١١ی سێپتامبر، کوودەتا لە شیلی یەکەم تاقیگەی نئولیبرالیسم
شەهرام وەحدانی
دەوڵەتی “یەکیەتی خەڵکی” بە سەرۆکایەتی “سالوادۆر ئالێندە” بە ئاراستەکردنی بەرنامەیەک لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٧٠دا سەرکەوتنی بەدەست هێنا کە ڕادەستکردن و گواستنەوەی بەشێکی مەزن لە ئابووری شیلی لە کەرتی تایبەت (که پێکهاتەیەک بوو لە کۆمپانیا مەزنەکانی ئەمریکایی) بۆ دەوڵەت و دەوڵەتی کردنی دەستمایەکان و سامانیی گشتی کردبووە ئامانج. ئالێندە یەکێک لە شۆرشگێرانی ئەو سەردەمەی ئامریکای لاتین بوو کە هەر وەکوو چێگوارا پزشک بوو بەڵام بە پێچەوانەی ئەو زیاتر شێوەی کەسێکی تێکنۆکراتی زانستگایی دەدا تاکوو چریک. ئالێندەش هەر وەکوو فیدێل کاسترۆ لە وتاردا زمانێکی ئاگرین و سەرنجڕاکێشی هەبوو بەڵام لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە ئاڵوگۆڕی ئابووری و هەنگاو هەڵگرتنی شیلی بەرەو سوسیالیسم لە سندۆقی دەنگدان و لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە مسۆگر دەبێت نەک لە ڕێگەی خەباتی چەکدارییەوە. کاتێک “ریچارد نیکسۆن” سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەواڵی سەرکەوتنی سالوادۆر ئالێندەی بیست بە “ریچارد هێڵمز”(سەرۆکی ئەوکاتەی سازمانی جاسووسی ئەمریکا، هەروەها یەکێک لە دوایین باڵوێزەکانی ئەمریکا لە ئێران) فەرمانی دا: ئابووری شیلی ناچار کەن کە شیوەن بگێڕێت.
کاتێک لە مەبەستی سەرەکی کوودەتای پینۆشە بە پشتیوانی کۆشکی سپی و سازمانی “سی ئای ئەی” تێدەگەین کە بۆمان دەرکەوێت کێ لە ئاڵۆگۆری دەسەڵات و سەرکەوتنی ئالێندە تووشی خەسار دەبوو. کار گرووپی شیلی بریتی لە چەند کۆمپانی مەزن لەوانە کۆمپانیای “ئای تی تی” خاوەنی هەفتا لە سەدی بەشدارگەی(شرکەت) تێلێفۆنی شیلی کە بڕیار وابوو ببێتە خۆماڵی، بانکی ئەمریکا، کۆمپانی پورینا و کۆمپانی شیمیکال فایزێر و سەدان کۆمپانی گەورە و بچووکی ئەمریکایی دیکە کە دەستیان بەسەر شادەمارەکانی ئابووریی وڵاتانی ئەمریکای لاتین و لەوانە شیلی واتە یەکەمین وڵاتی بەرهەم هێنەری مس لە جەهاندا گرتبوو ئەوانە بوون کە تووشی زیان دەبوون نەک خەڵکی شیلی. لە ساڵەکانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠دا نزیک بە ٥٥٠٠ کۆمپانی ئەمریکایی گرێدراو بەو چەند کۆمپانیا مەزنەوە لە ولاتانی ئەمریکای لاتین کاریان دەکرد. تەنیا لە ساڵی ١٩٦٨دا لە سەددا بیستی سەرمایەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات، بۆ ئەمریکای لاتین تەرخان کرابوو. ئەندامانی کارگرووپی شیلی تەنانەت بەر لەوەی ئالێندە بگاتە دەسەڵات هەوڵەکانیان بۆ شکستی ئەو خستبووە گەڕ بەڵام دوای هاتنە سەرکاری ئالێندە بۆ راگرتنی بەرنامە ئابوورییەکەی ئەو واتە خۆمالی کردن و بە نیشتمانی کردنی سامانی گشتی ئەو وڵاتە شەڕێکی قورسی ئابووریان بە سەر شیلیدا داسەپاند.
هێنری کیسینجێر ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە ساڵەکانی ١٩٧٠دا لە دوای سەرکەوتنی ئالێندە لە هەڵبژاردنەکاندا وتبووی: من تێناگەم ئێمە چۆن دەتوانین دانیشین و بڕوانینە وڵاتێک کە بە هۆی کەمتەرخەمی خەڵکەکەیەوە بەرەو کۆمۆنیسم هەنگاو هەڵبگرێت؟!
سەرەڕای هەموو گوشارەکان، پلان و سەزا ئابووریەکانی دەوڵەتی ئەمریکا دژ بە شیلی، دژایەتی نەیاران و ئۆلیگارشی خاوەن سەرمایە، دەولەتی ئالێندە پشتبەستوو بە متمانەی خەڵک هێشتا لەگەڵ ئەو قەیرانە داسەپێندراوەدا بەربەرەکانێی دەکرد. بۆ نموونە تەنیا بۆ لە کار خستنی سیستمی ترانزیت و هێڵی ڕاگواستنی شتومەک لە شیلی بە پێی بەڵگەکان زیاتر لە هەشت مێلیۆن دولار تەرخان کرابوو کە بدرێت بە خاوەن کامیۆنەکان و ئەو شۆفیرانە کە درێژە بە مانگرتن بدەن.
هەرچەند لە میدیا و دۆکۆمێنتەکاندا وەها باس دەکرێت کە هۆکاری سەرەکی کوودەتای ژێنرال پینۆشە و رووخاندنی رژیمی ئالندە بە مەبەستی چارەسەرکردن و کۆنتڕۆڵی قەیرانی ئابووری بوو بەڵام زۆر بە کەمی باس لەوە دەکرێت هۆکارەکان و ڕیشەی ئەو قەیرانە چ بوو؟ لە راستیدا سەرۆک کۆماری شیلی بۆ قەرەبووی ئەو زیانە کە لە ئەگەری بە نیشتمانی کردنی سامانەگشتییەکانی شیلی وەبەر کۆمپانیە ئەمریکاییەکان دەکەوت پێشنیارگەلێکی زۆر باش و دادپەروەرانەی ئاراستە کردبوون، بەڵام ئەو هەوڵانە چی لە دۆژمنی ئەوان کەم نەکردەوە، تەنیا بەو هۆیە کە سەرکەوتنی ئالێندەو ڕەهەندی ئابووری سوسیالیستی دەبووە هێما و شێوەیەکی نوێ بۆ وڵاتانی ئەمریکای لاتین کە یەکێک لەو ناوەندانە بوو بۆ تەرخانکردنی سەرمایە و بەرهەم هێنانی قازانجێکی لە ڕادەبەدەر بۆ خاوەن سەرمایە ئەمریکاییەکان. سازمانی سی ئای ئەی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە هاودەستی نەیارانی ئالێندە و ئەمیرانی پایەبەرزی ئەرتەشی شیلی هاوکات لەگەڵ شەڕی ئابووریدا دەستیان دایە شەڕێکی بەرینی میدیایی کە کۆمەڵگەی شیلی کردبووە ئامانج. ئەوان بڕەویان بەو بۆچوونە دەدا کە دەولەت ناکارامەیە و لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر شیلی بە هۆی سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتی لە سەرکار، وڵات تووشی قات و قڕی و وێرانی دەبێت. لە سەرەتای مانگی سێپتامبری ١٩٧٣دا ئەمریکا بەو ئاکامە گەیشت کە لە شەڕێ ئابووریدا بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئالێندە سەرکەوتوو نەبووە و هەر بۆیە وەکوو زۆر جاری دیکە دەستیان دایە شەڕێکی راستەوخۆ. ڕۆژی ١١ی سێپتامبری ١٩٧٣ کۆشکی سەرۆک کۆماریی شیلی کرایە ئامانجی هێرشێکی بێ بەزەییانە لە لایەن فڕۆکە جەنگیەکان و تانک و تۆپی کودەتاچییەکانەوە. سالوادۆر ئالێندە لەگەڵ زیاتر لە ٣٠٠٠ کەس لە یاران و هاوڕێکانی بە شێوازێکی درندانە کوژران و دەسەڵاتێکی خوێنمژ و چەوسێنەر بۆ نزیکەی دوو دەیە بەسەر ئەو وڵاتەدا داسەپێندرا. ستادیۆمی سانتیاگۆ پێتەختی شیلی بوو بە کوشتارگەی هەزاران ئازادیخوازو شۆڕشگێڕی شیلی لەوانە ویکتور خارا گۆرانی بێژو هونەرمەندی خەڵکیی کە لە لایەن هێزی سەرکەووتگەری کوودەتاچییانەوە لە خوێندا گەوزان.
