١٨ی پوشپەڕ، خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ و بەهێز لە بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێراندا

عەزیز ئاجیکەند

ئەم ڕۆژانە لە سەروبەندی یادی ١٨ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی دایین. ئەو ڕۆژەی کە شاری تاران بوو بە مەیدانی بەرەوڕوبوونەوەی خوێندکاران و خەڵکی ناڕەزا لەگەڵ هێزەکانی سەرتاپا چەکداری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. ئەو ڕۆژەی کە بەناوی بزووتنەوەی ٥ ڕۆژەی جەریانی کۆی دانیشگای تاران ناوزەد کرا و هەموو ساڵێکیش یادی دەکرێتەوە…

لە ڕاستیدا ١٨ی پوشپەڕ لە ئەدەبیاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و لە زمانی بەرپرسانییەوە وەک ڕۆژێکی ڕەش ناوزەد دەکرێت کە تێیدا تاقمێکی ئاژاوەگێر لە پیلانێکی تایبەتدا بە مەبەستی تێکدانی بارودۆخی وڵات هاتنە سەر شەقامەکان. بەڵام بە پێچەوانەوە لە ئەدەبیاتی سیاسی ناحەزانی کۆماری ئیسلامی و لە زمانی بەشدارانی ئەو ڕووداوانە، ئەو ڕۆژە واتا ١٨ی مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ وەک ئاخێزێکی تایبەتی کۆمەڵانی خەڵک بە دژی دامودەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی و هەروەها وەک خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ و بەهێز لە بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران چاو لێدەکرێت.

لە ڕاستیدا لەدوای مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاویدا ئەمە یەکەم جار بوو کە خۆپیشاندانێکی لەو چەشنە و لەم ئاستەدا لەلایەن لاوان و خەڵکی نارەزاییەوە لە شاری تاران و بەشەکانی تر ڕوویدابوو. بە ڕوالەت کۆمەڵگای ئێران لە میانەی ساڵەکانی دەیەی حەفتای هەتاویدا چووبووە ناو بارودۆخێکی تایبەتی و تازەوە. بارودۆخێک کە پێداگری لەسەر گوتاری چاکسازی و ئاڵوگۆڕ لە کۆمەڵگای ئێراندا دەکرد و لە ناو بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوەکانی تری ناو کۆمەڵگا کە بەدەست دیکتاتۆریەتی ویلایەتی فەقیە وە تەنگ هاتبوون، جموجۆڵێکی تایبەتی خستبووە ئاراوە. ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژانە کە لە ١٨ی پوشپەڕەوە دەستی پێکرد و تا درەنگانی شەوی ٢٣ی پوشپەڕ درێژەی کێشا، بە هێرشی پاسداران و لیباس شەخسیەکان بۆ کۆی دانیشگای تاران دەستی پێکرد. لە ئاکامی هێرشی شەوانەی هێزەکانی ڕێژیم بۆسەر خوێندکاران ژمارەیەک گیانیان بەخت کرد و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. ئەم ڕووداوە لەگەڵ دژەکردەوەی خوێندکاران لە گشت زانکۆکانی ئێران بەرەوڕووبووەوە و شاری تارانیش بووە مەیدانی خەباتێکی پڕشۆر و شەوق لە دژی ڕێژیمی ئیسلامی.

چۆنیەتی لەدایکبوونی بەرگی زێڕینی خەباتی خوێندکارانی شۆڕشگێڕ لە ١٨ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٧٨

بێگومان لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا بەتایبەتی بەدوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، بزووتنەوەی خوێندکاری وەک یەکێک لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و یەکێک لە سەنگەرەکانی بەرخۆدان و خەبات لە جەریانی کێشەکێشی سیاسی و چینایەتی و شۆڕش و دژەشۆڕش، چالاکانە دەرکەوتووە. ئەگەر لە سەردەمی ڕێژیمی ستەمکاری پاشایەتیدا، خوێندکاران ڕۆڵ و نەخشێکی بەرچاویان لە ناڕەزایەتی جەماوەری ئەوکات و پاشان لە پێکهێنان و دامەزراندنی گروپ و ڕێکخراوە چەپ و شۆڕشگێڕەکاندا بوو و بەرەو دیفاع لە شۆڕشی زەحمەتکێشان و بێبەشانی کۆمەڵگا هەنگاویان هەڵناوە، دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و لە کاتێکدا کە کێشەکێشێکی قووڵ لەسەر چۆنیەتی درێژەی شۆڕش لە ئارا دابوو، زانکۆ بوو بە یەکێک لە سەنگەرەکانی شۆڕش و بوو بە شوێنێک کە هێزی سیاسی جۆراوجۆر لە بەرامبەر یەکتردا ڕیزیان دەبەست. ڕەوتی خۆسەقامگیرکردنی دژەشۆڕشی ئیسلامی لە کۆتاییدا لەسەر بنەمای سەرکوتی هەمەڵایەنەی بزووتنەوەی ڕادیکاڵی خوێندکاران ئەنجام درا.

لەگەڵ وەڕێکەوتنی هەر ئاخێزێک و هەر جموجۆڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای ئێران لە ماوەی ساڵەکانی پێش ١٣٧٨ی هەتاویدا، زاڵبوونی گوتاری جۆراوجۆری حکومەت بەسەر کەش و هەوای سیاسی ئێران و تێپەڕبوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و نارەزایەتیەکان لەو چوارچێوانەی کە کاربەدەستانی حکومەت لە خەبات دژبەر بارودۆخی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای ئێران نەبوویانە بەردەم ئەم بزووتنەوانە، ڕیزبەندی سیاسی زاڵ بەسەر بزووتنەوەی خوێندکاریش، هەر جارێ بەپێی پێویست گۆڕانکاریی بەسەردا دەهات. لەژێر کاریگەریی ئەم گۆڕانکاریەدا ڕۆڵی هێژمۆنیکی ڕێکخراوەکانی سەربەحکومەت لە ناو زانکۆکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو لاوازبووە و بەستێنی گونجاوتری بۆ گەشەی مەیلی ڕادیکاڵ لە ناو بزووتنەوەی خوێندکاریدا خوڵقاند.

دەقی ڕووداوەکان وەک خۆی

لە پوشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ی هەتاویشدا لە کردەوەیەکی قێزەون و لە پیلانێکی لە پێشدا داڕێژراودا نوێنەرانی مۆحافیزەکاری مەجلیس لە کۆتایی تەمەنی ٤ ساڵی نوێنەرایەتی خۆیاندا ویستیان لایحەیەک پەسەند بکەن کە یاسای ڕاگەیەندنەکان بەشێوەیەک ئیسلاح بکات تا بەم شێوەیە داخستنی گۆڤارەکانی ڕەخنەگر لە کۆماری ئیسلامی و لە سیستەمی جێی ڕەزامەندیان، ئاسانتر بکاتەوە. ڕۆژنامەی «سەلام» کە ڕۆژنامەی سەر بە ئیسلاحخوازانی حکومەتی بوو، یەکەمین قوربانی ئەم پیلانە بوو و لە ١٧ی مانگی پوشپەڕدا کەوتە بەر هێرش و لە ئاکامدا داخرا. بەدوای بڕیارەکەی دەزگای قەزایی بۆ داخستنی ڕۆژنامەی «سەلام» لە ١٧ی مانگی پوشپەڕدا، خوێندکاران سەرلە ئێوارەی ئەم ڕۆژە لە ناوەوە و دەوروبەری کۆی دانیشگا خۆپیشاندانێکیان بەڕێخست و خوازیاری دانەخستنی ڕۆژنامەی «سەلام» و پەسەندنەکردنی لایحەی ئیسلاحی یاسای ڕاگەیەندنەکان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە بوون.

