هەیە کام شێوەزار ببێتە شێوەزاری پێوەر، ئەمەش خۆی کێشەیەکی ترە؛ ئەم جۆرە کێشانە وای کردووە کە پرسی زمان لە جواگرافیای ئێران و وڵاتە هاوشێوەکاندا ببێتە پرسێکی ئاڵۆز. پرسێکی گشتگیر و جیهانییە، بەو واتایە کە پرسی زمان لە هەموو وڵات و کۆمەڵگەیەکدا هەیە، بەڵام زۆربەی وڵاتان بە ڕێککەوتنی ناوخۆیی و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، زمان یان شێوەزاری پێکهاتەکانی ناو ئەو وڵاتەیان چارەسەر کردووە؛ بەڵام هەندێک وڵاتیش کە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرن، زمانی دەسەڵاتیان سەپاندووە بەسەر وڵاتەکەدا و مافی زمانیی سەرجەم دانیشتووانی وڵاتەکەیان پێشێل کردووە و بەم شێوەیە دەیانهەوێت وڵاتەکە یەکدەست بکەن، دیسان جوگرافیای ئێران باشترین نموونەیە بۆ ئەم باسەمان کە ئەمەش لە سەردەمی پەهلەوییە بە یەک زمان ـ یەک نەتەوە ـ یەک ئاڵا دەستی پێ کردووە و هەنووکەش هەر ئەم سەرەڕۆیی سیاسی و بەتایبەت زمانییە بەردەوامە.
بۆیە پرسی زمان بۆ نەتەوەکان گرنگترین بابەتی ناسنامە و شوناس و پاشان هزرین و تێفکرین و دەربڕینە لە بارودۆخی هزری، فەرهەنگی، ئاوەز و ڕامانی کۆمەڵگەی کوردستاندا. پرسێکی هەستیار و فرەڕەهەند و فرەلایەنە کە بە لەبەرچاوگرتنی قورسایی و ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی لەسەر بابەتەکانی دیکەی کۆمەڵگە، ئەو بەها و بایەخە ژیرانە و گونجاوە کە شایەنیەتی وەرنەگرتووە. زمانی کوردی جگە لەوەی فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ ناسنامەی نەتەوەیی و جیاکردنەوەی شوناسی نەتەوەی کورد لەگەڵ نەتەوەکانی تر و بەتایبەت دەروربەرەکەی و بەتایبەتی تر، سێ نەتەوەی فارس و تورک و عەرەب کە داگیرکەرانی کوردستانن، بەستنەوەی پێکهاتەی پارچەپارچەکراوی کوردە پێکەوە، پێویستە وەک هەر زمانێکی دیکە جێگەی خۆی لە جیهانی مۆدێڕن و هاوکات لە مێشکی هەموو تاکێکی کوردا دیاری بکات.
زۆرجار باس لە چەندین قەیرانی گەورە و بچووکی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، هزری و کولتووری دەکەین کە کۆمەڵگەی کوردستان لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی لە ماوەی بیست ـ سی ساڵی ڕابردوودا تووشی بووە، زۆرجار باس لە چۆنیەتیی دەستنیشانکردن و شیکردنەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەیرانانە دەکەین کە لە هەموو بوارەکانی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیماندا ئاستەنگیان بۆ پێشکەوتن و گەشەکردن دروست کردووە و ناتوانین ئەنجامە نەرێنییەکانی ئەم ئاستەنگانەش بشارینەوە.
زۆربەی ئەو قەیرانانە دەرئەنجامی سروشتی کراوەیی نەتەوەی کورد و کۆمەڵگەی کوردستانە و هاوکات بەریەککەوتنیان لەگەڵ مۆدێڕنیتە و جیهانی مۆدێرنە؛ دەرئەنجامەکەش تێکچوونێکی دەروونییە کە لە تێنەگەیشتن و نەخوێندنەوە و شینەکردنەوەی دروستی گۆڕانکارییەکان لە چوارچێوەی مێژوو و کولتوور و زمانی کۆمەڵگەدا سەرهەڵ دەدات. هەموو بوارەکانی ژیان وەک سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووری و … تا ڕادەیەکی کەم و بەسپایی یان بەخێرایی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و ئەم گۆڕانکارییە بەردەوامەش بە شێوەیەکی جیاواز کاریگەریی لەسەر ژیان و بیرکردنەوە و هەست و زانینی مرۆڤ و کۆمەڵگە هەیە. بۆ دەربڕینی بیر و هەست و زانستی نوێ، بۆ گێڕانەوەی ژیانێکی نوێ، بۆ ناسینەوە و خوێندنەوە و لێکدانەوەی جەوهەری ئەو گۆڕانکاریانە، زمانێکی نوێ و کراوە پێویستە، زمانێک کە بەپێی سەردەم و بەگوێرەی مۆدێڕنیتە بتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە، کە بەخۆشییەوە زمانی کوردی ئەم توانایییەی هەبووە، هەروەها زمانێکی کراوەیشە کە توانای دەربڕین و گێڕانەوەی سەردەمی هەیە، بەڵام دیسانیش دەبێت زیاتر ببووژێتەوە تاکوو ئەو دەرفەتەش بدات بە ئاخێوەرانی بۆ تێگەیشتن و خوێندنەوە و شیکردنەوەی جەوهەری گۆڕانکارییەکان، بۆیە تاک و کۆمەڵگەی کوردستان و بەتایبەت ئاخێوەرانی کوردزمان نەک تەنیا بەدەست ئاژاوەی دەروونی و کۆڵەواریی زانستییە ناناڵێنن، بەڵکوو بە هەوڵ و هیمەتی پسپۆڕانی دڵسۆز و خەمخۆری زمانی کوردی لە ئەگەری گەشەسەندوویی و بووژانەوەی زمانەکەمان، زمانێکی دەوڵەمەندمان ئەبێت بۆ بەساناییگەیاندنی مەبەست و پەیام و دەربڕینەکانمان و هەروەها بە دەوڵەمەندتربوونی زمانەکەشمان، سنووری ناسنامەییی خۆمان و ئەوانی ترمان، پتەوتر و قاییمتر ئەبێت.