٨ی‌ مارس هەوێنی مافخوازیی هەموو ڕەگەزەکانە!

ماریا جەهانگیرپور
خەبات لە پێناو بەدیهێنانی مافی یەکسانی و مافی کۆمەڵایەتی دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی و جنسی و چەوسانەوەی چینایەتی، مێژوییەکی درێژخایەنی هەیە کە هەر کام لەم مێژوانەو ئەو خەباتانە وەبیر هەنەرەوەی هەزاران گیان فیدایی و قارەمانییەتی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازە کە بۆ دەستەبەرکردنی مافەرەواکانی ژنان و زۆرڵێکراوان، لە خۆیان نیشانیان داوە. رۆژی هەشتی مارس وێرای وەبیرهێنانەوەی ئەم بەرخۆدانانە،ڕۆژی رێزگرتنە لەو خەبات و گیانبازیانە و ڕۆژی بانگەوازی ژنانی زۆرڵێکراوە بۆ خەبات دژی هەرچەشنە بێ مافی و هەڵاواردنێک .
٨ ی مارس، رۆژی جیهانی ژن ، رۆژی ڕێزگرتن لە نیوەی دانیشتوانی سه‌رگۆی زه‌ویه‌ کە هێشتا بە تەواوی پێگەی ڕاستەقینبەی ئینسانی خۆیان بەدەست نەهێناوە ئه‌سیری دەسەڵاتێکن کە بەردەوام ستەمکێشی بۆسەر ژنان بەرهەمدێنێتەوە.رۆژی ٨ ی مارسی ١٨٧٥ ژنانی کرێکاری کارخانەکانی پارچە بافی لە شاری نیویۆرک بۆ باشتر کردنی بارودۆخی کارییان و لە ناه‌ڕەزایەتی بە لەخوارەوە بوونی ئاستی حەقدەستەکانیان، دەستیاندایە خۆپیشاندان. ئەم بزوتنەوە ناڕازایەتیە تێکهەڵچونێکی توندی لەگەڵ پۆلیسی ئامریکای لێکەوتەوە و پۆلیس بەشێوەیەکی وەحشیانە هێرشی کردە سەری و سەرکوتی کرد. ژمارەیەک لە ژنانی خۆپیشاندەر بریندار و قۆڵبەست کران. رۆژی ٨ ی مارسی ١٩٠٧ سەرلەنوی ژنانی پارچە چنینی ئامریکا بە داواکاریی ١٠ کاتژمێر کاری رۆژانە دەستیان دایەوە خۆپیشاندان. ئەم جارەش خۆپیشاندانەکەیان بەرەو رووی سەرکوتی پۆلیس و گیرانی زۆرێک لە ژنەکان بوویەوە. کلارا زتکین، یەکێک لە سیما ناسراوەکانی بزوتنەوەی سوسیالیستی، لە دوهەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ژناندا کە لە ساڵی ١٩١٠ لە شاری کۆپنهاگ ی دانمارک بەڕیوەچوو، ٨ ی مارسی وەک رۆژی جیهانی خەباتی ژنان پێشنیار کرد. کۆنفرانسەکە ئەم پێشنیارەی قەبوڵ کرد و ساڵی دواتری ئانترناسیۆناڵی دووهەم رۆژی ٨ ی مارسی بە ڕەسمی وەک رۆژی جیهانی ژن ڕاگەیاند.
تا بە ئەمڕۆ، هەشتی مارس سنووری جوگرافی و چینایەتی  لە گشت جیهاندا تێپەڕاندووە و بووەتە ڕۆژی هاوپشتی جیهانی ژنان لە خەبات دژی ستەمی ڕەگەزی و چینایەتی. دۆخی ژنان لە ئێران نموونەیەکی ئاشکرایە لە ستەمێکی چەند بەرابەر و چەند لایەنە. ژنان لە ئێران نەک تەنها لەگەڵ هەڵاواردنێکی ڕەگەزیی جێگیر لە یاسا کۆنەپەرستەکانی کۆماری ئیسلامین، بەڵکوو لە پێکهاتەی نایەکسانی ئابووریدا، قورساییەکی زیاتر دەکەوێتە سەر شانیان.
لە ئێران پاش ٤٦ ساڵ دەسەڵاتی یەکێک لە دژە ژنترین رژیمەکان کە بەیاسا دواکەوتوەکانی بنەمای سیستمێکی فاشیستی مەزھەبی دامەزراند، ئێستا شاھیدی رەوتێکی گەورەی یەکسانیخوازی لەناو بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانداین.
کۆماری ئیسلامیی ھەر لەسەرەتای ھاتنەسەرکاری بەدوای تێکشاندنی ھەستی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریی و ھێرشکردنەسەر رێوڕەسمی ٨ی مارس و بە یاسا دژەژنەکان، بەردی بناغەی دەسەڵاتی خۆی قایم کرد، ھاوکات لەگەڵ ٤٦ ساڵ خۆڕاگری و خەباتی بێ وچانی ژنانی و پیاوانی چەپ و ئازادیخواز بەڕەوڕوو بووەوە. سەپاندنی ھەر رادە لە کۆیلەتی و دژە ژن بوون ھاوکات بوو لەگەڵ گیانفیدایی و تەحەمولی دڕندانەترین ئەشکەنجە و ئێعدام.
لەگەڵ شۆڕشی ژینا کوردستان و خەباتی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا گۆڕانی بەسەردا ھات و ژن ژیان ئازادی و ژینا و کوردستان و یەکسانیخوازی سنورەکانی تێپەڕاند و جیھانی بووەوە.
ئەمرۆ سەرەڕای هەموو سەركوت‌و گوشارەكانی كۆماری ئیسلامی بزوتنەوەی ژنان لە ئێران‌و كوردستان درێژەی هەیەو تا هەژاری‌و هەڵاواردن‌و بازرگانی رەگەزی‌و جنسی‌و شەڕ‌و نەخۆشی‌و بێكاری…. زیاتر توشی “نیوەی كۆمەڵگا”، واتە ژنان بێت، ئەم بزوتنەوەیە زیاتر پەرەدەستێنێت‌و رۆژ بە رۆژ زیاتر گەشە دەكات.
لە بارودۆخێکدا کەکۆمەڵگای ئێران بە گشتی و کۆمەڵگای کوردستان بە تایبەتی دوای شۆرشی مەزنی ژینا بەرەو ئاڵوگۆڕی گرینگ و چارەنووسساز هەنگاو دەنێ، ڕۆڵی بەرچاوی ژنان وەک هێزی کاریگەر لەم ئاڵوگۆڕانەدا  زۆر دیار  بەرچاوە. بزووتنەوەی یەکسانیخازی ژنان بەو مێژوییەکی پڕشنگدارە کە هەیەتی، دەتوانێ بە گرتنەبەری خەباتێکی هەلایەنەترو ئەمرۆیی تر  و بە پاراستنی دەستکەوتەکانی خەباتی تا ئێستای خۆی، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ناچار بە پاشەکشە بکات و شان بە شانی  بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، حەرەکەتی گشتیی کۆمەڵگا دژبە کۆماری ئیسلامیی و سیستمی قیزەونی پیاوسالاری  بباتە قۆناغێکی دیکەوە.
سەرکەوێ خەباتی ژنان بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان 
بژی هەشتی مارس
بژی یەکییەتی و هاو خەباتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز