وەهمی هەڵبژاردن بە تەواوی ڕەویوەتەوە

✍ئاسۆ ئیسلامپەنا

هەڵبژاردن وەک پرۆسەی بەشداریی خەڵک لە دەسەڵات بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی کۆمەڵگا، یەکێک لە گرینگترین گۆڕانکارییەکانی مێژووە و ئەمە وای کردووە هەر ڕێبازێکی سیاسیی باوەڕمەند یان بێ بڕوا بەم چەمکە، بۆ شەرعیەت بەخشین بە بوونی خۆی بەتایبەت لە چوارچێوەی پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا، هەوڵ بدات بەپێی پێوەرەکانی خۆی بەکاری بهێنێت. هەر ئەمەش دنیای ئەمڕۆی کردووە بە تەختەی شانۆیەکی هەمەڕەنگ کە تێیدا هەر ڕێباز و ئایدۆلۆژیایەک بە پێناسەی خۆی بۆ هەڵبژاردن، دیمەنێک بەو ناوە بخاتە بەر چاو و نمایشێک بخاتە ڕێ.

هەر بەم پێیە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیشدا، هەڵبژاردن لە یەکەم ڕۆژەکانی ئەم دەسەڵاتەوە شانۆیەک بووە بۆ نمایشی شەرعیەتی دەسەڵاتەکە و هەوڵ دراوە وەک فاکتەرێک لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا بەکار بهێنرێت و لە ئاستی ناوخۆشدا رەوایی بدات بە سەرکوت و داپڵۆسین و کپ کردنی دەنگی نەیار و تەنانەت تەبا بەڵام نا هاوئاهەنگ.

جیا لەوەی هەر لە یەکەمین هەڵبژاردنەکانی مێژووی کۆماری ئیسلامییەوە هەوڵی سەرەکی، بۆ وەلانان و دوور خستنەوەی نەیاران و تەنانەت یارانی ڕەخنەگری دەسەڵاتی ئایینی بووە، یەک لە دوای یەک لەم پرۆسەیەدا هەوڵەکان بۆ زیاتر یەکدەست کردن و یەک ڕەنگ کردنی کۆێ بەڕێوەبەرانی حکوومەت بووە و بەمجۆرە هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن بازنەی کەسانی جێ متمانە لەم شانۆیەدا تەسکتر بووە و لەگەڵ هەر خولێکی نوێ، بەشێکی تر لە هاوقەتاران دوور خراونەتەوە و بۆ ئەم خولەی سەرۆککۆماری، تەنانەت بازنەکە هێندە تەسک کراوەتەوە کە کەسانی پلە یەک و دوو و سێی رەوتە ناهاوئاهەنگەکانیشی لێ دەرخراوە.

بێبڕوایی کۆماری ئیسلامی بە مافی هەڵبژاردن تەنانەت بۆ لایەنگرانی دەسەڵات، روونتر لە هەمیشە گەیشتووەتە ئاستێک لە خۆ دەرخستن، کە بێبەش کردنی بەشێک لە لایەنگرانی حکوومەت لەم شانۆیە بەهۆی لایەنگری لە رەوتی میانڕەو یان ڕیفۆرمخوازی لێکەوتووەتەوە. هاوکات پڕوپاگەندەی وتاربێژان و کاربەدەستانی نزیک لە باڵی خاوەن دەسەڵات، روونتر لە هەمیشە باس لە پێویست نەبوونی هەڵبژاردن لە ناو کۆماری ئیسلامی دەکات. لە سەروو هەموویانەوە خامنەیی لە کۆبوونەوەی سەرەتای مانگی جۆزەردان لەگەڵ نوێنەرانی مەجلیسی حکوومەت بە ئاماژە بەوەی کە لەوانەیە لە داهاتوودا شتێک بە ناوی هەڵبژاردن وەک ئەوەی ئەمڕۆ پێویست نەبێت، بە ئاشکرا بێمنەتیی حکوومەت لەم شانۆیە دەردەخات.