هەر دوا بەدوای بە دەسەڵات گەیشتنی پینۆشە، تیمی ئابووری میلتۆن فریدمەن و شاگردانی زانکۆی ئابووری شیکاگۆ کە بە مناڵەکانی شیکاگۆ ناوبانگیان دەرکردووە، بەرنامەیەکی ئابووری ماڵوێرانکەریان لە ژێر ناوی “خشت” لە سەر مێزی ئەفسەرانی کوودەتاچی دانا. ئەو بەرنامە کە بریتی بوو لە سیانەی ناپیرۆزی “پەرەپێدان بە خاوەنداریەتی تایبەت، داماڵینی یاساو رێسا لەسەر ئابووری لە لایەن دەولەتەوە، کەم کردن و دابەزاندنی ئاستی خزمەتگوزاری دەولەت بە هاووڵاتییان لە هەموو بەشەکان بە تایبەت بەشی دەرمان و پەروەردە و بە گشتی ڕەهاکردنی دەستی بازار بۆ بەدەست هێنانی قازانجی زیاتر”. شیلی بوو بە یەکەم شوێن کە ئەو شێوە لە بەڕێوبەرایەتی ئابووری تێدا تاقی کرایەوە کە دواتر بە “نئولیبرالیسم” ناوزەد کرا.
دواتر هەمان شێوە لە وڵاتانی دیکەش لە لایەن دەسەڵاتدارانی ناخەڵکییەوە بوو بە شێوەی باوی بەڕێوبەرایەتی ئابووری. هەر لە ئەمریکای سەردەمی ڕۆناڵد ڕەیگانەوە بگرە تاکوو بریتانیای سەردەمی مارگارەت تاچێر. لە ئامریکای لاتینەوە بگرە تاکوو ئاسیاو وڵاتانی ئوروپایی. ئەوەی کە سەرەنج ڕاکێشە ئەوخاڵەیە کە تەنیا دیتنی ئامارو ژمارەکان ڕێنوێن نین. ڕەنگە لە زۆر وڵاتدا و بە گشتی لە ئاستی جەهانیدا ئامارەکان ئاماژە بەوە بکەن کە ئابووری بە گشتی روو لە گەشە بووەو ئاستی بەرهەم هێنانی پیشەیی و ئاستی ژیان بەرەو بەرز بوونەوە و گەشەکردن ڕۆیشتووە. بەڵام پێویستە ئەو پرسیارە بهێنینە ئارا کە ئەو هەموو سەروەت و سامانە کە بەهۆی شۆڕشی ئەنفۆرماتیک و تکنۆلۆژی بەرهەم هاتووە دەستی كێ کەوتووە؟ ئەم شێوە لە بەڕێوەبردنی ئابووری بێ گۆمان دوای چەند دەیە بە هۆی پەرەپێدان بە نابەرابەری و قووڵکردنەوەی کەلێنی چینایەتی چ لە ئاستی جەهانیدا لە نیوان وڵاتانی پێشکەوتوو و دواکەوتوو و چ لە ئاستیی ناوخۆیی وڵاتاندا لە نێوان چینی کرێکار و زەحمەتکێش و چینی باڵادەست و خاوەن سەرمایەو دەسەڵاتدار تووشی قەیرانێکی قووڵ و بنچینەیی هاتوووە. هەر ئێستا تەنیا هەشت کەس لە گەورەترین خاوەن سەرمایەکان ئەوەندەی نیوەی هەموو خەڵکی ئەم زەوییە سامانیان هەیە. ئەپڵ بە تەنیا خۆی لە سەدا پەنجی تەواوی سەرمایەکانی ئەم گۆی زەوییەی لە ژێر رکێف دایە و دەیان نموونە لەو چەشنە کە پیشاندەری ئاستی لە رادەبەدەری نابەرابەری و ستەمێکە کە لە مرۆڤ دەکرێت، هەمان مرۆڤ کە لە بزووتنەوەی واڵستریتدا هاتە خرۆش دژ بەو ڕەوتە. هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە هەر ئێستا لە هەر ٧ کەس لە جەهاندا یەک کەس، بەردەوام لەگەڵ رەنجی برسییەتیدا بەرەوڕووە.
ئەگەرچی میلتون فریدمەن وەکوو ئابووریزان خەڵاتی نۆبێلی وەرگرت بەڵام ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە کە بەسەر گشتگیربوونی ئابووری نئولیبرالیسم و بازاری ئازاددا تێدەپەڕێت و دوای پێگەیشتنی میوەی تاڵ و قیزەونی داری وەها ئابوورییەک، بە پێچەوانەی ئەو شتەی کە خۆی بیری دەکردەوە زۆرن ئەو کەسانەی وا بە مرۆڤێکی شەڕهەڵایسێن و شەرووری دەناسن. ئەو لە وتووێژێکدا کە لە رۆژنامەی واڵ ستریت لە ٢٣ی ژووییەی ٢٠٠٦ دا بڵاوکرایەوە وتبووی: پێم وانییە کە هیچکات کەسێک منی وەکوو شەروور چاو لێکردبێت. بەڵام مروڤ بە ئاکامی بۆچوون و بەرهەمی کارەکانییەوە هەڵدەسەنگێنن. هەر وەها کەپەندێکی فەرانسەوی دەڵێت دار بە میوەکەیە دەناسرێت.