لە نیوەی شەودا و دوای ئەوەی کە خۆپیشاندانی خوێندکاران هێور دەبووەوە بە فەرمانی شەخسی «خامنەیی» حیزبوڵڵا و باقی هێزەکانی نیزامی و ئینتیزامی ڕێژیم لەو پەڕەی دڕندەییدا ڕژانە ناو کۆی دانیشگا و خوێندکارانیان لە حاڵێکدا کە نیوەیان خەوتبوون دایە بەر لێدان و ژمارەیەکیان بریندار و خوێندکارێکیان بەناوی «عیزەتوڵڵا ئیبراهیم‌نژاد» کوشت. خوێندکارێکی دیکەش بەناوی «فریشتەی عەلیزادە»ش سەرلە بەیانی ١٨ی پوشپەڕ لە کۆی دانیشگا دەستبەسەر و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی بەخت کرد. خوێندکاران و ژمارەیەک لە دانیشتوانی شەقامی کارگەری شوماڵی، ڕۆژی ١٨ی پوشپەڕ دەستیان دایە خۆپیشاندان و کەوتنە بەر هێرشی هێزەکانی ڕێژیم و لە ئاکامی ئەم بەرەوڕووبوونەوەیەدا خوێندکارێک بەناوی «مانی حامی فەر» کوژرا.

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی تا ٥ ڕۆژ واتە تا ٢٣ی پوشپەڕ درێژەی هەبوو. لەم ماوەیەدا درووشمەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ڕادیکاڵتر دەبوونەوە و سەرجەم ڕێژیم و دیکتاتۆریەتی ئیسلامیان کردبووە ئامانج. لە دوو ڕۆژی کۆتاییدا واتە ڕۆژەکانی ٢٢ و ٢٣ی پوشپەڕ کە ئەم خەباتە جەماوەریی بوویەوە ١٤٠٠ کەس دەستبەسەر کران و کەوتنە ژێر توندترین ئەشکەنجەکانەوە و ژمارەیەکیش لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان بەخت کرد. خەباتی ٥ ڕۆژەی خەڵک و خوێندکاران لە ١٨تا ٢٣ی پوشپەڕ لەلایەن خوێندکارانەوە لە باقی شارەکان پشتیوانی لێکرا.

 لە ڕاستیدا ڕووداوەکانی ١٨ی پوشپەڕ لە کۆی دانیشگا دەستپێکی قووڵبوونەوەی ناکۆکی لە نێوان هێزەکانی ناوخۆی دەسەڵات، واتە ئیسلاحخوازان و مۆحافیزەکاران بوو. بەڵام گرنگتر لەوە لە ڕۆژەکانی ١٨ تا ٢٣ی پوشپەڕ هاتنە مەیدانی خەڵکی ناڕەزا و دانی درووشم لە دژی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەری ئەم ڕێژیمە بوو. هەر بۆیە دەکرێت خەباتی خوێندکاران و خەڵکی ناڕەزا لەم ڕۆژانەدا وەک دەستپێکی جەماوەری بوونەوەی خەباتی ئازادیخوازانە و ڕزگاریبەخشی خەڵکی ئێران لە دژی ڕێژیمی ئیسلامی ناو لێبەرین، خەباتێک کە لایەنە پڕشنگدار و پێشڕەوییەکانیمان لە خەباتی جەماوەری و بەربڵاوی خەڵک لەم ساڵانەی دواییدا بینی. لە ڕووداوەکانی ناو ئەم ٥ ڕۆژەدا و هەتا دوایی و تا بە ئەمڕۆش بزووتنەوەی خوێندکاری زۆر بە خێرایی داخوازی سیاسی و ڕادیکاڵی کرد بە هەوینی خەبات و ئەوەش خۆی بەستێنی پێکهاتنی مەیلی چەپ و سۆسیالیستی لە ناو خوێندکارانی زانکۆکانی ئێراندا بۆ جارێکی تر خۆش کرد. بەڵام ئەم بزووتنەوە تازە پێگرتووە بەهۆی کەش و هەوای پۆلیسی زاڵ بەسەر زانکۆ سەرکوت کرا.