ئەگەر تا ئێستا شانۆی هەڵبژاردن بۆ نیشاندانی شەرعییەتی حکوومەت بەکار دەهێنرا، بەڵام هەوڵی یەکدەست کردنەوەی بازنەی دەسەڵات بەتایبەت لە میانەی ئامادەکاریی بۆ قۆناغی دوای نەمانی خامنەیی، پێویستییەکی هێند گرینگە کە حکوومەت ئەم شەرعییەتە شانۆییەی بۆ بکاتە قوربانی. ئەمە هاوکات لەگەڵ ئەوەی ناڕەزاییە بەرینەکانی جەماوەر بەتایبەت لە دوو ساڵی ڕابردوودا و بایکۆتی بەرینی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس لە زستانی رابردوو، ئەم لافی شەرعییەتەشی لە کارکردی هەڵبژاردن بۆ کۆماری ئیسلامی سڕییەوە و ئێستا بێ پەردەتر لە هەمیشە نەخوازراویی حکوومەت لە ناو خەڵکدا ئاشکرایە. لە دۆخێکی وەهادا هەڵبژاردن لە کەرەسەی نمایشی شەرعییەتەوە گۆڕاوە بۆ ئامرازی یەکدەست کردنەوەی ئاڵقەی دەسەڵات و رەخساندنی بەستێن بۆ سڕینەوەی ئەم شانۆ ئێستا لە کەڵک کەوتووە.

بێ گومان فاکتەری سەرەکی لەم گۆڕانکارییەدا چالاکیی بەرین و بێوێنەی جەماوەرییە بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن کە ئەمجارەیان بەشێکی بەرین لە لایەنگرانی سەر بە باڵی میانڕەو و ڕیفۆرمخوازیشی گرتووەتەوە. جیا لەوەی کە سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندانە گشتییەکانی دوو ساڵی ڕابردووش بە ئاشکرا دژایەتیی بەرینی چینی هەژار و کەمداهاتی کۆمەڵگای لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەرخست، کە تا ئەوکات لە پڕوپاگەندەی ڕەسمیی دەسەڵاتدا وەک پێگەی شەرعییەت و رەوایی حکوومەت لەناو خەڵکدا نیشان دەدرا.

بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاریی سیاسیی کۆمەڵگای ئێران و ئاشکرابوونی زیاتری ئەو ڕاستییەی کە ڕێبازی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای سندووقەکانی دەنگدانەوە دەستنیشان ناکرێت، هاوکات لەگەڵ دەرکەوتنی هەرچی زیاتری ناکارامەیی دەسەڵاتی ئیسلامی لە دابینکردنی کەمترین ئاستی ئاسایش و ریفاهی کۆمەڵایەتی و ئابووری، بێزاریی جەماوەریی لە شانۆگەرییەکانی هەڵبژاردن پەرەپێداوە و ئێستا ئیتر هەوڵی تاک و تەرای میانڕەو و ڕیفۆرمخوازانی ناو سیستەمەکەش کەمترین سەرنج ڕاناکێشێت.

دووجەمسەریی جەماوەر – دەسەڵات لە ئێرانی ژێرچەپۆکی حکوومەتی ئیسلامیدا زیاتر لە هەمیشە بەرەوڕووی یەکتر وەستاوە. ڕەوینەوەی هەرچی بەرینتری وەهمی هەڵبژاردن، حکوومەتی بەرەو بەرتەسکتر کردنەوەی بازنەی دەسەڵات پاڵ پێوەناوە و بەرتەسکبوونەوەی ئەم ئاڵقەیە، بەمانای لاوازیی زیاتر و لە قەیران ڕۆچوونی زیاتر و ناکارامەیی سەرکوت و زەبروزەنگە لە بەرامبەر خواستی جەماوەری بۆ ئازادی.